ترجمة سورة الطلاق

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الطلاق باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ئەی پێغەمبەر ﷺ (تۆ وئوممەتەکەت) ھەر کاتێك ویستان ژنەکانتان تەڵاق بدەن با تەڵاقیان بدەن لەکاتی عیدەیاندا (ئەو کاتەی لەحەیز پاك بوونەتەوە ولەگەڵیان دروست نەبوون) وە عیدەی (ژنەکانتان) بەووردی بژمێرن وە لەخوا بترسن کەپەروەردگارتانە، ئەو ژنانە دەرمەکەن لەماڵەکانی خۆیان (تا عیدەیان تەواو دەبێت) ئافرەتانیش با دەرنەچن (لە ماڵەکانیان) مەگەر کارێکی خراپی ئاشکرا بکەن وە ئەوانە سنوورەکانی خودان، ھەر کەسێك لەسنوورەکانی خوا دەربچێت ئەوە بێگومان ستەمی لەخۆی کردووە، تۆ چووزانی لەوانەیە خوا پێشی بھێنێت دوای ئەوە کار وبارودۆخێکی تر (و ژن وپیاوەکە بکەونەوە یەکتر وئاشتیان ببێتەوە)
ئەمجا کە گەیشتنە کاتی خۆیان (پاش تەڵاقێك، یان دوو تەڵاق) ئەوسا یان بیانھێڵنەوە بەباشی (بیانبەنەوە بۆ لای خۆتان بەشێوەیەکی چاك) یان لێیان جیا ببنەوە بەباشی وە دوو شاھیدی دادپەروەر بگرن لەخۆتان کە لەبەر خوا ئەو شاھیدیە بدەن، ئەوانەی (باسکران پەندێکن) کە ئامۆژگاری ئەوانەی پێ دەکرێ کە باوەڕیان ھەبێت بە خوا وڕۆژی دوایی وە ھەرکەسێك خواناس بێت، خوا دەرووی لێ دەکاتەو
وە رزق وڕۆزی دەدات لەلایەکەوەکە بەخەیاڵیدا نەھاتووە وبیری لێ نەکردوەتەوە وە ھەکەسێك پشت بەخوا ببەستێت ئەوە خوای بەسە، بەڕاستی خوا کار وفەرمانی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێت، بێگومان خوا بۆ ھەموو شتێك ئەندازەیەکی دیاریكراوی داناوە
ئەوانەی کە بێ ھیوا دەبن لەکەوتنە حەیزەوە لە ژنانتان ئەگەر (دەربارەی زانینی عیددەیان) دوو دڵ بوون ئەوا عیدەیان سێ مانگە وە (ھەروا) ئەوانەش کە (لەبەر منداڵی) ھێشتا حەیزیان پێیدا نەھاتووە (عیددەیان ھەر سێ مانگە) وە ژنانی سك پڕ (دوو گیان) عیددەیان ئەو کاتەیە کە سکەکەیان دابنێن، ھەر کەسێك لە خوا بترسێت خوا کاری بۆ ئاسان دەکات
ئەوەی (کە باسکرا) فەرمانی خوایە کە بۆی ناردونەتە خوارەوە وە ھەر کەسێك خواناس ولەخواترس بێت گوناھەکانی بۆ دائەپۆشێ وئەیانسڕێتەوە وپاداشتی گەورەی دەداتەوە
(ژنانی تەڵاقدراو) دابنێن ونیشتەجێیان بکەن لەو شوێنەی کە (خۆتان) دادەنیشن ونیشتەجێ دەبن بە پێی توانای خۆتان وە زیانیان پێ مەگەیەنن تا تەنگیان پێ ھەڵچنن وە ئەگەر دووگیان بوون ئەوە خەرجیان بکێشن تا سکەکەیان دائەنێن، ئەوسا ئەگەر شییریان دا بە منداڵەکەتان ئەوا ئێوەش کرێیان بدەنێ وە لەناو خۆتاندا ڕاوێژ بکەن بەچاکی (دەربارەی منداڵەکە) وە ئەگەر تەنگیتان کرد(نەسازان لە کرێکەدا) ئەوە با ئافرەتێکی تر شیری بداتێ
بادەوڵەمەند بەپێی دەوڵەمەندیی نەفەقە بدات وە ھەر کەسێك کەم دەست وھەژار بوو با بەپێی ئەوەی کەخوا داویەتیە نەفەقە بدات، خوا داوا لەکەس ناکات مەگەر بە پێی ئەوە نەبێت کەپێی داوە (لە توانا) بێگومان خوا دوای تەنگانە ئاسانی دەهێنێت
زۆر لە گوندنشین وشارنشینەکان سەرپێچیان کرد لە فەرمانی پەروەردگار وپێغەمبەرەکانی، ئێمەش پرسینەوەمان لەگەڵ کردن بە پرسینەوەیەکی سەخت وە سزامان دان بەسزایەکی دژوار
ئیتر ئاکامی کردەوەی خۆیانیان چەشت وە سەرئەنجامی کاریان بوو بەزیانباریی وخەسارۆمەندی
خوا ئامادەی کردووە بۆیان سزایەکی سەخت، کەواتە لەخوا بترسن ئەی ئەو کەسانەی خاوەن ژیری وبیر وھۆشن، ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە بێگومان خوا قورئانی بۆ دابەزاندون
(ھەروەك بۆی ناردون) پێغەمبەرێك کەدەخوێنێتەوە بۆتان ئایەتەکانی خوا کە ڕوون کەرەوەن تا دەربھێنێت ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە وە کردەوەی چاکیان کردووە لەتاریکستانی (بێ دینی) بۆ ڕووناکی (دینداری) وە ھەر کەسێك باوەڕ بھێنێت بەخوای گەورە وە کار وکردەوەی چاك ئەنجام بدات ئەوە خوای گەورە دەیخاتە ناو بەھەشتانێکەوە کە بە ژێر درەختەکانیدا جۆگە ئاوی زۆر دەڕوات، تیادەمێننەوە بەھەمیشەیی، بێگومان خوا (لەوێ) ڕۆزی چاکی بۆ ئامادەکردووە
خوا زاتێکە کە حەوت ئاسمانی دروستكردووە وە بەوێنەی ئەوان زەویشی دروستكردووە، فەرمانی خوا لە نێوانیاندا دادەبەزێت تا چاك بزانن کە خوا بەسەر ھەموو شتێکدا بە دەسەڵات وبە توانایە وە بێگومان خوا (بەزانست وزانیاری) دەوری ھەموو شتێکی داوە (واتە: ئاگاداری ھەموو بوونەوەرە)
Icon