ترجمة سورة التحريم

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة التحريم باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ئەی پێغەمبەر ﷺ بۆچی شتێك لەخۆت حەرام دەکەیت کە خوا بۆی حەڵاڵ کردویت (مەبەست پێی خاتوو ماریە بوو) تۆ ڕەزامەندی ژنەکانت دەوێ لەکاتێکدا خوا لێخۆشبوو ومیھرەبانە
بێگومان خوا دایناوە بۆتان ھەڵوەشاندنەوەی سوێندەکانتان، خوا پشتیوان ودۆستی ئێوەیە وە ئەو زانا وکاردروستە
کاتێك کە (پێغەمبەر ﷺ) بەنھێنی لای ھەندێ لەژنەکانی قسەیەکی درکاند ئەمجا کەئەو (ژنە) قسەکەی کرد (بۆ ھەوێکەی) خواش پێغەمبەری ﷺ ئاگادار کرد، (پێغەمبەر ﷺ) ھەندێك (لەقسەکان) ی باسکرد وبێ دەنگ بوو لە ھەندێکی تری، ئەمجا کە پێی ووت (ژنەکەی) ووتی: کێ ئەمەی پێ گەیاندی، فەرمووی خوای زانای ئاگادار پێی گەیاندم
(ئەی حەفصە وعائیشە) ئەگەر ھەردووکتان تەوبە بکەن وبگەڕێنەوە بۆلای خوا (جێی خۆیەتی) چونکە بەڕاستی دڵتان لایدا (لە حەق وڕاستی) وە ئەگەر پشتی یەکتر بگرن لەدژی پێغەمبەر ﷺ (سەرکەوتوو نابن) چونکە بێگومان پشگیری ئەوە خوا وجوبرەیل وئیماندارە چاکەکانیش، دوای ئەوان فریشتەکانیش پشتیوانی ئەون
دڵنیابن ئەگەر ئێوە تەڵاق بدات، پەروەردگاری لەبری ئێوە ژنانێکی باشتر لەئێوەی دەداتێ، موسڵمانانی، بڕوادارانی، نزاکارانی، تەوبەکارانی، خواپەرستانی، ڕۆژووگران لە بێوەژنان وکیژان
ئەی ئەوانەی کەباوەڕتان ھێناوە خۆتان وکەس وکارتان بپارێزن لەئاگرێك کە سووتەمەنیەكەی ئادەمی وبەردە، سەرپەرشتی ئەو (ئاگری دۆزەخەن) چەند فریشتەیەکی زبر وتوند وتیژی وان کە نافەرمانی خوا ناکەن لەوەی کەفەرمانیان پێ ئەدات وە چ فەرمانێکیان پێ بدرێت دەیکەن
ئەی ئەوانەی کە بێ باوەڕ بوون ئەمڕۆ (کە ڕۆژی دواییە) عوزر وبیانوو مەھێننەوە، چونکە بێگومان پاداشت دەدرێنەوە لەسەر ئەوەی کە دەتانکرد
ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە بەگەڕانەوەیەکی ئێجگاریی (وڕاست ودروست، کەجارێکی تر نەگەڕێنەوە سەر ئەو گوناھە) تا پەروەردگارتان لە گوناھەکانتان خۆش ببێ وە بتان خاتە ناو باخاتێکەوە کە دەڕوا بەژێریاندا جۆگە ئاوی زۆر، لە ڕۆژێکدا کە خوای گەورە، پێغەمبەر ﷺ وکەسانێ کە باوەڕیان ھێناوە لەگەڵیدا سەرشۆڕیان ناکات، ڕووناکی (ئیمان)یان دەڕوات لەپێشیانەوە ولەلای ڕاستیانەوە، دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ڕووناکییەكەمان بۆ زیاد وتەواوبکە وەلێمان خۆشبە، بەڕاستی ھەر تۆیت بەسەر ھەموو شتێکدا دەسەڵاتداری
ئەی پێغەمبەر ﷺ بجەنگە لەگەڵ بێ باوەڕان ودوو ڕوواندا وەتوند وتییژبە لەگەڵیاندا وەجێیان دۆزەخە کە سەرئەنجامێکی زۆر خراپە
خوا بۆ بێ باوەڕان ژنی نووح وژنی لوطی بەنموونە ھێنایەوە کە لەژێر (نیکاحی) دوو بەندەدا بوون لەبەندە چاکەکانی ئێمە، ئەمجا خیانەتیان لەگەڵکردن (مەبەست پێی بێ باوەڕ بوون پێیان، نەك داوێن پیس بوو بن) کەچی (مێردەکانیان) نەیانتوانی شتێك لەسزای خوایان لێ دووربخەنەوە وەپێیان ووترا کەبڕۆنە ناو ئاگرەوە لەگەڵ ئەوانەی کە دەڕۆنە ناویەوە
(ھەروا) خوا نموونەیەکی تری ھێنایەوە بۆ ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە (بە) ژنی فیرعەون کاتێك کە ووتی پەروەردگارم بۆم دروست بکە لای خۆت ماڵێك لە بەھەشتدا وە ڕزگارم بکە لە فیرعون وکردەوەکانی وەڕزگارم بکە لە گەلی ستەمکاران
وە(بە) مەریەمی کچی عیمران (نموونە دەھێنێتەوە) ئەوەی کە داوێنێ خۆی پاك ڕاگرت، ئەوسا ئێمە فوومان پیاکرد لەڕۆحێك کە خۆمان دروستمان کردووە وە باوەڕی ھێنا بوو بە ووتەکانی پەروەردگاری خۆی وکتێبەکانی وە لەڕیزی گوێڕایەڵ وفەرمانبەرداراندا بوو
Icon