۞وَأَيُّوبَ إِذۡ نَادَىٰ رَبَّهُۥٓ أَنِّي مَسَّنِيَ ٱلضُّرُّ وَأَنتَ أَرۡحَمُ ٱلرَّـٰحِمِينَ

یادی - ئه‌یوب- یش بکه کاتێک هاناو هاواری بۆ په‌روه‌ردگاری برد (دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی دوورو درێژ نه‌خۆش که‌وتبوو، جگه له‌وه پێشتریش ماڵ و سامان ومنداڵه‌کانی تیاچوو بوون) وتی: په‌روه‌ردگارا، به‌ڕاستی من ئازارو ناخۆشیم تووش بووه‌، تۆش له هه‌موو که‌س میهره‌بانترو له هه‌موو که‌س دلۆڤانتریت.


فَٱسۡتَجَبۡنَا لَهُۥ فَكَشَفۡنَا مَا بِهِۦ مِن ضُرّٖۖ وَءَاتَيۡنَٰهُ أَهۡلَهُۥ وَمِثۡلَهُم مَّعَهُمۡ رَحۡمَةٗ مِّنۡ عِندِنَا وَذِكۡرَىٰ لِلۡعَٰبِدِينَ

جا ئێمه نزامان گیراکردو به‌هاواریه‌وه چووین وهه‌موو ناخۆشی و نه‌خۆشیه‌کمان له کۆڵ کرده‌وه‌، هه‌موو ماڵ و منداڵیمان پێبه‌خشیوه و ئه‌وه‌نده‌ی تریش له‌گه‌ڵیاندا (ده‌کرێت خوای گه‌وره هه‌ر هه‌مان ماڵ و منداڵی پێشووی بۆ زیندوو کردبێته‌وه‌، یاخود نه‌وه‌ی نوێی پێبه‌خشیبێت)، ئه‌وه ڕه‌حمه‌تێکی تایبه‌تی بوو له لایه‌ن ئێمه‌وه‌، یادا‌وه‌ریشه بۆ به‌نده خواپه‌رسته‌کان (که ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش تووشی به‌ڵاو ناخۆشی بوون وه‌ک ئه‌م، له‌وه‌ودوا نزایان کرد، خوای میهره‌بان به هاناو هاواری ئه‌وانیشه‌وه ده‌چێت).


وَإِسۡمَٰعِيلَ وَإِدۡرِيسَ وَذَا ٱلۡكِفۡلِۖ كُلّٞ مِّنَ ٱلصَّـٰبِرِينَ

یادی (اسماعیل و ادریس و ذوالکفل) یش بکه‌ره‌وه‌، هه‌ریه‌که له‌وان (له تاقیکردنه‌وه جۆراو جۆره‌کاندا سه‌رکه‌وتووبوون) له خۆگرو ئارامگران بوون.


وَأَدۡخَلۡنَٰهُمۡ فِي رَحۡمَتِنَآۖ إِنَّهُم مِّنَ ٱلصَّـٰلِحِينَ

ئێمه هه‌موویانمان خسته ژێر سایه‌ی ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی خۆمانه‌وه‌، چونکه به‌ڕاستی ئه‌وانه له چاک و پاکانن.



الصفحة التالية
Icon