ترجمة سورة غافر

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة غافر باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوەو خوا بەواتای ئەم پیتانە زاناترە، سەرنجی سەرەتای سورەتی(البقرة) بدە دەربارەی واتاکەیان
ئەم قورئانە ھێنراوەتە خوارەوە لەلایەن خوای باڵادەست و داناوە
لێبوردەی تاوان و وەرگری تۆبەی (گوناھباران وتۆبەکارانە) (ئەو خودایە) تۆڵەی سەخت وبەتینە وە خاوەن فەزڵ و بەھرە و چاکەیە بێجگە لەو ھیچ پەرستراوێکی بەھەق و ڕاست نیە گەڕانەوەی ھەمووان ھەر بۆلای ئەوە
دەمە قاڵێ وکێشمەکێش ناکات لەنیشانەکانی خوادا بێباوەڕان نەبێت کەوا بوو فریوت نەدات ھاتوچۆ و گەڕانیان بەووڵاتدا (بۆ بازرگانی وسامان دەس خستن)
پێش ئەوان گەلی نوح باوەڕیان نەھێنا (بەنوح) وە دەستەو تاقمەکانی دوای ئەوانیش (باوەڕیان نەھێنا) و ھەموو گەلێك وویستوویەتی (نیازی کردووە) کە پێغەمبەرەکەیان بکوژن (یان بیگرن وئازاری بدەن) وە دەمەقاڵێیان (لەگەڵ) دەکرد بەناڕەوا بۆ ئەوەی ڕاستی پێ لابەرن و نەیھێڵن ئیتر (قار وتووڕەیی) من گرتنی جا چۆن بوو تۆڵەسەندنی من لەوان
وە ئابەو جۆرە بڕیاری پەروەردگارت بەدیھات لەسەر ئەوانەی بێ باوەڕ بوون کەبێگومان ئەوان دۆزەخین
ئەو فریشتانەی ھەڵگری عەرشن و ئەوانەش بەدەوریدان بەستایشی پەروەردگاریان تەسبیحات دەکەن وە باوەڕیان بەو ھەیە وە داوای لێبوردن دەکەن بۆ ئەوانەی ئیماندارن (دەڵێن): ئەی پەروەردگارمان میھرەبانی وزانیاریت ھەموو شتێکی گرتۆتەوە دەی خۆش ببە لەوانەی تۆبەیان کردووە و شوێنی ڕێگای تۆ کەوتوون وە بیانپارێزە لەسزای دۆزەخ
ئەی پەروەردگارمان بیشیان خەرە بەھەشتانێکی ھەمیشەیی کە بەڵێنت پێ دابوون ئەو کەسانەش چاکەکار بوون لەباوو باپیران و ھاوسەران و ڕۆڵەکانیان (نەوەکانیان) بەڕاستی ھەر تۆ زاڵ و کار دروستی
وە بیانپارێزە لە (تۆڵەی) تاوانەکان چونکە ھەر کەسێك لە (تۆڵەی) خراپە و تاوان بپارێزیت لەو ڕۆژەدا ئەوە بێگومان ڕەحمت پێ کردووە وە ھەر ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
بەڕاستی کەسانێك بێ باوەڕ بوون (لەپاشەڕۆژدا) بانگ دەکرێن کەبەڕاستی توڕەیی و خەشمی خوا (لەدونیادا) گەورەتر بوو لەڕق و توڕەیتان لەخۆتان (لەقیامەتدا) کاتێك بانگ دەکران بۆ باوەڕ ھێنان بەڵام باوەڕتان نەدەھێنا
دەڵێن ئەی پەروەردگارمان تۆ دوو جارت مراندووتین وە دوو جاریش ژیانت بەبەردا کردووین جا دانمان نا بەتاوانەکانماندا دەی ئایا ڕێگایەك ھەیە بۆ دەرباز بوون
ئەم سزایەتان لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی ھەرکاتێك خوا بەتاك و تەنھایی بپەرسترایە ئێوە بێ باوەڕ دەبوون وە ئەگەر ھاوبەشی بۆ دابنرایە باوەڕتان دەھێنا (بەو ھاوبەش دانانە) بڕیاردان ھەر بۆ خوای بڵند و بەرزو گەورەیە
ئەو زاتێکە نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدات وە لەئاسمانەوە ڕزق و ڕۆزیتان بۆ دەنێرێتە خوارەوە کەس بیرناکاتەوە (پەند وەرناگرێت) مەگەر کەسێك ڕوو لەخوا بێت
کەواتە لەخوا بپارێنەوەو بەپاکیی ودڵسۆزی و بۆی گەردن کەچ بن ھەر چەندە بێ باوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت
(خوا) پلەو پایە زۆر بەرزی خاوەن عەرشی مەزنە بەفەرمانی خۆی وەحی دەنێرێت بۆ ھەر کەس لەبەندەکان کەبیەوێت تا(خەڵك) بترسێنێت لە ڕۆژی بەیەکتر گەیشتن
ڕۆژێك کە ھەموو (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرو) ئاشکرا دەبن ھیچ شتێکیان لە خوا پەنھان نابێت (خوا دەفەرمووێت) ئەمڕۆ پادشایەتی و دەسەڵات بۆ کێیە (وەڵام نادرێتەوە) (خۆی وەڵام دەداتەوە و دەفەرمووێت) ھەر بۆ خوای تاك و تەنھایە کە بەسەر ھەمووشتدا زاڵە
ئەمڕۆ ھەموو کەس پاداشت یان سزا دەدرێتەوە بەگوێرەی ئەوەی کردوویەتی ئەمڕۆ ستەم کردن نیە (لە کەس) بەڕاستی لێپرسینەوەی خوا بەپەلەو خێرایە
(ئەی موحەممەد ) ئەوان لەڕۆژە نزیکەکە (لەقیامەت) بترسێنە لەوکاتەی دڵەکان (لەترسا) گەشتوونەتە گەروو ھەموو پیش دەخۆنەوە ستەمکاران نەھیچ دۆستێکیان ھەیە وە نە تکاکارێک بەگوێی بکرێت
(خوا) دەزانێ بەخیانەتی چاوان و ھەرچی دڵان دەیشارنەوە
وە خوا بەھەق و ڕاستی دادوەری دەکات بەڵام ئەوانەی جگە لەخوا ھاواریان لێ دەکەن (دەیانپەرستن) ناتوانن بڕیاری ھیچ شتێك بدەن بەڕاستی ھەرخوا بیسەر و بینایە
ئایا بەزەویدا نەگەڕاون تا ببینن (بزانن) سەرەنجامی ئەوانەی کەپێش ئەمان بوون چۆن بوو ئەوانە لەمان بەھێزتر بوون وە شوێنەواریان لەزەویدا زیاتر بوو بەڵام خوا بەھۆی تاوانەکانیانەوە گرتنی وتۆڵەی لێ سەندن وە کەس پارێزەریان نەبوو لە (سزای) خوا
ئەمە لەبەر ئەوە بوو کەبێگومان ئەوان پێغەمبەرەکانیان بۆ دەھات بەنیشانە ئاشکراکانەوە کەچی باوەڕیان نەھێنا ئەمجا خوا قاری لێ گرتن و سزای دان بەڕاستی خوا بەھێزی تۆڵەسێنی بەتینە
سوێند بەخوا بێگومان موسامان نارد بەچەند موعجیزە و بەڵگەی ڕوونەوە (بەتەوراتەوە)
بۆ لای فیرعەون و ھامان و قارون ھەموو ووتیان: جادوگەرێکی درۆزنە
ئەمجا کاتێك موسا (ئاینی) ڕاسـتی لەلایەن ئێمەوە بۆ ھێنان ووتیان کوڕانی ئەوانەی لەگەڵ ئەو(موسا) باوەڕیان ھێناوە بکوژن وە ژنەکانیان بەزیندوویی بھێڵنەوە (بۆ کارەکەری) بەڵام فێڵی بێ باوەڕان ھەر مایەی سەر لێ شێوانە (ھەرگیز سەرناگرێت)
وە فیرعەون ووتی: لێم گەڕێن با موسا بکوژم ئەوسا بائەو ھانا بۆ پەروەردگاری بەرێت (ڕزگاری بکات) بەڕاستی من دەترسم کەئاینەکەتان بگۆڕێت یان لەزەویدا ئاژاوە وخراپەکاری بنێـتەوە
وە موسا ووتی: بەڕاستی من پەنا دەگرم بەپەروەردگاری خۆم و پەروەردگاری ئێوەش لەھەموو خۆبەزل زانێك کە باوەڕی بەڕۆژی لێ پرسینەوە نیە
وە پیاوێکی باوەڕدار ووتی: لەکەس و کاری فیرعەون بوو کە باوەڕِەکەی شاردبوەوە ئایا (چۆن) پیاوێك دەکوژن؟ لەبەر ئەوەی دەڵێ: خوا پەروەردگارمە کە بەڕاستی چەند بەڵگە و موعجیزەی ڕوونی لە پەروەردگارتانەوە بۆ ھێناون خۆ ئەگەر درۆزن بێت (کەدەڵێ پێغەمبەرم) ئەوە (تاوانی) درۆکەی بەئەستۆی خۆیەتی خۆ ئەگەر ڕاستگۆ بێت ھەندێ لەو (سزایەی) بەڵێنی پێ داوون تووشتان دەبێت بێگومان خوا ڕێنمونی کەسێک ناکات کە زیادەڕۆ و درۆزن بێت
(موسا ووتی): ئەی گەلەکەم فەرمان ڕەوایی ئەمڕۆ ھی ئێوەیە و بەدەسەڵات و زاڵن لەسەر زەویدا دەی کێ یارمەتیمان دەدات ئەگەر سزای خوامان بۆ بێت فیرعەون ووتی: چی خۆم بەچاکی دەبینم ھەر ئەوەتان نیشانە دەدەم وە تەنھا بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنمونیتان دەکەم
وە ئەو (پیاوەی) باوەڕی ھێنا بوو ووتی: ئەی گەلەکەم بەڕاستی من لەوە دەترسم بەسەرتان بێ وێنەی (سزای) ئەو ڕۆژەی بەسەر کۆمەڵان و گەلانی پێشوو ھات
وەك ئەو (سزایەی) ھات بەسەر گەلی نوح و عاد و سەمود و ئەوانەش لەدوای ئەوان بوون وە خوا زوڵم و ستەمی ناوێت بۆ بەندەکانی
وە ئەی گەلەکەم بەڕاستی من ترسی ڕۆژی ھاوارو بانگ لەیەکتری کردنم ھەیە لێـتان (ئەو ڕۆژەی کە ھەموو کەس ھاوار وداوای یارمەتی لەیەکتری دەکەن)
ئەو ڕۆژەی پشت ھەڵدەکەن و ھەڵدێن (لەیەکتری) ھیچ پەناگەیەك بۆ ئێوە نیە لە(سزای) خوا وە ھەر کەسێك خوا گومڕای بکات ئەوە ھیچ ڕێنمونی کارێکی بۆ نیە
سوێند بەخوا بێگومان پێشتر یوسف پێغەمبەرتان بۆھات بەبەڵگە ڕوونەکانەوە کەچی ئێوە ھەر لەگوماندا بوون لەو بەڵگانەی بۆی ھێنابوون تا کاتێك (یوسف) وەفاتی کرد ووتتان ئیتر دوای ئەو خوا ھیچ پێغەمبەرێکی تر نانێرێت ئا بەو جۆرە خوا گومڕای دەکات ئەو کەسەی زیادەڕۆی دوو دڵە
ئەوانەی دەربارەی نیشانەکانی خوا دەمەقاڵێ دەکەن بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێت (ئەو دەمەقاڵەیان) ھۆی توڕەییە لای خوای گەورە وەلای ئەوانەش باوەڕیان ھێناوە ئا بەو جۆرە خوا مۆر دەنێ بەسەر دڵی ھەموو خۆبەزل زانێکی زۆرداردا
فیرعەون ووتی ئەی ھامان کۆشکێکی بەرزم بۆ دروست بکە بەڵکو بگەمە ئەو ڕێگایانە
کەڕێگاکانی (بەرز بوونەوەن بۆ) ئاسمانەکان بۆ ئەوەی (لەوێوە) سەیری خواکەی موسا بکەم وە بەڕاستی من وا گومان دەبەم ئەو (موسا) درۆزنە ئابەو جۆرە ڕازێنرایەوە بۆ فیرعەون کردەوەی خراپی وە (بە ھۆیەوە) ڕێگری کرا لەڕێگای ڕاست وە ھەر فێڵ و پلانێکی فیرعەون ھەبوو بەفیڕۆ چوو
وە ئەو (پیاوەی) باوەڕی (بە موسا) ھێنا بوو ووتی ئەی گەلەکەم شوێن من بکەون ڕێگای ڕاستتان نیشان دەدەم
ئەی گەلەکەم بەڕاستی ژیانی ئەم دونیایە ڕابواردنێکی کەمە وە بەڕاستی ھەر پاشەڕۆژ جێی حەسانەوەی ھەمیشەییە
ھەر کەسێك کاری خراپەی کرد بێت ھەر بەئەندازەی خراپەکەی سزا دەدرێت ھەر کەسیش چاکەی کرد بێت ئافرەت بێت یان پیاو (بەو مەرجەی) باوەڕدار بێت ئا ئەوانە دەچنە بەھەشتەوە لەوێدا بەبێ ژمارە وحیساب ڕزق و ڕۆزییان پێ دەدرێت
وە ئەی گەلەکەم ئەوە چیە من بانگتان دەکەم بۆ ڕزگاربوون کەچی ئێوە من بانگ دەکەن بۆ ئاگری دۆزەخ
بانگم دەکەن بۆ ئەوەی بێ باوەڕبم بەخوا وە شتێ بکەمە ھاوبەشی خوا کەھیچ زانیاری یەکم پێی نیە لەکاتێکدا من بانگتان دەکەم بۆلای خوای بەدەسەڵات و لێبوردە
ڕاستە و گومانی تێدا نیە ئەوەی ئێوە منی بۆ بانگ دەکەن شیاوی بانگ کردن نیە نە لە دونیا و نە لە دواڕۆژدا وە بەڕاستی گەڕانەوەمان ھەر بۆلای خوایە و بێگومان زیادەڕۆیان ھاوەڵانی ئاگری دۆزەخن
جا لەمەودوا ئەوەی من پێتان دەڵێم بیرتان دەکەوێتەوە وە من کاری خۆم بەخوا دەسپێرم بەڕاستی خوا بینایە بەبەندەکانی
جا خوا ئەو (پیاوە ئیماندارە) ی پاراست لەزیانی ئەو فڕو فێڵانەی دەیان کرد وە سزای سەخت ھات و دارودەستەی فیرعەونی گرتەوە
بەیانیان و ئێواران (فیرعەون ودەست وپێوەندەکەی) دەبرێنە دیاری ئاگری دۆزەخ ڕۆژێکیش کە قیامەت ھەڵدەسێت (فەرمان دەدرێت) دارودەستەی فیرعەون بخەنە سەخترین سزاوە
وەکاتێك (دۆزەخیەکان) لەناو ئاگرەکەدا دەمە قاڵێ دەکەن، لاوازەکان بەوانەی خۆ بەزل زان بوون دەڵێن بەڕاستی ئێمە شوێن کەوتووی ئێوە بووین دەی ئایا ئێوە لەجیاتی ئێمە لەئەستۆ دەگرن بەشێك لەم ئاگرە
ئەوانەی خۆ بەزل زان و زۆردار بوون دەڵێن: بەڕاستی ھەموومان لەئاگرداین بێگومان خوا لەنێوان بەندەکانیدا دادوەری کردوو ( وحوکمی تەواو بوو)
وە ئەوانەی لەئاگری دۆزەخدان بەدەرگاوانەکانی دۆزەخ دەڵێن داوا لەپەروەردگارتان بکەن تەنھا یەك ڕۆژ سزامان لەسەر سووك بکات
دەڵێن: ئایا پێغەمبەرەکان نەھاتن بۆ لاتان؟ بەچەندین بەڵگەی ڕوون وئاشکراوە؟ دەڵێن : بەڵێ (ھێنا بوویان) پێیان دەڵێن دەی خۆتان بپاڕێنەوە بێگومان پاڕانەوەی بێ باوەڕان وون دەبێ و بێ سوودە
بەڕاستی ئێمە پێغەمبەرانمان و ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە سەرکەوتوو دەکەین لەژیانی دونیادا وە لەو ڕۆژەی (قیامەت) کە شایەتەکان ھەڵدەسنەوە
ڕۆژێکە بیانوو و پاکانە کردنی بێ باوەڕان ھیچ سوودیان پێ ناگەیەنێت ھەموویان نەفرەتیان لێکراوە و خراپترین جێگایان ھەیە
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە تەوراتمان دا بەموسا وە نەوەکانی ئیسرائیلمان کردە میراتگری تەورات
(کەھۆی) ڕێنمونی و پەندو بیرخەرەوەیە بۆ خاوەن ژیریەکان
ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) خۆگربە بێگومان بەڵێنی خوا ھەقەو دێتە دی وە داوای لێبوردنی گوناھت بکە وە تەسبیحات بکە بەستایشی پەروەردگارت بەئێواران وبەیانیاندا
بەڕاستی ئەو کەسانەی دەمە قاڵێ و کێشە دەکەن دەربارەی نیشانەکانی خودا بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێت ھیچ لە دڵیاندا نیە جگە لەخۆبەزل زانی نەبێت ھەرگیز ئەوان بە (مەبەستیان) ناگەن کەواتە پەنا بەخوا بگرە بەڕاستی ھەر ئەو بیسەر و بینایە
بەڕاستی بەدیھێنانی ئاسمانەکان و زەوی گەورەترە لەبەدی ھێنانی خەڵکی بەڵام زۆربەی مەردووم ئەمە نازانن
وە نابینا و بینا یەکسان نین وە کەسانێك باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە لەگەڵ بەدکاران وەك یەك نین زۆر کەم (لەخەڵکی) بیر دەکەنەوە
بەڕاستی ڕۆژی دوایی دێت ھیچ گومانی تێدا نیە بەڵام زۆربەی خەڵکی باوەڕ ناکەن
وە پەروەردگارتان فەرموویەتی: لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە بەڕاستی ئەوانەی خۆ بەگەورە دەزانن کەبمپەرستن بێگومان بەسەر شۆڕی دەچنە دۆزەخەوە
خوا ئەو زاتەیە شەوی داناوە بۆ ئێوە تائارامی تێدا بگرن وە ڕۆژیشی ڕوناك کردۆتەوە (بۆ ژیان پەیدا کردن) بەڕاستی خوا خاوەن چاکەو میھرەبانیە بەسەر خەڵکەوە بەڵام زۆربەی ئادەمی سوپاس گوزار نین
ئەمەیە خوای پەروەردگاری ئێوە دروستکەر وداھێنەری ھەموو شتێکە ھیچ پەرستراوێکی بەھەق وڕاست نیە جگە لە ئەو دەی کەواتە چۆن لائەدەن لەڕاستی
ئا بەم جۆرە لائەدرێن ئەوانەی کەدان نانێن بەبەڵگەو نیشانەکانی خوادا
خوا زاتێکە کەزەوی بۆ کردونەتە نیشتەجێ (وئارامگا) وە ئاسمانیشی بۆ کردوون بەسەربان و بەجوانترین شێوە ئێوەی دروستکردووە لەوشتانەیش کەحەڵاڵ و پاکن ڕۆزی داوون ئەمەیە خوای پەروەردگاری ئێوە بەرزی و پیرۆزی بۆ خوای پەروەردگاری جیھانیان
ھەر زیندووە و ھیچ پەرستراوێکی بەھەق وڕاست نیە جگە لە ئەو کەواتە خوا بپەرستن بەدڵسۆزی وتەنھا بۆ ئەو ملکەچ بن
سوپاس و ستایش بۆ خوای پەروەردگاری جیھانیان
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: بەڕاستی من ڕێگری کراوم لەپەرستنی ئەوانەی ئێوە دەیان پەرستن جگە لەخوا دوای ئەوەی بەڵگەی ڕوونم بۆ ھاتووە لەپەروەردگارمەوە وە فەرمانم پێکراوە کە گەردن کەچ بم بۆ پەروەردگاری جیھانیان
ئەو خوایەیە کەئێوەی لەخاك دروستکردووە لەپاشان لەدڵۆپێك ئاو پاشان لەپارچە خوێنێك لەپاشان بەمنداڵی (ساوایی) دەتان ھێنێـتە دەر (لەسکی دایك) لەپاشان تا دەگەنە تینی ھێزو لاوییتان لەپاشان تاپیر دەبن وە ھەندێکتان پێش پیربوون دەمرێنرێن ھەتا دەگەنە ئەو کاتەی کەبۆتان دیاریکراوە بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
ئەو خوایەیە کەدەژێنێت و دەمرێنێت جا ھەرکـاتێك (بیەوێت) بڕیـارێك بـدات تەنھـا پێی دەفەرمووێت ببە، دەست بەجێ دەبێت
ئایا سەرنجی ئەوانەت نەداوە سەبارەت بە بەڵگە ونیشانەکانی خوا دەمەقاڵێ وموجادەلە دەکەن (بەبێ ھیچ زانیاریەك) چۆن لەڕێی (ڕاست) لادەدرێن
ئەوانەی باوەڕیان بەقورئان نەھێنا وە بەو (پەڕاوانەی) بەپێغەمبەرەکانماندا ناردومانە ئەوە لەمەو پاش (سەرئەنجامی خۆیان) دەزانن
کاتێك زنجیرو تەوقیان لەگەردندایە پێی ڕادەکێشرێن
لەناو ئاوی زۆر گەرمدا پاشان لەدۆزەخدا دەسوتێنرێن
لەپاشان پێیان دەوترێت: لەکوێن ئەو ھاوبەشانەی بۆ خواتان دادەنان
بێجگە لەخوا دەڵێن: وون بوون لێمان (وا نیە) بەڵکو ئێمە لەدونیا (بێجگە لەخوا) شتێکمان نەدەپەرست ئابەم جۆرە خوا بێ باوەڕان لەڕێگە لادەدات
ئەمەتان لەبەر ئەوەیە کەئێوە بەناڕەوا شادی و کەیفتان دەکرد لەزەویدا وە لەبەر ئەوەی کەئێوە فیزو کەشخەتان دەکرد لەزەویدا
دەی لەدەرگاکانی دۆزەخەوە بڕۆنە ژوورەوە تیایدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی و ئێجگاری ئای چەند خراپە شوێنی خۆ بەزل زانان
دەی کەواتە (ئەی موحەممەد ﷺ) خۆڕاگربە بێگومان بەڵێنی خوا ڕاستە جا یان ھەندێك لەو بەڵێنانەی پێیان دەدەین نیشانت دەدەین یان تۆ دەمرێنین (بەڵێنەکان نابینی) ئەوسا ھەمووتان ھەر بۆلای ئێمە دەگەڕێنەوە
سوێند بەخوا بەڕاستی بەر لەتۆ پێغەمبەرانێکمان ناردووە بەسەرھاتی ھەندێکیانمان بۆ باس کردوی وە ھەندێکیانمان بۆ باس نەکردویت وە ھیچ پێغەمبەرێك ناتوانێت موعجیزەیەك بھێنێت مەگەر بەئیزنی خوا نەبێت جاکاتێك فەرمانی خوا ھات (بەسزادانیان) بەھەق دادوەری دەکرێت (لەنێوانیاندا) وە لەوێدا ناڕاستان زەرەرۆمەند دەبن
خوا ئەو زاتەیە ئاژەڵ و ماڵاتی بۆ ئێوە بەدیھێناوە بۆ ئەوەی سواری ھەندێکیان بن و (گۆشتی) ھەندێکیشیان بخۆن
وە لەو (ئاژەڵانە) دا چەند سوودو کەڵك بۆ ئێوە ھەیە وە تابەھۆی ئەوانەوە بگەنە پێویستیەك کە لەدڵ و دەرونتاندایە وە لەسەر پشتی ئەو (وڵاخانە) و لەسەر کەشتی ئێوە سوار دەکرێن
خوا زۆر نیشانەی خۆیتان نیشان دەدات جا ئێوە ئینکاری کام لە نیشانە وبەڵگەکانی خوا دەکەن؟!
دەی ئایا بەزەویدا نەگەڕاون تا ببینن سەرەنجامی کەسانێك کە لە پێش ئەوان بوون چۆن بووە کەلەمان زۆر ترو بەھێزتریش بوون وە شوێنەواریشیان لەزەویدا (زیاتر بوو) ئەمجا ئەوەی کرد بوویان (لەدونیادا) سوودی پێ نەگەیاندن
جا کاتێك پێغەمبەرەکانیان بەبەڵگە ڕوونەکانەوە ھاتنە لایان دڵخۆش بوون بەو زانینەی ھەیان بوو ئەو (سزایەی ئەوان) گاڵتەیان پێ دەکرد چوار دەوریدان (وھاتە دی)
ئەمجا کاتێك سزای بەتینی ئێمەیان بینی ووتیان: باوەڕمان بەخوای تاك و تەنھا ھێنا وە بێ باوەڕین بەو شتانەی کردبوومانە ھاوبەشی خوا
جا باوەڕ ھێنانەکەیان ھیچ سوودی نەبوو بۆیان لەکاتێکدا سزای ئێمەیان بینی باوو سوننەتی خوا ھەر وا بووە پێشتر لەگەڵ بەندەکانیدا وە لەوێدا بێ باوەڕان زەرەرۆمەند بوون
Icon