ترجمة سورة الأعلى

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة الأعلى باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


ته‌سبیحات و ستایشی په‌روه‌ردگاری به‌رزو بڵند و پایه‌دارت بکه‌.

ئه‌‌و زاته‌ی هه‌موو شتێکی دروستکردووه به‌جوانی و ڕێکوپێک و تێرو ته‌واویی کردووه‌.

ئه‌و زاته‌ی که نه‌خشه‌ی کێشاوه بۆ هه‌موو شتێك و جا ڕێنموویی کردووه‌.

ئه‌وه‌ی که گژوگیای له له‌وه‌ڕگا ده‌رهێناوه‌.

(به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ک) ده‌یکاته پووش و په‌ڵاشتێکی زه‌رده و وشك و ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاو.

﴿ ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) ﴾ ئێمه قورئانت له ڕێگه‌ی جوبره‌ئیله‌وه به‌سه‌ردا ده‌خوێنینه‌وه‌، ئیتر هه‌رگیز بیرت ناچێت.

مه‌گه‌ر شتێك ویستی خوای له‌سه‌ربێت، چونکه به‌ڕاستی خوا ئاگاداره به‌و شتانه‌ی که ئاشکراو دیارن، یاخود شاراوه‌ن.

جا دڵنیابه ئێمه یارمه‌تیت ده‌ده‌ین بۆ ئه‌نجامدانی هه‌موو چاکه‌یه‌ك، هه‌موو کارێكی له‌بارت بۆ ئاسان ده‌که‌ین.

که‌واته تۆ ئیتر له‌سه‌ر یادخستنه‌وه و یاداوه‌ری ئه‌و که‌سانه به‌رده‌وام به که سوودیان وه‌رگرتووه و ئاماده‌ن زیاتر تێبگه‌ن.

بێگومان ئه‌و که‌سه‌ی که ترسی خوای له دڵدا بێت یاده‌وه‌ری وه‌رده‌گرێت.

خراپترین که‌س خۆی لێ دوور ده‌گرێت...

ئه‌وه‌ی ده‌چێته ناو ئاگره‌که گه‌وره‌که‌وه و ده‌سوتێت تیایدا.

له‌وه‌ودوا نه ئه‌وه‌یه بمرێت و (ڕزگاری بێت، نه ئه‌وه‌شه که‌) ژیانێکی ئاسایی به‌سه‌ر به‌رێت.

بێگومان ئه‌و که‌سه سه‌رفرازه که ده‌روونی خۆی پاك ڕاگرتووه و...

ناوی په‌روه‌ردگاری ده‌بات و نوێژی بۆ ده‌کات و کڕنووش و سوژده‌ی بۆ بردووه‌.

که‌چی ئێوه ڕێبازی ڕزگاری ناگرنه به‌رو به‌ڵکو زیاتر ژیانی دنیاتان مه‌به‌سته‌.

له‌کاتێکدا قیامه‌ت و به‌ده‌ست هێنانی به‌هه‌شت چاکتره و به‌رده‌وامیشه (هه‌ر به‌راورد ناکرێت له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی کورتی دنیادا).

بێگومان ئه‌م یادخستنه‌وانه له په‌ڕاوه دێرینه‌کانیشدا باسکراوه‌.

(له‌وانه‌) کتێبه پیرۆزه‌کانی ئیبراهیم و موسا.
Icon