ترجمة سورة الصف

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الصف باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

تەسبیحاتی خوا دەکات ھەرچی لە ئاسمانەکان ولە زەویدایە وە ئەو زاڵ وباڵادەست وکار بەجێیە
ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە بۆچی ئەوەی ئەیڵێن ئەنجامی نادەن
زۆر مایەی ڕق و توڕەییە لای خوا کە قسەیەك بڵێن وکردەوەی پێنەكەن
بەڕاستی خوا کەسانێکی خۆش دەوێت کە بەیەك ڕیز دەجەنگن لەڕێی خوادا وەك کۆشکێکی قایمی چەسپیووی دامەزراو
(بیربکەرەوە) کاتێك کە مووسا بەگەلەکەی ووت: ئەی گەلەکەم بۆچی ئازارم دەدەن لە کاتێکدا بەدڵنیاییەوە دەزانن کە من نێردراوی خوام بۆلای ئێوە جا کاتێك لایاندا لەھەق خواش دڵی وەرگێڕان وە خوا ڕێنموونی گەلی لەڕێ دەرچوو ناکات
(بیربکەرەوە) کاتێك کە عیسای کوڕی مەریەم ووتی ئەی بەنو ئیسرائیل ( نەوەکانی یەعقوب) بێگومان من نێردراوی خوام بۆلای ئێوە، ئەو تەوراتەی کە لە پێش مندا ھاتووە بەڕاستی دائەنێم وە مژدەتان پێ دەدەم بە پێغەمبەرێك کە لەدوای من دێ وناوی ئەحمەدە ئەمجا کاتێك کە ئەو (پێغەمبەرە) یان بۆ ھات بە چەند نیشانەی ڕوون وئاشکرا وە ووتیان: ئەمە جادوویەکی ئاشکرایە
جا کێ لەو کەسە ستەمکارترە کە درۆ ھەڵببەستێت بەدەم خواوە لە کاتێکدا کە بۆ ئیسلام بانگ دەکرێت وە خوا ڕێنموونی گەلی ستەمكار ناکات
دەیانەوێت ڕووناکی دینی خوا بکوژێننەوە بە(فوی) دەمیان وە خوا ڕووناکی خۆی تەواو دەکات با بێ باوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت
خوا ئەو زاتەیە کە پێغەمبەری خۆی ناردووە بە ڕێنموونیی وئاینێکی ڕاست ودروستەوە، ھەتا بەسەر ھەموو ئاینێکدا سەری بخات
ھەرچەندە ھاوبەش پەیداکەرانیش پێیان ناخۆش بێت
ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە ئایا بازرگانیەکتان نیشان بدەم کە ڕزگارتان بکات لە سزایەکی پڕ لە ئازار
(بازرگانیەکەش ئەمەیە) باوەڕ بھێنن بەخوا وپێغەمبەرەکەی وە تێبکۆشن لە ڕێی خوادا بە سامان وگیانی خۆتان ئەمەتان باشترە بۆ خۆتان ئەگەر ئێوە بزانن
(ئەوسا خوا) لە گوناھەکانتان خۆش دەبێت وە (لە ڕۆژی دواییدا) دەتان خاتە باخاتێکەوە کە جۆگەی ئاوی زۆر بەژێریاندا دەڕوات (وە دەتانخاتە) خانوو کۆشکی زۆر پاك وخۆشەوە لە بەھەشتانی جێگای مانەوەی ھەمیشەیی دان ئەمەیە سەرکەوتنی گەورە
وە شتێکی تر کە حەزی لێ دەکەن کەیارمەتی دانە لە خواوە وە ڕزگارکردنێکی نزیك (وئازادکردنی شاری مەککە یە) وە (بەمە) مژدە بدە بەئیمانداران
ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە ببن بە یارمەتی دەرانی (ئاینی) خوا ھەروەك عیسای کوڕی مەریەم ووتی بە ھاوڕێ تایبەتیەکانی خۆی: کێ یارمەتی دەری منە بۆ لای خوا، ھاوڕێکانی ووتیان ئێمە یارمەتی دەرانی (دینی) خواین، ئەمجا دەستەیەك لە بەنو ئیسرائیل باوەڕیان ھێنا وە دەستەیەکیشیان بێ باوەڕ بوون، ئێمەش پشتیوانی ئەوانەمان کرد کە باوەڕیان ھێنا لە بەرانبەر دوژمنەکانیاندا، بۆیە سەرکەوتن وزاڵ بوون بەسەریاندا
Icon