ترجمة سورة الشورى

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الشورى باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (حا میم) دەخوێنرێتەوە
بە (عەین، سین، قاف) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاترو واتاکەشیان سەرنجی سەرەتای سورەتی (البقرة) بدە
ئا بەو جۆرە خودا نیگا دەکات بۆ تۆ وە بۆ ئەو (پێغەمبەرانەی) پێش تۆش خوای زاڵی باڵادەستی کاردروستە
ھەر بۆ خوایە ھەرچی لە ئاسمانەکان وە ھەرچی لە زەویدایە وە ئەو (خوا) بڵند و گەورەیە
نزیکە ئاسمانەکان پارچە پارچەببن لە سەرویانەوە وە فریشتەکان بەپاکی یاد وسوپاسی پەروەردگاریان دەکەن وە داوای لێبوردن دەکەن بۆ ئەوانەی لەزەویدان ئاگاداربن کە بێگومان تەنھا خوا لێبوردە و میھرەبانە
وە ئەوانەی جگە لەخوا دۆستانێکیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە خوا ئاگادار و چاودێرە بەسەریانەوە وە تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) پارێزەر وچاودێر نیت بەسەریانەوە
ھەروەھا نیگامان کردووە بۆت قورئانێك (بەزمانی) عەرەبی بۆ ئەوەی خەڵکی مەککە و کەسانی دەوروبەری بترسێنیت وە (خەڵك) بترسێنیت لەڕۆژیی کۆکردنەوە کە ھیچ گومانی تێدا نیە کۆمەڵێك لە بەھەشتدان وە کۆمەڵێك لە ئاگریی بڵێسەداردان
وە ئەگەر خوا بیویستایە دەیکردن بەیەك نەتەوە (باوەڕداریان بێ باوەڕ) بەڵام ھەرکەسێکی بوێت دەیخاتە ناو میھرەبانی خۆیەوە، ستەمکارەکانیش ھیچ دۆست و یارمەتی دەرێکیان نیە
ئایا ئەوان جگە لەخوا پشتیوان و دۆستانێکیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردوە؟ ھەر خوا پشتیوان و دۆستە وە تەنھا ئەو مردووان زیندوو دەکاتەوە وە ئەو بەدەسەڵات وبە توانایە بەسەر ھەموو شتێکدا
وە ھەرشتێك کە تێیدا جیاواز بوون ئەوە بڕیارەکەی بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە ئەو خوایە پەروەردگاری منە تەنھا پشتم بەو بەستووە وە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێمەوە
(خوا) بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەویە، بۆی بەدیھێناون ھاوسەران لەخودی خۆتان ھەروەھا لە ئاژەڵیشدا جووتی (دروستکردووە) لەجووت بووندا ژمارەتان زۆر دەکات ھیچ شتێك بەوێنەی خوا نیە (نە لەزات و نە لەسیفات و نە لە کرداریدا) وە ئەوە بیسەرو بینایە
ھەر بۆ ئەوە (کلیلەکانی) دەسەڵاتداریی ئاسمانەکان وزەوی، ڕزق و ڕۆزی فراوان دەکات و دەیگرێتەوە لە ھەرکەسێك کە بیەوێت بەڕاستی خوا ئاگادارە بەھەموو شتێك
ئەو ئاینەی بۆ داناوون کە فەرمانی داوە بە نوح و ئەوەش نیگامان کردووە بۆ تۆ و ئەوەش کە فەرمانمان داوە بە ئیبراھیم وموسا وعیسا کە لەسەر ئەو ئاینەبن بەڕێك و ڕاستی و جیاوازی تێدا مەکەن زۆر قورس وگرانە بەلای ھاوبەشدانەرانەوە ئەوەی ئەوانی بۆ بانگ دەکەیت خوا ھەرکەسی بوێت ھەڵی دەبژێرێ بۆ(موسڵمان بوون) لای خۆی وە ڕێنمونی کەسێك دەکات بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە
وە جیاواز نەبوون مەگەر لەپاش ئەوەی کەزانست و زانیاریان بۆ ھات بەھۆی دژایەتی و حەسوودی نێوانیانەوە وە ئەگەر فەرمانێك پێشتر لە پەروەردگارتەوە دەرنەچوایە تا کاتێکی دیاریکراو (دەبێ بژین) ئەوە بڕیار لەنێوانیاندا دەکرا (بەسزادانیان) وە بەڕاستی ئەوانەی لەدوای ئەوان نامەیان پێـدرا لە گومان و دوو دڵیدا بوون لێی
کەواتە تۆ بۆ ئەوە بانگەوازبکە و ڕاست و ڕاوەستاوبە لەسەر ئاینەکەت بەو جۆرەی فەرمانت پێکراوە وە شوێن ئارەزووەکانی ئەوان مەکەوە وەبڵێ باوەڕم ھێناوە بەھەرنامەیەك کە خوا ناردویەتیە خوارەوە وە فەرمانم پێـدراوە کە داد پەروەربم لە نێوانتاندا خوا پەروەردگاری ئێمە و ئێوەشە (پاداشتی) کردەوەی خۆمان بۆ خۆمانە و (پاداشتی) کردەوەی ئێوەش بۆ خۆتانە ھیچ بەڵگەیەك نەماوە لە نێوان ئێمە و ئێوەدا (باس نەکرابێت)، خوا (لەڕۆژی دواییدا) کۆمان دەکاتەوە سەرەنجام و گەڕانەوەش ھەر بۆ لای ئەوە
ئەوانەی دەمەدەمێ دەکەن لەبارەی خواوە لەدوای ئەوەی (خەڵکی بانگەوازی) ئەویان وەڵام دایەوە و(موسڵمان بوون) بەڵگەکانیان پوچ و بەتاڵە لای پەروەردگاریان وە خەشم و ڕقی خوایان لەسەرە وە سزای زۆر سەختیان بۆ ھەیە
خوا ئەو زاتەیە کە ئەم قورئانەی بەڕاستی ناردووەتە خوارەوە وە تەرازووی ناردووە (بۆ جیاکردنەوەی ھەق و بەتاڵ) وە تۆ چوزانیت لەوانەیە ھاتنی ڕۆژی دوایی زۆر نزیك بێت
ئەوانەی باوەڕیان پێی نیە پەلەی ھاتنی دەکەن بەڵام ئەوانەی باوەڕیان پێی ھەیە دەترسن لێی وە دەزانن ڕۆژی دوایی ڕاستە بێداربن بەڕاستی ئەوانەی کە گومانیان ھەیە لەڕۆژی دوایی ئەوە بەڕاستی لە گومڕاییەکی زۆر دوور لەڕاستی دان
خوا دڵسۆزە بەبەندەکانی ھەرکەسی بوێت ڕزق و ڕۆزی دەدات وە ھەر ئەوە بەھێز و باڵادەسەت
ھەرکەس بەرھەمی دوا ڕۆژی بوێت ئێمە بەرھەمەکەی بۆ زیاد دەکەین وە ھەرکەسێك بەرھەمی دونیای بوێت ھەندێك لەدونیای پێ دەدەین بەڵام لەڕۆژی دواییدا ھیچ بەشێکی نیە
ئاخۆ ئەو (بێباوەڕانە) ھاوبەشانێکیان ھەیە ئاینێکیان بۆ داناوون کە خوا ڕێگەی پێ نەداوە وە ئەگەر بڕیاری یەکجاری دەرنەچوایە لەنێوانیان دا بڕیار دەدرا (بە لە ناوبردنیان) وە بەڕاستی بۆ ستەمکاران سزای سەختی ئازاردەر ھەیە
تۆ ستەمکاران دەبینیت زۆر دەترسن لەتاو ئەوەی کردویانە بێگومان ئەو سزایە ھەر دووچاریان دەبێت وە ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و چاکەکانیان کردووە لە ناو باخ وباخاتی بەھەشتدان لە لایەن پەروەردگاریانەوە ھەرچیەکیان بوێت بۆیان ئامادەیە ئە وەیە چاکەو بەخششی زۆر گەورە
ئەو (بەخششە) ئەوەیە کە خوا موژدە دەدات بە بەندەکانی ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە و چاکەکانیان کردووە (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ داوای ھیچ پاداشتێکتان لێ ناکەم لەسەری مەگەر خۆشویستنی خزمایەتی ھەر کەس ھەر چاکەیەک بکات چاکەی بۆ زیاد دەکەین (بە چەند بەرانبەر) بەڕاستی خوا لێبوردە و سوپاسگوزارە
یان ئەو (بێ باوەڕانە) دەڵێن پێغەمبەر درۆی بەدەم خواوە ھەڵبەستووە خۆ ئەگەر خوا بیەوێت مۆر دەنێ بەسەر دڵتدا وە خوا بەتاڵ لە ناو دەبات وە بە ووتەکانی (قورئان) ڕاستی جێگیر دەکات بەڕاستی خوا زانایە بەوەی لە ناو دڵاندایە
وە ئە و خوا زاتێکە تەوبە لە بەندەکانی وەردەگرێت وە لە کردەوە خراپەکان چاوپۆشی دەکات وە دەزانێت بە ھەرچی کەئێوە دەیکەن
ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و چاکەکانیان کردووە (داوایان) وەردەگرێت وە لە فەزڵ و بەخششی خۆیی زیاتریان دەداتێ بەڵام بێ باوەڕان سزای سەختیان بۆ ھەیە
خۆ ئەگەر خوا ڕزق و زۆری فراوان بکردایە بۆ بەندەکانی لە زەویدا ستەمیان دەکرد وسەرکەش دەبوون بەڵام (خوا) ڕزق و ڕۆزی بەو ئەندازە دەنێرێتەخوارەوە کە خۆی بیەوێت بەڕاستی خوا بەئاگا و بینایە بە بەندەکانی
وە خوا ئەو زاتەیە کە باران دەبارێنێت لە پاش ئەوەی کە خەڵکی بێ ئومێد بوون وە (بارانی) ڕەحمەتی خۆی بڵاو دەکاتەوە وەھەر ئە و پشتیوان و سوپاسکرا وە
وە لە بەڵگەکانی (دەسەڵاتی) خوایە دروستکردنی ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەی بڵاوی کردوەتەوە لە گیانلەبەران لە ھەر دووکیاندا (لە زەوی و لە ئاسمانەکان) وە خوا ھەر کاتێک بیەوێت بەتوانایە بەسەر کۆکردنەوەیاندا
وە ھەر ناخۆشیەکتان تووش بووبێت ئەوە بەھۆیی کردەوەیی (خراپی) خۆتانەوەیە وە لە زۆرێکیش چاوپۆشی کردووە
وە ئێوە ناتوانن لە زەویدا قوتاربن وە نیتانە بێجگە لە خوا ھیچ پشتیوان و یارمەتی دەرێك
وە لە بەڵگەکانی (دەسەڵاتی) خوایە کەشتیانێک وەک شاخەکان لە دەریادا دەڕۆن
ئەگەر خوابیەوێت (ھەوا) ڕادەگرێت ئیتر کەشتیەکان بەسەر پشتی دەریاکەوە دەوەستن بەڕاستی لەوەی (کەباس کرا) چەندین بەڵگە و نیشانە ھەیە بۆ ھەموو ئارام گرێکی سوپاسگوزار
یان بەھۆی کردەوەکانیانەوە نوقمیان دەکات لەزۆرێکیش (لە گوناھیان) چاوپۆشی دەکات
ئەوانەی کەدەمە قاڵی دەکەن دەربارەی بەڵگەکانی ئێمە دەزانن ھیچ پەنایەکیان نیە
جا ھەرشتێکتان پێ بەخشراوە ئەوە تەنھا خۆشی ژیانی ئەم دونیایە وە ئەوەی لای خوایە چاکتر و بەردەوامترە بۆ ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە وە تەنھا پشت بەپەروەردگاریان دەبەستن
وە ئەوانەی لە گوناھە گەورەکان و خراپە زۆر ناشیرینەکان دور دەکەونەوە وە کاتێک ڕق و قینیان ھەڵسێت ئەوان لێ دەبوورن
وە ئەوانەی کە گوێڕایەڵی پەروەردگاریان کردووە نوێژەکانیان بەچاکی ئەنجامداوەوە کارو باری نێوانیان بەپرس و ڕاوێژە وە لەو ڕۆزیەی پێمان داوون دەیبەخشن
وە ئەوانەی کاتێك دەست درێژیان لێ دەکرێت تۆڵەی خۆیان دەستێنن (و سەرداناخەن)
وە تۆڵەی ھەر خراپەیەك خراپەیەکە بەوێنەی خۆی جا ھەرکەسێک ببورێت و ئاشتی بکات ئەوە پاداشتی ئەو لە لای خوایە بەڕاستی خوا ستەمکارانی خۆش ناوێت
وە ھەرکەس تۆڵە بسەنێ لە پاش ئەوەی ستەمی لێکراوە ئا ئەوانە ھیچ تاوان وگوناھێکیان لەسەر نیە
تاوان وگوناە ھەر لەسەر ئەو کەسانەیە کەستەم لەخەڵکی دەکەن وە بە ناھەق خراپەکاری دەکەن لە زەویدا ئەوانە سزای زۆر سەختیان بۆ ھەیە
وە ھەر کەس خۆ گرو لێ بوردە بێت بەڕاستی ئەمە لەکارە پڕ بایەخ وپەسەندەکانە
وە ھەر کەس خوا گومڕایی بکات ئەوە پاش ئەوە ھیچ دۆست و یارمەتی دەرێکی نیە وە ستەمکاران دەبینیت کاتێك سزای (خوا) دەبینن دەڵێن ئایا ڕێگـایەك ھەیە بگەرێینەوە بۆ دونیا
وە دەیان بینیت پیشانی دۆزەخ دەدرێن بەملکەچی وزەلیلی و داماوی بەگۆشەی چاو و بەدزیەوە دەڕوانن وە ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە دەڵێن بەڕاستی زیانبارەکان ئەوانەن کە خۆیان و کەس و کاریان لەڕۆژی ھەستانەوەدا لە دەستداوە بێداربن بەڕاستی ستەمکاران لە سزایەکی ھەمیشەییدان
وە ئەوانە ھیچ پشتیوانێکیان نیە کەیارمەتیان بدەن بێجگە لەخوا وە ھەرکەسێک خوا گومڕایی بکات ئەوە ھیچ ڕێگەیەکی ڕزگار بوونی بۆ نیە
گوێڕایەڵ بن بۆ پەروەردگارتان پێش ئەوەی ڕۆژێك بێت لەلایەن خواوە کە گەڕانەوەی بۆ نیە ئەو ڕۆژە ھیچ پەناگایەکتان نابێت وە ھیچ ئینکاریەکتان پێ ناکرێت
جا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕا ئەوە ئێمە تۆمان بەپارێزەر وچاودێر نەناردووە بۆ سەریان تۆ تەنھا ڕاگەیاندت لەسەرە وە بەڕاستی کاتێك ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ڕەحمەت و نیعمەتێک بە کەسێك بچەژین پێی دڵخۆش دەبێت وە ئەگەر ناخۆشیەکیان تووش ببێت بەھۆی کردەوەی خۆیانەوە ئەوە بەڕاستی ئادەمی پێ نەزان و سپڵەیە
ھەر بۆ خوایە موڵك وپاشایەتی ئاسمانەکان و زەوی ھەرچیەکی بیەوێت بەدی دەھێنێت بۆ ھەرکەسێك بیەوێت کچی پێ دەبەخشێت وە بۆ ھەرکەسیش بیەوێت کوڕی پێ دەبەخشێت
یان کوڕ و کچی بەیەکەوە پێ دەبەخشێت وە ھەرکەسێکیشی بوێت نەزۆکی دەکات بەڕاستی خوا زانا و دەسەڵاتدارە
بۆ ھیچ کەس نەبووە کەخوا قسەی لەگەڵدا بکات بە وەحی نەبێت یان لەپشت پەردەوە یان نێرراوێك بنێرێت و بەفەرمانی خۆی ئەوەی کە بیەوێت وەحی بۆ دەکات بەڕاستی خوا بڵند وکاردروستە
ھەر بەو شێوە (کە وەحی پێ دێت) قورئانمان بۆ تۆ نارد (ئەی موحەممەد ﷺ) بە فەرمانی خۆمان کەتۆ نەتدەزانی کتێب وئیمان چیە بەڵام ئێمە ئەوەمان کردە ڕووناکیەك ڕێنمونی ھەر کەسێکی پێ دەکەین کەبمانەوێت لەبەندەکانمان وە بەڕاستی تۆ (خەڵك) ڕێنمونی دەکەیت بۆ ڕێگای ڕاست
ڕێگەی ئەو خوایەی کە ھەرچی لە ئاسمانەکان و ھەرچی لە زەویدایە ھی ئەوە بێداربن ھەموو کارەکان ھەر بۆلای خوا دەگەڕێتەوە
Icon