ترجمة سورة القصص

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة القصص باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە(طا، سین، میم) دەخوێنرێتەوە خوازاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرتای سورەتی (البقرة) بکە
ئەم (ئایەتانە) ئایەتەکانی قورئانی ڕوون و ئاشکران
دەیخوێنینەوە بەسەرتا (ئەی موحەممەد ﷺ) ھەندێک لەھەواڵی موسا و فیرعەون بەڕاستی و دروستی بۆ ئەوانەی بڕوا دەھێنن
بەڕاستی فیرعەون زاڵ و(ملھوڕ و یاخی) بوو لەزەوی (میصر) دا وە خەڵکەکەی (میصری) کرد بەچەند بەش و کۆمەڵێك کۆمەڵێکیانی لاوازو ژێر دەستە دەکرد کوڕانی ئەوانی سەر دەبڕی و ئافرەتانیانی بەزیندویی دەھێشتەوە (دەیکردنە خزمەتکارو کەنیزەك) بەڕاستی ئەو (فیرعەون) لەخراپەکاران بوو
وە ئێمە دەمانەوێت (بەچاکەی خۆمان) منەت بنێن بەسەر ئەوانەی کەلاواز و ژێر دەستکرا بوون لەووڵاتی (میصر) دا وە بیان کەینە پێشەواو بیان کەینە میراتگرانی(فیرعەون و و شوێنکەوتوانی)
وە دەسەڵاتداریان بکەین لەو زەویەدا وە نیشانی فیرعەون وھامان و لەشکری ھەردووکیان بدەین لە (بەنو ئیسرائیلی یەکانەوە) ئەوەی خۆیان لێ دەپاراست
بەدایکی موسامان ڕاگەیاند (ئیلھامان بۆ کرد) کە شیر بدە بە موسا ئەمجا ھەرکاتێك ترست لێی ھەبوو ئەوکاتە بیخەرە ڕووباری(نیلە) وە مەترسـە (لێی) وخەفەتیش مەخۆ (بۆی) بەڕاستی ئێمە دەیگێڕینەوە بۆلات وە دەیکەین بەیەکێکیش لەپێغەمبەران
(دایکی، موسای خستە ئاوی نیلەوە) ئەمجا دارو دەستەی فیرعەون (پێیان زانی و) ھەڵیان گرتەوە بۆ ئەوەی ببێت بەدوژمن و ھۆی خەفەت بۆیان بەڕاستی فیرعەون وھامان ولەشکر و سەربازەکانیان تاوانبارو ھەڵەبوون
(ویستیان موسا بکوژن) ئاسیەی ژنی فیرعەون ووتی مایەی چاو ودڵ ڕۆشنیە بۆ من و بۆ تۆش (ئەی فیرعەون) مەیکوژن بەڵکو سوود و کەڵکمان پێ بگەیەنێت یان بیکەین بەکوڕی خۆمان لەکاتێکدا ئەوان ھەستیان نەدەکرد (ئەم منداڵە ئەبێتە ھۆی تیاچوونیان)
جا دڵی دایکی موسا خاڵی بوو (لەھەموو شت جگە لەمنداڵەکەی) نزیك بوو (نھێنی) ئەو منداڵە ئاشکرابکات ئەگەر دڵیمان نەبەستایەتەوە (وە بەھێزمان نەکردایە) بۆ ئەوەی لەبڕواداران بێت
(دایکی موسا) ووتی بەخوشکەکەی (موسا) بەشوێنیدا بڕۆ ئەمجا لە دورەوە موسای بینی و پێی زانی لەکاتێکدا ئەوان (فیرعەون و کۆمەڵەکەی) ھەستیان نەدەکرد
وە ئێمە پێشتر (شیری) شیردەرەکانمان حەرام کرد لەموسا (مەمکی کەسیانی نەدەمژی) ئەمجا خوشکەکەی (موسا) ووتی پێیان ئایا ماڵێکتان نیشان دەم کەئەو منداڵە بۆ ئێوە بەخێو بکەن(و شیری بدەنێ) و دڵسۆز بن بۆی
ئەمجا موسا مان گێڕایەوە بۆلای دایکی بۆ ئەوەی چاوی پێ ڕوون بێـتەوەو خەفەت نەخوات وە بۆئەوەی بزانێت کەبەڵێنی خوا ڕاست و ھەقە بەڵام زۆر بەیان نازانن
وە کاتێك (یوسف) بوو بەپیاو و پێگەیی فەرمان ڕەوایی و زانیاریمان پێدا (وکردمان بە پێغەمبەر) وە ئابەم جۆرە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
وە (موسا) ڕۆشتە ناو شار بێ ئەوەی خەڵکی شار ئاگایان لێ بێت جا لەو شارەدا دوو پیاوی بینی لەگەڵ یەکتر شەڕیان دەکرد ئەمەیان لەتایفەی خۆی بوو ئەوی تریشیان لەدوژمنانی بوو ئەمجا ئەوەیان کە لەتایفەی خۆی بوو داوای یارمەتی لێکرد لەدژی ئەوەی کە لە(تاقمی) دوژمنەکەی بوو ئەمجا موساش بۆکزێکی لێدا و ئەو (قیبتیە) ی کوشت (موسا) ووتی ئەم (کوشتنە) لەکردەوەی شەیتانە بەڕاستی ئەو (شەیتان) دوژمنێکی گومڕاکەری ڕوون و ئاشکرایە
ووتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی من ستەمم لەخۆم کرد دەی لێم خۆشبە جا ئەویش (خودا) لێی خۆش بوو بێگومان تەنھا ئەو لێبوردەی بەبەزەییە
(موسا) ووتی ئەی پەروەردگارم بەھەقی چاکە ونیعمەتت لەسەرم (ئەو ھێزو توانایەیە کە پێتداوم) بڕیاربێ ھەرگیز نەبم بەپشتیوانی تاوانباران
بەھۆی ئەو (کوشتنە)وە لەشاردا بەترسەوە چاوەڕوانی دەکرد (فیرعەونیەکانی چ ھەڵوێستێکیان دەبێت) لەناکاودا ئەو (بەنی ئیسرائیلیەی) دوێنێ داوای یارمەتی کرد لەو (لە مووسا لەگەڵ یەکێکی تردا شەڕیەتی) ھانای بۆ موسا ھێنا تا فریای کەوێت موسا بەو (بەنو ئیسرائیلیە)ی ووت بەڕاستی تۆ کەسێکی گومڕای ئاشکرای
ئەمجا کاتێك کە (موسا) ویستی بەتوندی بدات لەو پیاوەی دووژمنی ھەردووکیانە ووتی ئەی موسا ئایا دەتەوێ بم کوژی ھەروەکو دوێنێ کەسێکت کوشت تۆ ھەر دەتەوێت زۆر دارو ملھوڕ بیت لەزەویدا وە ناتەوێ لەپیاو چاکان (ڕێکخەران) بیت
ئەمجا پیاوێك لەو پەڕی شارەوە بەپەلە ھات (بۆ لای موسا) ووتی ئەی موسا (ئاگاداربە) کاربەدەست وسەرگەورەکان کۆبوونەتەوە لەبارەی تۆوە (قسە دەکەن) بۆ ئەوەی بتکوژن کەواتە دەرچۆ لەشار (بانەت گرن) بێگومان من دڵسۆزتم
ئەویش لەشار دەرچوو بەترسەوە چاوەڕوانی دەکرد (پێی بزانن و بیگرن) (موسا) ووتی ئەی پەروەردگارم ڕزگارم بکە لەم کۆمەڵە ستەمکارە
لەکاتێکدا بەرەو شاری مەدیەن دەڕۆشت ووتی ئومێد دەکەم پەروەردگارم ڕێنمونیم بکات بۆ ڕێگای ڕاست و ھەق
وکاتێك گەیشتە سەر ئاوەکەی مەدیەن بینی لەسەر ئەو ئاوە کۆمەڵێك لەخەڵکی (ئاژەڵ و ماڵات) ئاو دەدەن وە لەنزیك ئەو (خەڵكانەوە) دوو ئافرەتی بینی ڕێگری دەکەن لەئاژەڵەکەیان (لەوەی بێتە سەر ئاوەکە) (موسا) ووتی ئێوە مەبەستان چیە؟ (ناھێڵن ئاژەڵەکەتان ئاو بخوات) ووتیان ئێمە (ئاژەڵەکەمان) ئاو نادەین ھەتا شوانەکان (وئاژەڵەکانیان لەسەر ئاوەکە) نەگەڕێنەوە وە باوکمان پیرێکی گەورەو بەتەمەنە
ئەمجا (موسا) مەڕەکانی بۆ ئاودان لەپاشان (موسا) چوو بۆ ژێر سێبەرێك جا ووتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی من ھەژارم (پێویستم ھەیە) بەھەر خێرو ڕۆزیەك بۆم بنێریت
ئەمجا یەکێك لەدوو کچەکە ھات بۆ لای موسا بەشەرمەوە دەڕۆشت لەڕێگادا ووتی بەڕاستی باوکم (شوعەیب) بانگت دەکات بۆ ئەوەی پاداشتی ئەوەت بداتەوە کەمەڕەکانت بۆ ئێمە ئاودا (موساش لەگەڵی ڕۆشت) ئەمجا کاتێك موسا ھات بۆ لای (باوکی کچەکە)و بەسەرھاتەکەی بۆ گێڕایەوە (شوعەیب علیە السلام) ووتی مەترسە ڕزگارت بووە لەو گەلە ستەمکارە
یەکێك لەو دوو (کچە بەباوکی) ووت ئەی باوە گیان بەکرێی بگرە (بۆ شوانی) چونکە بەڕاستی چاکترین کەسە کە بەکرێی بگری بەھێز و ئەمینە (دەس و داوێن پاکە)
(شوعەیب) ووتی بەڕاستی من دەمەوێ کە یەکێك لەم دوو کچەم لەتۆ مارەکەم بەو مەرجەی ھەشت ساڵ ڕەنجبەریم بۆ بکەیت ئەمجا ئەگەر دەساڵت تەواو کرد ئەوە لە(پیاوەتی) خۆتەوەیە و من نامەوێ قورسی بکەم لەسەرت ئەگەر خوا بیەوێت بێگومان دەمبینی لەپیاو چاکان دەبم
(موسا) ووتی ئەوەی ووتت پێم (بڕیار بێت) لەنێوان من و تۆدا ھەرکام لەو دوو ماوە (ھەشت یان دە ساڵە) م تەواو کرد نابێ ستەمم لێ بکرێت وە خوا لەسەر ئەوەی کەدەیڵێین شایەت و چاودێرە
ئەمجا کاتێك موسا ماوەی شوانی یەکەی تەواو کرد لەگەڵ خێزانەکەی بەشەو ڕۆشتن (لە مەدیەنەوە بۆ میێر) لە دورەوە لای ڕاستی کێوی گور ئاگرو ڕووناکی یەکی بینی (موسا) ووتی بەخێزانەکەی ئێوە (لێرەدا) بمێننەوە بەڕاستی من ئاگرێکم بەدی کرد (بینیم) بەڵکو ھەواڵێکی (ڕێگاتان) بۆ بھێنم لای ئەو (ئاگرە) یان چڵوسکێکی ئاگرتان بۆ بھێنم بەڵکو خۆتانی پێ گەرم کەنەوە
ئەمجا کاتێك ھاتە نزیکی ئەو (ئاگرە) بانگی لێکرا لەکەناری لای ڕاستی شیوەکەوە لەو پارچە زەویە بەفەڕو پیرۆزەی نزیك درەختەکەوە (بانگی لێکرا) کەئەی موسا بەڕاستی من خوایەکم پەروەردگاری جیھانیانم
(وە بانگی کرا) کە گۆچانەکەت فڕێدە ئەمجا کاتێك موسا ئەو (گۆچانە)ی بینی وەک تیرەمار دەجووڵێ بە پەلە پشتی تێکرد و ڕایکرد و نەگەڕایەوە سەری (خوا فەرمووی) ئەی موسا وەرە پێش و مەترسە بەڕاستی تۆ لەو کەسانەی بێ با و بێ ترسن
دەستت بخەرە ناو باخەڵ (و ژێر باڵت) (کاتێك دەری دێنیت) دێتە دەرەوە بەسپێتی و تیشك دەداتەوە بێ ئەوەی بەڵەکی و نەخۆشی بێت دەستت بلکێنە بەخۆتەوە (و بیخەرە سەردڵت) بۆ (نەھێشنی) ترس و بیم ئا ئەم دووانە (گۆچانەکەت و درەوشاوەیی دەستت) دوو موعجیزەن لەلایەن پەروەردگارتەوە(نێرراوە) بۆ فیرعەون و دارو دەستەکەی بەڕاستی ئەوانە کۆمەڵێکی لەسنوور دەرچوون
(موسا) ووتی ئەی پەروەردگارم بێگومان من یەکێکم لەوان کوشتووە لەبەر ئەوە دەترسم کەبم کوژن (لەجیاتی ئەو کوژراوە)
وە ھارونی برام لەمن زمانی پاراوترە جا ئەوم لەگەڵدا بنێرە پشتیوانم بێت ووتەکانم بسەلمێنێت بەڕاستی من دەترسم کە بە درۆزنم دابنێن (باوەڕم پێ نەھێنن)
(خوا) فەرمووی بێگومان ئێمە بە براکەت تۆ بەھێزت دەکەین وە دەسەڵاتێك بەھەردووکتان دەدەین ئەوسا بەھۆی ئایەتەکانی ئێمەوە دەستیان بەئێوە ناگات تەنھا ئێوە (موسا و ھارون) و ئەوەی شوێنتان دەکەوێت سەردەکەوون
ئەمجا کاتێك کەموسا موعجیزە ڕوونەکانی ئێمەی بۆ ھێنان ئەوان ووتیان ئەمە (تۆ ھێناوتە موسا) تەنھا جادویەکی دەست ھەڵبەستە ئێمە ئەمەمان نەبیستووە لەباوو باپیرە پێشوەکانمان
موسا ووتی پەروەردگارم زاناترە بەو کەسەی کەڕێنمونی لای ئەوەوە ھێناوە وە (زاناترە) بەو کەسەی سەرنجام ودوا ڕۆژی چاکی دەبێت بەڕاستی ئەو (خوا) ستەمکاران ڕزگار ناکات
فیرعەون ووتی: ئەی کاربەدەست ودەسەڵاتداران وا نازانم جگە لەخۆم ھیچ پەرستراوێکی ترتان ھەبێت جا (بۆ زیاتر دڵنیابوون) ئەی ھامان کوورەی ئاگر تاوبدە و خشتی سورەوە کراوی لێ دروست بکە بۆم ئەمجا (لەوخشتە) کۆشکێکی بەرزم بۆ دروست بکە (بەگاڵتەوە ووتی) بەڵکو سەیری خواکەی موسا بکەم و بیبینم وبەڕاستی وا دەزانم ئەو (موسا) لەدرۆزنانە
ئەو (فیرعەون) و لەشکرو سەربازەکانی خۆیان بەزل زانی لەووڵات و زەوی (میصر) دا بەناڕەوا وە گومانیان وابوو کەزیندوو ناکرێنەوەو ناگەڕێنرێنەوە بۆلای ئێمە
جا تۆڵەمان لەئەو (فیرعەون) و لەشکرو سەربازەکانی کردەوە و فڕێماندانە ناو دەریای سوورە وە ئەمجا سەرنج بدە (ئەی موحەممەد ﷺ) سەرئەنجامی ستەمکاران چۆن بوو
ئەوانمان کردە پێشە وایانێک کە (خەڵك) بانگ دەکەن بۆ ئاگری دۆزەخ وە لەڕۆژی دواییشدا یارمەتی نادرێن
لەم دونیایەشدا نەفرەتمان نارد بەدوایاندا وە لەڕۆژی قیامەتیشدا ئەوانە لەبێزراو و دورخراوەکانن
سوێند بەخوا بێگومان تەوراتمان بەخشی بە موسا لەپاش ئەوەی خەڵکی سەردەمە پێشوەکانمان لەناوبرد تا بەرچاو ڕوونی و ڕێنمونی و ڕەحمەت بێت بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بیربکەنەوەو ئامۆژگاری وەرگرن
تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) لەلای خۆر ئاوای (شاخی گور) نەبوویت کاتێک کە فەرمانی پێغەمبەرایەتمان دا بەموسا وە تۆ لەئامادە بووانی (ئەو ڕووداوە) نەبوویت
بەڵام ئێمە چەند چین و سەردەممان دروست کرد (لەپاش موسا) ئەمجا ماوەیەکی دوورو درێژیان بەسەردا تێپەڕی وە تۆ لەناو خەڵکی مەدیەندا نیشتەجێ نەبوویت کەئایەتەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنیتەوە بەڵام ھەر ئێمە بووین پێغەمبەرمان نارد
وە تۆ لای کێوی گور نەبوویت کاتی بانگی(موسا)مان کرد بەڵام ئەوە بەزەییەکە لە پەروەردگارتەوە (بەتۆی داوە) بۆ ئەوەی گەلێك بترسێنیت کەپێش تۆ ھیچ ترسێنەرێکیان بۆ نەھاتووە بەڵکو بیربکەنەوەو پەند وەرگرن
وەئەگەر (پێش ناردنی پێغەمبەر) تووشیان ببوایە بەڵایەك بەھۆی ئەو (خراپانەوەی) کەکردوویانە جا دەیانووت ئەی پەروەردگاری ئێمە بۆچی پێغەمبەرێکت بۆ نەناردین بۆ ئەوەی شوێن ئایەتەکانت بکەوتینایە وە لەبڕواداران بووینایە
ئەمجا کاتێ ڕاستیان بۆھات لەلایەن ئێمەوە ووتیان بۆچی بەو (موحەممەد ﷺ) نەدراوە وێنەی ئەوەی بەموسا دراوە ئایا ئەوان پێشتر بێ بڕوانەبوون بەوەی درابوو بەموسا دەیانووت (قورئان و تەورات) دوو سیحر و جادون پشتگیری یەکتر دەکەن وە دەیانووت بێگومان ئێمە بێ باوەڕین بەھەموویان (بە قورئان و بە تەورات)
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ دەی ئێوە کتێبێك لەلایەن خواوە بھێنن کەئەو (کتێبە) ڕاستر بێت لەو دووانە (قورئان و تەورات) من شوێنی دەکەوم ئەگەر ئێوە ڕاستگۆن
ئەمجا ئەگەر بەگوێیان نەکردی (و وەڵامیان نەدایتەوە) ئەوە بزانە کەتەنھا شوێن ھەواو ئارەزوی خۆیان دەکەون وە کێ لەو کەسە گومڕاترە کەشوێن ئارەزووی خۆی بکەوێت بێ ڕێنمونی لەلایەن خواوە بێگومان خوا ڕێنمونی گەلی ستەمکار ناکات
سوێند بەخوا (ئایەتەکانی) قورئانمان بەشوێن یەکدا بۆ ناردن تا پەند وەرگرن و بیربکەنەوە
ئەو کەسانەی لەپێشدا کتێبی ئاسمانیمان پێ دابوون ئەوانە بڕوا دەھێنن بەقورئان
وە کاتێك (قورئان) بخوێنرێتەوە بەسەریاندا دەڵێن باوەڕمان پێ ھێناوە بێگومان ئەم (قورئانە) ڕاستەو لەلایەن پەروەردگارمانەوە ھاتووە بەڕاستی ئێمە لەپێش (ھاتنی) قورئان دا موسڵمان بووین
ئەوانە دووجار پاداشتیان پێ دەدرێت لەبەر ئەوەی خۆیان گرت و بەئارام بوون بەچاکە ڕێگری لە خراپەدەکەن وە لەو ڕزق و ڕۆزیەی پێمان داون دەبەخشن
وە کاتێك قسەی ناپەسەند و ھیچ و پوچ ببیستن پشتی تێدەکەن وە دەڵێن (بەنەفامان ئەنجامی) کردەوەکانمان بۆ خۆمانەو (ئەنجامی) کردەوەکانی ئێوەش بۆ خۆتانە سەلامتان لێ بێ ئێمە ھاوڕێیەتی نەفامانمان ناوێت
بەڕاستی (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆ ناتوانیت ئەو کەسەی خۆشت بوێ ڕێنمونی بکەیت بەڵام خوا ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات و ئەو(خوایە) زاناترە بەوانەی ڕێنمونی وەرگرن
وە(بێ باوەڕان) دەڵێن ئەگەر ئێمە شوێنی ڕێنمونی (ئەو ئاینە) بکەوین کە بەتۆیە دەفڕێندرێین لەخاك و ووڵاتماندا (ودەردەکرێین وماڵ وسامانمان بەتاڵانی دەبرێت) (جا خوای گەورە وەڵامیان دەداتەوە ودەفەرموێت ) ئایا ئێمە ئەوانمان جێگیر نەکردووە لەشارێکی پڕ ئەمن وئاسایشی (وەك شاری مەککە کە ھەموو کوشت وبڕ وخراپەکاریەکی تێدا قەدەغە وحەرامکراوە) کۆدەکرێتەوەو دەبرێت بۆ ئەوێ ( بۆ شاری مەککە) ھەموو جۆرە بەروبوومێك بەڕۆزیدان لەلایەن ئێمەوە بەڵام زۆربەیان نازانن و تێ ناگەن
وە(خەڵکی) زۆر شار و دێھاتمان لەناو برد لەبەر خۆشگوزانیان یاخی بوون (و سوپاسی چاکەکانی خوایان نەکرد) جا ئەوە جێ و شوێنەکانیانە (وێران کراوە) لەپاش (تیا چوونی) ئەوان بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت (لەلایەن ڕێبوارانەوە) کەسی تیا نیشتەجێ نەبووە وە ئێمە بووینە میراتگریان
وە پەروەردگارت ھیچ شار وگوندێکی وێران نەکردووە ھەتا لەشارە گەورەکەیاندا پێغەمبەرێکی نەناردبێت ئایەتەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنێـتەوە وە ئێمە وێرانکاری ھیچ گوند و شارێك نەبووین مەگەر کاتێک خەڵکەکەی ستەمکار بووبن
وە ھەرچی بەئێوە دراوە ئەوە ھۆی خۆشی و ڕابواردنی ژیانی ئەم دونیا و جوانیەتی وە ئەو (پاداشتە) ی لای خوایە باشترو نەبڕاوەیە دەی ئایا ژیر نابن
ئایا کەسێك کەبەڵێنمان پێداوە بەبەڵێنی چاك ئەو کەسە دەگات بەو (بەڵێنە کە بەھەشتە) وەکو کەسێك وایە خۆشی و ڕابواردنمان پێداوە بەخۆشی و لەزەتی ژیانی دونیا لەپاشان لەڕۆژی دواییدا لەئامادەکراوان دەبێت (بۆ سزادان)
(ئەی موحەممەد ﷺ) باسی ئەو ڕۆژە بکە کە(خوا) بانگی ئەو (بت پەرست)انە دەکات و (پێیان) دەفەرموێ لەکوێن ئەو ھاوبەشانەی کەئێوە بەخەیاڵی خۆتان بەھاوبەشی منتان دەزانین
ئەوانەی (سەرۆکەکانی گومڕایی) کە بڕیاری سزادان بەسەریان داچەسپا دەڵێن ئەی پەروەردگارمان ئا ئەوانەن کە ئێمە گومڕامان کردن گومڕامان کردن ھەروەکو خۆمان گومڕا بووین ئێمە بەری بووین (لەوانە بەری بوونەکەمان) لای تۆ دەکەین ئەوانە ئێمەیان نەدەپەرست
وە(پێیان) دەوترێت ھاوار بکەن لەوبتانەی کەداتان نابوو بەھاوبەشی خوا ئەوانیش ھاواریان لێ دەکەن بەڵام وەڵامیان نادەنەوە لەوکاتەدا سزای (دۆزەخ) دەبینن (ئاوات دەخوازن کە)خۆزگە تەنھا ڕێگای ڕاستیان بدایەتەبەر
وە ڕۆژێك کە (خوا) بانگیان دەکات و (پێیان) دەفەرموێت چیتان وەڵامی پێغەمبەران دایەوە؟
ئەمجا لەو ڕۆژەدا ھەواڵەکانیان (بەڵگەکانیان) لەبیر دەچێتەوە ئەوسا پرسیاریش لەیەکتری ناکەن
بەڵام ئەو کەسەی گەڕاوەتەوە (لەبێ باوەڕی) و باوەڕی ھێناوە و کردەوەی چاکی کردووە ئەوە بێگومان لەڕزگار بووان دەبێت
وە پەروەردگارت (ئەی موحەممەد ﷺ) ئەوەی بیەوێت دروستی دەکات و ھەڵی دەبژێرێت (خەڵکی) ھەڵبژاردنیان بۆ نیە (لەکاری خوادا) خوا پاك و بێگەرد و بەرز و بڵندە لەوەی دەیکەنە ھاوبەشی
وەپەروەردگارت دەزانێت بەئەوەی لەسینگیان (دڵیان)دا دەیشارنەوە و بە ئەوەشی ئاشکرای دەکەن
وە ئەو خوایە کەھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لەو ھەموو سوپاس تەنھا بۆ خوا لەدونیاو لەڕۆژی دواییشدا وە بڕیارو حوکم ھەر بۆ ئەوە و ھەمووتان تەنھا بۆلای ئەو دەگەڕێنرێنەوە (لەڕۆژی دواییدا)
ئەی (موحەممەد ﷺ پێیان) بڵێ ھەواڵم بدەنێ ئەگەر خوا شەوتان بۆ درێژ بکاتەوە (ھەر شەوبێت) تا ڕۆژی قیامەت چ پەرستراوێکی تر جگە لەخوا ڕووناکی (ڕۆژ)تان بۆ دێنێ دەی ئایا ئێوە نابیستن
(پێیان) بڵێ پێم بڵێن ئەگەر خوا ڕۆژ بکاتە ھەمیشەیی بۆتان تا ڕۆژی قیامەت کێیە پەرستراوی تر بێجگە لەخوا کەشەوتان بۆ دەھێنێت ئارامی تیا بگرن دەی ئایا ئێوە نابینن
لەبەزەیی ئەو (خوایە) کەشەو وڕۆژی بۆ دروست کردون بۆ ئەوە ئارام بگرن لە(شەو) داو بۆ ئەوە بگەڕێن بەدوای ڕۆزی و فەزڵی خوادا (لەڕۆژدا) وە بۆ ئەوەی سوپاسی خوا بکەن (لەسەر ئەو نیعمەتانەی)
(ئەی موحەممەد ﷺ) باسی ئەو ڕۆژە بکە کە(خوا) بانگی ئەو (بت پەرست)انە دەکات و (پێیان) دەفەرموێ لەکوێن ئەو ھاوبەشانەی کەئێوە بەخەیاڵی خۆتان بەھاوبەشی منتان دەزانین
وە لەناو ھەموو ئوممەتێکدا شایەتێك دەھێنین ئەمجا (بەبت پەرستان) دەڵێن بەڵگەتان بھێنن ئەوسا دەزانن بێگومان ھەق و ڕاستی تایبەتی خوایە ئەوەی بەدرۆ ھەڵیان بەستبوو (کردبوویان بەپەرستراو جگە لە خوا) لێیان گوم دەبێت
بێگومان قارون لەگەلەکەی موسا بوو (جولەکە بوو) بەڵام دەستدرێژی و ستەمی لێ دەکردن ئەوەندەمان گەنج (ئاڵتون و زیوو) پێدا بوو کەبێگومان (ھەڵگرتنی) کلیلەکانی (ئەو گەنج و قاسانە) بەزەحمەت ھەڵدەگیرا بۆ کۆمەڵێکی بەھێز کاتێك (ئیماندارانی) گەلەکەی پێیانووت دڵخۆش مەبە (بەو سامانە) بێگومان خوا ئەو کەسانەی خۆش ناوێت دڵخۆشن (و لەخۆبایی بوون بەسەروەت و سامانەوە)
وە لەو (گەنج و سامانەی) خوا پێی داویت ژیانی دواڕۆژی پێ بەدەس بھێنە وە بەشی خۆیشت لەم دونیایە لەبیر نەچێت وە چاکە بکە (لەگەڵ خەڵکدا) ھەرچۆنێ خوا چاکەی لەگەڵ تۆدا کردووە وە لەسەر زەویدا بەشوێن خراپەدا مەگەرێ بەڕاستی خوا خراپەکارانی خۆش ناوێت
(قارون) ووتی بێگومان ئەم سامانەم پێدراوە بەھۆی زانیاریەکەوە کە ھەمە ئایا (قارون) نەیزانیوە کەبەڕاستی خوا لە سەردەمانی پێش ئەمدا لەناوی بردووە کەسانێکی وا کە لەو (لە قارون) بەھێزتر بوون کۆڕ و کۆمەڵیشیان لەو زۆر تربووە (کاتێك سزای خوا ھات) پرسیار ناکرێت لەتاوانەکانی ئەم تاوانبارانە
ئەمجا (قارون) بەخۆ ڕازاندنەوە ھاتەدەر بۆ ناو گەلەکەی ئەوانەی ژیانی دونیایان دەویست ووتیان ئای خۆزگە ئەوەندەی بەقارون دراوە ئێمەش بمان بوایە بەڕاستی ئەو (قارون) خاوەنی بەش و بەختێکی گەورەیە
بەڵام ئەو کەسانەی (باوەڕدار بوون) و زانستیان پێ درابوو ووتیان ھاوار بۆ ئێوە، پاداشتی خوا (لەڕۆژی دواییدا) لەوە چاکترە بۆ ئەو کەسانەی بڕوایان ھێناوە و کردەوەی چاکیان کردووە وە کەس ئەو (ووتەی زانایانە) وەرناگرێ جگە لەخۆڕاگران
ئەمجا ئەو (قارون) و کۆشکەکەیمان برد بەناخی زەویدا ھیچ کۆمەڵ ودەستە وتاقمێکیشی نەبوو لەبەرانبەری (سزای) خوادا یارمەتی بدات وە لەو کەسانەش نەبوو بتوانێت خۆی ڕزگار بکات
وە ئەوانەی دوێنێ ئاواتیان دەخواست لەشوێن و پلەی ئەو (قارون) دابن وایان لێھات دەیانووت وای وا دیارە خوا ڕۆزی زۆر دەکات بۆ ھەرکەس خۆی بیەوێ لە بەندەکانی کەمیشی دەکاتەوە (بۆ ھەرکەس خۆی بیەوێ) ئەگەر خوا منەتی نەکردایە بەسەرماندا ئێمەشی دەبرد بەناخی زەویدا ئای لەم بەسەرھاتە سەرسوڕ ھێنەرە، بێگومان ڕزگار نابن ئەوانەی شوکرانە بژێری چاکەی خوا نین (کافرن)
ئەو ماڵی دوا ڕۆژە (بەھەشت) دەیدەین بەو کەسانەی نەبەرزی و خۆ بەزلزانیان دەوێت لەزەویدا نەدەست درێژی و خراپەکاری وە سەرئەنجامی چاك بۆ خۆپارێزانە
ھەر کەس کارێکی چاك بکات ئەوە (پاداشتی) چاکتر لەوەی بۆ ھەیە ھەرکەسیش خراپە بکات ئەوە تۆڵە ناسەنرێت لەوانەی خراپەکانیان کردووە تەنھا بە ئەندازەی ئەو کردەوانە نەبێت کەکردویانە
بێگومان ئەو (خوایەی) کەقورئانی بۆ تۆ ناردووە (پێویست کردووە) دەتگێڕێتەوە بۆ مەککە (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ پەروەردگارم زاناترە بەو کەسەی ڕێنمونی (ئاینی ڕاستی) ھێناوە وە بەو کەسەی لەگومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرادایە
وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بەھیوا نەبوویت کەئەم (قورئانە)ت بۆ بنێردرێ بەڵام ڕەحمەتێك بوو لەلایەن پەروەردگاتەوە (بۆت نێردرا) کەواتە ھەرگیز مەبە بەپشتیوان بۆ بێ بڕوایان
وە با (بێ بڕوایان) ڕێگریت نەکەن لە(گەیاندنی) ئایەتەکانی خوا دوای ئەوەی دابەزێنراوە بۆت بانگی (خەڵك) بکە بۆلای پەروەردگارت وە لەھاوبەشدانەران مەبە
وە لەگەڵ خوادا ھیچ پەرستراوێکی تر مەپەرستە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست و بەھەق نیە جگە لەخوا ھەموو شتێك لەناو دەچێت جگە لە ڕووی پیرۆزی ئەو نەبێت (لەم ئایەتە پیرۆزەدا جێگیرکردنی سیفەتی (وجە - ڕوو) بۆ خوای گەورە ھاتووە، بەڵام بەشێوەیەك کە شایستەی گەورەی وتەواوی زاتی خوا بێت، بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك، بڕوامان پێیەتی وچۆنیەتیەکەی نازانین) بڕیارو حوکم تایبەتی خوایە و تەنھا بۆ لای ئەویش دەگەڕێنرێنەوە
Icon