ترجمة سورة المنافقون

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة المنافقون باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

کاتێك کە دووڕوان بێنە لات دەڵێن شایەتی دەدەین کە بەڕاستی تۆ پێغەمبەری خوایت وە دیارە خوایش دەزانێت کە تۆ ڕەوانەکراوی ئەوی وەخوا شایەتی دەدات کە بێگومان دووڕوان درۆزنن
سوێندە (درۆ)کانی خۆیان کرد بەقەڵغان (بۆ خۆیان) ئەمجا ڕێگری (خەڵك)یان دەکرد لەڕێی خوا، بەڕاستی ئەوان کارێکی خراپیان دەکرد
ئەوەی (کەووترا) لەبەر ئەوە بوو کە بەڕاستی ئەوان باوەڕیان ھێنا ولەپاشان بێ باوەڕبوون، ئەمجا مۆر نرا بەسەر دڵیاندا، ئیتر ئەوان ھیچ تێ ناگەن
ھەر کاتێك دەیان بینیت لەش وقەڵافەتیان سەرسامت دەکات وە ئەگەر قسە بکەن گوێ لە قسەکەیان دەگرییت، (دوو ڕووان) ھەروەك داری ھەڵسپێردراو وان، وا گومان دەبەن ھەموو ھاوار وقیڕەیەك بۆ سەر ئەوانە، ھەر ئەوانن دوژمنی (ئێوە)، کەواتە خۆتیان لێ بپارێزە، خوا بیانکوژێت (یان خوا لەناویان بەرێت) چۆن وەردەگێڕرێن (لەحەق)
کاتێك پێیان بووترێت وەرن بۆ لای پێغەمبەری خوا تا داوای لێخۆشبوونتان بۆ بکات (سەرپێچی دەکەن) سەریان با دەدەن وە دەیان بینیت ڕوو وەرئەگێڕن لەکاتێکدا کە ئەوان خۆیان بەگەورە دەزانن
بۆ ئەوان یەکسانە داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت یان داوای لێخۆشبوونیان بۆ نەکەیت ھەرگیز خوا لێیان خۆش نابێت، بەڕاستی خوا ڕێنموونی گەلی لەڕێ لادەران ناکات
ئەوان ئەو کەسانەن کە دەڵێن: (ھیچ) مەبەخشن بە ئەوانەی کە لەگەڵ پێغەمبەردان تا بڵاوەی لێ بکەن ( و ئەم دینە بفەوتێت) لە کاتێکدا ھەرچی گەنجینەکانی ئاسمانەکان وزەویی ھەیە ھەمووی ھی خوایە، بەڵام دوو ڕووەکان نازانن
(دووڕوەکان) دەڵێن سوێندبێت ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە، بێگومان دەسەڵاتدار وبەڕێزەکان (مەبەست پێی خۆیان بوو) لات وبێ ڕێزەکان لە مەدینە دەردەکەن (مەبەست پێی بڕواداران بوو) (خوای گەورەش بەرپەرچیان دەداتەوە ودەفەرموێت): ڕێز وگەورەیی تەنھا بۆ خوا وبۆ پێغەمبەری خوا وباوەڕدارانە بەڵام دووڕووان نازانن
ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە ماڵ ومناڵانتان بێ ئاگاتان نەکەن لەیادی خوا، ھەر کەسێك وابکات ئا ئەوانە خۆیان خەسارۆمەندن
ببەخشن لەوەی ڕزق و ڕۆزیمان داوون، پێش ئەوەی مردن یەخە بە یەکێکتان بگرێت ئەوسا بڵێت: خوایە خۆزگە مردنی منت دوابخستایە بۆ ماوەیەکی نزیك جا ماڵم ببەخشیایە وە لە چاکەکاران بوومایە
ھەرگیز خوا ھیچ کەسێك دوا ناخات (لەمردن) کاتێك کەوەختی (مردنی) ھات وەخوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن
Icon