ترجمة سورة الإنسان

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الإنسان باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بێگومان بەسەر ئادەمی دا تێپەڕی ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژگار کە شتێکی وانەبوو ناوببرێت
بەڕاستی ئێمە ئادەمیزادمان دروست کرد لە دڵۆپێك ئاوی تێکەڵ لە گەلێ توخم تا تاقی بکەینەوە
ئەمجا ژنەواو وبینا مان کرد (چاو وگوێمان پێبەخشی)
بێگومان ئێمە ڕێنموونیمان کرد بۆ ڕاستەڕێ، جا یان سوپاسگوزارە، وە یان نا سوپاس و سپڵە
بەڕاستی ئێمە ئامادەمان کردووە بۆ بێ بڕوایان زنجییر وتەوقی زۆر (کە دەکرێتە گەردنیان) و ئاگری ھەڵگیرساو
بێگومان چاکەکاران لە پەرداخێکدا (شەراب)دەخۆنەوە کە ئاوێتەکەی لە سەرچاوەی کافورەوەیە
کە کانییەکە (لە بەھەشتدا) بەندەکانی خوا لێی دەخۆنەوە (لەھەر شوێنێکدا بیانەوێت) ھەڵیدەقوڵێن وفوارە دەکات
وەفا بە نەزر دەکەن وە لە ڕۆژێکیش دەترسن کە بەدی و سەختیەکەی ھەمووان دەگرێتەوە
وە خواردن ئەدەن بە ھەژاران وھەتیوان ودیلەکان ھەرچەند خۆیان حەزیشیان لێی بێت
(دەڵێن) بەڕاستی ئێمە تەنھا لەبەر ڕەزامەندی خوا خواردنتان دەدەینێ، چاوەڕوانی ناکەین لە ئێوە نە پاداشت ونە سوپاس
بەڕاستی ئێمە لە سزای پەروەردگارمان دەترسین لە ڕۆژێکی ترش و تاڵ و دژواردا
جا خوا پاراستنی لە خراپی ئەو ڕۆژە وە ڕووی گەش وشادومانی پێ بەخشین
وە پاداشتی دانەوە بەھۆی خۆڕاگرتنیان (لەسەر چاکە ودوور کەوتنەوە لە خراپە) بە بەھەشت و (پۆشاکی) ئاوریشم
پاڵی تیا دەدەنەوە لەسەر تەخت وقەنەفەی زۆر، نابینن تێیدا نە گەرمی ڕۆژ وە نە سەرمای بەهێز (واتە ھەوایەکی زۆر خۆشی ھەیە)
وە سێبەری درەختانی بەھەشت بەسەر سەریانەوەیە، وە ھێشووی میوەکانی نزیکە دەست وئاسان کراوە
دەگەڕێن بەسەریاندابە قاپی زیوین وپەرداخی شووشەوە
شووشە لە زیو بە ئەندازەی پێویست ئامادەکراون
لە بەھەشتدا شەرابیان لە پەرداخێکدا پێ دەنۆشرێت کە زەنجەبیلی تێکەڵاوە
(کە ئەویش) کانییەکە لە بەھەشتدا ناودەبرێت بە سەلسەبیل
دەگەڕێن بە سەریاندا نەوجەوانانی ھەمیشە لاو وڕوخۆش وپاك، کاتێك بیان بینیت وا دەزانیت دانەی مرواری پرژو بڵاوون
وە کاتێك بڕوانیت لەوێدا ناز ونیعمەت ودەسەڵاتێکی گەورە دەبینیت
لە بەریاندایە بەرگی نەرم ونۆڵی سەوزکار وپۆشاکی ئاوریشمین وە ڕازێنراونەتەوە بە بازنی زیو وە پەروەردگاریان شەرابی پاك وتەمیزی پێ نۆشین
(پێیان دەوترێت) ئەم بەھەشتە پاداشتی ئێوەیە وە ھەموو کۆششێکتان سوپاس کراوە
بێگومان ئێمە قورئانمان بۆ ناردیتە خوارێ بە ناردنی (بەش بەش)
کەواتە چاوەڕوانی فەرمانی خوا بکە وە فەرمانبەرداری ھیچ گوناھبار وبێ باوەڕێك مەکە
وە زیکر ویادی پەروەردگارت بکە، بەیانیان وئێواراندا
وە لە شەوا سوژدەی بۆ بەرە (نوێژ بکە) وە ستایشی خوا بکە لە بەشێکی زۆر لە شەودا
بێگومان ئەم بێ بڕوایانە دونیای بێ بەقایان خۆش دەوێ وە پشت گوێی دەخەن ڕۆژێکی قورس وگران (کە قیامەتە)
ئێمە ئەوانمان دروست کرد وجومگەکانیانمان قایم پێکەوە بەستووە وە کاتێك بمانەوێت دەیان گۆڕین بە کەسانی تری وەك خۆیان چۆن گۆڕینێك
ئەم سورەتە ئامۆژگاری وپەندە، ئەمجا ھەر کەسێك بیەوێت ڕێگا دەگرێتە بەر بۆ لای پەروەردگاری
وە ئێوە حەز ناکەن (لە گرتنی ئەو ڕێیە) مەگەر کاتێك کە خوا بیەوێت (وە بە زۆر ناچارتان بکات) بێگومان خوا زانا ودانا دروستكردارە
ئەوەی (خوا) بیەوێت دەیخاتە ناو میھرەبانی خۆیەوە وە ئامادەی کردووە بۆ ستەمکاران سزای سەخت
Icon