ترجمة سورة التوبة

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة التوبة باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .
ئەمە بەری بوونێکی گەورەو گرنگە لەلایەن خواو پێغەمبەرەکەیەوە بۆ ئەوانەی کەپەیمانتان لەگەڵ بەستوون لە ھاوبەش دانەران
کەواتە (ئەی بێ بڕواکان) لەزەویدا بگەڕێن ماوەی چوار مانگ وە بزانن بێگومان ئێوە لەدەستی خوا دەرناچن وە بەڕاستی خوا ڕیسواکەری بێ بڕوایانە
ھەروەھا ئەمە ڕاگەیاندنێکە لەلایەن خوا و پێغەمبەرەکەیەوە بۆ گشت خەڵکی لەڕۆژی حەجی گەورەدا بەڕاستی خواو پێغەمبەرەکەی بەرین لەھاوبەش دانەرەکان جا ئەگەر پەشیمان ببنەوە ئەوە چاکترە بۆتان وە ئەگەر پشتی تێ بکەن ئەوە بزانن بێگومان ئێوە لە دەستی خوا دەرناچن مژدەش بدە بەوانەی کە بڕوایان نەھێناوە بەسزایەکی ئازاردەر
بێجگە لەوانەی کەپەیمانتان لەگەڵ بەستوون لە ھاوبەش دانەرەکان پاشان ھیچ کەم و کوڕییان لێ نەکردن وە پشتیوانی ھیچ کەسێکیان نەکردووە لەدژتان ئەوە ئێوەش پەیمانەکەیان بۆ تەواو بکەن (لەگەڵیان دا بیبەنەسەر) تاماوەی دیاری کراویان بەڕاستی خوا پارێزکاران و لەخواترسانی خۆش دەوێت
ئەمجا کاتێک مانگە حەرامەکان (ژو القعدە، ژو الحجە، محرم، رجب) تەواو بوون ئەوە ھاوبەش دانەرەکان بکوژن لە ھەر شوێنێک دەستان کەوتن وە (بەدیل) بیانگرن وە ڕێگریان بکەن لە دەرچوون وە بۆیان دانیشن لە ھەموو جێگایەکی چاوەڕوانیدا جا ئەگەر پەشیمان بوونەوە و نوێژیان کرد وە زەکاتیاندا ئەوە ڕێیان بەرەڵاکەن و وازیان لێ بھێنن بەڕاستی خوا لێ بووردە و میھرەبانە
وە ئەگەر کەسێک لە ھاوبەشدانەرەکان داوای ھاوسێیەتی و پەنادانی لێ کردیت ئەوە پەنای بدە بۆ ئەوەی ووتەی خوای گەورە (قورئان) ببیستێت لە پاشان بیگەیەنە جێگای ھێمنی خۆی ئەوە لەبەر ئەوەیە کە بێگومان ئەوانە دەستە و کۆمەڵێکن ھیچ نازانن
چۆن عەھد و پەیمان دەبێت بۆ ھاوبەش دانەرەکان لای خوا و پێغەمبەرەکەی ﷺ بێجگە لەوانەی کەپەیمانتان لەگەڵبەستن لای مزگەوتی حەرام (کە کەعبەی پیرۆزە) جاچەند ئەوانە رێک و ڕاست بوون لەگەڵتان ئێوەش ڕێک و ڕاست بن لەگەڵیان بەڕاستی خوا خۆ پارێزەران وخواناسانی خۆش دەوێت
چۆن (پەیمان دەبەنە سەر) لەکاتێکدا ئەگەر زاڵ ببن بەسەرتاندا لەبەر چاو ناگرن دەربارەی ئێوە ھیچ خزمایەتی و سوێند و بەڵێنێک بەووتەی دەمیان ڕازیتان دەکەن بەڵام دڵەکانیان دژتانن و ڕقیان لێتان دەبێتەوە ئا ئەوانە زۆربەیان سنوورەکانی خودا دەبەزێنن
بەڵگە و ئایەتەکانی خوایان گۆڕییەوە بەنرخێکی زۆر کەم ئەمجا ڕێگریان لەڕێگەی خوا کرد بەڕاستی زۆر خراپ بوو ئەوەی ئەوان دەیانکرد
لەبەر چاو ناگرن دەربارەی ھیچ بڕوادارێک ھیچ خزمایەتی و سوێند و بەڵێنێک وە ھەر ئەوانە دەست درێژی کەرن
ئەمجا ئەگەر پەشیمان بوونەوە و نوێژیان بەجێ ھێنا وە زەکاتیاندا ئەوە براتانن لەئاییندا وە ئێمە بەڵگەکان ڕوون دەکەینەوە بۆ گەلێک کەدەیزانن
بەڵام ئەگەر سوێند و پەیمانەکەیان ھەڵوەشاندەوە پاش بەستنی پەیمانەکەیان وە تەشەرو تانەیاندا لەئاینەکەتان ئەوە بجەنگن لەدژی پێشەوایانی بێ باوەڕ بەڕاستی ئەوانە ھیچ جۆرە پەیمانێکیان نیە بەڵکو کۆتایی بھێنن (بەبێ باوەڕی)
ئایا ئێوە جەنگ ناکەن لەگەڵ گەلێکدا کەپەیمانەکەیان ھەڵوەشاندەوە (پەیمانی حودەیبیە) و نیازی دەرکردنی پێغەمبەرﷺ یان کرد ھەر ئەوانیش لەیەکەم جارەوە دەستیان کرد بەجەنگ لەگەڵ ئێوەدا ئایا لێیان دەترسن (لەکاتێکدا) ھەر خوا شایستەترە کە لێی بترسن ئەگەر ئێوە بڕوادارن
(ئەی باوەڕداران) بیان کوژن خوا بەدەستی ئێوە سزایان دەدات و ڕیسوایان دەکات و سەرتان دەخات بەسەریاندا و (خوا) سینە و دڵی کۆمەڵی بڕوادار خۆش دەکات
و ڕق و خەشمی دڵەکانیان دادەمرکێنێ و ناھێڵێت وە خوای گەورە تەوبە وەردەگرێت لە ھەر کەسێک کەبیەوێت وە خوا زانای دانایە
ئایا گومانتان وابوو کەوازتان لێ دەھێنرێت لەکاتێکدا ھێشتا خوا ئاشکرای نەکردووە ئەوانەی تێکۆشان لەئێوە (لە پێناو خوادا) وە نەیان کردووە و ھەڵیان نەبژاردووە جگە لەخوا و پێغەمبەرەکەی و موسوڵمانان بە ھاوڕاز و جێی نھێنیان (دڵسۆزیان) وە خوا ئاگایە بەھەرچی کەئێوە دەیکەن
نابێت ھاوبەشدانەران مزگەوتەکانی خوا ئاوەدان بکەنەوە (و سەرپەرشتیان بکەن) لەکاتێکدا خۆیان شاھیدن لەسەر خۆیان کە بێ باوەڕن ئەوانە کردەوەکانیان ھەڵوەشاوەتەوە، وە ئەوانە لەناو ئاگردا ھەمیشەیین
بەڕاستی مزگەوتەکانی خوا ئاوەدان دەکاتەوە کەسێک کەبڕوای ھێنابێت بەخوا و بەڕۆژی دوایی و نوێژەکانی بەجێ ھێنابێت و زەکاتی دابێت و لە کەس نەترسا بێت بێجگە لەخوا جا بەڵکو ئەوانە لەو کەسانە بن کە ڕێنمونی کراون
(ئەی بێ باوەڕان) ئایا پێتان وایە ئاودان بەحاجییان و (سەرپەرشتی) و ئاوەدان کردنەوەی مزگەوتی حەرام (کەعبەی پیرۆز) وەکو کەسێکە کەباوەڕی ھێنا بێت بەخوا و بەڕۆژی دوایی و تێکۆشا بێت لە ڕێی خوادا؟ چوون یەک نین بەلای خوداوە و (یەکسان نین) وە خوا ڕێنمونی کۆمەڵی ستەمکاران ناکات
ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە و کۆچیان کردووە و تێکۆشاون لەڕێگای خوادا بەماڵیان و بەگیانیان پلەیان بەرزترە لای خوا وەھەر ئەوانە سەرکەوتوون (لە دونیا و دوا ڕۆژدا)
پەروەردگاریان موژدەیان دەداتێ بەمیھرەبانی و ڕەزامەندی لەلایەن خۆیەوە ھەروەھا بەھەشتانێکیان بۆ ھەیە نازو نیعمەتی بەردەوام و ھەمیشەیی تێدایە
دەمێننەوە تیایدا بەھەمیشەیی بەڕاستی خوا پاداشتی ھەرە گەورەی لایە
ئەی ئەوانەی کەبڕواتان ھێناوە باوک و براکانتان دامەنێن (ھەڵمەبژێرن) بەدۆست و خۆشەویست ئەگەر بێ باوەڕییان لەباوەڕ لا خۆشەویسترو چاکتربوو وە ھەر کەس لەئێوە ئەوانە بکات بەدۆستی خۆی ئەوە ھەر ئەوانە ستەمکارن
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ئەگەر باوکانتان وکوڕەکانتان وبراکانتان وھاوسەرەکانتان وخزم وعەشرەتتان وماڵ و دارایی یەک (بە زەحمەت) پەیداتان کردووە و بازرگانیەک کەدەترسن برەوی نەبێت (بێ بازاڕ بێت) و خانوو بەرەیەک کەپێی ڕازین خۆشەویست ترە لاتان لەخوا و پێغەمبەرەکەی و تێکۆشان لەڕێگەکەیدا ئەوە چاوەڕوان بکەن ھەتا خوا فەرمان و (تۆڵەی) خۆی دەھێنێت (بۆتان) وە خوا ڕێنمونی کەسانی تێپەڕ لەسنوور ناکات
سوێند بەخوا بەڕاستی خوا سەری خستن لە زۆر جێگا و شوێندا و لەڕۆژی حونەینیشدا (یارمەتی دان) کەبە زۆری خۆتاندا دەنازین بەڵام (ئەو زۆریە) ھیچ سوودێکی نەبوو بۆتان و زەویتان لەسەر تەنگ بوویەوە بەو فراوانیەی کەھەیەتی پاشان پشتان کردە دوژمن و ھەڵھاتن
لەپاش ئەوە خوا ئارامی خۆی نارد بۆ سەر پێغەمبەرەکەی بۆ سەر بڕواداران وە سەربازانێکی (لەئاسمانەوە) ناردە خوارەوە کەئێوە نەتاندەبینین وەسزای بێ بڕواکانیشی دا (بەکوشتن و برینداری و بەدیل گرتن) ئەوەش سزای بێ باوەڕانە
پاشان خوا خۆش دەبێت لەپاش ئەوە لە ھەر کەسێک کە بیەوێت وە خوا لێ بوردە و میھرەبانە
ئەی ئەوانەی کەبڕواتان ھێناوە بێگومان ھاوبەش دانەران پیسن کەواتە با نزیکی مزگەوتی حەرام نەکەونەوە پاش ئەم ساڵەیان (ئەو ساڵەی فەتحی مەککە کرا) وەئەگەر لەنەبوونی ترسان ئەوە لەمەو پاش خوا دەوڵەمەندتان دەکات لە چاکە و فەزڵ و بەھرەی خۆی ئەگەر ویستی بەڕاستی خوا زانای کاردروستە
جەنگ بکەن لەگەڵ ئەوانەی کەبڕوا ناھێنن بەخوا وە بەڕۆژی دوایی وە بەحەرامی دانانێن ئەوەی کە خوا و پێغەمبەرەکەی حەرامیان کردووە، وە ملکەچ ناکەن بۆ ئاینی ڕاست و دروست (ئاینی ئیسلام) لە ئەوانەی کتێبیان پێ بەخشراوە (مەبەست پێی گاور وجولەکەکانە) ھەتا باج و سەرانە دەدەن (بەدەوڵەتی ئیسلامی) بەدەستی خۆیان و بەملکەچی لەکاتێکدا ئەوان سەرشوڕو ڕیسوان
جوولەکەکان ووتیان عوزەیر کوڕی خوایە و گاورەکانیش ووتیان مەسیح کوڕی خوایە ئەوە ووتەی ئەوانە بەدەمی خۆیان دەیڵێن وەک ووتەی ئەوانە دەڵێنەوە کەپێشتر بێ بڕوا بوون خوا لەناویان بەرێت چۆن درۆ دەکەن و لەھەق و ڕاستی لادەدەن
زانا و قەشەکانیان کردوە بەپەروەردگار لەجیاتی خوا ھەروەھا مەسیحی کوڕی مەریەمیش (یان کردوە بە خوا) لە کاتێکدا فەرمانیان پێ نەدراوە بێجگە لەوەی کەیەک خوا بپەرستن کە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە لەئەو پاک و بێگەردی بۆ ئەو (خوا) یەی لەوەی دەیکەنە ھاوبەشی
دەیانەوێت ڕِووناکی (ئاینی) خوا بکوژێننەوە بەفووی دەمیان وە خوا نایەوێت و ناھێلێت و ھەر ڕووناکی خۆی (کە ئاینی پیرۆزی ئیسلامە) تەواو دەکات سەری دەخات (بەسەر تەواوی بێ باوەڕاندا) ھەر چەندە بێ باوەڕان پێیان ناخۆش بێت
خوا زاتێکە کەپێغەمبەرەکەی ناردووە بە ڕێنمونی و ئاینی ڕاست بۆ ئەوەی زاڵی بکات بەسەر ھەموو ئاینەکاندا بە گشتی ھەر چەندە بت پەرستان پێیان ناخۆش بێت
ئەی ئەوانەی کەبڕواتان ھێناوە بەڕاستی زۆر لەزانا و قەشەکانی (جولەکەو گاور) سامان و ماڵی خەڵکی دەخۆن بەناھەق و ڕێگری (خەڵک) دەکەن لەڕێگەی خوا وە ئەوانەی ئاڵتون و زیو سەریەک دەنێن و کۆدەکەنەوە و نایبەخشن و زەکاتەکەی دەرناکەن لە پێناو خودا ئەوە موژدەیان پێ بدە بەسزایەکی ئازاردەر
لە ڕۆژێکدا سوور دەکرێتەوە لەئاگری دۆزەخدا ئەوسا بەو (ئاڵتون و زیوە سوورەوە بووە) داخ دەکرێت ڕوویان و تەنیشتیان و پشتیان (پێیان دەووترێت) ئەمە ئەو (سامانەیە)کۆتان دەکردەوە بۆ خۆتان دەبچێژن (تۆڵەی) ئەوەی کۆتان دەکردەوە
بەڕاستی ژمارەی مانگەکانی (ساڵ) لای خوا دوانزە مانگە لە (لوح المحفوظ) وا دانراوە لەڕۆژێکەوە (خوا) ئاسمانەکان و زەوی دروست کردووە چوار لەو مانگانە گەورەو بەڕێزن (شەڕیان تێدا قەدەغەکراوە) ئەوە ئاینی رێک و ڕاستە کەواتە لەو چوار مانگەدا ستەم مەکەن لەخۆتان (وکوشتاریان تێدا مەکەن) وە بجەنگن لەدژی تەواوی بت پەرستان بەتێکڕا ھەروەک ئەوان دژی ئێوە دەجەنگن بە تێکڕا و (بێ جیاوازی) ئەوەش بشزانن کە بێگومان خوا لەگەڵ پارێزکاران وخواناساندایە (بە چاودێری و پاراستن)
بەڕاستی دواخستن و گۆڕینی (مانگە حەرامەکان) ڕۆچوونە لە بێ باوەڕیدا بێ باوەڕانی پێ گومڕا دەکرێت (دواخستنەکە) ساڵێک حەڵاڵی دەکەن و ساڵێک حەرامی دەکەن بۆ ئەوەی ڕێک ببن لەگەڵ ژمارەی ئەو چوار مانگەی کە خوا ڕێزداری کردوون (جەنگی تێیاندا حەرام کردووە) سەر ئەنجام ئەوەی خوا حەرامی کردبوو حەڵاڵی دەکەن جوان کراوە بۆیان کردەوە ناشیرینەکانیان خواش ڕێنمونی کەسانی بێ باوەڕ ناکات
ئەی ئەوانەی کەباوەڕتان ھێناوە ئێوە چیتانە کاتێک پێـتان بووترێت دەرچن (بۆ جیھاد) لەڕێی خوادا لەشوێنی خۆتان ناجوڵێن (خۆتان دوا دەخەن) ئایا ئێوە ڕازین بەم ژیانەی دونیا لەبری پاشەڕۆژ دەی کامەیە خۆشی و شادیی ئەم ژیانەی دونیا لەبەرامبەری خۆشی پاشە ڕۆژدا زۆر کەمە
ئەگەر نەڕۆن و دەرنەچن (بۆ جیھادکردن) (خوا) سزاتان دەدا بەسزایەکی سەخت و ئازاردەر وە لەبری ئێوە گەلێکی تر دەھێنێت (جیاواز لەئێوە) و ئێوە ھیچ زیانێکی پێ ناگەیەنن وە خوا بەتوانایە بەسەر ھەموو شتێکدا
ئەگەر ئێوە یارمەتی ئەو (پێغەمبەرە ﷺ) نەدەن ئەوە بێگومان خوا یارمەتی داوە کاتێک بێ بڕوایان دەریان کرد لە مەککە پێغەمبەر یەکێک بوو لەو دوو کەسە کاتێک ئەو دووانە (پێغەمبەر و ئەبو بەکر) لەئەشکەوتی (پور) دا بوون ئەو کاتە بەھاوەڵەکەی (بە ئەبوبەکری صدیقی) ووت خەم مەخۆ بێگومان خوا لەگەڵمانە ئەمجا خوا ئارامی و ئاسایشی بۆ ناردە خوارەوە، وە یارمەتیدا بە سەربازانێک کە نەتاندەبینین ووتەی بێ باوەڕانی گێڕا بەژێر کەوتوو و ووتەی خوا ھەر بەرز و بڵندە وە خوا زاڵ و باڵادەست و کاردروستە
بڕۆن و دەرچن (بۆ جیھاد) چ سووک بن (لەش ساغ و دەوڵەمەند و دەسەڵاتداربن) چ قورس و گران بن (نەخۆش و ھەژاربن) و تێبکۆشن بەماڵ و گیانتان لەڕێگەی خوادا ئەوەتان چاکترە بۆتان ئەگەر ئێوە بزانن
ئەگەر دەست کەوتێکی نزیک و سەفەرێکی ئاسان بوایە ئەوا شوێنت دەکەوتن (دەردەچوون لەگەڵتدا) بەڵام (بڕینی) ڕێگەی دوورو دژواری (جەنگی تەبووک) بۆ ئەوان ناڕەحەتە وە بێگومان (پاش گەڕانەوەتان لەتەبووک) سوێند دەخۆن بەخوا ئەگەر بمانتوانیایە لەگەڵتان دەردەچووین (بۆ جیھاد) ئەوانە خۆیان دەفەوتێنن وە خوا دەزانێت بەڕاستی ئەو (دوو ڕووانە) درۆزنن
(ئەی موحەممەد ﷺ) خوا لێت ببورێت لەبەرچی مۆڵەتی ئەو (دوو ڕوانەت) دا ھەتا بۆت دەرکەوێت ئەوانەی کەڕاستیان کرد وە درۆزنەکان بناسیت
(ئەی موحەممەد ﷺ) مۆڵەتت لێ وەرناگرن (بۆ ئەوەی خۆیان دوا بخەن لە جیھادکردن) ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە بەخوا و بەڕۆژی دوایی کە تێبکۆشن بەماڵ و گیانیان وە خوا بە ئاگاو زانایە بەخۆ پارێزەران
بەڕاستی ئەوانە مۆڵەتت لێ وەردەگرن (کە نەیەن بۆ جیھاد کردن) کە بڕوایان نیە بەخوا و بە ڕۆژی دوایی و دڵەکانیان لە گومان و دوو دڵیدایە بۆیە ئەوانە لە گومان و دوودڵی خۆیاندا سەرگەردانن
ئەگەر بیان ویستایە دەربچن (بۆ جیھادکردن) ئەوە ھۆ و کەرەستەی پێویستیان بۆ ئامادە دەکرد (لەچەک و ووڵاخ وتفاقی جەنگ) بەڵام خوا دەرچوونی ئەوانی پێ ناخۆش بوو بۆیە (خوا) خاوی کردنەوە (لەدەرچوون بۆ جیھاد) پێیان ووترا دانیشن لەگەڵ جێماواندا
ئەگەر لەگەڵتاندا دەرچوونایە ھیچ شتێکیان بۆ زیاد نەدەکردن بێجگە لە تێکدان و خراپەکاری نەبێت و نێوان ئێوەیان تێک دەدا (بەدوو زمانی و ھاتو ھوت) ئاژاوەیان بۆ دەنانەوە، وە لەناو ئێوەدا خەڵکانێک ھەن چاک گوێیان لێ دەگرن وە خوا بەئاگا و زانایە بەستەمکاران
سوێند بەخوا بەڕاستی دەستیان دابوویە ئاژاوە و (بشێوی) لەمەو پێش و جۆرەھا فەرمان و پیلانیان بۆ (لاوازکردنت) بەکارھێنا ھەتا ڕاستی ھات وە کارو فەرمانی خوا سەرکەوت کە ئەوان پێیان ناخۆش بوو
وە ھەندێک کەس لەوانە دەڵێن (ئەی موحەممەد ﷺ) ڕوخسەتم بدە (با نەیەم بۆ جیھادکردن) و تووشی گوناھو خراپەم مەکە ئاگاداربن (لەئێستەوە) کەوتوونەتە ناو گوناھو خراپەوە و بێگومان دۆزەخ دەوری بێ باوەڕانی داوە
ئەگەر بەھرە و چاکە و سەرکەوتن بێـتە ڕێگات ناڕەحەت و غەمبار دەبن وە ئەگەر ناڕەحەتی و تێشکانت تووش بێت (بەکەشخەوە) دەڵێن بەڕاستی ئێمە کاری خۆمان کرد لەمەو پێش جا ڕوو وەردەگێڕن بەخۆشحاڵی و شادمانیەوە
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھیچمان تووش نابێت جگە لەوەی کەخوا نوسیویەتی بۆمان خوا پشتیوانی ئێمەیە وە بڕواداران با تەنھا پشت بەخوا ببەستن
(پێیان) بڵێ: ئایا چاوەڕوانی چی دەکەن بۆ ئێمە بێجگە لە یەکێک لە دوو شتە زۆر چاکە کە (سەرکەوتن یان شەھید بوونە لە پێناو خوادا) ئێمەش چاوەڕوانین بۆ ئێوە کەخوا دووچارتان بکات بەسزایەک لەلایەن خۆیەوە یان بەدەستی ئێمە کەواتە چاوەڕوانی بکەن بێگومان ئێمە لەگەڵ ئێوەدا چاوەڕوانین
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ماڵ ببەخشن بەخۆشی خۆتان یان بەزۆر و ناچاری ھەرگیز لێـتان وەرناگیرێت چونکە بەڕاستی ئێوە کۆمەڵێکی لەسنوور دەرچوو بوون
وە ھیچ شتێک ڕێگری ئەوانەی نەکردووە کە گیرا بکرێت لێـیان ئەوەی کە بەخشییان بێجگە لەوەی کە بێگومان ئەوانە بێ باوەڕبوون بەخوا و پێغەمبەرەکەی وە نایەن بۆ نوێژکردن بەتەمەڵی نەبێت وە (ھیچێک) نابەخشن ئیللا پێـیان ناخۆشە و ناچارن
جا با سەرنجت ڕانەکێشێت (سەرسامت نەکات) (زۆری) ماڵ و دارایی و منداڵیان بێگومان خوا دەیەوێت سزایان بدات بەھۆی ئەو (ماڵ و منداڵەوە) لەم ژیانی دونیایەدا وە بەسەختی گیانیان دەربچێت لەکاتێکدا کەئەوان بێ باوەڕن
وە سوێند دەخۆن بەخوا کەبەڕاستی ئەوان لەئێوەن (لە باوەڕدارانن) کەچی لەئێوە نین بەڵکو ئەوانە کۆمەڵێکن زۆر دەترسن (زراویان چووە)
ئەگەر پەنایەکیان دەست کەوێت یان ئەشکەوتانێک یان کون و قوژبن و نەفەقێک پەنای بۆ دەبەن و (ڕووی تێدەکەن) لەکاتێکدا زۆر بەپەلە ڕادەکەن (یان ھیچ شتێک جڵەویان ناگرێت)
وەھەندێ کەس لەوانە ڕەخنەو توانجت لێ دەگرن لەدابەش کردنی خێرەکاندا (یان زەکاتدا) خۆ ئەگەر لەو خێر و سەدەقەیان پێ بدرێت ڕازی دەبن وە ئەگەر پێیان نەدرێ لێی ئەو کاتە ئەوان تووڕە و ناڕازی دەبن
وە بەڕاستی ئەگەر ئەوانە ڕازی بوونایە بەوەی خواو پێغەمبەرەکەی ﷺ پێی دابوون وە بیانووتایە خوامان بەسە لەمەو پاش خوا پێمان دەبەخشێت لە فەزڵ ومیھرەبانی خۆی ھەروەھا پێغەمبەرەکەشی (بەشمان دەدات) بەڕاستی ئێمە بەسۆز و پەرۆشین بۆ لای خوا
بەڕاستی (زەکات) دان تەنھا (بۆ ئەم کومەڵانەیە کە خوای گەورە باسی کردوون) ئەوانیش بۆ بێ نەوایان وە بۆ ھەژاران وە بۆکرێکارانێک کەبەسەریەوەن (زەکات کۆدەکەنەوە) وە ئەوانەی دڵیان دا ئەھێنرێت (بۆ خۆشویستنی ئیسلام) وە بۆ ئازاد کردنی بەندە و کۆیلەکان وە بۆ قەرزاران وە بۆ جەنگاوەرانی ڕێی خوا و بۆ ڕێبوارانی پەککەوتە ئەمە پێویست کراوە وفەرزکراوە لەلایەن خواوە، وە خوا زانا و کاردروستە
وە لەو ناپاکانەدا کەسانێک ھەیە کە ئازاری پێغەمبەر ﷺ دەدەن و دەڵێن ئەو خۆش باوەڕ و گوێگرە بۆ ھەموو شت تۆش بڵێ گوێگری چاکەیە (کە قازانجە) بۆتان باوەڕی ھەیە بەخوا و باوەڕی بەئیمانداران ھەیە و میھرەبانیە بۆ ئەوانەی بڕوایان ھێناوە لە ئێوه، وە ئەوانەی کە ئازاری پێغەمبەری خوا ﷺ دەدەن سزایەکی ئازاردەریان بۆ ھەیە
(ناپاکان) بەخوا سوێندتان بۆ دەخۆن بۆ ئەوەی لێیان ڕازی بن وە خواو پێغەمبەرەکەی شایستە ترە بەوەی کەڕازی بکەن ئەگەر ئەوانە بڕوادارن
ئایا ئەوانە نازانن بێگومان ھەرکەس دژایەتی خواو پێغەمبەرەکەی بکات ئەوە بێگومان (تۆڵەی) ئەو کەسە ئاگری دۆزەخە بۆ ھەمیشەیی تیایدا دەمێنێتەوە ئەوەیە ڕیسوایی و زەبوونی زۆر گەورە
دوو ڕووەکان مەترسی دەکەن لەوەی کە سورەتێک دەربارەیان بنێررێتە خوارەوە کە ھەواڵیان لەسەربدات بەوەی کەلە دڵیاندایە (ئەی موحەممەد ﷺ بڵێ: گاڵتە و لاقرتی بکەن بەڕاستی خوا دەرخەر و ئاشکراکاری ئەوەیە کەمەترسی لێدەکەن
سوێندبێت ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت بەڕاستی دەڵێن دڵنیابن ئێمە ھەر دەمەتەقێ و گاڵتە دەکەین تۆش بڵێ: ئایا بە خواو بەڵگەکانی و پێغەمبەرەکەی ئێوە گاڵتە و لاقرتیتان دەکرد؟
بەھانە مەھێننەوە بەڕاستی ئێوە بێ بڕوا بوونەوە پاش بڕوا ھێنانتان ئەگەر ببورین و چاوپۆشی بکەین لە کۆمەڵ و تاقمێکتان (بەھۆی گەڕانەوەتانەوە) سزای کۆمەڵ و تاقمێکی تر دەدەین لەبەرئەوەی بێگومان ئەوانە تاوانبار بوون
پیاوانی دوو ڕوو و ئافرەتانی دوو ڕوو ھەندێکیان پشتیوانی ھەندێکیانن فەرمان دەکەن بە خراپە و ڕێگری دەکەن لە چاکە و دەستیان دەقوچن (وخێر ناکەن) خوایان لە بیر چۆتەوە بۆیە خواش لەبیری کردوون و وازی لێ ھێناون بەڕاستی دووڕووەکان ھەر ئەوانن کەدەرچوون لەسنوور
خوا بەڵێنی داوە بە پیاوو ئافرەتە دوو ڕووەکان و بەبێ باوەرانیش بە ئاگری دۆزەخ دەمێننەوە تیایدا بە ھەمیشەیی ئاگری دۆزەخیان بەسە و خوا نەفرەتی لێ کردوون و سزای ھەمیشەییان بۆ ھەیە
(ئێوە ئەی دوو ڕووەکان) وەک ئەوانەن لەپێش ئێوەدا بوون ئەوانە زۆر بەھێز تر بوون لەئێوە و ماڵ و سامان و منداڵیشیان زۆرتر بوو (لەئێوە) ئەمجا ئەوان شادمان بوون بەشی خۆیان ڕایان بوارد وە ئێوەش ڕاتان بواردو شادمان بوون بە بەشەکەی خۆتان ھەر چۆنێک ئەوانەی لەپێش ئێوە شادمان بوون بە بەشی خۆیان وە ئێوە ڕۆچوون لەناھەق و بەتاڵدا بەوێنەی ڕۆچوونی ئەوان ئەوانە کردەوەکانیان پوچەڵ و بێسوود بوو لەدونیاو ڕۆژی دواییشدا وە ھەر ئەوانەن زەرەرمەندو ڕەنجەڕۆن
ئایا نەھاتووە بۆیان و پێیان نەگەیشتووە ھەواڵی ئەوانەی کەلەپێش ئەمانەوە بوون لەگەلی نوح وعاد و سەموود (ھۆزی صالح) وە گەلی ئیبراھیم و خەڵکی مەدیەن و شارەکانی ژێرو زەبەر کراو (ھۆزی لوط) پێغەمبەرەکانیان ھاتن بۆ ناویان بە بەڵگە ڕوونەکانەوە جا خوا ستەمی لێ نەکردن بەڵکو ئەوانە خۆیان ستەمیان لەخۆیان کرد
پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار ھەندێکیان پشتیوان و یارمەتیدەر و خۆشەویستی ھەندێکی تریانن فەرمان دەدەن بەچاکە و ڕێگری دەکەن لەخراپە و بەڕێک و پێکی نوێژ جێبەجێ دەکەن و زەکاتی (سامانیان) دەدەن وە گوێڕایەڵی خواو پێغەمبەرەکەی دەکەن ئەوانە لەداھاتوودا خوا ڕەحمیان پێدەکات بەڕاستی خوا بەدەسەڵات و کار دروسته
خوا بەڵێنی داوە بە پیاوان و ئافرەتانی بڕوادار بە بەھەشتانێک کەڕوبارەکان دەڕۆن بەژێریاندا تێیدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی و (بەڵێنی پێداوون) بەچەند کۆشکی چاک و ڕازاوە لە بەھەشتانێکی ھەمیشەییدا و ڕەزامەندیش لەلایەن خواوە کە گەورەترە (لە ھەموو شتێک) ھەر ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
ئەی پێغەمبەر ﷺ جیھاد بکە دژی بێ باوەڕان ودووڕوەکان وە توند و تیژ بەلەدژیان شوێنی حەوانەوەی ئەوانە دۆزەخە کە دواڕۆژ و چارە نوسێکی خراپە
(دوو ڕووەکان) سوێند دەخۆن بەخوا (ئەو ووتانەی دراوەتە پاڵیان) نەیانوتووە سوێند بەخوا بێگومان ووتەی بێ باوەڕییان ووتووە وە بێ بڕوا بوونەتەوە لەپاش موسوڵمان بوونیان و نیازی شتێکیان بوو بەڵام بۆیان نەکرا (کوشتنی پێغەمبەر ﷺ کاتی گەڕانەوەی لەتەبووک) وە ھیچ ڕەخنەو ڕقێکیان نەبوو تەنھا لەبەر ئەوە نەبێت کە خواو پێغەمبەرەکەی و (بڕوادارانیان) دەوڵەمەند کردوە لە فەزڵ و بەھرەی خۆی ئەمجا ئەگەر ئەوان بگەڕێنەوە وپەپشیمان ببنەوە ئەوە چاکترە بۆیان وە ئەگەر ڕوو وەرگێڕن و (نەگەڕێنەوە) ئەوە خوا سزایان دەدات بەسزایەکی سەخت لە دونیا و پاشەڕۆژدا وە لەزەویدا نیە بۆ ئەوان ھیچ دۆست و یارمەتیدەرێک
وە لەناپاکان کەسانێک ھەن کەپەیمانیان داوە بەخوا سوێند بەخوا ئەگەر خوا لە فەزڵ و بەھرەی خۆی پێمان ببەخشێت ئەوە بێگومان خێر وچاکە دەکەین وە بێگومان لە چاکەکاران دەبین
کەچی کاتێک خوا لە فەزڵ و بەھرەی خۆی پێی بەخشین ڕژدی و چروکیان تێداکرد و پشتیان ھەڵکرد لەکاتێکدا ئەوانە ڕوو وەرگێڕن
ئەمجا خواش سەرئەنجامی ئەوانی گێڕا بەدوو ڕوویی لەدڵیاندا ھەتا ئەو ڕۆژەی بەدیداری (خوا) دەگەن بەھۆی نەبرد نەسەری ئەو بەڵێنەی کەدابوویان بەخوا و بەھۆی ئەوە شەوە درۆیان دەکرد
ئایا نەیان زانیوە کەبێگومان خوا ئاگادارە بەنھێنی و چپەیان بەڕاستی خوا ئەو پەڕیڕادە ئاگاو زانایە بەشاراوە و پەنھانەکان
ئەو کەسانەی کەتانە و تەشەر دەدەن لەو باوەڕدارانەی جگە لە زەکات ماڵ و سامانیان دەبەخشن وە (تانە وتەشەر دەدەن) لەوانەی کەتەنھا کەمێکیان ھەیە بەزەحمەت پەیدایان کردووە ئەوسا ھەر گاڵتەشیان پێدەکەن خوا گاڵتە بەوان دەکات (لەبەرامبەر گاڵتەی ئەواندا) و سزای سەخت بۆ ئەوانە
(ئەی موحەممەد ﷺ) داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت یان داوای لێخۆشبوونیان بۆ نەکەیت (یەکسانە) ئەگەر داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت حەفتا جار ئەوە خوا ھەرگیز لێیان خۆش نابێت ئەوەش بەھۆی ئەوەیە بێگومان ئەوانە بێ باوەڕ بوون بەخوا و پێغەمبەرەکەی وە خوا ڕێنمونی خەڵکانی دەرچوو لەئاین ناکات
(ئەو دوو ڕووانەی) دواکەوتن لە جیھاد کردن و (لەمەدینەدا مابوونەوە) دڵخۆش بوون بەدانیشتن و بەجێمانیان لە پێغەمبەری خوا (لەجەنگی تەبوکدا) وە پێیان ناخۆش بوو کەجیھاد بکەن و تێبکۆشن بەماڵ وگیانیان لەڕێی خوادا (بەئیماندارانیان) دەووت لەم (وەرزە) گەرمایەدا دەرمەچن بۆ جیھاد (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ئاگری دۆزەخ زۆر گەرمترە (لەم گەرمایە) ئەگەر ئەوانە تێبگەن و بزانن
دەی با کەم پێ بکەنن و زۆر بگرین (ئەو سزایە) تۆڵەو پاداشتی ئەو کردەوانەیە کەدەیان کرد
ئەوسا ئەگەر خوا تۆی گەڕاندەوە (ئەی موحەممەد ﷺ لەتەبوک) بۆلای کۆمەڵێک لەو بەجێماوانە و داوایان لێ کردیت بۆ دەرچوون (بۆ غەزایەکی تر) تۆش بڵێ: ھەرگیز ئێوە لەگەڵ مندا دەرناچن بۆ جیھاد و ھەرگیز ئێوە لەگەڵ مندا جەنگ ناکەن لەگەڵ ھیچ دوژمنێکدا چونکە بێگومان ئێوە ڕازی بوون بەدانیشتن لەیەکەم جاردا کەواتە ھەر دانیشن لەگەڵ بەجێماواندا
وە (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆ نوێژ مەکە لەسەر ھیچ کەسێک لەوانە کەمرد ھەتا ھەتایە وە ڕامەوەستە لەسەر گۆڕەکەی بێگومان ئەوانە بێ باوەڕ بوون بەخوا و پێغەمبەرەکەی و مردن لەکاتێکدا ئەوانە بەردەوام سنوورشکێن بوون
وە(ئەی موحەممەد ﷺ) باسەرت سوڕنەھێنێت ماڵ و منداڵی زۆریان بەڕاستی خوا دەیەوێت بەوە (بەو ماڵ و منداڵ زۆریەیان) سزایان بدات لەدونیادا وە گیانیان دەربچێت لەکاتێکدا ئەوانە بێ باوەڕن
و ھەر کاتێک سورەتێک بنێردرێتە خوارەوە بەمەی کەباوەڕ بەخوا بھێنن و جیھاد و تێکۆشان بکەن لەگەڵ پێغەمبەرەکەیدا مۆڵەتت لێ وەردەگرن ئەوانەیان کەخاوەن دەسەڵات و سامانن و دەڵێن لێمان گەڕێ و وازمان لێ بھێنە با لەگەڵ دانیشتووەکاندا بین (وەک ئافرەت و منداڵ وپەککەوتەکان)
ڕازی بوون بەوەی کەلەگەڵ بەجێ ھێڵراوان دا بن (وەک ئافرەت و منداڵ و پەککەوتەکانان) وە مۆر نراوە بەسەر دڵیاندا بۆیە ئەوان ھیچ تێناگەن و نازانن
بەڵام پێغەمبەر ﷺ و ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە لەگەڵیدا تێکۆشان بەماڵ و گیانیان ھەموو خێر و خۆشی ھەر بۆ ئەوانە وە ھەر ئەوانە سەرفرازن
خوا بەھەشتانێکی بۆ ئامادە کردوون کەڕووبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا بەھەمیشەیی تیایدا دەمێننەوە ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
بیانوگران لەعەرەبە دەشتەکییەکان ھاتن (بۆ لای پێغەمبەر ﷺ) بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت (نەڕۆن بۆ جیھاد کردن) وە دانیشتن ئەوانەی کەدرۆیان کرد لەگەڵ خوا و پێغەمبەرەکەی بێگومان ئەوانەیان کە بێ بڕوا بوون لە داھاتودا دوو چاریان دەبێت سزایەکی سەختی ئازاردەر
(گوناھێک) لەسەر بێ ھێز و پەککەوتە ونەخۆشەکان نیە ئەوانەش کەھیچیان نیە خەرجی بکەن (بۆ پێویستی جیھاد) ھیچ گوناھێکیان لەسەر نیە (کەنەڕۆشتوون بۆ جیھاد کردن) کاتێک دڵسۆز و دروست بن بۆ خوا و پێغەمبەرەکەی ھیچ ڕێگەیەک نیە بۆ (تاوانبار کردنی) ئەو چاکەکارانە وە خوا لێخۆشبوو و میھرەبانە
وە تاوان لەسەر ئەو کەسانەش نیە کە ھاتنە لات (ئەی موحەممەد ﷺ) بۆ ئەوەی (ووڵاخیان بۆ دابین کەیت) و سواریان کەیت ووتت ووڵاخم دەست ناکەوێت سوارتان بکەم (بۆ جیھاد کردن) ئەوانیش گەڕانەوە لەکاتێکدا چاویان فرمێسکی دەڕشت لەداخ و خەفەتدا کەھیچیان نەبوو خەرجی بکەن (بۆ پێداویستی جیھاد)
تەنھا ڕێگە (بۆ تاوانبارکردن) لەسەر ئەوانەیە داوای مۆڵەتت لێ دەکەن لەکاتێکدا دەوڵەمەندن و (توانای ڕۆیشتن بۆ جیھادیشیان ھەیە) ڕازی بوون بەوەی کە لەگەڵ بەجماوەکاندا بن (لە جیھاد وەک ئافرەت و منداڵ و نەخۆش) وە خوا مۆری ناوە بەسەر دڵیاندا بەھۆیەوە ھیچ نازانن
عوزر و بەھانەتان بۆ دەھێننەوە کاتێک (لەجیھاد وغەزا) گەڕانەوە بۆلایان بڵێ بەھانە و عوزر مەھێننەوە ئێمە ھەرگیز باوەڕتان پێ ناکەین چونکە بەڕاستی خوا ئاگاداری کردووین لە ھەواڵەکانتان (کە ئێوە ناپاک و دوو ڕوون) وە لە داھاتوودا خوا و پێغەمبەرەکەی کردەوەکانتان دەبینن پاشان (لەڕۆژی دواییدا) دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای زانای ھەموو نھێنی و ئاشکراکان (کە خوای گەورەیە) ئەمجا ھەواڵتان پێدەدات بەوەی لە دونیادا دەتان کرد
بەزوویی سوێندتان بۆدەخۆن بەخوا کاتێک گەڕانەوە بۆلایان بۆ ئەوەی چاوپۆشیان لێ بکەن و سەرزەنشتیان نەکەن ئێوەش ڕوویان لێوەرگێڕن بەڕاستی ئەو (دوو ڕووانە) پیس و (نەگریسن) وە جێگایان دۆزەخە (لە ڕۆژی دواییدا) تۆڵەیان لێ دەسەنرێت بەھۆی ئەو تاوان وخراپەی لەدونیادا دەیان کرد
(بە درۆ) سوێندتان بۆ دەخۆن بۆ ئەوەی لێیان ڕازی بن جا ئەگەر ئێوەش لێیان ڕازی بن ئەوە بێگومان خوا ڕازی نابێت لەکەسانی دەرچوو لەسنوور (تاوانبار)
عەرەبە دەشتەکیەکان بێ بڕوایی و دوو ڕووییان بەھێز ترە و شایستەترن کە نەزانن ئەو سنوورانەی خوا ناردوویەتیە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەرەکەی ﷺ وە خوا زانا وکاردروستە
وە لەو عەرەبە دەشتەکیانەدا ھەندێک ھەیە ئەوەی لێی وەردەگیرێت و دەی بەخشێت بەباج و سەرانەی دادەنێت وە چاوەڕوانی دەکەن بەسەر ھاتی خراپتان بەسەردا بێت بەڵاو بەسەر ھاتی خراپ بە سەر خۆیاندا بێت خواش بیسەر و زانایە
وە ھەندێکی تر لەو عەرەبە دەشتەکیانە ھەیە کە باوەڕیان بەخوا و بەڕۆژی دوایی ھەیە وە وای دادەنێت ئەوەی دەی بەخشێت ھۆی نزیک بوونەوەیە لە خوا وە دوعا کردنی پێغەمبەر ﷺ بێداربن بێگومان ئەوە ھۆی نزیک بوونەوەیانە لەخواوە لە ئایندەدا خوا دەیانخاتە ناو میھرەبانی و ڕەحمەتی خۆیەوە بێگومان خوا لێبوردە و میھرەبانە
وە پێشکەوتووە یەکەمەکان (ئەوانەی لەسەرەتاوە باوەڕیان ھێنا) لەکۆچەران و یاریدەدەران ئەوانەش زۆر بە چاکی پەیڕەوی ئەوانیان کردووە و شوێنیان کەوتوون خوا لێیان ڕازیە ئەوانیش لەخوا ڕازین وە (خوا) بەھەشتانێکی بۆ ئامادە کردوون کە ڕووبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا تێیدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوە ئەوەیە گەیشتن بە ئامانجی گەورە
و لەو عەرەبە دەشتەکیانەی کە لە دەورو بەرتاندان ناپاکانێک ھەن ھەندێک لەخەڵکی مەدینەش لەسەر ناپاکی ڕاھاتوون و خۆیان بۆ تەرخان کردووە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) نایانناسیت ئێمە چاک دەیا نناسین لە ئایندەدا دووجار سزایان دەدەین دواتریش دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو سزایەکی گەورە (بۆ دۆزەخ)
وە کەسانێکی تر ھەن دانیان ناوە بەگوناھەکانیاندا کردەوەی چاکیان تێکەڵ کردووە لەگەڵ کردەوەی تری خراپدا ئومێد وایە خوا تۆبەیان لێ وەرگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و میھرەبانە
وەربگرە لەماڵ و داراییان (زەکات و سەدەقە) تا بەھۆیەوە پاکیان بکەیتەوە (لە گوناھو تاوان) و (دڵیان) پوخت و خاوێن دەکەیت بەو ماڵ بەخشینە و دوعا و نزای خێریان بۆبکە بەڕاستی دوعای تۆ ئارامی و دڵ خۆشیە بۆ ئەوان وەخوا بیسەر و زانایە
ئایا نەیان زانیوە کە بێگومان ھەر خوا تەوبە و پەشیمانی لە بەندەکانی وەردەگرێت وە ھەر ئەو خێر وبەخشینەکان وەردەگرێت وە بەڕاستی ھەر خوایە وەرگری تەوبە یە و میھرەبانە (لەگەڵ بەندەکانیدا)
(ئەی موحەممەد ﷺ بەوانە) بڵێ: کارو کردەوە بکەن جا بێگومان خوا و پێغەمبەرەکەی و بڕواداران کردەوەکانتان دەبینن لەپاشان دەگەڕێنرێنەوە بۆلای (خوای) زانا بە ھەموو نھێنی و ئاشکراکان ئەمجا ھەواڵتان دەداتێ بەھەرچی کە ئێوە لە دونیادا دەتان کرد
(لە بە جێماوەکاندا) کەسانێکی تر ھەبوون کە دواخران بۆ فەرمان و بڕیاری خوا یان سزایان دەدات یان پەشیمانیان لێ وەردەگرێت وە خوا زانا و کار دروستە
وە (لەناپاکان) ئەوانەی مزگەوتێکیان دروست کرد بۆ زیان گەیاندن (بە موسڵمانان) و خوانەناسی و جیاوازی خستنە نێوان ئیمانداران و بۆ چاوەڕوانی کردنی کەسانێک کە دژایەتی خوا و پێغەمبەرەکەیان کردوە لەوەو پێش بێگومان (ئەو دوو ڕووانە) سوێند دەخۆن (دەڵێن) تەنھا چاکەمان ویستووە بەڵام خوا شایەتی دەدات کە بەڕاستی ئەوانە درۆزنن
ھەرگیز نوێژ (لەو مزگەوتەدا) نەکەی (ئەی موحەممەد ﷺ) بێگومان مزگەوتێک کە لەسەر بناغەی تەقوا و لە خوا ترسان دامەزرا بێت لە یەکەم ڕۆژەوە (یەکەم ڕۆژ ھاتنت بۆ شاری مەدینە) شایستەترە کە نوێژی تێدا بکەیت پیاوانێکی تێدایە پێیان خۆشە کە خۆیان خاوێن و پاک بکەنەوە (لەژەنگ وژاری سەردەمی نەفامی) خوایش ئەوانەی خۆش دەوێت کە دەیانەوێت خۆیان پاک بکەنەوە
جا ئایا کەسێک بناغەی مزگەوتەکەی دامەزراند بێت لەسەر خواناسی و بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی خوا چاکترە یان کەسێک بناغەی مزگەوتەکەی دامەزراند بێت لەسەر لێواری کەندەڵانێکی فشەڵ و ڕووخەک جا بەخۆیەوە بڕوخێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە، وە خوا ڕێنمونی کەسانی ستەمکار ناکات
بەردەوام ئەو دروست کراوەیان کە دروستیان کرد ھۆی بێ ئارامی و گومانە لە دڵیاندا (واتە ھەرگیز لە دڵیان دەرناچێت) مەگەر دڵیان پارچە پارچە بکرێت و (بمرن) وە خوا زانا و کار دروستە
بەڕاستی خوا کڕیویەتی لە باوەڕداران گیان و ماڵیان بەوەی کە بەھەشتیان دەداتێ لە بریتیدا (ئەو بڕوادارانە) دەجەنگن لە ڕێی خوادا ئەمجا (بێ باوەڕان) دەکوژن و (خۆشیان) دەکوژرێن (شەھید دەبن) ئەمە بەڵێنێکی ڕاستە (و خـوا بـڕیـاری داوە) لەسەرخۆی لە تەورات و ئینجیل و قورئاندا جا کـێ بە بەڵێن و پەیمانی خۆی وەفادارترە وەک خوای گەورە؟ کەواتە مژدە بەخشن و شادمان بن بەو فرۆشتنەتان کە مامەڵەتان پێوە کرد (بە ڕاستی) ھەر ئەوەیە گەیشتن بە ئامانجی زۆر گەورە
(موجاھیدانی ڕێگای خوا، ئەمانە سیفەتیانە) تۆبەکارن خواپەرستن سوپاسگوزار وگەشتیارن (کۆچەرن لەپێناو خوادا) کـڕنوش و سـوژدە بەرن (نوێژ خوێنن) فەرمـاندەرن بەچاکە و ڕێگریکەرن لـە خراپە پـارێــزەران بۆ سنوورەکانی خوا جا (ئەی موحەممەد ﷺ) موژدە بدە بەو باوەڕدارانەی (ئەو سیفاتانەیان تێدایە)
ڕەوا وشایستە نیە بۆ پێغەمبەر وباوەڕداران کە داوای لێخۆشبوون بکەن بۆ ھاوبەشدانەران با خزمی نزیکیشیان بن لە پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوتووە کە بێگومان ئەو (ھاوبەشدانەرانە) ھاوەڵ و پێڕی دۆزەخن
وە داوای لێخۆشبوونی ئیبراھیم بۆ باوکی تەنھا لەبەر وادە و بەڵێنێک بوو کە بە باوکی دابوو (کە داوای لێخشبوونی بۆ بکات) جا کاتێک بۆی ڕوون بوویەوە کە بێگومان باوکی دوژمنی خوایە خۆی لێبەری کرد بەڕاستی ئیبراھیم زۆر لە خوا ترس و لەسەر خۆ بوو
وە خوا ھیچ گەل وھۆزێک گومڕا ناکات دوای ئەوەی ڕێنمونی کردوون ھەتا بۆیان ڕوون نەکاتەوە ئەوەی پێویستە خۆیانی لێ بپارێزن بێگومان خوا زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک
بێگومان ھەر بۆ خوایە پادشایەتی وموڵکی ھەموو ئاسمانەکان و زەوی (خوا) دەژێنێت و دەشمرێنێت وە بێجگە لەخوا بۆ ئێوە نیە ھیچ دۆست و فریادڕەس و یارمەتیدەرێک
بێگومان خوا تەوبەی وەرگرت لە پێغەمبەر ﷺ و لەو کۆچەر و یاریدەرانەی کە شوێنی (پێغەمبەر ﷺ) کەوتن لە کاتی سەختی و ناڕەحەتیدا (مەبەست پێی جەنگی تەبوکە) پاش ئەوەی نزیک بوو دڵی کۆمەڵێکیان لە ھەق لابدات پاشان خوا تەوبەی لێ وەرگرتن بە ڕاستی خوا لەگەڵیان دڵسۆز و میھرەبانە
ھەروەھا (خوا تەوبەی وەرگرت) لەو سێ کەسەش کە دواخران (خوا دەربارەیان بڕیاری نەدابوو) ھەتا ئەو کاتەی لێیان تەسک بوویەوە زەوی بەو فراوانیەی کەھەیەتی و بێزاربوون لەگیانی خۆشیان و زانیان ھیچ پەناگەیەک نیە لە (سزای) خوا مەگەر پەنایی خۆی نەبێت پاشان پەشیمانی لێ وەرگرتن (بە دابەزاندنی چەند ئایەتێک) بۆ ئەوەی تۆبە بکەن بەڕاستی خوا ھەمیشە تۆبە وەرگری میھرەبانە
ئەی ئەوانەی بڕواتان ھێناوە خۆتان بپارێزن لە (تۆڵەی) خوا وەلەگەڵ ڕاست گۆیاندا بن و لەڕیزی ئەواندابن
نەدەبوو خەڵکی مەدینە و ئەو عەرەبە دەشتەکیانەی بەدەوور و بەریاندان لە پێغەمبەری خوا ﷺ بەجێ بمێنن و دوابکەون (لەجیھادکردن) و گیانی خۆیان لە گیانی پێغەمبەر ﷺ خۆشتربوێت ئەوە لەبەر ئەوەیە کە بێگومان ئەوان دووچاریان نابێت ھیچ تینوویەتی و ماندوو بوون و برسێتیەک لەڕێی خوادا ھەروەھا پێ ناخەنە ھیچ شوێنێک (لەخاکی کافران) کە ڕقی کافرانی پێ ھەڵسێ و توڕەیان کات وە ھیچ زیانێک لە دوژمن نادەن (دیل کردن و کوشتنیان یا گرتنی ماڵ و سامانیان) ئیلا بەم کردەوانە بۆیان دەنوسرێت کردەوەیەکی چاک بێگومان خوای گەورە پاداشتی چاکە کاران وون ناکات
وە ھیچ شتێک (لەڕێگەی خودا) نابەخشن بچووک بێت یان گەورە (کەم بێت یان زۆر) و ھیچ دۆڵ وشیوێک نابڕن ئیلا بۆیان دەنووسرێت بۆ ئەوەی خوا پاداشتیان بداتەوە بەچاکترین پاداشتی ئەوەی کە دەیانکرد
وە نەدەبوو باوەڕداران تێکڕا ھەموو دەرچن و بڕۆن (بۆجیھاد کردن) ئەگەر دەربچوونایە لە ھەموو کۆمەڵێکیان چەند کەسێک بۆ ئەوەی لە ئاینەکەیان تێبگەن و شارەزابن بۆ ئەوەی گەل و ھۆزەکەیان (شارەزا بکەن لەوەی کە فێری بوون) بیشیان ترسێنن (لەئاگری دۆزەخ) کاتێک گەڕانەوە (لەجیھاد کردن) بۆلایان بۆ ئەوەی ئەوانیش (شارەزاببن) وبێدار ببنەوە (لەنەزانی)
ئەی ئەوانەی کە ئیمانتان ھێناوە بجەنگن لەدژی ئەوانەی کە نزیکن لێتانەوە لە بێ بڕوایان وە با بێ باوەڕان لە ئێوەدا توند و تیژی ببینن و بزانن بێگومان خوا لەگەڵ پارێزکاران و لەخوا ترساندایە
وە کاتێک سورەتێک (لەقورئان) بنێردرێتە خوارەوە (دوو ڕووەکان) ھی وایان ھەیە دەڵێت کام لە ئێوە باوەڕی بەم (سورەتە) زیادی کرد جا ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە ئەمە ئیمانیان زیاد دەکات (و بەھێزتر دەبێت) وە ئەوان مژدە بەخشن و خۆش حاڵن
بەڵام ئەوانەی لەنێو دڵیاندا نەخۆشی (و ناپاکی) ھەیە (وەک دوو ڕوەکان) ئەوە سورەتەکە بۆیان زیاد دەکات سەرەڕای پیسی و ناپاکی خۆیان پیسی و ناپاکی تر ئەو (ناپاکانە) دەمرن لەکاتێکدا کە بێ بڕوان
ئایا ئەوانە نازانن و نابینن بێگومان ئەوان تاقی دەکرێنەوە لەھەموو ساڵێکدا جارێک یان دووجار پاشان ئەوان ناگەڕێنەوە و تۆبەناکەن و پەند وەرناگرن
وە کاتێک سورەتێک بنێردرێتە خوارەوە (ئەو دووڕوانە) دەڕوانن بۆ یەکتری (دەڵێن) ئایا ھیچ کەس دەتان بینێت؟ پاشان (بە دزیەوە) دەگەڕێنەوە خوا دڵیانی وەرگێڕا (لە بڕواھێنان) چونکە بەڕاستی ئەوانە کۆمەڵێکن ھیچ تێ ناگەن
سوێند بەخوا بەڕاستی بۆتان ھاتووە پێغەمبەرێک لە خۆتان قورس و گرانە بەلایەوە ناڕەحەتی و ناخۆشی ئێوە زۆر سوورە لەسەر (باوەڕھێنان) تان بۆ بڕواداران زۆر دڵسۆز و میھرەبانە
جا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕاو گوێیان پێ نەدایت ئەوسا بڵێ من تەنھا خوام بەسە کە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لە ئەو تەنھا پشت بەو دەبەستم ئەویش پەروەردگاری عەرشی گەورەیە
Icon