ترجمة سورة العنكبوت

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة العنكبوت باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (ئەلیف، لام، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە
ئایا خەڵك وا دەزانن کەوازیان لێ دەھێنرێت ئەگەر بڵێن بڕوامان ھێناوە ئیتر ئەوان تاقی ناکرێنەوە
سوێند بەخوا بێگومان کەسانی پێش ئەوانمان تاقی کردەوە (ئەمانیش تاقی دەکەینەوە) ئەمجا بێگومان خوا ئەو کەسانەی ڕاستیان کرد دیاری دەکات درۆزنەکانیش دیاری دەکات (دەناسرێن)
یا ئەوانەی خراپەکان دەکەن وایان زانیووە کە لە دەستمان دەردەچن زۆر خراپە ئەو بڕیارەی دەیدەن
ھەر کەس ئومێدی وایە بگات بەدیداری خوا (با بەندایەتی خوا بکات) چونکە بەڕاستی کاتی دیاریکراوی خوا ھەردێت وە تەنھا خوایە بیسەر و زانا و ئاگادار
وە ھەرکەس جیھاد بکات و تێبکۆشێت ئەوە تەنھا بۆ خۆی تێ دەکۆشێت بەڕاستی خوا لە ھەموو جیھانیان بێ نیاز ودەوڵەمەندە
وە ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە بێگومان خراپەکانیان دەسڕینەوە لێیان بەباشتر لەوەی کەکردویانە پاداشتیان دەدەینەوە
وە فەرمانمان داوە بەئادەمی کەچاکە لەگەڵ دایك و باوکیدا بکات وە ئەگەر (دایک و باوکت) ھەوڵیان لەگەڵ دایت بۆ ئەوەی کەھاوبەشم بۆ بڕیار بدەیت کەھیچ زانیارییەکت نیە دەربارەی ئەوە بەگوێیان مەکە تەنھا بۆ لای منە گەڕانەوەتان (لەدوا ڕۆژدا) ئەوسا ھەواڵتان دەدەمێ بەو کردەوانەی دەتانکرد
وە ئەو کەسانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوەی چاکەیان کردووە بێگومان دەیانخەینە ڕیزی پیاو چاکانەوە
ھەندێك لەخەڵکی دەڵێن باوەڕمان بەخوا ھێناوە ئەمجا کاتێك سزا بدرێت لەپێناوی خوادا (لەلایەن کافرانەوە) ئازارو سزای خەڵکی وەکو ئازارو سزای خوا دادەنێت وە ئەگەر لەلایەن پەروەردگارتەوە سەرکەوتنێك بێت دڵنیابە ئەوانە دەڵێن بێگومان ئێمە لەگەڵ ئێوەدا بووین ئایا خوا زاناو ئاگادارتر نیە بەوەی لەدڵ و دەرونی ھەموو کەسدایە
سوێند بێت خوا چاك دەزانێت ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە کێن وەچاکیش دەزانێت دووڕوانیش کێن
ئەوانەی بێ بڕوابوون ووتیان بەوانەی ئیماندار بوون شوێن ڕێگا و ڕێبازی ئێمە بکەون و تاوانەکانتان بە ئەستۆی ئێمە ئەوانە (بێ بڕوایان) ھیچێك لەتاوان و گوناھی ئەوان (باوەڕداران) ھەڵناگرن بەڕاستی ئەوانە درۆزنن
سوێند بەخوا (بێ باوەڕان) باری گرانی (کوفرو تاوانی) خۆیان ھەڵدەگرن وەباری گرانی (خەڵکانی) تریش لەگەڵ باری گرانی خۆیان دا (ھەڵدەگرن) وە بەڕاستی لەڕۆژی قیامەتدا پرسیاریان لێ دەکرێ لەو درۆ و دەلەسانەی لەدونیادا ھەڵیان دەبەست
سوێند بەخوا نوحمان نارد بۆلای گەلەکەی (بە پێغەمبەری) ئەمجا ئەویش مایەوە لەناویان دا نۆسەد و پەنجا ساڵ (ھەزار ساڵ پەنجا کەم) لەئاکامدا لافاو و زریان لەناوی بردن لەکاتێکدا ئەوان ستەمکار بوون
ئەمجا ئەو (نوح) و کەسانێك لەکەشتیەکەدا بوون ڕزگارمان کردن وە ئەو (کەشتیە)مان کرد بەنیشانەیەك بۆ جیھانیان
وە (ئەی موحەممەد ﷺ) باسی) ئیبراھیم بکە کاتێك بەگەلەکەی ووت خوا بپەرستن ولێی بترسن ئەوە چاکترە بۆ ئێوە ئەگەر ئێوە بزانن
بەڕاستی ئێوە لەجیاتی خوا بتانێك دەپەرستن وە ئێوە درۆیەکی گەورە ھەڵدەبەستن بەڕاستی ئەوانەی کەئێوە دەیان پەرستن بێجگە لەخوا ناتوانن ڕزق و ڕۆزی ئێوە بدەن کەواتە داوای ڕزق و ڕۆزی لەخوا بکەن وە ئەو بپەرستن و ھەر سوپاسی ئەویش بکە تەنھا بۆلای ئەو دەگەڕێنرێنەوە (لەقیامەتدا)
وە ئەگەر ئێوە باوەڕ نەھێنن ئەوە ئوممەتانی پێش ئێوەش باوەڕیان (بە پێغەمبەرەکانیان) نەھێنا وە پێغەمبەر تەنھا ڕاگەیاندنی ئاشکراو ڕوونی لەسەرە
ئایا ئەوانە سەرنجیان نەداوە کە چۆن خوا دروستکراوان بەدی دەھێنێت لەپاش (نەمان) دەیھێنێتەوە بێگومان ئەو (زیندوو کردنەوە) بۆ خوا ئاسانە
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بڕۆن بگەڕێن بەزەویدا وسەرنج بدەن کەچۆن دروستکراوەکانی لەسەرەتاوە بەدی ھێناوە لەپاشان ھەر خوا بەدی ھێنانی دوا ڕۆژیش بەدی دەھێنێت بەڕاستی خوا بەتوانایە بەسەر ھەموو شتێکدا
(خوا) سزای ھەر کەسێك دەدات کەبیەوێت وە ڕەحمیش دەکات بەھەر کەسێك کەبیەوێت وەتەنھا بۆ لای خوا دەگەڕێنرێنەوە
وە ئێوە ناتوانن لەدەست خوا دەربازبن نە لەزەوی دا و نە لەئاسماندا وە بۆ ئێوە نیە جگە لەخوا ھیچ دۆست و یارمەتیدەرێك
وە ئەوانەی کە بەنیشانەکانی خوا و دیداری ئەو باوەڕیان نیە ئا ئەوانە لەبەزەیی من (لە بەزەیی خوا) نائومێد دەبن وە ئەوانە سزای بەسۆ وسەختیان بۆ ھەیە
ئەمجا وەڵامی گەلەکەی ئەو (ئیبراھیم) تەنھا ئەوە بوو کەووتیان (ئیبراھیم) بکوژن یان بیسوتێنن خواش ئەوی ڕزگار کرد لەو ئاگرە بێگومان لەو (ڕزگار کردنی ئیبراھیم) دا چەند نیشانەو بەڵگە ھەیە بۆ کەسانێک باوەڕ دەھێنن
وە (ئیبراھیم) ووتی بێگومان ئەوەی ئێوە ھەڵتان بژاردووە لەجیاتی خوا بتانێکن لەبەر خۆشەویستی نێوانتان لەژیانی دونیا (دەیانپەرستن) لەپاشان لەڕۆژی دواییدا ھەندێکتان بێزاری دەردەبڕن لەھەندێکی ترتان (دان نانێن بەیەکتریدا) وە نەفرەت لەیەکتری دەکەن جێگاشتان ئاگری دۆزخە وە ھیچ یارمەتی دەرێکیشتان نیە
ئەمجا لوط باوەڕی بەو (بە ئیبراھیم) ھێنا وە(ئیبراھیم) ووتی بێگومان من کۆچ دەکەم بۆ لای پەروەردگارم (لە بابلەوە بۆ شام) بەڕاستی تەنھا ئەو زاڵ وبەدەسەڵات وکار دروستە
وە بەخشیمان بە (بە ئیبراھیم) ئیسحاقی(کوڕی) و یەعقوبی (کوڕەزای) وە پێغەمبەرێتی و کتێبمان بڕیاردا لەنەوەکانی (ئیبراھیم)دا وە لەدونیادا پاداشتمان دایەوە وە بەڕاستی ئەو لەڕۆژی دوایشدا لەپیاو چاکانە
(باسی) لوطیش بکە کاتێك بەگەلەکەی ووت بێگومان ئێوە کارێکی ناشیرین و قێزەون دەکەن (کە نێربازیە) لەجیھاندا کەس پێش ئێوە ئەو کارەی نەکردووە
ئێوە نێربازی دەکەن وە ڕێگا دەگرن (لە ڕێبواران) وە لەنادی و شوێنی کۆبونەوەتاندا ھەموو خراپەیەك دەکەن کەچی وەڵامی گەلەکەی تەنھا ئەوە بوو کە ووتیان (بە لوط) سزای خوامان بۆ بھێنە ئەگەر تۆ لەڕاستگۆیانی
(لوط) ووتی ئەی پەروەردگارم یارمەتیم بدە (وزاڵم بکە) بەسەر ئەو گەلە خراپەکارەدا
وە کاتێك نێراوەکانی ئێمە مژدەی (بەخشینی ئیسماعیل)یان دا بەئیبراھیم ووتیان بێگومان ئێمە لەناوبەری دانیشتوانی ئەم شارەین (سەدوم) بەڕاستی دانیشتوانەکەی ستەمکار بوون
(ئیبراھیم) ووتی بێگومان لوط لەو (شارە) دایە ووتیان ئێمە چاک دەزانین کێی لێیە سوێند بەخوا ئێمە (لوط) و ئەندامانی خێزانەکەی رزگار دەکەین جگە ژنەکەی کە لەجێماوان (تیاچووان) دەبێت
کاتێ نێراوەکانمان ھاتن بۆ لای لوط پێیان تێکچوو وزۆر دڵ تەنگ وناڕەحەت بوو ووتیان مەترسە خەم مەخۆ (چونکە) بێگومان ئێمە تۆ وخێزانەکەت ڕزگار دەکەین جگەلە ژنەکەت نەبێت کەئەو لەجێماوان (تیاچووان) دەبێت
بەڕاستی ئێمە دەیبارێنین بەسەر دانیشتوانی ئەم شارەدا سزایەك لەئاسمانەوە لەبەر ئەوەی لەسنوورو فەرمانی (خوا) دەرچوون
سوێند بەخوا بێگومان لەو شارە (وێران کراوەدا) نیشانە وپەندێکی دیارمان بەجێھێشت بۆ گەل وکۆمەڵێك کەژیربن
وە بۆ خەڵکی مەدیەنیش شوعەیبی برایانمان (نارد) ووتی ئەی گەلەکەم خوا بپەرستن و بەھیواو ئومێدی ڕۆژی دوایی بن وەخراپەکاری ڕۆچوو مەبن لەزەویدا
بەڵام ئەوان باوەڕیان پێ نەھێنا ئەوسا بوومەلەرزە بەتینەکە گرتنی (لێی دان) بەھۆی ئەوەوە لە خانووەکانی خۆیاندا ئەژنۆیان دا دابوو وە مردن
وە گەلی عاد و سەمودیشمان (لەناو برد) بەڕاستی (ئەو لە ناوبردنە) ڕوون بووەتەوە بۆتان لەشوێنەوارە (وێرانە)کانیانەوە شەیتان کردەوە خراپەکانیانی بۆ ڕازاندبوونەوە لەڕێگا وڕێبازی ڕاست ودروست وێڵی کردن، لەکـاتێکدا ئـەوان خـاوەنی ژیری وبیروھۆش بوون
ھەروەھا قارون و فیرعەون و ھامانیشمان (لەناو برد) سوێند بەخوا بەڕاستی موسا ھات بۆ ناویان بەچەند موعجیزەیەکەوە بەڵام ئەوان خۆیان بەگەورە زانی لەزەویدا نەشیانتوانی لەدەستمان دەرچن
ئەوسا ئێمە ھەریەك لەوانمان بەتاوانی خۆی سزادا (لەناومان بردن) جا ھەندێکیان بایەکی بەھێزمان ناردە سەریان بەوردە بەردەوە وە ھەندێکی تریان پیاھەڵشاخانێک و دەنگێکی گەورە لەناوی بردن وە ھەندێکیشیانمان بەناخی زەویدا بردە خوارەوەوە ھەندێکی ترمان لەوان لەدەریادا نوقم کرد خوا ستەمی لێ نەکردن بەڵکو خۆیان ستەمیان لەخۆیان کرد
وێنەی کەسانێك کەبێجگە لەخوا پەرستراوانێك بۆ خۆیان دادەنێن وەکو جاڵجاڵۆکە وایە کەماڵێکی (بۆ خۆی) ڕەخساندووە کە بەڕاستی لاوازترین ماڵ ماڵی جاڵجاڵۆکەیە ئەگەر بزانن
بێگومان خوا دەزانێت ئەوان لەجیاتی خوا چی دەپەرستن و ھاوار ی لێدەکەن و ھەر ئەو (خوایە) زاڵ و بەدەسەڵات و کار دروستە
ئەو وێنە و نموونانە بۆ خەڵکی دەھێنینەوە تەنھا زانایان لەوانە تێدەگەن
خوا ئاسمانەکان و زەوی بەھەق و ڕاستی دروستکردووە بەڕاستی لەوەدا بەڵگە ھەیە بۆ بڕواداران
بیخوێنەرەوە ئەو قورئانەی کەوەحی کراوە بۆت وە نوێژ بکەبێگومان نوێژ ڕێگری (نوێژگەر) دەکات لەکاری ناشیرین و ناپەسەند (لەخراپە) وە زیکر و یادی خوا گەورەترە (لەھەموو شتێك) خواش دەزانێت بەھەر کارێك کە ئێوە دەیکەن
دەمەقاڵێ و موجادەلە مەکەن لەگەڵ خاوەنی کتێبە ئاسمانیەکاندا بە جوانترین شێوە نەبێت جگە لەوانەیان کە ستەمیان کرد (لە ئێوە) وە (بە خاوەن کتێبەکان) بڵێن باوەڕمان ھێناوە بەوەی نێردراوەتە خوارەوە بۆ ئێمە و (بەوەش) نێردراوەتە خوارەوە بۆ ئێوە وە خوای ئێمە و خوای ئێوە یەکێکە وە ئێمە بۆ ئەو (خوا) گەردن کەچین
ھەروەك (پێغەمبەرانی پێشوو) قورئانمان بۆ تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) ناردەخوارەوە جا ئەو کەسانەی کە کتێبمان پێداون (ھەندێکیان) باوەڕ بەو (قورئانە) دەھێنن وە لەمانەش (بت پەرستەکانی عەرەب) کەسانێك بڕوای پێ دەھێنێت تەنھا بێ باوەڕانی (ڕۆچوو) دان نانێن بە ئایەتەکانی ئێمەدا
وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) پێش ئەم (قورئانە) ھیچ کتێبێکت نەدەخوێندوەتەوە وە بەدەستی ڕاستت نەتنوسیووە (ئەگەر وابوایە) ئەو کاتە ناڕاستەکان (بێ بڕوایان) دەکەوتنە گومانەوە
(نەخێر وا نیە گومان دەبەن) بەڵکو قورئان نیشانەکانی ئاشکران لە دڵ و دەرونی کەسانێکدایە کە زانستیان پێدراوە (لە لایەن خواوە) تەنیا ستەمکاران دان نانێن بە نیشانەکانی ئێمەدا
وە ووتیان ئەوە بۆ چەند موعجیزە و بەڵگەیەك دانابەزێنرێت بۆ سەری (موحەممەد ﷺ) لەلایەن پەروەردگاریەوە بڵێ (پێیان ھێنانە خوارەوەی) موعجیزەکان تەنھا لەلایەن خواوەیە وە بەڕاستی من تەنھا ترسێنەرێکی ئاشکرام
ئایا بۆ ئەوان بەس نیە کە ئێمە قورئانمان ناردۆتە خوارەوە بۆ سەر تۆ، دەخوێنرێتەوە بەسەریاندا بەڕاستی لەم قورئانەدا بەزەیی و پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ باوەڕداران
بڵێ (پێیان) خوا بەسە بۆ شایەتیدان لەنێوان من و ئێوەدا ئەوەی لەئاسمانەکان و زەویدایە دەیزانێت وە کەسانێك کە باوەڕیان ھێناوە بە بەتاڵ و بێ باوەڕبوون بەخوا تەنھا ئەوانەن زەرەرۆمەندان
بە پەلە داوای (ھێنانی) سزات لێ دەکەن ئەگەر ماوەی دیاری کراو نەبوایە (بۆ سزادانی ئەوانە) بێگومان سزاکەیان بۆ دەھات وە بەڕاستی لەناکاودا ئەو سزایەیان بۆ دێت کە ئەوان ھەستی پێ ناکەن
بە پەلە لە تۆ داوای (ھێنانی) سزا دەکەن کە بەڕاستی دۆزەخ دەوری کافرانی داوە
لەڕۆژێکدا سزا دایان دەپۆشێت لەلای سەریانەوە و لە ژێر پێیانەوە وە (خوا) دەفەرموێ: بچێژن تۆڵەی ئەو کردەوانەی کە لە دونیادا دەتانکرد
ئەی بەندەکانم کە باوەڕتان ھێناوە بێگومان زەوی من پان و فراوانە کەواتە ھەر من بپەرستن
ھەمووکەس تامی مردن دەچێژێت وپاشان بۆ لای ئێمە دەگەڕێنرێنەوە
وە کەسانێك کە باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە سوێند بەخوا لەکۆشکە بەرزەکانی بەھەشتدا نیشتەجێیان دەکەین کە ڕووبارەکان بەژێریاندا دێن و دەچن بێ بڕانەوە تیایدا دەمێننەوە ئای چەند چاکە پاداشتی چاکەکاران
ئەوانەی دانیان بە خۆیاندا گرت و تەنھا پشتیان بە پەروەردگاریان بەست
زۆر گیان لەبەر (زیندەوەر) ھەیە ڕۆزی خۆی ھەڵناگرێت و کۆی ناکاتەوە (بۆ داھاتوو) خوا ڕۆزی ئەو (گیان لەبەرانەو) و ئێوەیش دەدات وە ھەر ئەوە بیسەر و زانا
سوێند بەخوا ئەگەر پرسیار لەو (بێ باوەڕانە) بکەیت کێ ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە و ڕۆژ و مانگی ڕامھێناوە وخستویەتیە خزمەتیانەوە بێگومان دەڵێن خوا دەی کەواتە چۆن (لە پەرستنی خوا) لادراون
خوا ڕۆزی فراوان دەکات بۆ ھەر کەس لە بەندەکان کە بیەوێت یان بۆی کەمدەکات بێگومان خوا بەھەموو شتێك زانایە
وە ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ لەئاسمانەوە باران دەبارێنێت ئەمجا بەو بارانە زەوی مردووی پێ زیندوو دەکاتەوە بێگومان دەڵێن خوا (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھەموو سوپاسگوزاریەك ھەر بۆ خوایە بەڵام زۆربەیان ژیریان بەکار ناھێنن
وە ژیانی ئەم دونیایە تەنھا رابواردنێکی بێ ھودە و یاری (مناڵانە) وە بەڕاستی ماڵی قیامەت ھەر ئەوەیە ژیانی (ڕاستەقینە) ئەگەر ئەوان بیانزانیایە
ئەمجا کاتێك ئەو (بێ باوەڕانە) سوار کەشتی دەبن (و ترسان لە نوقم بوون) تەنھا ھاوار لە خوا دەکەن بە دڵسۆزی و گەردن کەچیەوە کەچی کاتێك خوا ڕزگاریان دەکات و دەگەنەوە ووشکانی کتوپڕ ئەوان ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن
(وازیان لێ بھێنە) با دان نەنێن بەوەی ئێمە پێماندان، وە لەزەت ببەن لە ژیان جا لەمەولا دەزانن (ئەنجامی ئەو کردەو خراپانەیان چی دەبێت)
ئایا نەیان زانیوە و سەرنجیان نەداوە کە ئێمە (شاری مەککە)مان کردۆتە جێگایەکی ڕێز لێگیراوی بێ ترس وپڕ ئاسایش لە کاتێکدا لە دەوروبەری ئەواندا خەڵك دەفڕێنرێت دەی ئایا باوەڕ بە بەتاڵ دەھێنن وە سپڵە وپیِ نەزانن بەرامبەر نیعمەتەکانی خوا ی گەورە
کێ لەو کەسە ستەمکارترە کە درۆ بەدەم خواوە ھەڵدەبەستێت یان باوەڕ نەھێنێ بەئاینی ڕاست کاتێك بۆی ھات ئایا جێگای مانەوە بۆ بێ بڕوایان لە دۆزەخدا نیە
وە کەسانێك کە لە پێناو ڕەزامەندی ئێمەدا تێکۆشانیان کردووە بەڕاستی ڕێنموونیان دەکەین بۆ رێگا چاکەکانی خۆمان وە بێگومان خوا لەگەڵ چاکەکاراندایە
Icon