ترجمة سورة الجن

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الجن باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: نیگام بۆ کرا کە بێگومان چەند کەسێك لە جنۆکە گوێیان گرت (لە قورئان خوێندنەوەم) ئەمجا ووتیان: بەڕاستی ئێمە قورئانێکی سەر سوڕھێنەرمان بیست
ڕێنمونی دەکات بۆ ڕێگای ڕاست ئێمەش باوەڕمان پێ کرد وە ھەرگیز کەس ناکەین بەھاوبەشی پەروەردگارمان
وە بەڕاستی بڵندە گەورەیی پەروەردگارمان - لە شتی ناشایستە -، ھیچ ھاوسەر ومنداڵێکی بۆ خۆی دانەناوە
بێگومان گێل ونەفامەکەمان درۆی نالەباری ھەڵدەبەست دەربارەی خوا
وە ئێمە پێمان وابوو کە ئادەمیی وجنۆکە ھەرگیز درۆ ناکەن دەربارەی خوا
بەڕاستی پیاوانێك لە ئادەمیی پەنایان دەبردە بەر پیاوانێك لە جنۆکە (کە بیان پارێزن) کەچی زۆرتر ماندوویان دەکردن
وە ئادەمیی گومانیان بردووە ھەروەك ئێوە - ئەی جنۆکە - گومانتان بردووە کە ئیتر خوا ھیچ پێغەمبەرێك نانێرێت
جنۆکەکان ووتیان : ئێمە دەگەڕاین بە شوێن دەنگ وباسی ئاسماندا کەچی بینیمان پڕکراوە لە پاسەوانی بەھێز وتیری ئەستێرەکان
وە بێگومان ئێمە جاران دادەنیشتین لە چەند شوێنێك لە ئاسمان بۆ گوێ گرتن، بەڵام ھەر کەسێك لەئێستا بە دواوە گوێ بگرێت تیرێکی ئەستێرە دەبینێت لە بۆسەیدایە
وە بەڕاستی نازانین ئایا خراپی ویستراوە بۆ ئەوانەی کە لە سەر زەوین؟ یان پەروەردگاریان ڕێنمونی ویستووە بۆیان؟
وە بێگومان ئێمە ھەندێکمان چاکین وە ھەندێکمان لەوە کەمتر، ئێمە جاران خاوەنی ڕێبازی زۆر بووین
وە ئێمە دڵنیا بووین کە ھەرگیز ناتوانین لە دەستی خوا دەرچین لە زەوی دا وە بە ھەڵھاتنیش لە دەستی خوا ڕزگار نابین
بەڕاستی ئێمە کاتێ ڕێنمونی (قورئان) مان بیست باوەڕمان پێ ھێنا، ئەمجا ھەر کەسێك بڕوای ھێنا بە پەروەردگاری خۆی ئیتر ناترسێت نە لە کەمیی (پاداشت) ونە لە زۆریی (تۆڵە)
وە بێگومان ئێمە ھەندێکمان موسوڵمانین وھەندێکمان ستەمکار، ئەمجا ئەوانەی موسوڵمان بوون ئەوە ئەوانە ڕێگای ڕاستیان دۆزیوەتەوە
بەڵام ئـەوانەی لەرێگای ڕاست لایانداوە (ستەمکارەکان) دەبنە سووتەمەنی دۆزەخ
(ئەمجا خوای گەورە دەفەرموێت) : ئەگەر ئەوان (مرۆڤ و جنۆکە) بەردەوام بوونایە لەسەر ڕێگای ڕاست ئاوی زۆرمان پێ ئەنۆشین (نیعمەتی زۆرمان دەدانێ)
ھەتا تاقیان کەینەوە تیایدا وە ھەر کەسێك ڕوو وەرگێڕێت لە یادی پەروەردگاری خۆی دەیخاتە ناو سزای دژوارەوە
بێگومان مزگەوتەکان بۆ پەرستنی خوان بەتەنھا، جگە لەئەو کەسی تری تێدا نەپەرسترێت، کەواتە لەگەڵ خوادا ھاوار لە کەسی تر مەکەن
وە بەندەی خوا (موحەممەد ﷺ) کاتێك کە ھەستا لە خوا بپاڕێتەوە (و بیپەرستێت)، (بێ بڕواکانی مەککە) نزیك بوو دابارن بە سەریدا
بڵێ: دڵنیا بن من ھەر خوای خۆم دەپەرستم وە کەس ناکەم بە ھاوبەشی
بڵێ: بەڕاستی من نەزیان ونەڕێنمونی ئێوەم بەدەست نیە
بڵێ: بێگومان کەسێك نیە کە من بپارێزێت لە (سزای) خوا، وە بێجگە لەو پەناگەیەك شك نابەم
(وە ھیچم بەدەست نیە) ڕاگەیاندن نەبێت لە خواوە وگەیاندنی پەیامەكانی ئەو نەبێت وە ھەر کەسێك بێ فەرمانی خوا وپێغەمبەری بکات ئەوە بێگومان ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوە، تێیدا دەمێنێتەوە بە ھەمیشەیی
تا بەچاوی خۆیان دەبینن ئەو سزایانەی کە بەڵێنیان پێدراوە، ئەمجا ئەو کاتە دەزانن، کە کێ یارمەتیدەری کەمترە وژمارەی کەمە
بڵێ من نازانم ئاخۆ نزیکە ئەو ڕۆژی دواییەی کە بەڵێنتان پێدراوە یان پەروەردگارم ماوەیەکی دووری بۆ داناوە
ھەر خوایە زانا بە نھێنیەکان وە کەس ئاگادار ناکات بەسەر نھێنی خۆیدا
مەگەر بۆ پێغەمبەرێك کە خۆی ڕازی بێت، جا بێگومان خوا لەبەردەمی وپشتیەوە پاسەوان (لە فریشتە) دەنێرێت
تا بزانێت کە پەیامی خوای خۆیان گەیاندووە وە خوا ئاگادارە بەوەی کە لایانە وە ھەموو شتێکی (لەسەریان) ژماردووە بە ھەڵژماردن
Icon