ترجمة سورة المجادلة

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة المجادلة باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بەڕاستی خوا بیستی ووتەی ئەو ژنەی کە لەبارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەکردی وە سکاڵای خۆی بۆ لای خوا ئەبرد وە خوا گوێی لە ووتووێژی ھەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە
ئەوانەتان کە (ظهار) دەکەن لەگەڵ ژنەکانیاندا (پێیان دەڵێن وەك دایکمان وان) ئەوانە دایکی ئەوان نین، دایکی ئەوان ھەر ئەو ژنانەن کەئەوانیان لێ بووە وە بێگومان ئەوانە گوفتارێکی خراپی ناپەسەند دەڵێن ودرۆ دەکەن وە بەڕاستی خوا لێخۆشبو ولێبووردەیە
ئەوانەی (ظهار) دەکەن لەگەڵ ھاوسەرەکانیان لەپاشان پەشیمان دەبنەوەو (دەیانەوێت بچنە لایان) لەوەی کەووتویانە (واتە خێرا تەڵاقیان نادەن) ئەوە پێویستە بەندەیەك ئازاد بکەن لەپێش ئەوەی بەیەك بگەن (و بچنە لایان) ئەم کەفارەتەی (کە لەسەرتان پێویست کراوە) ئامۆژگاری دەکرێن پێی وە خوا شارەزا وئاگادارە بەوەی کە دەیکەن
ئەمجا ئەگەر یەکێك (بەندەی) دەست نەکەوت ئەوە با دوو مانگ لەسەریەک بەڕۆژوو بێت پێش ئەوەی بچنە لای یەك، ئەگەر یەکێك نەیتوانی (دوومانگ بەڕۆژوو بێت) ئەوە با نانی شەست ھەژار بدات، ئەو (کەفارەتانە کە لەسەرتان پێویست کراوە) بۆ ئەوەیە باوەڕ بکەن بەخوا وپێغەمبەری خوا (ملكەچی فەرمانی خوا وپێغەمبەری خوا بن) وە ئەوانە سنووری خوان وە بۆ بێ باوەڕان ھەیە سزای سەخت
بێگومان ئەوانەی دژایەتی وسەرپێچی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن ڕیسوا وسەرشۆر دەکرێن ھەر وەك ئەوانەی پێش ئەمان ڕیسوا وسەرشۆر کران (چۆن نافەرمانی دەکەن) لەکاتێکدا دڵنیان کە ئێمە بەڵگەی ڕوونمان ناردۆتە خوارەوە وە بۆ بێ باوەڕان سزای ڕیسواکەر ھەیە
لەڕۆژێکدا کەخوا ھەموویان تێکڕا زیندوو دەکاتەوە پاشان ھەواڵیان پێ دەدات بەوەی کە کردویانە کەخوا (ھەمووی) ژماردووە وە (بەڵام) خۆیان لەبیریان چووە وە خوا بەسەر ھەموو شتێکدا ئاگادارە
ئایا نەت زانیوە کە خوا دەزانێت چی لەئاسمانەکان وە چی لەزەویدایە، چپەی ھیچ سێ کەسێك نیە کە خوا چوارەمیان نەبێت وە چپەی ھیچ پێنج کەسێك نیە کە ئەو شەشەمیان نەبێت وە نەکەمتر لەو ژمارە نە زۆرتر نیە مەگەر خوایان لەگەڵدایە(بە زانیاری وئاگاداری) لەھەر جێگایەکدا بن پاشان لەڕۆژی دواییدا ئاگاداریان دەکاتەوە بەوەی کە کردوویانە، بەڕاستی خوا بەھەموو شتێك ئاگادار وزانایە
ئایا سەرنجت نەداوە لە ئەوانەی کە قەدەغە کران لە چپە، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لێیان قەدەغە کرا بوو وە لەگەڵ یەکتریدا بەچپە ئەدوێن دەربارەی گوناھو تاوان ودەست درێژی وبێ فەرمانی پێغەمبەریش ﷺ وە کاتێ بێن بۆلات سەلامت لێ دەکەن بە شێوەیەك کە خوا بەو جۆرە سەلامی لێ نەکردوویت وە لەدڵی خۆیاندا دەڵێن: (ئەگەر پێغەمبەرە) بۆچی خوا سزامان نادات بە ھۆی ئەو قسانەی کە پێی دەڵێن، ئەوانە دۆزەخیان بەسە کە (بێگومان) دەچنە ناویەوە کە جێگایەکی زۆر خراپە
ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە کە چپە تان کرد بە چپە باسی گوناھو دەست درێژی وسەرپێچی پێغەمبەر مەکەن وە باسی چاکە وپارێزکاری ولەخواترسان بکەن، لەخوا بترسن (وخۆتان بپارێزن لە سزای ئەو خوایەی) کە ھەر لای ئەو کۆدەکرێنەوە
بێگومان چپە تەنھا لە شەیتانەوەیە تا ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە دڵتەنگ بکات، لەکاتێکدا ھیچ زیانیان پێ ناگەیەنێت مەگەر بە فەرمانی خوا نەبێت (دەبا)ئیماندارانیش تەنھا پشت بەخوا ببەستن
ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە کاتێك پێتان ووترا لە کۆڕ ودانیشتنەکاندا جێگە بکەنەوە (وفراوانی بکەن) ئێوەش فراوانی بکەن خواش گوشادی بە ئێوە دەدات وە کاتێك پێتان ووترا ھەستن، ئێوەش ھەستن، خواش پلە وپایەی ئەو کەسانە بەرز دەکاتەوە لەئێوە کە بڕوایان ھێناوە
وە ئەوانەی کە زانستیان پێ بەخشراوە بە چەند پلەیەک (پلەیان بەرز دەکاتەوە) وە خوا شارەزایە بەوەی دەیکەن
ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە ھەر کاتێ (ویستان) قسەی پەنھانی لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ بکەن ئەوە پێش چپە کردنەکەتان خێرێکك بکەن ئەمە بۆ خۆتان چاکتر وپاکترە، ئەمجا ئەگەر ھیچتان نەبوو ئەوە بێگومان خوا لێخۆشبوو ومیھرەبانە
ئایا دەترسان (لە ھەژاری) پێش چپە کردنەکەتان خێرێك بکەن ئەمجا ئەگەر خێرەکەتان نەکرد وخواش تەوبەی لێ گیرا کردن ئەوسا نوێژ بکەن وزەکات بدەن وە گوێڕایەڵی خوا وپێغەمبەرەکەی بکەن وە خوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن
ئایا بۆ سەرنجێك نادەی لە ئەوانەی کە دۆستایەتی ئەکەن لەگەڵ ھۆزێك (ی جولەکە) کەخوا غەزەبی لێگرتوون ئەوان نە لەئێوەن ونە لەئەوانیشن وە سوێند دەخۆن بەدرۆ لە کاتێکدا خۆیان دەزانن (درۆ دەکەن)
خوا سزای دژواری بۆ ئامادە کردوون بەڕاستی ئەوەی ئەوان دەیانکرد کارێکی ناپەسەند بوو
(دوو ڕووەکان) سوێندەکانیان کردبووە قەڵغانی (درۆ وخراپەکانیان) وە ڕێگری (خەڵك)یان کرد لەڕێبازی خوا ئەمجا بۆ ئەوان ھەیە سزای ڕیسواکەر
ماڵ و منداڵیان ھیچ سوودێکی نیە بۆیان ئەوانە یار وھاودەمی ئاگرن تێیدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی
لەڕۆژێکدا کە خوا ھەموویان زیندوو دەکاتەوە ئەوسا سوێندی بۆ دەخۆن ھەر چۆنێ سوێندیان دەخوارد بۆ ئێوە (لە دونیاندا) وە وادەزانن شتێکیان بە دەستەوەیە با بزانن بەڕاستی ھەر ئەوانن درۆزن
شەیتان بەسەریاندا زاڵ بووە (بەجۆرێك) کە یادی خوای لەبیر بردوونەتەوە، ئەوانە کۆمەڵ ودەستەی شەیتانن، با بزانن کە بەڕاستی ھەر کۆمەڵ ودەستەی شەیتان زەرەرۆمەندن
بەڕاستی ئەوانەی کە دوژمنایەتی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن ئەوانە لە ڕیسوا ترینی خەڵکن
خوا نووسیویەتی کە بێگومان من وپێغەمبەرانم سەردەکەوین، بەڕاستی خوا بەھێز وبە توانا وباڵادەستە
کەسانێك نابینیت کە باوەڕیان ھەبێت بە خوا وبەڕۆژی دوایی کە دۆستایەتی بکەن لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن (واتە: نابێت باوەڕداران دۆستایەتی وپشتیوانی بێ باوەڕان بن) ھەر چەندە ئەو دوژمنانەش باوکیان بن یان کوڕ وبرا وخزمیان بن، ئەوانە خوا باوەڕی لە دڵیاندا چەسپاندووە بەھێزی کردوون وسەری خستون بە قورئان وئیمان لەلایەن خۆیەوە وە دەیانخاتە بەھەشتانێکەوە کە جۆگە ئاوی زۆر دەڕوات بەژێر درەختەکانیاندا بە ھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، خوا لێیان ڕازی بووە، ئەوانیش لە خوا ڕازی بوون، ئەوانە کۆمەڵ ودەستەی خوان، ئاگاداربن کە تەنھا کۆمەڵ ودەستەی خودا ڕزگار وسەرفرازن
Icon