ترجمة سورة المعارج

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة المعارج باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

داواکارێك داوای سزایەکی (خوایی) کرد کە (ئەو سزایە) ھەر ڕوو دەدات
بۆ بێ باوەڕان نیە هیچ بەرگریكارێك (کە بیان پارێزێت)
لە (سزای) خوای خاوەن پلەو پایەی زۆر بەرز
فریشتە وجوبرەیل سەر دەکەون بۆ لای خوا لە ڕۆژێکدا کە ئەندازەکەی پەنجا ھەزار ساڵە
کەوا بوو خۆت ڕابگرە (ئەی موحەممەد ﷺ) بە خۆڕاگرتنێکی چاك وجوان
بەڕاستی ئەو بێ بڕوایانە ئەو ڕۆژە بە دوور دەبینن
ئێمەیش زۆر بە نزیكی دەبینین
ئەو ڕۆژەی کە ئاسمان وەك مسی تواوە (یان خڵتەی زەیتی) لێ دێت
کێوەکانیش وەك خوری شیکراوەیان لێ دێت
وە ھیچ کەسێك ناپرسێتەوە لە ھیچ کەسێکی خۆشەویستی خۆی
کە نیشانی یەکتری دەدرێن، تاوانبار ئاوات دەخوازێت کە (قوربانی) بدایە لەبری ڕزگار بوونی خۆی لە سزای ئەو ڕۆژە بە کوڕەکانی
بەژن وبە براکانی
بە ھـۆزەکەشیەوە کە پەنایان دەدا
وە بە ھەرچی کەس لەسەر زەویە (ھەمووی بدایە و) لەپاشان ھەر خۆی ڕزگاری ببێت
نەخێر (وا نیە) بەڕاستی ئاگری دۆزەخ بە بڵێسەیە
داماڵێنەری پێستی سەرە
(ئەو ئاگرە) بانگی کەسێك دەکات کە پشتی ھەڵکردبێ لە خواو ڕووی وەرگێڕابێت
وە سامانی کۆ کردبێتەوە وھەڵی گرتبێت
بێگومان ئادەمی دروست کراوە بە چاو چنۆکێکی تەنگەتیلکە
کە ناخۆشیەكی تووش ببێت ھاوار وناڵە دەست پێ دەکات
کە خێر وسامانیش ڕووی تێ بکات ئەی گرێتەوە (لە خەڵکی)
جگە نوێژگەران نەبێت
ئەوانە کە بەردەوامن لەسەر نوێژەکانیان
ئەوانەی کە بەشێکی دیاریكراو لە ماڵ وسامانیاندا ھەیە (تەرخانكراوە)
بۆ ھەژاری داواکەر وبێ نەوای داوانەکەر
وە ئەوانەی کە باوەڕیان بە ڕۆژی پاداشت ھەیە
وە ئەوانەی کە لە سزای پەروەردگاری خۆیان دەترسن
چونکە بەڕاستی سزای پەروەردگاری ئەوان کەس لێی دڵنیا نیە
وە ئەوانەی کە ئاگاداری داوێنی خۆیان دەکەن
لەگەڵ ژنانی خۆیان نەبێت یا کەنیزەکێك کە بووبن بە خاوەنیان، بێگومان ئەوانە لۆمە کراو نین
ئەمجا ھەر کەسێك دوای شتی تر بکەوێت، ئەو کەسانە ئەوانەن کە دەست درێژکەرن
وە ئەوانەی کە چاودێری سپاردە وپەیمانی خۆیان دەکەن
وە ئەوانەی کە شایەتی خۆیان بە تەواوی دەدەن
وە ئەوانەی کە پارێزگاری نوێژیان دەکەن
ئەوانە (کە باس کران) ڕێز دەگیرێن لە باخاتی بەھەشتدا
دەی چیانە ئەو بێ بڕوایانە (کە تۆ دەرئەکەویت ئەی موحەممەد ﷺ) بەپەلە دێن بۆ لات
لەلای ڕاست وچەپتەوە دەستە دەستە دەبن
ئایا ھەموو یەکێك لەوان بەتەمایە کە بخرێتە بەھەشتی پڕ لە ناز ونیعمەتەوە
وا نیە: (وەك بەتەمان) بەڕاستی ئێمە درووستمان کردوون لەوەی کە دەیزانن
جا سوێند بە پەروەردگاری ڕۆژھەڵاتەکان وڕۆژئاواکان، بێگومان ئێمە بە دەسەڵاتین
لە سەر ئەوەی کە بیانگۆڕین وباشتر لەوان بھێنین وە کەس لە دەستمان دەرناچێت
ئەمجا وازیان لێ بھێنە، با لە بێباوەڕی وقسەی ھیچ وپووچ و گاڵتەی خۆیاندا ڕۆبچن، تا دووچاری ئەو ڕۆژەی خۆیان دەبن کە بەڵێنیان پێ دراوە
ئەو ڕۆژەی کە بەپەلە لە گۆڕەکانیان دێنـە دەرەوە وەك ئەوەی کە بۆ لای بتەکانیان ڕابـکەن
چاویان شۆڕو (سەر بەرە وژێرە) ڕیسوایی وشەرمەزاری دایان دەگرێت، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە لەوەوپێش بەڵێنیان پێ درابوو
Icon