ترجمة سورة عبس

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة عبس باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


ڕووی گرژکردو ڕووی وه‌رگێڕا (مه‌به‌ست پێغه‌مبه‌ره (صلی الله علیه وسلم) کاتێك (عبدالله ی کوڕی ام مکتوم) که ئیماندارێکی نابینابوو هات بۆ خزمه‌تی، ئه‌ویش هه‌ندێك له سه‌رانی قوره‌یشی کۆ کردبۆوه به ئومێدی هیدایه‌تیان، عبدالله وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، خوا چی فێرکردوویت منیش فێر بکه‌، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێی ناخۆش بوو که قسه‌کانی پێ ده‌بڕێت، له‌به‌رئه‌وه ڕووی گرژکرد و ڕووی وه‌رگێڕا. بۆیه سه‌ره‌تای ئه‌م سووره‌ته دابه‌زی که گله‌ییه له پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم).

له‌به‌رئه‌وه‌ی نابیناکه هات بۆ لای.

جا تۆ چوزانیت به‌ڵکو ئه‌و هاتبێت تا دڵ و ده‌روونی خاوێن بکاته‌وه‌.

یاخود ئامۆژگاری وه‌ربگرێت، تا ئامۆژگاریه‌که سوودی پێبگه‌یه‌نێت.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی که خۆی بێ نیاز نیشان ده‌دات و نایه‌وێت ڕێنموومایی وه‌ربگرێت.

تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا کۆده‌بیته‌وه و گرنگی به‌و ده‌ده‌یت و ڕوو له‌و ده‌که‌یت.

جا تۆ هیچ گوناهبار نابیت که ئه‌و ئیمانی نه‌وێت و پاك و پوخته‌کردنی ده‌روونی نه‌وێت.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی که خۆی هاتوه‌ته لات و کۆشش ده‌کات و مه‌به‌ستێتی که شاره‌زای به‌رنامه‌ی خوا ببێت...

له‌کاتێکدا ئه‌و له خوا ده‌ترسێت.

ئه‌وه تۆ گوێ به‌و ناده‌یت و خۆتی لێ بێ ئاگا ده‌که‌یت.

نه‌خێر وامه‌که‌و وامه‌به‌، چونکه به‌ڕاستی ئه‌م ئایه‌تانه‌، ئه‌م سوره‌ته‌، یادخستنه‌وه و ئامۆژگاریه‌.

جا که‌سێك بیه‌وێت ڕێنموویی وه‌رگرێت، ئه‌وه یادی ده‌کات.

(ئه‌و قورئانه‌) له چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی به‌ڕێزو پیرۆزدا هه‌ڵگیراوه و له (لوح المحفوظ) وه‌رگیراوه‌.

که به‌رزو بڵند و پاك و خاوێنن.

به‌ده‌ستی فریشته نووسه‌ره‌کان.

که به‌ڕێزو خواناس و ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌رداران.

ئه‌ی ئاده‌میزاد، به‌کوشت بچیت، چه‌نده کافره‌، سپڵه‌یه‌، چه‌نده خوانه‌ناس و یاخیه‌، یاخود به‌کوشت چێت ئاده‌میزاد چی وای لێکردووه که کافر بێت؟! چ پاساوێکی هه‌یه بۆ خوانه‌ناسی و یاخی بوون.

(بۆ بیرناکاته‌وه‌‌) خوا له‌چی دروستی کردووه‌؟!

له نوتفه‌یه‌ك (له خاڵێکی زۆر بچووك که به چاو نابینرێت) دروستی کردووه و هه‌موو ئه‌ندامانی ده‌ر و ناوی پێ به‌خشیوه و ئه‌ندازه‌گیری وردی له دروستکردنیدا ئه‌نجام داوه‌، (کات و شوێنی له‌دایکبوونی و مردنی بۆ دیاری کردووه‌).

له‌وه‌ودوا ژیانی بۆ ئاسان کردووه و سه‌رپشکی کردووه له په‌یڕه‌وی کردنی ڕێگه‌ی چاکه یان خراپه‌، ئیمان یان کوفر، (دوای ئه‌وه‌ی که ده‌ست نیشانی هه‌ردووکیانی بۆ کردووه و سه‌ره‌نجامی ڕوون کردۆته‌وه‌).

له‌وه‌ودوا ده‌یمرێنێت و ده‌یخاته ناو گۆڕه‌وه‌.

پاشان کاتێك بیه‌وێت زیندووی ده‌کاته‌وه‌.

به‌ڕاستی، ئه‌وه‌ی که خوا فه‌رمانی پێداوه هێشتا ئاده‌میزاد به‌جێی نه‌هێناوه‌.

ده‌با ئاده‌میزاد سه‌یری خواردنه‌که‌ی بکات و سه‌رنجی بدات و بیری لێ بکاته‌وه‌.

بێگومان ئێمه ئاومان بۆ دابارانده‌وه‌ته خواره‌وه‌، چۆن دابارینێت.

له‌وه‌ودوا زه‌ویمان بۆ له‌ت له‌ت به چه‌که‌ره‌ی ناسکی ڕووه‌ك.

ئینجا دانه‌وێڵه‌مان تێادا ڕوواند.

هه‌روه‌ها ترێ و سه‌وزه‌مان.

هه‌روه‌ها زه‌یتوون و دارخورمایش.

باخچه‌ی ده‌وره‌دراو به دارخورما یان دره‌ختی تر، یاخود باخی چڕو پڕ.

جۆره‌ها میوه‌، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گژو گیایانه‌ی که خواکرده و ماڵات ده‌یخوات له له‌وه‌ڕگاکاندا.

(هه‌موو ئه‌مانه ئاماده‌مان کردووه‌) تا خۆتان و ماڵاته‌کانتان سوودی لێ وه‌ربگرن.

جا کاتێك قیامه‌ت به‌رپا بوو به‌هۆی ده‌نگێکی به‌هێزی گوێ کپ که‌ره‌وه‌.

ئه‌و ڕۆژه (هێنده سامناکه‌) برا له‌ده‌ست براکه‌ی هه‌ڵدێت و ڕاده‌کات و خۆی لێ ده‌شارێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ده‌ست دایك و باوکی...

له‌ده‌ست هاوسه‌رو کوڕه‌کانی...

له‌و ڕۆژه‌دا هه‌رکه‌سێك له‌وانه ئه‌وه‌نده سه‌رگه‌رمی کێشه‌ی خۆیه‌تی، ناتوانێت فریای که‌سی تر بکه‌وێت.

له‌و ڕۆژه‌دا ڕووخسارانێك گه‌ش و جوان و ڕوون و شادن.

ده‌م پێکه‌نینن، مژده و شادییان لێ ده‌دره‌وشێته‌وه‌.

له‌و ڕۆژه‌دا ڕووخسارانێکیش هه‌ن که گژو تاڵ و تۆزاوی و په‌ست غه‌مگینن.

دێزی و ڕه‌شی و تاریکی دایپۆشیوون.

ئا ئه‌وانه بێ باوه‌ڕو خوانه‌ناس و تاوانبارو گوناهکاره‌کانن.
Icon