وەرگێڕانی سورەتی المائدة بە الكردية لە الترجمة الكردية
Verse 1
ئەی بڕواداران بەڵێنەکانتان ببەنەسەر حەڵاڵ کراوە بۆتان (گۆشتی) ئاژەڵ و چوارپێ (مەڕو بزن و وشترو ڕەشە ووڵاغ ) بێجگەلەوەی کە دەخوێنرێتەوە بەسەرتان دا (حەرامن) دروست نیە ڕاو بکەن لەکاتێکدا ئێوە لە ئیحرام دابن بەڕاستی خوا ھەرچی بوێت بڕیاری بۆ دەدات
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە ڕێ مەگرن لەدروشمەکانی خوا (ھەڵی مەوەشێننەوە) وجەنگ مەکەن لەمانگە حەرامەکاندا وە ڕێ مەگرن لەو قوربانیانەی بەدیاری دەھێنرێن بۆ مەککە و (ڕێ مەگرن و زیان مەدەن) لەو قوربانیانەی ملوانکەیان لەمل کراوە (دیاری کراون بۆ نەزر وقوربانی کردن) وە مەشکێنن ڕێزی ئەوانەی نیازی ماڵی خوا دەکەن بەتەمای بەھرەمەندی و ڕەزامەندی پەروەردگاریانن وە کاتێک ئیحرامتان شکاند ئەوە (دروستە) ڕاو بکەن باخەشم و قینتان لە کۆمەڵێک واتان لێنەکات لەبەر ئەوەی بەرگرییان کردن لە مزگەوتی حەرام (کەعبە) کە دەست درێژی بکەن وە کۆمەکی یەکتری بکەن لەسەر چاکە و پارێزگاری و لەخواترسان وە کۆمەکی یەکتر مەکەن لەسەر تاوان و دەست درێژی و لە خوا بترسن بێگومان خوا تۆڵەی بەتینە
لەسەرتان یاساغ کراوە (گۆشتی) مردارەوە بوو وە خوێن وە گۆشتی بەراز و ئەو ئاژەڵەی لەکاتی سەر بڕیندا ناوی غەیری خوای لێ برابێت و ئاژەڵی خنکاو (و خنکێنراو) وە ئەوەی کەلێی درابێت تاگیانی دەرچوبێت وە ئەوەی لەبەرزی کەوتبێتە خوارەوەو مرد بێت وە شۆخ لێدراو (کەبەو شۆخ لێدانە مردبێت) وە ئەوەی دڕندە لێی خواردبێت بێجگە ئەوەی (پێش مردن) سەرتان بڕی بێت ھەروەھا (یاساغ کراوە لەسەرتان) ئەو ئاژەڵەی لەسەر بەرد سەربڕابێت (نێب: چەند بەردێک بوون لە دەوری کەعبە بەپیرۆز سەیر دەکران و لەلایاندا ئاژەڵیان سەر دەبڕی) و داواکردنی بەش بەخت (و نیاز گرتنەوە) بەتیرو پشک (کە ھەموو جۆرە یانێیب ھاوشێوەکانی دەگرێتەوە) (ئەنجام دانی) ئەمانە ھەمووی لەفەرمان دەرچوون و تاوانە ئەوانەی بڕوایان نەھێناوە ئەمڕۆ نائومێد بوون لەئاینەکەتان کەواتە لێیان مەترسن تەنھا لە من بترسن ئەمڕۆ ئایینەکەتانم تەواو (کامڵ) کردوە بۆتان و چاکەو بەھرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا و ڕازی بووم کەئیسلام ئایینتان بێت جا ھەرکەس ناچار بوو لەبرسیەتیدا بێ ئەوەی نیەتی گوناھـ کردنی ھەبێت (لەو گۆشتانە بخوات گوناھی ناگات) ئەوە بەڕاستی خوا لێخۆش بووی بەبەزەییە
Verse 4
(ئەی موحەممەد ﷺ) پرسیارت لێدەکەن چی حەڵاڵ کراوە بۆیان؟ بڵێ حەڵاڵ کراوە بۆتان ھەموو خۆراکە پاکەکان وە (نێچیری) ئەو باڵندە و تانجی و سەگە ڕاو کەرانەی کەفێری ڕاوتان کردوون فێری ڕاویان ئەکەن لەوەی خوافێری کردوون دەبخۆن لەوانەی بۆتان دەگرن و ناوی خوای لەسەر بھێنن (کاتێک تانجیەکەی تێبەرئەدەن وکاتێ دەیخۆن) و لەخوا بترسن بێگومان خوا لێپرسینەوەی خێرایە
ئەمڕۆ حەڵاڵ کراوە بۆتان خۆراکە پاکوخاوێنەکان وە خۆراکی ئەوانەی نامەیان پێدراوە (ئەھلی کتاب) حەڵاڵە بۆتان وە خۆراکی ئێوەش حەڵاڵە بۆ ئەوان وە ئافرەتانی (ئازادی) داوێن پاک لەئیمانداران (حەڵاڵە بۆتان) ھەروەھا ئافرەتانی (ئازادی) داوێن پاک لەنامەدارانی (گاور وجولەکە) پێش ئێوە ئەگەر ئێوە مارەیی یەکانیان بدەنێ (حەڵاڵن بۆتان) ئێوە دەبێ داوێن پاک بن داوێن پیس نەبن (بەئاشکرا) و دۆستی ژێر بەژێرتان نەبێت (بۆ داوێن پیسی) وە ئەوەی بێ باوەڕ بێت بەئیمان و شەریعەت ئەوە بێگـومان کردەوەکانی ھەڵدەوەشێتەوە، وە لەڕۆژی دواییدا یەکێکە لە خەسارۆمەندان
ئەی ئەوانەی باوەڕدارن ئەگەر ھەستان بۆ نوێژ کردن ئەوە دەم و چاوتان بشۆن ھەروەھا دەستەکانتان لەگەڵ ئانیشکەکانتان وە دەستی تەڕ بھێنن بەسەرتاندا وە پێکانتان (بشۆن) لەگەڵ ھەردوو قولەپێتان وە ئەگەر لەش گران بوون ئەوەخۆتان خاوێن بکەنەوە (خۆتان بشۆن) وە ئەگەر نەخۆش بوون یان لەسەفەردا بوون یان کەسێکتان ھاتەوە لەشوێنی پێویستی سەرئاوکردن یان جووت بوون (یاپێستان بەریەک کەوت) لەگەڵ خێزانەکانتاندا و ئاوتان دەست نەکەوت ئەوە تەیەموم بکەن بەخۆڵێکی پاک جادەست بھێنن بەدەم و چاوو دەستەکانتان دا بەو تۆز و خۆڵە پاکە خوا نایەوێت ھیچ جۆرە تەنگی و ناڕەحەتیەک لەسەرتان دابنێت بەڵکو ئەیەوی پاکتان بکاتەوە و چاکە و بەھرەی خۆی تەواو بکات بەسەرتانەوە بەڵکو سوپاسی بکەن
Verse 7
یادی چاکەو فەزڵی خوا بکەنەوە بەسەرتانەوە. وە ئەو پەیمانەی کەدایمەزراندن پێی کاتێک کەووتتان بیستمان وگوێڕایەڵ بووین لەخوا بترسن بەڕاستی خوا چاک ئاگادارە بەوەی لە سینگەکاندایە
Verse 8
ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە زۆر بەرێکوپێکی ھەستن بەئەنجامدانی فەرمانەکانی خوا شایەتی دەربن بەداد و ڕاستی باڕق و کینەتان لەدەستەو کۆمەڵێک ھانتان نەدات لەسەر ئەوەی ڕاست نەڕۆن و دادگەر نەبن دادگەربن ئەوە نزیکترە لەپارێزکاری وخواپەرستی یە وە، وە لەخوا بترسن بێگومان خوا ئاگایە بەکردەوەکانتان
Verse 9
خوا بەڵێنی داوە بەوانەی بڕوایان ھێناوە و کردەوەی چاکەکانیان کردوە بۆیان ھەیە لێخۆش بوون و پاداشتێکی گەورە
Verse 10
وە ئەوانەی بڕوایان نەھێنا وە ئایەتەکانی ئێمەیان بەدرۆ دائەنا ئەوانە ھاوڕێی ئاگری دۆزەخن
Verse 11
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە یادی چاکە و بەھرەی خوا بکەنەوە بەسەرتانەوە کاتێک کۆمەڵێک نیازیان کرد کەدەست درێژ بکەن بۆتان خوایش بەرگری دەست درێژی ئەوانی لێکردن
سوێند بەخوا، بەڕاستی خوا پەیمانی بەھێزی وەرگرت لەنەوەی ئیسرائیل و ھەڵمان بژارد لەوان دوانزە چاودێر وە خوا فەرمووی بێگومان من لەگەڵتانم سوێند بەخوا ئەگەر بەڕێک وپێَکی نوێژ بەجێ بھێنن و زەکات بدەن و باوەڕ بھێنن بە نێرراوەکانم وە یارمەتیان بدەن وڕێزیان بگرن وە قەرز بدەن بە (بەندەکانی) خوا وخێریان پێ بکەن بەقەرزدان و خێرێکی جوان وچاک ئەوە بێگومان گوناھو خراپەکانتان ئەسڕمەوە، وە ئەتان خەمە بەھەشتانێک کەڕوبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا ئەمجا لەپاش ئەو مەرج و پەیمانە ھەرکەس لەئێوە بێ بڕوا ببێت ئەوە بێگومان ڕێگای ڕاستی وون کردوە
Verse 13
ئەمجا بەھۆی (پاش گەز بوونەوەو) ھەڵوەشاندنەوەیان بۆ پەیمانەکەیان نەفرەتمان لێ کردن وەدڵەکانیانمان گێڕا بەدڵێکی ڕەق و ووشک ووتە و فەرموودەی خوا لادەدەن ودەیگۆڕن لە شوێنەکانی خۆی وە لەبیریان کرد بەشێکی زۆرلەوەی کەئامۆژگاری کرابوون پێی بێ کۆتایی ودواھاتن (بەردەوام) ئاگادار ئەبی بەسەر ناپاکی وکردەوەی ناپاکیانەوە (وبەردەوام خەریکی فڕ وفێڵ وناپاکین) مەگەر کەمێک لەوان نەبێت ( کە ئەمە پیشەیان نیە) جا ببورە لێیان و چاو پۆشی بکە بەڕاستی خوا چاکەکەرانی خۆش دەوێت
Verse 14
وە لەوانەی کەدەیان ووت ئێمە گاورین بەڵێن و پەیمانی بەھێزمان لێ وەرگرتن بەڵام بەشێکی گەورە لەوەی کەئامۆژگاری کران پێی (لەسەر زمانی عیسی) لەبیریان چوو بەھۆی ئەوەوە دوژمنایەتی وکینەبەریمان خستە نێوانیان تاڕۆژی دوایی وە لەمەودوا خوا ھەواڵیان پێدەدات بەوەی کەدەیانکرد (لەجیھاندا)
Verse 15
ئەی نامەدارەکان (ئەی ئەھلی کتاب) بێگومان نێرراومان ھاتووە بۆ ئێوە ڕوونی دەکاتەوە بۆتان زۆری لەوەی کەئێوە دەتان شاردەوە لەکتێبی (تەورات و ئینجیل) دا وەچاو پۆشی دەکات لەزۆریک لەوانە بێگومان بۆتان ھاتووە لەلایەن خواوە ڕووناکی یەکی گەورە و نامەیەکی ڕوونکەرەوە
Verse 16
خوا ڕێنمونی کەسێکی پێدەکات شوێن ڕەزامەندی ئەو بکەوێت بۆڕێگەکانی ئارامی و ئاشتی وەدەریان دەھێنێت لەتاریکیەکانی (بێ باوەڕیەوە) بۆ ناو ڕووناکی (ئیمان و ئیسلام) بە فەرمانی خۆی وە ڕێنمونیان دەکات بۆ ڕێگای ڕاست
سوێند بەخوا بەڕاستی بێ باوەڕبوون ئەوانەی کەووتیان بەڕاستی خوا ھەر مەسیحی (عیسی) کوڕی مەریەمە (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ئەوە کێ دەتوانێت ڕێی ھیچ شتێک بگرێت لەخوا ئەگەر بیەوێت مەسیحی کوڕی مەریەم لەناو ببات ھەروەھا دایکی و ھەرچی کەسیش لەزەویدا ھەیە وەھەر بۆ خوایە خاوەن دارێتی ئاسمانەکان و زەوی وموڵکی ئەون و ھەرچی وا لە نێوانیاندا دروست ئەکاو دایئەھێنێت ھەرچی بیەوێت وەخـوا بەسەر ھەموو شتێکدا بەتوانایە
Verse 18
جولەکە وگاورەکان دەیانووت ئێمە کوڕان و خۆشەویستانی خواین بڵێ دەی بۆچی سزاتان دەدات بەھۆی گوناھە کانتانەوە (نەخێر ڕاست نیە) بەڵکو ئێوە مرۆڤێکن لەو مرۆڤانەی کەخوا دروستی کردون خۆش ئەبێت لەھەر کەس بیەوێت و سزای ھەرکەسیش ئەدات کەبیەوێت و ھەر بۆ خوایە موڵکی ئاسمانەکان و زەوی وەھەرچی والە نێوانیاندا وە ھەر بۆ لای ئەویشە گەڕانەوە
Verse 19
ئەی نامەدارەکان بێگومان نێرراوەکەمان ھات بۆ ناوتان (بەرنامەی خوا) ڕوون دەکاتەوە بۆتان پاش ماوەیەک لەناردنی پێغەمبەران لەبەر ئەوەی نەڵێن: نەھات بۆ لامان ھیچ مژدەدەرو ترسێنەرێک ئەوەتا بێگومان مژدە دەرو ترسێنەرتان بۆ ھاتووە, وەخوا بەتوانا و دەسەڵاتدارە بەسەر ھەموو شتێکدا
Verse 20
باسی ئەو کاتە بکە کەموسا فەرمووی بەگەلەکەی ئەی گەلەکەم بیری چاکەو بەھرەی خوا بکەنەوە بەسەرتانەوە کاتێک کەپێغەمبەرانی تێدا ھەڵخستوون وە چەندینی کردوون بەپادشا ومەلیک وە شتێکی پێ بەخشیوون کە نەی بەخشیووە بەھیچ کەس لەجیھانیان
Verse 21
ئەی گەلەکەم بچنە ناو ئەو خاکە پیرۆزەی (پاکراوەتەوە لەبت پەرستی کە مەبەست پێی بیت المقدسە) کەخوا بڕیاری داوە بۆتان وە پاشەوپاش وەرنەگەڕێنەوە لەئاینەکەتان (ئەگەر بگەڕێنەوە) ئەوە بەزیانباری و نائومێدی ئەگەڕێنەوە
Verse 22
ووتیان ئەی موسا بەڕاستی گەلێکی زۆر دارو ستەمکار لەو شارە دایە وە ئێمە ھەرگیز ناچینە ناوی تا ئەوان لێی دەرنەچن ئەمجا ئەگەر ئەوان لێی دەرچوون ئەو کاتە بێگومان ئێمە تێی ئەچین
Verse 23
دوو پیاو ووتیان: لەوانەی لەخوا دەترسان وەخوا چاکەی ئیمانی ڕشت بوو بەسەریاندا بدەن بەسەریاندا لەقاپی شارەوە بچنە ژورەوە جا ئەگەر چوونە ناویەوە ئەوە بەڕاستی ئێوە زاڵ دەبن بەسەریاندا وەپشت ھەر بەخوا ببەستن ئەگەر ئێوە باوەڕِدارن
Verse 24
ووتیان ئەی موسا بەڕاستی ئێمە ھەرگیز ناچینە ناو ئەوشارە تائەوان تێیدابن کەواتە بڕۆ خۆت و پەروەردگارت لەدژیان جەنگ بکەن بێگومان ئێمە لێرە دانیشتووین
Verse 25
(موسا) ووتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی من خاوەنی ھیچ کەسێک نیم بێجگە لەخۆم و براکەم نەبێت کەواتە جیایی بخەرە نێوان ئێمە و ئەوگەلەی کە لەسنووری خوا دەرچوون
Verse 26
(خوا) فەرمووی بەڕاستی ئەو (خاکە پیرۆزەی بیت المقدس) قەدەغە کراوە لەسەریان ماوەی چل ساڵ بەسەر گەردانی دەخولێنەوە بەسەر زەویدا بۆیە خەم مەخۆ لەسەر ئەو گەلەی کەلە سنووری خوا دەرچوون
Verse 27
(ئەی موحەممەد ﷺ) بخوێنەرەوە بەسەریاندا ھەواڵی دوو کوڕەکەی ئادەم کە حەق و ڕاستە کاتێک ھەردووکیان دوو جۆرە قوربانیان کرد ئەمجا لەیەکێکیان وەرگیرا وە لەوی تریان وەرنەگیرا (ئەوەیان لێی گیرا نەکرا) ووتی بێگومان دەبێ ھەر بتکوژم ئەویش ووتی خوا (قوربانی) تەنھا لەپارێزکاران و لەخواترسان گیرا دەکات
Verse 28
سوێند بەخوا ئەگەر تۆ دەستم بۆ درێژکەی بۆ ئەوەی بمکوژی من دەست درێژ ناکەم بۆ تۆ بۆ ئەوەی بتکوژم بەڕاستی من لەخوا ئەترسم کە پەروەردگاری ھەموو جیھانیانە
Verse 29
بەڕاستی من دەمەوێت کە تۆ بگەڕێیتەوە (بۆلای خوا) بەگوناھی من و خۆیشتەوە ئەوسا تۆ لەھاوەڵانی دۆزەخ دەبیت ھەر ئەوەش پاداشتی ستەمکارانە
Verse 30
ئەمجا دەرونی(ئەو تاوانبارە) ھانیدا بۆ کوشتنی براکەی وە کوشتی بەھۆی یەوە چووە ڕیزی زیان باران وخەسارومەندان
Verse 31
پاشان خوا قەلە ڕەشێکی نارد لەزەویدا چاڵی ھەڵئەکەند (بۆ قەلە ڕەشێکی مردارەوە بوو) بۆ ئەوەی نیشانی بدات کەچۆن لەشی براکەی بشارێتەوە ووتی ئای داخی سەختم وتیاچوون بۆ من بۆ من دەستە پاچە بووم لەوەی وەک ئەم قەلەڕەشەبم؟ تا تەرم و عەورەتی براکەم بشارمەوە ئەوسا چووە ڕیزی پەشیمان بوانەوە
Verse 32
ھەر لەبەر ئەوەی (کەلەو داستانەدا باسکرا) پێویستمان کرد لەسەرنەوەی ئیسرائیل کەبێگومان بڕیار ئەمەیە ئەوەی تەنھا کەسێک بکوژێت لەتۆڵەی کەسێکی کوژراودا نەبێت یان تۆڵەی خراپە کاری و ئاژاوە بنێتەوە لەسەر زەویدا ئەوە وەک ئەوەوایە ھەموو خەڵکی کوشتبێت ئەوەش بێ تاوانێک ڕزگار کات لەکوژران ئەوە وەک ئەوەوایە ھەموو ئادەمی ڕزگار کردبێت و زیندووی کردبنەوە سوێند بەخوا بێگومان، پێغەمبەرەکانمان ھاتن بۆلایان بەبەڵگە ڕوونەکانەوە کەچی لەپاش ئەوە زۆرێک لەوانە زیادە ڕەویان کرد لەزەویدا
Verse 33
بەڕاستی تۆڵەی ئەوانەی کە جەنگ و دوژمنایەتی ئەکەن لەگەڵ خواو پێغەمبەرەکەی دا وە ھەوڵ ئەدەن لەزەویدا خراپە بڵاوبکەنەوە (ئەوە تۆڵەیان) ئەوەیە بکوژرێن یا ھەڵبواسرێن بەدارا یــان دەسـت وقاچیان ببڕدرێت بەپێچەوانەوە (ڕاسـت وچەپ) یان دوور بخرێنەوە لەووڵات ئەمە زەبونی و ئـابـڕو بردنیانە لە جیھاندا لە دواڕۆژیشدا بۆیان ھـەیــە ســزایـەکی گــەورە
Verse 34
بێجگەلەوانەی تەوبەیان کردووە لەپێش ئەوەی دەسەڵاتتان ببێت بەسەریاندا تا بزانن کەبەڕاستی خوا لێ بوردە و میھرەبانە
Verse 35
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە لەخوا بترسن بگەڕێن بەدوای ھەموو ھۆکارێکدا کەنزیکتان بخاتەوە لەخوا وەتێ بکۆشن وخەبات بکەن لەڕێگەی خوادا بەئومێدی ڕزگار بونتان
Verse 36
بەڕاستی ئەوانەی کە لەجیھاندا بێ بڕوا بوون ئەگەر ببنە خاوەنی ھەرچی لەزەویدایە ھەمووی ئەوەندەی تریشی لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بکڕنەوە و رزگارکەن لەسزای ڕۆژی دوایی وبیبەخشن بۆ ڕزگار بوونیان لێیان وەرناگیرێت وە بۆیان ھەیە سزایەکی بە ئازار
Verse 37
دەیانەوێت لە ئاگری دۆزەخ بێنەدەرەوە بەڵام ھەرگیز دەرچوونیان لە (ئاگری دۆزەخ) نیە و سزای بەردەوامیان بۆ ھەیە
Verse 38
پیاو و ئافرەتی دز دەستیان ببڕن لەتۆڵەی ئەو دزیەی کردویانە ئەمە تۆڵە و تەمێ کردنێکە لەلایەن خواوە وە خوا باڵا دەست وکار دروستە
Verse 39
جا ھەر کەس تۆبەی کرد لەپاش ستەمەکەی (دزیەکەی) وە کردەوەی چاکی کردو باش بوو ئەوە بێگومان خوا تۆبەکەی لێ وەردەگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و میھرەبانە
Verse 40
ئایا نەتزانیوە کەھەر بۆ خوایە خاوەنێتی ئاسمانەکان و زەوی سزای ھەر کەسێک دەدات کەبیەوێت وە ئەبوورێت لەھەر کەس خۆی بیەوێت وەخوا بەسەر ھەموو شتێکدا بەتوانا و دەسەڵاتدارە
ئەی (پێغەمبەر ﷺ) خەم بارت نەکات ئەوانەی کە پێشبڕکێ دەکەن لەبێ بڕواییدا لەوانەی بەدەم ئەڵێن بڕوامان ھێناوە کەچی دڵە کانیان بڕوای نەھێناوە ھەروەھا لەوانەش کە جولەکەن زۆر گوێ قوڵاخن بۆ درۆ زۆر گوێ لە مشتی دەستەیەکی ترن کەنەھاتون بۆلای تۆ ووتەکانی (تەورات) دەگۆڕن لە پاش ئەوەی خوا لەشوێنی خۆی دایناون ئەڵێن ئەگەر ئەمە ی (ئێمە) تان پێ گوترا (لەلایەن موحەممەد ﷺ) ئەوە وەری گرن ئەگەر لەئەمەی (ئێمە) تان پێ نەگوترا ئەوا خۆتان بپارێزن وەھەر کەسێک خوا بیەوێ کافرو گومڕای بکات ئەوە تۆ لەبەرامبەر خوادا ھیچت پێ ناکرێت بۆی ئەوانە کەسانێکن خوا نەیویستووە دڵەکانیان پاک بکاتەوە لەدونیادا سەرشۆڕدەبن وە لەڕۆژی دواییشدا بۆیان ھەیە سزایەکی زۆرگەورە
Verse 42
ئەو (جولەکانە) زۆر گوێ قوڵاخی درۆن ( ھەمیشە گوێ ھەڵدەخەن بۆ درۆ) ماڵی حەرام زۆر دەخۆن جا ئەگەر ئەوانە ھاتن بۆلات ئەوە (بەویستی خۆت) بڕیار بدە لە نێوانیاندا یان وازیان لێ بھێنە خۆ ئەگەر وازیان لێ بھێنیت ئەوە ھیچ زیانێکت پێ ناگەیەنن وە ئەگەر بڕیارت دا لەنێوانیاندا ئەوا بە دادوەری بڕیار بدە چونکە بەڕاستی خوا دادگەرانی خۆش دەوێت
Verse 43
وە ئەوانە چۆن تۆدەکەن بەدادوەر لەکاتێکدا تەوراتیان لایە کە حوکم و بڕیاری خوای تیایە ئەمجا لەپاش ئەوەی (کەکردیتیان بەدادوەر) ڕوو وەر دەگێڕنؤ بێگومان ئەوانە بڕوادار نین
بێگومان ئێمە تەوراتمان ناردە خوارەوە کەڕێنمونی و ڕووناکی تێدا بوو ئەو پێغەمبەرانە حوکمیان پێ دەکرد کەموسڵمان و ملکەچ بوون بۆ ئەوانەی کە جولەکە بوون ھەروەھا زانا خوا ناسەکان و زانا شەرع زانەکان (حوکمیان پێ دەکرد) بەھۆی ئەوەی فەرمانی پارێزگاری کتێبی خوا (تەورات) یان پێ کرا بوو (لەلایەن پێغەمبەرەکانیانەوە) وەشایەتیش بوون لەسەری کەواتە ئەی (زانایانی جولەکە) لەخەڵکی مەترسن بەڵکو تەنھا لەمن بترسن بەڵگەو فەرمانەکانی من مەگۆڕنەوە (مەفرۆشن) بە نرخێکی کەم وە ھەر کەس حوکم نەکات بەو بڕیارانەی کەخوا ناردوویەتیە خوارەوە ئا ئەوانە بێ باوەڕن و موسڵمان نین
Verse 45
لەتەوراتدا نوسیمان (پێویستمان کرد) لەسەریان کەبێگومان ھەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست کەسێک بکوژێت ئەکوژرێتەوە لە بەرامبەریدا وە چاو لەبری چاو وە لووت لەبری لووت وە گوێچکە لەبری گوێچکە وە ددان لەبری ددان وەزامەکانیش تۆڵەیان زامدار کردنی دەست درێژی کەرانە جا ھەر کەس لەتۆڵە سەندن خۆش بێت ئەوە ئەبێتە ھۆی سڕینەوەی گوناھی وە ھەر کەسێک حوکم نەکات بەوەی کەخودا ناردویەتیە خوارەوە ئەوا ھەر ئەو کەسانە ستەم کاری تەواون
Verse 46
ئەمجا بە دوای پێغەمبەرانی(جولەکەدا) ڕەوانەمان کرد عیسای کوڕی مەریەم باوەڕی ھەیە بەئەو تەوراتەی کەلەپێش خۆیەوە ھاتووە و ( ڕاستی دەردەخات وباوەڕی پێیەتی) وەئینجیلمان پێ بەخشی کەڕێنمونی و ڕووناکی تێدایە وە ئەو تەوراتە بەڕاست دەزانێت کەلە پێش ئەوەوە ھاتووە, وە ڕێنمونی و ئامۆژگاری یە بۆ پارێزکاران ولەخواترسان
Verse 47
دەبا پەیڕەوانی ئینجیل حوکم بکەن بەوەی کەخوا ناردوویەتیە خوارەوە تیایدا وە ھەرکەس حوکم نەکات بەوەی کەخوا ناردویەتیە خوارەوە ئا ئەوانە بەتەواوی یاخین و لەفەرمانی خوا دەرچوون
وە ئەم قورئانەمان ناردە خوارەوە بۆتۆ بەحەق و ڕاستی و کتێبەکانی پێش خۆی بەڕاست دەزانی و پشتیوانیان لێ دەکات (پێش دەست تێخستن و گۆڕینیان لەلایەن جولەکە وگاورەکانەوە) و چاودێریانە کەواتەحوکم و بڕیاربدە لەناو نامەدارەکاندا بەوەی خوا ناردویەتیە خوارەوە, وە شوێن ھەواو ھەوەسی ئەوان مەکەوە لانەدەی لەو حوکم و بڕیارە ھەق و ڕاستەی کەبۆت ھاتووە دامان ناوە بۆ ھەرئوممەتێک لەئێوە شەریعەت و ڕێگەیەکی ڕوون وە ئەگەر خوا بیویستایە ئێوەی ئەکرد بەیەک ئوممەت و کۆمەڵ بەڵام (نەیکردوون) بۆئەوەی تاقیتان بکاتەوە لەو شەریعەت و یاسایانەی کەپێی بەخشیوون کەواتە پێش بڕکێ بکەن بۆ ئەو شتانەی کەچاکن گەڕانەوەتان ھەر بۆلای خوایە بەگشتی ئەمجا ھەواڵتان پێدەدا بەوەی کەلەجیھاندا جیاوازبوون تیایدا
Verse 49
وە (فەرمانمان پێکردیت) کەحوکم بکە لەنێوانیاندا بەوەی کەخوا ناردویەتیە خوارەوە و شوێن حەزو ئارەزویان نەکەویت وە ووریابە لێیان لەوەی بت ترازێنن لە ھەندێک لەوەی خوا ناردویەتیە خوارەوە بۆت ئەمجا ئەگەر ئەوانە ڕویان وەرگێڕاو سەرپێچی یان کرد ئەوە بزانە و دڵنیابە خوا ئەیەوێت بەھۆی ھەندێک لە تاوانەکانیانەوە سزایان بدات و تووشی زیانیان بکات بێگومان زۆر لە ئادەمی یەکان سەرکەشن و لەسنووری خوا دەرچوون
Verse 50
ئایا ئەوان داوای حوکمی نەفامی دەکەن؟ ئایا کێ حوکم و بڕیاری لە ھی خوا جوان و چاکترە؟ بۆکەسانێک کە بڕوای تەواویان ھەیە
Verse 51
ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە جولەکەو گاور مەکەن بەپشتیوان و خۆشەویستی خۆتان ئەوانە ھەندێکیان دۆستی یەکتـرن ئەوەی لە ئێوە ئەوان بکات بەپشتیوان و دۆستی خوی ئەوە بەڕاستی ئەوکەسە لەوانە بێگومان خوا ڕێنمونی گەلی ستەمکاران ناکات
Verse 52
بۆیە ئەبینی ئەوانەی دڵیان نەخۆشی (دوو ڕووی) تیایە پێش برکێ ئەکەن لەدۆستایەتی ئەو (جولەکەو گاور) انەدا ئەڵێَََن ئەترسین کەبەسەر ھاتی ناخۆشی ڕۆژگار دووچارمان ببێت دەی نزیکە خوا سەرکەوتن و زاڵ کردنی تەواو بنێرێت (بۆ پێغەمبەر ﷺ) یان لەلایەن خۆیەوە کارێکی تر بکات بەھۆی ئەوەوە وایان لێدێت لەوەی پەنھانیان کردبوو لەدەروونی خۆیاندا پەشیمان دەبنەوە
Verse 53
ئەوسا ئەوانەی بڕوایان ھێناوە دەڵێن ئایا ئەوکەسانە ئەوانەن کەسوێندیان بەخوا ئەخوارد بەتوندترین سوێندیان کەبەڕاستی ئەوان لەگەڵتانن کردەوەکانیان پوچەڵ بوویەوە بەھۆی ئەوەوە زەرەرمەندو ڕەنجە ڕۆبوون
Verse 54
ئەی ئەوانەی کەباوەڕتان ھێناوە ھەر کەس لەئێوە ھەڵگەڕێتەوە لەئاینەکەی ئەوە بەزووی خوا لەباتی ئەوان گەل و کۆمەڵێَکی تر ئەھێنێت خوا ئەوانی خۆش ئەوێت و ئەوانیش خوایان خۆش ئەوێت بەسۆزو بەزەیین بەرانبەر بڕوا داران بەھێزو توندن بەرانبەر بێ بڕوایان تێ کۆشان دەکەن لەڕێی خوادا و ناترسن لەسەرزەنشتی سەرزەنشت کاران ئەوەی باسکرا چاکەو بەھرەی خوایە ئەیبەخشێت بەھەر کەس کەخۆی بیەوێت وەخوا دەستەڵات فراوان و زانایە
Verse 55
بێگومان دۆست و یارمەتیدەری ئێوە تەنھا خواو پێغەمبەرەکەیی و بڕوا دارانن ئەوانەی کەبەڕێک و پێکی نوێژەکانیان بەجێ ئەھێنن و زەکات ئەدەن بەردەوام مل کەچن بۆ فەرمانی خوا
Verse 56
وە ھەر کەس خواو پێغەمبەرو ئیمانداران بکات بەپشتیوانی خۆی ئەوە بێگومان ھەر کۆمەڵی خودا زاڵ و سەرکەوتوون
Verse 57
ئەی کەسانێک کەبڕواتان ھێناوە دامەنێن ئەوانەی کەئاینەکەی ئێوە دادەنێن (بەشتێکی) گاڵتەو لاقرتی پێکراو لەوانەی نامەیان پێ بەخشراوە لەپێش ئێوەدا وە لەبێ بڕواکانیش (دایان مەنێن) بەدۆست و خۆشەویستی خۆتان وە لەخوا بترسن ئەگەر ئێوە بڕوادارن
Verse 58
کاتێک ئێوە بانگ دەدەن بۆ نوێژ ئەو (دوو ڕووانە) گاڵتە ولاقرتی پێ ئەکەن ئەمەش بەھۆی ئەوەوە یە کەئەوان گەلێکی نەفام و نەزانن
Verse 59
بڵێ ئەی نامەدارەکان ئایا ھیچ ڕەخنە و ڕقێکتان ھەیە لەئێمە بێجگە لەوەی کەبڕوامان ھێناوە بەخوا وە بەو قورئانەی ھێنراوەتە خوارەوە بۆمان وە بەوەی لەمەوپێش ھێنراوەتە خوارەوە بێگومان زۆربەتان سەرکەش و لەسنوور دەرچوون
Verse 60
ئەی (موحەممەد ﷺ) بڵێ ئایا ھەواڵتان بدەمێ کێ شوێن و پاداشتی خراپترە لای خوا لەوە ئەوە کەسێکە خوا نەفرەتی لێ کردبێت وخەشمی لێگرتبێت وە ھەندێکی لێ کردبن بەمەیمون و بەراز وە بت وتاغوتی پەرستبێت ئەوانەی باسکران خراپترین شوێنیان ھەیە و گومڕاترین کەسن لەڕێگای ڕِاست
Verse 61
وەکاتێک دێن بۆلاتان دەڵێن بڕوامان ھێناوە سوێند بێت بێگومان بەبێ بڕواییەوە ھاتوون وەبێگومان ھەر بەبێ بڕواییشەوە دەرچوون وە خوا زۆر چاک دەزانێت بەوەی کەدەیان شاردەوە
Verse 62
وەئەبینی زۆرێک لەوانە پێشبڕکێ ئەکەن لەگوناھو دەست درێژی کردن و حەرام خواردندا (وەک بەرتیل) بێگومان ئەوەی کەدەیانکرد زۆر بەدو خراپ بوو
Verse 63
ئەوە بۆچی رێگریان لێ نەکردن خواپەرست و زاناکانیان لەگوفتاری گوناھیان و لەحەرام خواردنیان (وەک بەرتیل) بەڕاستی شتێکی بەدبوو ئەوەی دەیانکرد
جولەکەکان ووتیان خوا دەستی بەستراوە (پاکی بۆخودا ) یاخوا ئەوان خۆیان چنگ قوچراو و دەست بەستراوبن وە نەفرینیان لێکرا بەھۆی ئەوەی کە ووتیان (نەخێر وانیە) بەڵکو ھەردوو دەستی خودا ھەمیشە کراوەیە (لەم ئایەتەدا جێگیرکردن و باسکردنی سیفەتی دەست بۆ خودا ھاتووە ئێمە باوەڕمان پێیەتی بەبێ لێچواندن و شێوەکەی نازانین و تەنھا خوا دەیزانێت) چۆنی بیەوێت دەیبەخشێت وەسوێند بەخوا زیاد دەکات بۆ زۆر لەوان (بۆ زانا و سەرۆکەکانیان) ئەو قورئانەی ھێنراوتە خوارەوە بۆ تۆ لەلایەن پەروەردگارتەوە سەرکەشی و بێ بڕوای (زیاد ئەکات بۆیان) وەخستومانەتە نێوانیان دوژمنایەتی و کینە و ڕِقەبەری تاڕۆژی دوایی ھەر جارێک ئاگرێکیان ھەڵگیرساندبێت بۆ ئاژاوە نانەوەو جەنگ خوا ئەو ئاگرەی کوژاندۆتەوە, وە تێکۆشان ئەکەن لە زەویدا بۆ خراپەو تێکدان خواش خراپەکارانی خۆش ناوێت
Verse 65
خۆ ئەگەر بەڕاستی نامەدارەکان ( ئەھلی کتاب لەگاور و جولەکەکان) بڕوایان بھێنایە و خۆیان بپاراستایە و پارێزکار ولەخواترس بوونایە بێگومان گوناھو خراپەکانیانمان دەسڕی یەوە لێیان وە دەمانخستنە ناو بەھەشتانی پڕ ناز و نیعمەت
Verse 66
وە بێگومان ئەگەر ئەو نامەدارانە تەورات و ئینجیلیان کار پێ بکردایە ھەروەھا ئەو قورئانەی کەھێنراوەتە خوارەوە بۆیان لەلایەن پەروەردگاریانەوە بێگومان ڕۆزیان دەخوارد لەلای سەرویانەوە (لە ئاسمانەوە) وە لە ژێرپێیانەوە (لە زەویەوە) تێیاندایە دەستە و کۆمەڵێکی ڕێک و پێک بەڵام زۆرێک لەوان ئەوەی دەیکەن زۆر بەد و خراپە
Verse 67
ئەی (پێغەمبەر ﷺ) ڕایگەیەنە (بەخەڵک) ئەوەی ھێنراوەتە خوارەوە بۆت لەلایەن پەروەردگارتەوە, وە ئەگەر وانەکەیت ئەوە ڕاسپێریەکەی خوات ڕانەگەیاندوە و بەجێت نەھێناوە, وە خوا تۆ دەپارێزێت لەخەڵکی (کەبتکوژن) بێگومان خوا ڕێنمونی بێ بڕوایان ناکات
Verse 68
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ئەی نامەدارەکان (ئەی ئەھلی کتاب) ئێوە لەسەر ھیچ شتێک نین ھەتا بەڕێک و ڕاستی پەیڕەوی تەورات و ئینجیل نەکەن ھەروەھا ئەو قورئانەی کەھێنراوەتە خوارەوە بۆتان لەلایەن پەروەردگارتانەوه سوێند بەخوا زیاد ئەکات بۆ زۆریان ئەوەی ھێنراوەتە خوارەوە بۆت لەلایەن پەروەردگارتەوە سەرکەشی و بێ باوەڕییان (زیاد دەکات) کەواتە خەم مەخۆ لەسەر کۆمەڵی بێ بڕوایان
Verse 69
بەڕاستی ئەوانەی بڕوایان ھێناوە و ئەوانەی بوون بەجولەکە وە ئەستێرە پەرست یان فریشتە پەرستەکان وە شوێن کەوتوانی عیسی پێغەمبەر ھەر کەس لەوانە بڕوایان ھێنا بێت بەخوا و بە ڕۆژی دوایی و کردەوەی چاکی کردبێت ئەوە نە ھیچ مەترسیەکیان لەسەرە وە نەخەفەت بار ئەبن (لەڕۆژی دواییدا
Verse 70
سوێند بەخوا پەیمانی بەھێزمان وەرگرت لە بەنو ئیسرائیل و چەند پێغەمبەرێکمان نارد بۆیان ھەر جارێک پێغەمبەرێکیان بۆ بھاتایه بە ھەر فەرمانێ کە بەدڵیان نەبوایە دەستەیەکیان بەدرۆزن دائەنان وە دەستەیەکیشیان دەکوشتن
Verse 71
وایان دەزانی کەتۆڵە و سزا دووچاریان نابێت جا بۆیە کوێرو کەڕبوون (لەئاست بیستن و بینینی ھەق) لە پاشان خوا تەوبە و گەڕانەوەی لێ وەرگرتن ئەمجا لەپاش ئەوە زۆر بەیان کوێرو کەڕبوون (لەبیستن و بینینی بەڵگەو ئایەتەکانی خوا وە خوا بینەرە بەھەر کردەوەیەک کەدەیکەن
Verse 72
سوێند بێت بێ باوەڕبوون ئەوانەی کەووتیان بێگومان خوا مەسیحی کوڕی مەریەمە لەکاتێکدا مەسیح (کاتێک ڕەوانەکرا) ووتی ئەی بەنو ئیسرائیل تەنھا خوا بپەرستن کە پەروەردگاری من و ئێوەشە بەڕاستی ھەر کەس ھاوبەش بۆخوا دابنێت ئەوە بێگومان خوا بەھەشتی لێ حەرام کردووە، وە جێگا و شوێنی ئاگر دەبێت وە بۆ ئەو ستەمکارانە ھیچ یارمەتیدەرێک نیە
Verse 73
سوێند بەخوا بەڕاستی بێ باوەڕبوون ئەوانەی کەووتیان بێگومان خوا یەکێکە لەو سێ خوا (کەبریتین لەپەروەردگارو عیسی و دایکی) (لەکاتێکدا) ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە لەتەنھا خوایەک وە ئەگەر واز نەھێنن لەو ووتە ناڕەواو بەدانە سوێند بەخوا دووچاری ئەوانەیان ئەبێت کەبێ باوەڕبوون سزایەکی بەئازارو سەخت
Verse 74
دەی ئایا بۆ تۆبە ناکەن و ناگەڕێنەوە بۆلای خوا؟ و داوای لێبوردنی لێ ناکەن؟ لەکاتێکدا خوا لێبوردەی میھرەبانە
Verse 75
مەسیحی کوڕی مەریەم ھیچ نیە جگە لەپێغەمبەری خوا بێگومان لەپێش ئەوەوە چەندەھا پێغەمبەر بوون دایکیشی ئافرەتێکی زۆر ڕاستگۆیە ھەردووکیان خواردنیان دەخوارد (واتە خوانین) سەرنج بدە چۆن ئایەت و بەڵگەکان ڕوون دەکەینەوە بۆیان پاشان سەیرکە چۆن لا دەدرێن لەحەق بەرەو بەتاڵ دەڕۆن
Verse 76
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ئایا ئێوە بێجگە لەخوا شتێک دەپەرستن؟ کە ھیچ زەرەرو سوودێکی نیە بۆتان وە خوا ھەر خۆی بیسەر و زانایە
Verse 77
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ئەی نامەدارەکان زیادە ڕۆی مەکەن لەئاینەکەتاندا جگە لەوە نەبێت کەڕاست وحەقە و شوێن ئارەزووی کەسانێک مەکەون کەبەڕاستی پێشتر گومڕاو سەرلێ شێواو بوون وە زۆر کەسیشیان گومڕاکرد وە خۆشیان گومڕابوون و لایاندا لەڕێگای ڕاست
Verse 78
نەفرین کرا لەوانەی بێ بڕوابوون لەبەرەو نەوەی ئیسرائیل لەسەر زمانی داود ولەسەر زمانی عیسای کوڕی مەریەمیش ئەو نەفرینەش لەبەر ئەوە بوو سەرپێچیان کرد و ھەمیشە دەست درێژیان دەکرد
Verse 79
ئەوانە رێگری یەکترییان نەدەکرد لەھەر کارێکی بێزراو ناشەرعی کەدەیانکرد بێگومان زۆر بەدبوو ئەوەی کەئەیانکرد
Verse 80
ئەبینی (ئەی موحەممەد ﷺ) زۆر بەیان دۆستایەتی ئەکەن لەگەڵ ئەوانەی بێ باوەڕ بوون بێگومان زۆر بەد و خراپە ئەوەی کەپێشیان خست بۆخۆیان (وکردویانە) کە ھۆی خەشم و قینی خوا بوو لێیان وە ئەوانە لەسزای دۆزەخدا بێ بڕانەوە دەمێننەوە
Verse 81
وە ئەگەر ئەوانە بڕوایان بھێنایە بەخوا وە بە پێغەمبەرو بەو بەرنامەیەی کەنێراوەتە خوارەوە بۆ سەری ئەو بێ بڕوایانەیان نەدەکرد بەدۆست و خوشەویستی خۆیان بەڵام زۆر بەیان لەئاین دەرچوون و یاخین لەخوا
Verse 82
سوێند بێت دەبینیت (ئەی موحەممەد ﷺ) خراپترینی خەڵکی بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ بڕواداراندا جولەکە و ھاوبەشدانەرانن وە سوێند بێت دەبینیت نزیکترینیان لەخۆشەویستی بۆ بڕواداران ئەوانەن کەدەیانووت بێگومان ئێمە گاوریین ئەوەش لەبەر ئەوەیە بێگومان لە ناویاندا قەشەو گۆشەگیرانێک ھەن کە بەڕاستی ئەوان خۆیان بەزل و گەورە دانانێن
Verse 83
ھەر کاتێک گوێیان لێ بووایە ئەو قورئانەی کە نێراوەتە خوارەوە بۆ (پێغەمبەر ﷺ) دەبینی چاوەکانیان لە فرمێسک (پڕدەبێت و) دەڕژێت لەبەر ئەو ڕاستیەی کە زانیویانە (و بۆیان دەرکەوتوە) ئەڵێن ئەی پەروەردگارمان ئەوا ئێمە باوەڕمان ھێنا (بەو قورئانەی ناردووتە خوارەوە بۆ موحەممەد) دەتۆش لەگەڵ شایەتیدەران ناومان بنوسە و (لەگەڵ ئەواندا بمانژمێرە)
Verse 84
بۆچی دەبێت ئێمە باوەڕ نەھێنین بە خوا و بەوەی کە بۆمان ھاتووە لە حەق و ڕاستی لە کاتێکدا ئومێدمان وابێت پەروەردگارمان بمانخاتە ڕیزی پیاو چاکانەوە
Verse 85
جا خوا پاداشتیان ئەداتەوە بەھۆی ئەوەوە کە ووتیان بەچەند باخێک کە ڕووبار بە ژێریاندا دەڕوات دەمێننەوە تیایدا بەھەمیشەیی وە ئەوەیە پاداشتی چاکە کاران
Verse 86
وە ئەوانەی بڕوایان نەھێنا وە ئایەتەکانی ئێمەیان بەدرۆ دائەنا ئەوانە ھاوڕێی ئاگری دۆزەخن
Verse 87
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە ئەو شتە پاک و خۆشانەی کە خوا حەڵاڵی کردوە بۆتان یاساغی مەکەن لە خۆتان و سنوور مەشکێنن چونکە بێگومان خوا سنوور شکێنەرانی خۆش ناوێت
Verse 88
بخۆن لەو ڕزق و رۆزیانەی کە خوا پێی بەخشیوون کە حەڵاڵ و پاکن خۆتان بپارێزن و بترسن لەو خوایەی کە ئێوە باوەڕتان پێیەتی
خوا لێتان ناگرێت ئەو سوێندانەتان کە نیازی دڵی لەگەڵدا نیە بەڵام لێتان ئەگرێت (بە گوناھبارتان دادەنێت) بە (شکاندنی) سوێندێک کە بەنیازی دڵ داتان بەستبێت جا کەفارەتی (سڕینەوەی شکاندنی) ئەو سوێندانە خۆراک پێدانی (دە) ھەژارە لە خۆراکێک مامناوەندی کە بە منداڵ وخێزانی خۆتانی دەدەن یا پۆشاکی (دە) ھەژار یا ئازاد کردنی بەندەیەک جائەوەی دەستی نەکەوت ھیچ کام لەمانە ئەوە سێ ڕۆژ بە ڕۆژوو بێت ئەوەی (باسکرا) کەفارەتی سوێندەکانتانە کاتێک کە سوێندتان خوارد (و سوێندەکەتان شکاند) وە سوێندەکانتان بپارێزن بەو جۆرە خوا ئایەتەکانی خۆی بە ڕوونی باسی ئەکات بۆتان بۆ ئەوەی سوپاسی بکەن
Verse 90
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە بێگومان ئارەق و قومار و ئەو بەردانەی کە کراون بە بت و ئەو پارچە دارانەی (کە بەکارئەھێنرێن بۆ دیاریکردنی بەش و چارەنووس) ئەوانە پیسن و لەکردەوەی شەیتانن کەواتە دوورکەونەوە لێی تاڕزگاربن
Verse 91
بێگومان شەیتان ھەر ئەوەی ئەوێت کە دوژمنایەتی و کینەو ڕق بخاتە ناوتانەوە بەھۆی ئارەق و قومارەوە وە رێگریتان بکات لەیادی خودا و لەنوێژ کردن دەی ئایا ئێوە وازدەھێنن (لەو خراپانە)؟
Verse 92
وە فەرمانبەر وگوێڕایەڵی خوابن وە فەرمانبەرو گوێڕایەڵی نێرراوە کەی بن و بترسن (ئاگاداربن) ئەمجا ئەگەر ئێوە ڕوو وەرگێڕن و فەرمانبەری نەکەن ئەوا بزانن بێگومان ئەوەی کە لەسەر نێردراوەکەی ئێمە بێت تەنھا ڕاگەیاندنی ڕوون و ئاشکرای ئایینەکەیە
Verse 93
نەبووە و نیە لەسەر ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە, وە کردەوە چاکەکانیان کردووە ھیچ گوناھێک لەوەی خواردویانە (لە ئارەق و پارەی قومار پێش حەرام کردنیان) ئەگەر خۆیان پاراستبێت (لەو چەرخەدا لەوەی کە حەرام بووە لە سەریان) وە باوەڕداربووبن و کردەوە چاکەکانیان کردبێت پاشان خۆیان پاراستبێت (لەوەی کە حەرام کرابێت) و بڕواشیان ھەبوبێت (بەوەی کە ھاتبێت لە لایەن خواوە) پاشان بەردەوام بووبن لەسەر خۆ پارێزی و چاکەکانیشیان بەچاکی کردبێت وە خوا ئەو چاکەکارانەی خۆش دەوێت
Verse 94
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە سوێند بە خوا، خوا تاقیتان دەکاتەوه بە ھەندێک لە نێچیر کە بەدەست دەیانگرن و بە ڕمەکانتان ڕاویان دەکەن تا خوا دەری بخات کێ لێی دەترسێت بە پەنھانی ئەمجا ھەرکەس دەست درێژی بکات دوای ئەو (ھەواڵ پێدانە) ئەوە بۆی ھەیە سزایەکی بەئازار
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە نێچیر مەکوژن لە کاتێکدا ئێوە لە ئیحرامدان وە ئەوەتان بەدەستی ئەنقەست بیکوژێت ئەوە لەسەریەتی سەر بڕینی وێنەی ئەوەی کە کوشتویەتی لە ئاژاڵ و ماڵات ئەو بڕیارە بدەن (نێچیرەکە لە بەرانبەر چ ئاژەڵێکدایە) دوو پیاوی موسڵمانی چاک لەخۆتان بە شێوەی قوربانی بگاتە کەعبە (و لەوێ بیکات بەقوربانی) یان بە ئەندازەی نرخی قوربانیەکە خۆراک بدات بە چەند ھەژارێک یان بەقەدەر ئەو خۆراکدانە ڕۆژوو بگرێت بۆ ئەوەی بچێژێت ئۆباڵی کارەکەی خوا خۆش بووە لەوەی کە تێپەڕی و بەسەرچوو بەڵام ھەرکەسێک بگەرێتەوە (بۆ سەر ئەو کردەوەیە) ئەوا خوا تۆڵەی بە تینی لێ دەسێنێت وەخوا زاڵە و خاوەنی تۆڵەی بەتینە
Verse 96
ڕاوی (نێچیر) و خواردەمەنی دەریایی حەڵاڵکراوە بۆتان تا ئێوە و گەشتیارەکان سوودی لێ وەربگرن وڕاو (نێچیری) کێوی و ووشکانی یاساغ کراوە لێـتان تا لە ئیحرامدا بن لە (بێفەرمانی) ئەو خوایە بترسن کە ھەر بۆ لای ئەو کۆدەکرێنەوە (لە ڕۆژی دواییدا)
Verse 97
خوا کەعبە کە (بیت الحرام) ـە دایناوە تاوەکو (جێگای) ڕاوەستانی کاروباری دین ودونیای خەڵکی بێت وە ھەروەھا مانگە یاساغەکان (کە جەنگ تێیاندا حەرامە) و قوربانیە دیاری نەکراوەکان و قوربانیە دیاری کراوەکانیشی داناوە ئەوەش بۆ ئەوەی کە بزانن بەڕاستی خوا ئەزانێت و بە ئاگایە کە چی وا لە ئاسمانەکان و زەویدا وە بێگومان خوا بە ھەموو شتێک زانایە
Verse 98
باش بزانن کە بەڕاستی خوا تۆڵەی زۆر بە تینە (بۆ یاخیان) وە بەڕاستی خوا لێبووردە و میھرەبانە (بۆ تۆ بەکاران)
Verse 99
نێردراوەکەی خوا (موحەممەد) ھیچی لەسەر نیە بێجگە لە ڕاگەیاندن نەبێت وە خوا دەزانێت بەوەی دەریدەخەن بەوەش دەیشارنەوە
Verse 100
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ پیس و پاک وەک یەک نین ھەرچەند سەرسامت بکات زۆری پیسەکە کەواتە لەخوا بترسن ئەی خاوەنانی ژیری و ھۆشمەندان تا ڕزگار ببن
Verse 101
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە پرسیار مەکەن لە شتانێک ئەگەر ئاشکرا بکرێن بۆتان ناخۆش و خراپ دەبێت بۆتان وە ئەگەر پرسیار بکەن دەربارەیان کاتێک قورئان دەنێردرێتە خوارەوە، بۆتان ئاشکرا دەکرێن خوا خۆش بووە لەو پرسیارانەی لەوە و پێش وە خوا زۆر لێبوردەی لەسەرخۆیە
Verse 102
بێگومان ئەو (جۆرە) پرسیارانەیان کرد کۆمەڵێك پێش ئێوە پاشان بێ بڕوا بوون بەھۆی ئەو پرسیارانەوە
Verse 103
خوا دای نەناوە و بڕیاری نەداوە (بۆ بتپەرست وھاوەڵدانەران کە حەرامی بکەن لەسەرخۆیان وجێی بھێڵن بۆ بتەکانیان وسوودیان لێ وەرنەگرن) لەبەحیرە: (ووشترێک بوو پێنج سکی بکردایەو پێنجەم نێر بوایە، ئەو کاتە گوێچکەیان لەت دەکرد و بەرەڵایان دەکرد) و سائیبە: (ووشترێک بوو کە دە تا دوانزە سکی بکردایە ھەموو مێینە بوایە) و وەێیلە: (ووشترێک بوو یەکەم و دووەم سکی مێینە بوایە) و حام: (ووشترێکی نێر بوو کە لە پشتی ئەو دە سک پەیدا ببوایە) بەڵام ئەوانەی بێ باوەڕبوون درۆ بە دەم خواوە ھەڵئەبەستن و زۆربەیان ژیر نین (نەزانن)
Verse 104
وەکاتێک کە بووترێت پێیان وەرن بۆ لای ئەو قورئانەی کە خوا ناردویەتیە خوارەوە و بۆ لای (پێغەمبەر ﷺ) دەڵێن بەسمانە ئەو (ئاینەی) کەباوک و باپیرانمان لەسەری بوون ئایا (چاویان لێدەکەن) ئەگەر لە حاڵێکدا باو باپیرانیشیان ھیچ شتێکیان نەزانیبێ وگومڕابووبن
Verse 105
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە ھۆشتان بەخۆتانەوە بێت زیانتان پێناگەیەنێت ئەوەی گومڕا بووە ئەگەر ئێوە لەسەر ڕێی ڕاست بن (رێگری کردن لەخراپە بەشێکە لە ڕێنمونی وەرگرتن) ھەر بۆلای خوایە گەڕانەوەی ھەمووتان بەگشتی ئەمجا ھەواڵتان پێ ئەدا بەھەر کردەوەیەک کە کردووتانە
ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە شایەتی بدەن لە نێوانتاندا کاتێک کەمردنی ھەرکامتان نزیک بوویەوە لەکاتی وەسیەت کردنتاندا دوو کەسی دادپەروەر لەخۆتان (موسوڵمان بن) یان دووکەسی تر جگەلە خۆتان (کافربن) ئەگەر ئێوە بەسەفەر ڕۆشتبوون بە ووڵاتدا و بەڵای مردنتان تووش ھات (دوو شایەتەکە) ڕاگرن لەپاش نوێژی (عەسر) دەبێ سوێند بخۆن بەخوا ئەگەر گومانتان بوو (لە ڕاستی و پاکیان) ئێمە (سوێند خواردنمان) بەخوا ناگۆڕینەوە بەھیچ نرخێک باشایەتی بۆدراوەکە خزم و نزیکیش بێت وە شایەتی (دان بۆ) خوا ناشارینەوە بێگومان (ئەگەر شایەتیەکەمان شاردەوە) کەواتە بەڕاستی لە گوناھباران دەبین
Verse 107
ئەمجا ئەگەر زانرا (پاش سوێند خواردنیان) بەوەی کە ئەو دوو شایەتە درۆیان کردوە و خۆیان تاوانبارکردووە ئەوە دووکەسی تر لە شوێنی ئەواندا ھەڵدەستن (بەسوێند خواردن) لەوانەی کەشیاو و نزیکتربن (لەمردووەکە) لەو دووانە ئەمجا ھەردووکیان سوێند بخۆن بە خوا کەبەڕاستی شایەتیەکەی ئێمە ڕاستترە لە شایەتیەکەی ئەو دووانەی پێشوو وە لەڕاستی لامان نەداوە (لەسوێند خواردنەکەماندا) بێگومان (ئەگەر لابدەین) ئەوکاتە ئێمە لەستەمکاران دەبین
Verse 108
ئەو (جۆرە شایەتیدانە) نزیکترە کە شایەتەکان ھەڵسن بە شایەتیەکەیان بەشێوە ڕاستەکەی یان بترسن لە ڕەدکردنەوەی سوێندەکان (بۆخزمی نزیکی مردووەکە) دوای سوێند خواردنی ئەمان (واتە بە درۆ بخرێنەوە) بترسن لە خوا و خۆتان بپارێزن و گوێڕایەڵی فەرمانی خوا بن خوا ڕێنمونی کۆمەڵی لەسنوور دەرچوو ناکات
Verse 109
لە ڕۆژێک (بترسن) خوا ھەموو پێغەمبەران کۆدەکاتەوە ئەوسا پێیان دەفەرموێت چ وەڵامێکتان درایەوە؟ دەڵێن ھیچ زانیارییەکمان نیە بێگومان تەنھا تۆ ئاگاداری ھەموو نھێنیەکانیت
(بیر بکەرەوە) کاتێک خوا بە عیسای کوڕی مەریەمی فەرموو بیربکەرەوە لەچاکە و بەھرەی من بەسەر خۆت و دایکتەوە کاتێک کە پشتیوانیم لێ کردیت بە گیانی ھەرە پیرۆز ( بە جوبرەیل) کاتێک لەبێشکەدا بوویت و بەگەورەییش قسەت لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد وە کاتێکیش فێری کتێب (ونووسین) و حیکمەت و تەورات و ئینجیلم کردیت وەبیربکەرەوە کاتیێک بەفەرمانی من لەقوڕ شتێکت لە شێوەی باڵندە دروست دەکرد دەست بەجێ بەفەرمانی من ئەبوو بە باڵندە وە بەفەرمانی من کوێری زکماک و بەڵەکیت چاک دەکردەوە, وەکاتێک بەفەرمانی من مردووانت لە گۆڕ دەردەھێنا (بەزیندوو کراوەیی) وە بیربکەرەوە کاتێک بەرگری نەوەکانی ئیسرائیلم کرد لێت (بتکوژن) کاتێکیش موعجیزە ڕوونەکانت بۆھێنان جا ئەوانەیان کە بێ باوەڕبوون ووتیان بەڕاستی ئەمە ھیچ نیە جگەلە جادویەکی ئاشکرا نەبێت
Verse 111
وە (بیربکەرەوە) کاتێک خستمە دڵی ھاوەڵەتایبەتیەکانت کەبڕوا بھێنن بە من و بە پێغەمبەرەکەم (عیسی) ئەوانیش ووتیان: ئەوا بڕوامان ھێنا و تۆش شایەت بە کە بێگومان ئێمە موسڵمانین
Verse 112
کاتێک حەواریەکان ووتیان: ئەی عیسای کوڕی مەریەم ئایا پەروەردگاری تۆ دەتوانێت لەئاسمانەوە خوانێکمان بۆ بنێرێتە خوارەوە (عیسا) ووتی لەخوا بترسن ئەگەر ئێوە باوەڕدارن
Verse 113
(حەواریەکان) ووتیان دەمانەوێت لێی بخۆین ودڵمان ئارام ببێ و دڵنیابین (کەپێغەمبەریت) وەبزانین کە بێگومان ڕاستت لەگەڵ کردوین (لەوەی کەپێت ڕاگەیاندین) ئێمەش ببین بەشایەت لەسەری (بۆئەوانەی ئامادە نین)
Verse 114
عیسای کوڕی مەریەم فەرمووی ئەی خوای پەروەردگارمان لەئاسمانەوە خوانێکمان بۆ بنێرە خوارەوە تا ببێت بە جەژن بۆ ئێستامان و نەوەکانی داھاتووشمان وەموعجیزە و بەڵگەیەک بێت لەلایەن تۆوە, وە ڕزق و ڕۆزیمان پێ ببەخشە چونکە تۆ باشترینی ھەموو ڕۆزی دەرانی
Verse 115
خوای گەورە فەرمووی: بە ڕاستی من ئەو خوانە دەنێرمە خوارەوە بۆتان ئەمجا ھەر کەس لەئێوە بێ بڕوا و نا سوپاس بێت لە پاش ئەوە ئەوە بێگومان سزایەکی ئەدەم کە سزای ھیچ کەسی پێ نادەم لەجیھانیان
وە (بیر بکەرەوە) کاتێک خوا دەفەرمووێت: (لەڕۆژی دواییدا) ئەی عیسای کوڕی مەریەم ئایا تۆ ووتووتە بە خەڵکی کەمن و دایکم بەدوو پەرستراو دابنێن (وبمانپەرستن) لەجیاتی خوا؟ (عیسای) ووتی: پاک و بێگەردی بۆ تۆ ئەی خوایە نابێت و ناگونجێت بۆ من شتێک بڵێم کە بە ھیچ شێوەیەک مافی من نیە ئەگەر من ئەو قسەیەم کردبێت ئەوە بەڕاستی تۆ ئاگات لێیە چونکە تۆ ئەوەی لە نەفسم دایە دەیزانی بەڵام من نازانم و بێ ئاگام لەوەی کە لەنەفسی تۆدایە بەڕاستی تەنھا تۆ زانای تەواوی بە ھەموو نھێنیەک
Verse 117
ھیچم پێ نەوتوون بێجگە لەوە نەبێت کە تۆ فەرمانت پێکردووم کە بەندایەتی خوا بکەن کەپەروەردگاری من و ئێوەیشە و من شایەت و چاودێر بووم بە سەریانەوە تا لە ناویاندا بووم ئەمجا کاتێک تۆ منت بردەوە (و بەرزت کردمەوە بۆ ئاسمان) ھەر خۆت چاودێر بووی بەسەریانەوە, وەخۆت ئاگادار و شایەتی بەسەر ھەموو شتێکەوە
Verse 118
ئەگەر سزایان بدەیت، ئەوە بێگومان بەندەی خۆتن وەئەگەر لێشیان خۆش ببیت ئەوە بێگومان تەنھا خۆتی بەدەستەڵات و کاردروست
Verse 119
خوای گەورە فەرمووی: ئەمە رۆژێکە ڕاستبێژان ڕاستیەکەیان کەڵکیان پێدەگەیەنێت بەھەشتانێکیان بۆ ھەیە کە ڕووبارەکان بەژێریاندا دەڕۆن ئەمێننەوە تیایدا بە ھەمیشەیی خوا ڕازی بووە لێیان و ئەوانیش لە خوا رازی بوون ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
Verse 120
ھەر بۆ خوایە خاوەندارێتی ئاسمانەکان و زەوی و ھەرچیشیان تێدایە وە تەنھا ئەو بەسەر ھەموو شتێکدا بە توانا و دەسەڵاتدارە
تقدم القراءة