ﯜ
ترجمة معاني سورة محمد
باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية
.
من تأليف:
حمد صالح باموكي
.
ﰡ
ئەو کەسانەی بێ باوەڕ بوون وە ڕێگری (خەڵک)یان کرد لەڕێبازی خوا، (خوا) کردەوەکانیان پوچەڵ دەکاتەوە
ئەوانەش باوەڕیان ھێناوە وکردەوە چاکەکانیان کردو باوەڕیشیان ھێنا بەو (قورئانە)ی کە نێردراوەتە خوارەوە بۆ موحەممەد (ﷺ) تەنھا ئەویش ڕاستەو لەلایەن پەروەردگاریانەوە ھاتووە، خوا لە گوناھەکانیان خۆش بووە، دڵ وھۆشیانی ڕێك وچاك کردوە
ئەوەش لەبەر ئەوەیە بەڕاستی ئەوانەی بێ باوەڕ بوون شوێن بەتاڵ و پڕو پووچ کەوتن، وەبێگومان ئەوانەش ئیمانیان ھێنا بوو شوێن ئەو ھەقە کەوتبوون کە لەلایەن پەروەردگاریانەوە ھاتووە، ئابەو شێوە خوا نموونەی (کردەوەی) خۆیانیان بۆ دەھێنێتەوە
ئەمجا ئەگەر (لە جەنگدا) گەشتن بەوانەی بێ باوەڕن ئەوە بدەن لە گەردنیان وبیانکوژن ھەتا کاتێك کوشتاری زۆریان لێ دەکەن ئەمجا (دیلەکانیان) قایم ببەستەنەوە جا دواتر یان بەمنەت وچاکە (بەرەڵایان کەن) یان بە فیدیە وبریتی وەرگرتن، ھەتا جەنگ چەکەکان (بە بێ باوەڕان) دادەنێت (یان تا جەنگ کۆتایی دێت بە نەمانی بت پەرستان)، فەرمان ئەوەیە ئەگەر خوا بیوویستایە خۆی تۆڵەی لێ دەسەندن بەڵام (فەرمانی پێدان بە جەنگ) تا بەیەکتری تاقیتان بکاتەوە، ئەو کەسانەش لە پێناو ڕێبازی خوادا کوژران ئەوە خوا ھەرگیز (پاداشتی) کردەوەکانیان وون ناکات
بێگومان ڕێنموونیان دەکات ودڵ وبیریان پاك ساف دەکات
وە دەیانخاتە ئەوبەھەشتەی بۆی باسکردون
ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە ئەگەر ئێوە یارمەتی (ئاینی) خوا بدەن خواش ئێوە زاڵ وسەرکەوتوو دەکات (بەسەر کافراندا) وە پێیەکانتان جێگیر دەکات (لە جەنگدا خۆڕاگرتان دەکات)
ئەوانەش کە بێ باوەڕبوون ئەوە نەگبەتی وسەرشۆڕی بەشیانە وە (خوا) کردەوەکانیان پووچ و بێ مایە دەکات
ئەو تۆڵەیان لەبەر ئەوەیە کە بێگومان ئەوانە ڕقیان لەو قورئانە بوو کە خوا ناردوویەتیە خوارەوە، بۆیە خواش کردەوەکانیانی پووچ کردنەوە
ئاخۆ ئەوانە بە زەویدا نەگەڕاون تا ببینن ئەوانەی پێش خۆیان سەرەنجامیان چۆن بووە, خوا لە ناوی بردن (دەی بێگومان بن) بۆ بێ باوەڕانیش سەرئەنجامی ئاوا ھەیە
چونکە بێگومان خوا پشتیوانی ئەوانەیە کـە بـاوەڕیان ھێناوە وە بێگومان بێ باوەڕانیش ھیچ پشتیوانێکیان نیة
بێگومان خوا ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە وکردەوەی باشیان کردوە دەیانخاتە باخاتی بەھەشتەوە کە ڕووبارەکان بەژێریاندا دەڕوات, ئەوانەش بێ باوەڕ بوون (لە دونیادا) رادەبوێرن و وەك ئاژەڵ دەخۆن ودەلەوەڕێن وە دۆزەخ شوێنی مانەوەیانە
وە(خەڵکی) زۆر شار ھەبوون کە بەھێزتر بوون لەو(خەڵکی) مەککەیە کە تۆیان دەرکرد لە ناومان بردن وھیچ پشتیوانێکیان نەبوو
ئا خۆ ئەو کەسەی بەڵگەی ڕوونی لە پەروەردگاریەوە بۆ ھاتبێت (کە قورئانە) وەك ئەو کەسة وایە کە کرداری خراپی بۆ جوان کرابێ و ڕازێنرابێتەوە, شوێن ھەواو ئارەزووی خۆیان کەوتبن
شێوەی نایابی ئەو بەھەشتە وایە کە بەڵێن دراوە بە پارێزکاران وخواناسان چەندەھا ڕووباری تێدایە لە ئاوی سازگاری تام وبۆن نەگۆڕاو وە چەندەھا ڕووبار لەشیر کە تامی نەگۆڕاوە وە چەندەھا ڕووبار لەشەرابی نایابی بەلەزەت وخۆش بۆ بنۆشانی وە چەند ڕووباریشی تێدایە لەھەنگوینی پاڵفتە وە لەوێ ھەموو جۆرە میوەھاتێکیان بۆ ئامادەیە، لەگەڵ لێبوردن لە پەروەردگاریانەوە (ئایا ئەو بەھەشتیانە) وەکو کەسانێك وان کە لە ئاگری دۆزەخ دابن بەھەمیشەیی ئاوی کوڵا وکوڵیان دەرخوارد بدرێت کە ڕیخۆڵەکانیان پارچە پارچە بکات
(ئەی موحەممەد ﷺ) ھەندێ لەوانە گوێت لێدەگرن بەڵام کاتێك لای تۆ دەردەچن دەڵێن بەوانەی زانیاریان پێدراوە (لە ھاوەڵان) ئەوە ئێستا موحەممەد (ﷺ) ووتی چی؟ ئەوانە ئەو کەسانەن کە خوا مۆری ناوە بەسەر دڵیاندا وە شوێن ھەوا وئارەزووی خۆیان کەوتوون
ئەو کەسانەی ھیدایەتیان وەرگرتووە (خوا) شارەزاییان زیاد دەکات وە تەقوا وپارێزکاری وخواناسیان پێ دەبەخشێت
دەی ئایا ئەو (ناپاکانە) چاوەڕوانی چی دەکەی جگە لە قیامەت کە کتوپڕ یەخەیان بگرێت دەی بێگومان ھەندێك لەنیشانەکانی ھاتۆتە دی، کاتێك (ڕۆژی دوایی) یەخەیان بگرێت ئیتر کەی بیردەکەنەوە
کەواتە دڵنیابە وبزانە بێجگە لە (اللە) ھیچ پەرستراوێکی بەھەق و ڕاست نیە وە داوای لێبوردن بکە (لەخوا) بۆ گوناھی خۆت وە بۆ (گوناھی) پیاوان وئافرەتانی ئیماندار وە بێگومان خوا دەزانێت بە جم وجوڵتان (لە ڕۆژدا) وئارام گرتنتان (لە شەودا)
ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە دەڵێن بۆچی سورەتێك (لەقورئان) نانێردرێتە خوارەوە؟ (دەربارەی جەنگ وجیھاد) کەچی کاتێك سورەتێکی ڕوون ودامەزراو نێرابێتە خوارەوە وتیایدا باسی جەنگ کرا بێت، دەبینی ئەو کەسانەی کە لەدڵیاندا نەخۆشی (دوو ڕوویی) ھەیە، تەماشای تۆ دەکەن وەك تەماشا کردنی کەسێك کە لە ترسی مردن لە ھۆشی خۆی چووبێت بۆ ئەوان واچاکتر بوو
فەرمان بەردار بوونایە وقسەی جوان وچاکیان بکردایە ھەر کاتێکیش فەرمانی (جەنگ) درا (جێ بەجێی ناکەن) خۆ ئەگەر لەگەڵ خوا ڕاستیان بکردایە ئەوە باشتر بوو بۆیان
جا ئایا ئێوە بەتەمان (ئەی ناپاکان) ئەگەر پشت ھەڵکەن (لە ئیسلام وجیھاد) لە زەویدا ئاژاوە وخراپە بەرپابکەن وە ھەرچی پەیوەندی خزمایەتیە بیبچڕێنن
ئا ئەوانە ئەو کەسانەن کە خوا نەفرەتی لێكردوون وە کەڕی کردوون وچاویانی کوێر کردووە
ئاخۆ ئەوانە وورد نابنەوە لە قورئان (و تێی ناگەن)؟! (وانیە) بەڵکو دڵیان قوفلـَی لێدراوە
بێگومان ئەو کەسانەی پاشە و پاش گەڕانەوە لە ئایینەکەیان له پاش ئەوەی ھەقیان بۆ ڕوون بوویەوە شەیتان خراپەکانیانی بۆ جوان وڕازاوە کردبوون وە بەھیوا وئومێد فریوی دابوون
چونکە ئەوان دەیانووت بەو کەسانەی کەڕقیان بوو لەو قورئانەی خوا ناردبووی، ئێمە لە مەولا لەھەندێ کاردا گوێڕایەڵیتان دەکەین وە خوا بە نھێنیەکانیان دەزانێت
ئاخۆ چۆن بێ (حاڵی ئەو ناپاکانە) کاتێك فریشتەکان گیانیان دەکێشن و لە ڕوخسار وپاشیان دەدەن
ئەو (جۆرە گیان کێشانە) لەبەر ئەوەیە کە بێگومان ئەوانە شوێن شتانێك کەوتبوون کە خوای توڕە کردبوو، ڕەزامەندی خواشیان پێناخۆش بوو، بۆیە خواش کردەوەکانیانی پووچەڵ کردەوە
ئایا وا دەزانن ئەوانەی کە نەخۆشی (ناپاکی) لە دڵیان دایە کە خوا ھەرگیز ڕق وکینەیان دەرناخات وئاشکرای ناکات
ئەگەر بمانویستایە ئەوانەمان نیشان دەدایت (کە دووڕوون) ئەوسا ھەر بەشێوە ودیمەنیاندا دەتناسین وە بێگومان بە شێوازی قسەشیاندا دەیانناسیت وە دڵنیابن خوا بە ھەموو کردەوەکانتان دەزانێت
سوێند بەخوا تاقیتان دەکەینەوە تا دەری بخەین ودیاربێت موجاھیدان وخۆڕاگرانتان وە تا ھەواڵتان چیە ئاشکرای کەین
بێگومان کەسانێ کە بێ باوەڕبوون وەڕێگری (خەڵك)یان دەکرد لە ڕێبازی خوا دژایەتی پێغەمبەریشیان دەکرد پاش ئەوەی ھەق وڕاستیان بۆ ڕوون بۆتەوە، ھیچ زیانێك بەخوا ناگەیەنن وە بە زوویی (خوا پیلان) وکردەوەکـانیـان پـووچەڵ دەکـاتەوە
ئەی ئەوکەسانەی کەباوەڕتان ھێناوە فەرمانبەردار وگوێڕایەڵی خوا وپێغەمبەربن وە کردەوە (چاکە)کانتان ھەڵمەوەشێننەوە
بێگومان ئەوانەی کە بێ باوەڕبوون وەڕێگری (خەڵک)یان دەکرد لە ڕێبازی خوا، پاشان بەبێ باوەڕی مردن ئەوە ھەرگیز خوا لێیان خۆش نابێت
جا (باوەڕداران) لاواز وسست مەبن وداوای ئاشتی (و شەڕ وەستان) مەکەن چونکە ھەر ئێوە زاڵ وبەھێزترن، (یارمەتی) خواش لەگەڵ ئێوەدایە وە (پاداشتی) کردەوەکانتان کەم ناکاتەوە
بێگومان ژیانی دونیا تەنھا گاڵتە وگەپێکە (ودەبڕێتەوە) خۆ ئەگەر باوەڕ بھێنن ولەخواترس بن (خوا) پاداشتی خۆتان پێ دەدات وە داوای بەخشینی ھەموو دارایی وماڵتان لێ ناکات
ئەگەر (خوا) داوای بەخشینی ھەموو سامانتان لێ بکات، زۆریش داکۆکی بکات لێتان، ئێوە چرووکی وڕەزیلی دەکەن و ڕق وکینەی دەروونتان دەردەخات
بێداربن ئێوە ئەو کەسانەن کە بانگ دەکرێن تا لە پێناوی خوا ماڵ ببەخشن کەچی ھەندێکتان ڕژدی دەکەن، ھەر کەسیش ڕژدیی و ڕەزیلی بکات ئەوە بێگومان تەنھا ڕژدیی لە (دژی) خۆی دەکات، چونکە خوا (دەوڵەمەندە) و بێ نیازە، ھەر ئێوەن ھەژار و بێ نەوا، جا ئەگەر ئێوە پشت ھەڵکەن (لەئاینەکەتان) (خوای گەورە) ئێوە دەگۆڕێت بەکەسانێکی تری(زۆر چاك) پاشان (ئەوان) وەکو ئێوە نابن (ڕاستگۆن لەگەڵ پەروەردگاریاندا)