ترجمة سورة الشمس

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة الشمس باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


سوێند به خۆر و تیشكی خۆراکه له سه‌ره‌تایی ڕۆژدا سه‌رهه‌ڵده‌دا).

سوێند به مانگ، کاتێك به‌شوێنیدا دێت.

سوێند به ڕۆژ کاتێک که خۆر ده‌رده‌خات.

سوێند به شه‌و که خۆر داده‌پۆشیت.

سوێند به ئاسمان و به‌و زاته به ده‌سه‌ڵاته‌ی دروستی کردووه‌.

سوێند به زه‌وی و به‌و زاته‌ی که به‌شێوه‌ی هێلکه‌یی دایناوه‌.

سوێند به ده‌روون و ئه‌و زاته‌ی که به ڕێک و پێکی به‌دیهێناوه‌.

جا توانای خراپه و چاکه و خوانه‌ناسی و خواناسی تێدا دابین کردووه‌.

(سوێند به‌وانه هه‌موو) به‌ڕاستی ئه‌و که‌سه سه‌رفرازه که نه‌فسی پاک و پوخته کردووه و ئیمان و ترسی خوای تیادا ڕواندووه‌.

بێگومان نائومێد بوو ئه‌و که‌سه‌ی نه‌فسی خۆی ناپوخت کرد و ئاڵوده‌ی گوناهو تاوان و خراپه‌ی کرد.

قه‌ومی ثمود به‌هۆی سه‌رکه‌شی و یاخی بوونیانه‌وه‌، بڕوایان به پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان نه‌هێنا.

کاتێک شه‌قاوه و خوانه‌ناسترین که‌سیان خۆیی ڕاپسکاند (بۆ سه‌ربڕینی وشتره‌که‌).

جا پێغه‌مبه‌ری خوا (صاڵح) پێی وتن: واز بهێنن له‌م وشتره که موعجیزه‌ی خوایه‌، مۆڵه‌تی بده‌ن له نۆره ئاوه‌که‌ی خۆیدا ئاو بخواته‌وه‌.

که‌چی بڕوایان به هه‌ره‌شه‌کانی نه‌کرد، ئینجا وشتره‌که‌یان سه‌ربڕی، ئه‌وسا ئیتر په‌روه‌ردگاریان وڵاتی کاولکردن و له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختی کرد به‌سه‌ریاندا و که‌سیان ڕزگاری نه‌بوو (به‌هۆی گوناهو تاوانیانه‌وه‌).

له کاتێکدا که خوای به‌ده‌سه‌ڵات له سه‌ره‌نجامی ئه‌و کاره‌یشی هه‌رگیز ناترسێت.
Icon