ترجمة سورة هود

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة هود باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (ئەلیف، لام، ڕا) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بەماناکەی، بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرە) بکە ئەمە کتێبێکە بتەو داڕێژراوە ئایەتەکانی پاشان ڕوون کراونەتەوە لەلایەن (خوای) کاردروست و زاناوە
بۆ ئەوەی ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لەخوا بەڕاستی من لەلایەن ئەو (خوا) وە بۆ ئێوە ترسێنەر و موژدەدەرم
ھەروەھا بۆ ئەوەی داوای لێخۆشبوون بکەن لە پەروەردگارتان پاشان تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆلای دەتانژێنێت بەژیانێکی چاک و خۆش تاماوەی دیاریکراو (بۆتان) وە دەبەخشێت بەھەموو خاوەن چاکە و بەھرەیەک (پاداشتی) چاکە و بەھرەی خۆی وە ئەگەر ڕوو وەرگێڕن و سەرپێچی بکەن ئەوە بەڕاستی من مەترسی دەکەم یەخەتان بگرێت سزای ڕۆژێکی گەورە (کە ڕۆژی دواییە)
ھەر بۆلای خوایە گەڕانەوەتان وە ئەو (خوایە) دەسەڵاتدارە بەسەر ھەموو شتێکدا
ئاگادار بن بێگومان ئەوان سنگیان دەپێچنەوە (لەسەر کینە و دژایەتی) بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە لە خوا بێداربن کاتێک ئەوانە خۆیان دادەپۆشن بە پۆشاکەکانیان (بۆ ئەوەی پیلانەکانیان دەرنەکەون) (خوا) دەزانێت بەوەی دەیشارنەوەو ئەوەی ئاشکرای دەکەن بێگومان ئەو (خوایە) بە ئاگا و زانایە بەو (نھێنیانەی) لە سینە و دڵەکاندایە
ھیچ گیان لەبەرێک نیە لەزەویدا ئیلا لەسەر خوایە ڕزق و ڕۆزیەکەی وە (خوا) دەزانێت شوێنی مانەوەی وە شوێنی لێ دەرچوونی ھەمووی نوسراوە لەکتێبی ڕوون کەرەوە (لوح المحفوظ)دا
ئەو (خوایە) زاتێکە کە ئاسمانەکان وزەوی دروستکردوە لە شەش ڕۆژدا و عەرشەکەی لەسەر ئاو بوو بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە کامتان کردەوەی چاکتر (دەکەن) سوێندبێ ئەگەر بڵێیت (بەوانە) بەڕاستی ئێوە زیندوو دەکرێنەوە لەپاش مردن بێگومان ئەوانەی کە بێ بڕوان دەڵێن ئەمە ھیچ نیە بێجگە لە جادویەکی ڕوون و دیارنەبێت
وە سوێند بەخوا ئەگەر ئەو سزایان دوا بخەین تاماوەیەکی کەمی دیاریکراو ئەوە بەڕاستی دەڵێن چی ئەو سزای ڕاگرتووە (بۆچی بۆمان نایەت) بێدار بن ڕۆژێ ئەو سزایەیان بۆ دێت لێیان لا نادرێت وە دەوریان دەدات ئەوەی کە ئەوانە گاڵتە و لاقرتیان پێدەکرد
سوێند بەخوا ئەگەر ئێمە بچێژین بە ئادەمی چاکە و فەزڵ و بەھرەیەک لای خۆمانەوە پاشان ئەو (چاکەو بەھرەیەی) لێ بگرینەوە بێگومان ئەو زۆر نائومێد و سپڵەیە (لەو کاتەدا کوفری نیعمتەکانی خوا دەکات)
سوێند بەخوا ئەگەر پێی بچێژین وبیدەینێ بەھرە و چاکە دوای ئەو سەختی و ناڕەحتیانەی تووشی بووە بێگومان دەڵێت گشت سەختی و زیانەکانم لە مل بوویەوە (بەرۆکی بەردام) بێـگومان (لەوکاتەدا) زۆر دڵخۆش و لوت بەرزو خۆ بەزلزانە
جگە لەوانەی کە بائارام و خۆگر بوون و کردەوە چاکەکانیان بەجێھێنا ئەوانە بۆیان ھەیە لێبوردن و پاداشتی گەورە
ئایا تۆ وازھێنەری لە (ڕاگەیاندنی) ھەندێک لەوەی نیگات بۆ کراوە و دڵ تەنگ دەبیت پێی لەبەر ئەوەی کە دەڵێن بۆچی گەنج و خەزێنەی بۆ نانێردرێتە خوارەوە یان بۆچی فریشتەیەکی لەگەڵدا نەھاتووە بێگومان تۆ تەنھا ترسێنەری و خـوا بۆ ھەموو شتێک سەرپەرشتیکارو چاودێرە
یان ئەوانە دەڵێن پێغەمبەر ﷺ ئەو (قورئانە) ی ھەڵبەستووە بڵێ دەی ئێوەش دە سورەتی وەکو ئەو (قورئانە) بھێنن ھەڵبەستراوبن وەبانگ بکەن (بۆ پشتیوانیتان) ھەرکەس دەتوانن بێجگە لە خوائەگەر ئێوە ڕاست دەکەن
جا ئەگەر وەڵامیان نەدانەوە ئەوە بزانن کەبێگومان ئەم (قورئانە) نێردراوەتە خوارەوە بەئاگاداری وزانینی خوا ھەروەھا بزانن ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە لەئەو دەی ئایا ئێوە ملکەچ و موسڵمانن؟
ھەرکەس دەیەوێت ژیانی دونیا و ڕازاوە و جوانی ئەو ئێمە (بەرھەمی) کردەوەکانیان بەتەواوی پێ دەدەین تیایدا وە ئەوان لەم ژیانەدا کەموکوڕیان لەگەڵ ناکرێت
ئەوانە کەسانێکن بۆیان نیە لەڕۆژی دواییدا جگە لەئاگر وە ئەوەی کردیان تێیدا پوچ و بێ بەرھەم بووە وە ھەرچیان کرد بەردەوام بوو بەھیچ
جا ئایا کەسێک بەڵگەیەکی ئاشکرای ببێ لەلایەن پەروەردگاریەوە و شایەتێک لای ئەوەوە بۆی بخوێنێتەوە, وە لەپێش ئەم (شایەتیەی خۆیەوە) پەڕاوی موساش (شایەتە بۆی) کەپەیڕەو پێشەواو میھرەبانیە ئەوانە بڕوایان ھەیە بەو (شایەتە کەقورئانە) وە ھەرکەس باوەڕی پێی نەبێت لەو کۆمەڵ و تاقمانە (ئەوانەی کۆبونەوە لەسەر دژایەتی ئیسلام) ئەوە ئاگر جێگایەتی کەواتە ھیچ جۆرە گومان و دوو دڵیەکت نەبێت لەو (قورئانە) بەڕاستی ئەو قورئانە ڕاستە لەلایەن پەروەردگارتەوە ھاتووە بەڵام زۆرێک لەخەڵکی بڕواناھێنن
وەئایا کێ ستەمکارترە لەو کەسەی کەدرۆ ھەڵبەستێ بەدەم خواوە؟ ئەوانە دەبرێنە حوزوری پەروەردگاریان (ووتەکانیان دەخرێتە ڕوو) وە شایەتەکان (لەپێغەمبەران وفریشتەکان) دەڵێن ئا ئەوانە ئەو کەسانەن (لەدونیادا) درۆیان ھەڵدەبەست بەدەم پەروەردگاریانەوە بێداربن نەفرەتی خوا بۆ ستەمکارانە
ئەوانەی بەرھەڵستی ڕێگەی خوا دەکەن و دەیانەوێ بەلارو چەوتی نیشاندەن لەکاتێکدا ئەوان بەڕۆژی دوایی بێ باوەڕن
ئەو (نەفرەت لێکراوانە) ناتوانن (لەدەستی خوا) خۆیان قوتار بکەن لەوڵات و زەویدا و نیانە بێجگە لەخوا ھیچ پشتیوان و دۆستێک بۆیان دووقات دەکرێتەوە سزا توانای بیستنی (ئەو قورئانە) یان نەبوو (ھەقیشیان) نەدەبینی
ئەوانە کەسانێکن کەخۆیان دۆڕاند وە لێیان وون بوو ئەو درۆ و دەلەسانەی لەدونیادا دەیان کرد
بەڕاستی و بێگومان ئەوانە لەڕۆژی دواییدا زەرەرمەند ترین کەس خۆیانن
بەڕاستی ئەوانەی بڕوایان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان بەجێھێناوە و گەردن کەچ و دڵ ئارام بوون بۆ (فەرمانەکانی) پەروەردگاریان ئەوانە ھاوەڵانی بەھەشتن تێیدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی
وێنەی ئەو دوو دەستەیە وەک کوێر و کەڕ و بیسەر و بیناوان ئایا ئەودوو دەستەیە یەکسانن دە بۆ بیرناکەنەوە
سوێند بە خوا بێـگومان ناردمان نوح بۆ لای گەلەکەی (پێی ووتن) دڵنیابن من ترسێنەرێکی ئاشکرام بۆتان
کە جگە لە خوا نەپەرستن (چونکە) بەڕاستی من دەترسم یەخەتان بگرێ سزای ڕۆژێکی سەخت و بەئازار
جا کاربەدەست ودەسەڵاتدارەکان ووتیان ئەوانەی کەبڕوایان نەھێنا بوو لە گەلەکەی (نوح) ئێمە تۆ نابینین جگە لەئادەمیەکی وەک خۆمان وە نابینین تۆ ھیچ کەسێک شوێنت کەوتبێت جگە لەوانەی کە ھەژار و ڕیسوا و پەستەکانمانن بێ ئاوەزا و ساویلکەن (ڕواڵەت بینن) وە نابینن ئێوە ھیچ شتێکتان لە ئێمە زیادبێت بەڵکو بەدرۆزنتان دەزانین
(نوح) ووتی ئەی گەلەکەم ھەواڵم بدەنێ ئەگەر من بەڵگەی ئاشکرام ھەبێت لەلای پەروەردگارمەوە و ڕەحمەتێکی پێ بەخشیبم لەلایەن خۆیەوە بەڵام ئەوە لەئێوە شاردرابێتەوە ئایا بەزۆر پابەندتان بکەین پێیەوە لە کاتێکدا ئێوە حەزی لێ ناکەن و پێتان ناخۆشە
وە ئەی گەلەکەم لەسەر ئەم (گەیاندنی پەیامە) داوای ھیچ ماڵ و سامانێکتان لێ ناکەم پاداشتی من ھەر لەسەر خوایە وە من ئەوانە دەرناکەم بڕوایان ھێناوە بەڕاستی ئەوانە بەدیداری پەروەردگاریان دەگەن (لەڕۆژی دواییدا) بەڵام من ئێوە دەبینم کە کۆمەڵێکی نەزانن
ئەی گەلەکەم کێ یارمەتیم دەدات لەبەرانبەر خوادا ئەگەر ئەوانە بتارێنم و (دەریان بکەم) دەی ئایا بۆ بیرناکەنەوە؟
من پێتان ناڵێم خەزێنەکانی خوا لای منە وە ناشڵێم غەیب و شتە نادیارەکان دەزانم ھەروەھا ناڵێم من فریشتەم بەوانەش ناڵێم کە لەبەر چاوی ئێوە سووک و بێ ڕێزن خوا ھیچ چاکەیەکیان ناداتێ خوا چاک دەزانێ
ووتیان ئەی نوح بێگومان دەمەقاڵێت کرد لەگەڵماندا زۆریش دەمەقاڵێت کرد لەگەڵماندا دەی ئەوەی بەڵێنمان پێ دەدەیت (لەسزا) بۆمان بھێنە ئەگەر تۆ لە ڕاست گۆیانیت
ووتی بێگومان خوا بۆتان دەھێنێت ئەگەر بیەوێت وە ئێوە ناتوانن (لەسزای خوا) خۆتان قوتار بکەن
وە ئامۆژگاری من سوودتان پێ ناگەیەنێت گەر بمەوێت ئامۆژگاریتان بکەم ئەگەر خوا بیەوێت گومڕاتان بکات ئەو پەروەردگارتانە وە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێنەوە
یان ئەوانە دەڵێن موحەممەد ﷺ ئەم (قورئانەی) بەناوی خواوە ھەڵبەستووە بڵێ ئەگەر من ھەڵم بەستبێت ئەوە گوناھو تاوانەکەی تەنھا لەسەر خۆمە وە منیش بەریم لەتاوانی ئێوە
وەحی کرا بۆ نوح (علیە السلام) کەوا کەسی تر بڕوا ناھێنێت لەگەلەکەت بێجگە لەوەی پێشتر بڕوای ھێناوە کەواتە ناڕەحەت وغەمبار مەبە بەوەی ئەوان دەیکەن
وە کەشتیەکە دروست بکە بە پێش چاو و چاودێری وفەرمان و نیگای ئێمە (لەم ئایەتەدا باسی سیفەتی -چاو، عەین - ھاتووە بۆ خوای گەورە، بڕوامان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەک، شێوەکەی نازانین، وە تەنھا خوا خۆی دەزانێت) وە ھیچ قسەم لەگەڵدا مەکە لە بارەی ئەوانەی ستەمیان کردووە (وبێ باوەڕ بوون) چونکە بێگومان ئەوانە دەخنکێنرێن
وە دەستی کرد بە دروستکردنی کەشتیەکە ھەر کاتێک تێ پەڕینایە بەلایدا کۆمەڵێک لەگەلەکەی گاڵتەیان پێدەکرد (نوح) دەیووت ئەگەر ئێوە ئێستە گاڵتە و لاقرتی بەئێمە دەکەن ئەوە بێگومان ئێمەش لاقرتی بەئێوە دەکەین ھەر چۆن ئێوە لاقرتی بەئێمە دەکەن
جا لەمەوپاش دەزانن کێ سزای بۆ دێت سەر شۆڕی دەکات (لەدونیاداو لەقیامەتیشدا) سزای ھەمیشەیی بەسەردادێت
(نوح) (کەشتیەکەی دروستکرد) ھەتا کاتێک فەرمانی ئێمە ھات (بۆ لەناوبردنیان) و تەنورەکە ئاوی لێ ھەڵقوڵا ووتمان (بەنوح) لەو (کەشتیە) دا ھەڵی بگرە لەھەموو نێرو مێیەک دووان ژن و منداڵەکانیشت ھەڵبگرە ئەوەیان نەبێت بڕیاری خوای لەسەر دراوە (بەخنکاندن) ھەر ئەوانەش (ھەڵ بگرە کە) بڕوایان ھێنا (لەگەلەکەت) وە خەڵکێکی کەم نەبێت بڕوایان نەھێنا لەگەڵیدا
(نوح) ووتی ھەمووتان سواربن لەو (کەشتیە) دا بەناوی خواوە لەکاتی ڕۆیشتن و وەستانیدا بەڕاستی پەروەردگارم زۆر لێ بوردە و میھرەبانە
کەشتییەکە دەیبردن بەناو شەپۆلی وەک کێو و شاخدا نوحیش (علیە السلام) کوڕەکەی بانگ کرد (کەناوی کەنعان بوو) کە لەشوێنێکی کەناردا بوو (ووتی) ئەی کوڕی خۆشەویستم لەگەڵمان دا سواربە و لەگەڵ بێ بڕوایان مەبە
(کوڕەکەی) ووتی پەنا بۆ شاخێک دەبەم کە بمپارێزێت لەم لافاوە (نوح) ووتی: ئەمڕۆ ھیچ پارێزەرێک (پەنادەرێک) نیە لەفەرمانی خوا (کەخنکاندنە) مەگەر کەسێک خوا ڕەحمی پێ بکات (و باوەڕدار بێت) لەوکاتەدا شەپۆلی لافاو کەوتە نێوانیان جا ئەو (کوڕە خنکاو) لەخنکاوان بوو
ئەوسا ووترا ئەی زەوی ئاوەکەت ھەڵمژە و ئەی ئاسمان باران مەبارێنە ئیتر لافاوەکە رۆچوو بەناخی زەویدا کارەکە (خنکانیان) تەواو کرا و (کەشتیەکە) وەستا بەسەر (کێوی) جودیەوە ووترا دووری لەڕەحمی خوا بۆ گەلی ستەمکاران
نوح ھاواری کردە پەروەردگاری ووتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی کوڕەکەم لە کەس و کاری منە و بێگومان بەڵێنی تۆش ڕاستە وە تۆش دادوەرترینی ھەموو فەرمان ڕەوایانی
(خوا) فەرمووی ئەی نوح بەڕاستی ئەو (کەنعان) لەکەس و کاری تۆ نیە بێگومان ئەو (کوڕە) کردەوەی خراپ و ناپەسەند بوو جا کەواتە داوای شتێکم لێ مەکە کەزانیاریت دەربارەی نیە بەڕاستی من ئامۆژگاریت دەکەم تا لەنەفامان نەبیت
(نوح) ووتی پەروەردگارم بەڕاستی من پەنات پێ دەگرم (لەوەی) داوای شتێکت لێ بکەم کەنایزانم وە ئەگەر نەبوریت لێم وڕەحمم پێ نەکەی لەزیان لێکەوتوان دەبم
ووترا ئەی نوح دابەزە (لەکەشتیەکە) بەھێمنی و بێوەی لەلایەن ئێمەوە, وە بەپیت و فەڕی زۆر بەسەرخۆتەوە, وەبەسەر گەلانێک کەپەیدا ئەبن لەوانەی کە لەگەڵ تۆ دان (یا بەسەر ئەو خەڵکانەی لەگەڵ تۆدان) چەند نەتەوە و گەل دواتر دێن خۆشی و نازو نیعمەتیان پێ دەدەین پاشان لەلایەن ئێمەوە دووچاریان دەبێت سزای سەختی ئازاردەر
ئەمانەی (باسکران) لەھەواڵە گرنگە نادیارەکانە بە نیگا بۆمان ناردی نەتۆ و نەگەلەکەت نەتان دەزانین لەپێش ئەم (نیگای ئێمە) کەواتە خۆڕاگربە بەڕاستی سەرئەنجام بۆ لەخوا ترسانە
وە بۆلای (گەلی) عاد ھودی برایانمان نارد ووتی ئەی گەلەکەم خوا بپەرستن ھیچ پەرستراوێکتان نیە جگە لە ئەو ئێوە تەنھا درۆ ھەڵئەبەستن
ئەی گەلەکەم لەسەر ئەم (گەیاندنی پەیامە) داوای ھیچ پاداشتێکتان لێ ناکەم پاداشتی من ھەر لەسەر ئەو (خوا) یە کەدروستی کردوم دەی ئایا ژیر نابن
وە ئەی گەلەکەم داوای لێخۆشبون لەپەروەردگارتان بکەن دواتر بگەڕێنەوە بۆلای ئەو (ئەگەر وابکەن خوا) لەئاسمانەوە (باران) دەبارێنێت بەسەرتاندا بەلێزەمە و ھێزی تر زیاد دەکات بۆ ھێزەکەتان وەڕوو وەرمەگێڕن (لەبانگەوازەکەم) بەتاوان باری
ووتیان ئەی ھود تۆ ھیچ بەڵگەیەکی ڕوونت بۆ نەھێناوین بۆیە ئێمەش واز لەپەرستراوەکان (خواکان) مان ناھێنین لەبەر قسەی تۆ وە ئێمە باوەڕت پێ ناکەین
ئێمە تەنھا (ئەوە بەتۆ) دەڵێین ھەندێک لە پەرستراوەکانمان تووشیان کردووی بەشێتی ووتی بەڕاستی من خوا دەکەم بەشایەت و ئێوەش شایەت بن کەبەڕاستی من بەریم و دوورم لەوەی کەئێوە دەیکەنە ھاوبەش بۆخوا
جگە لەخوا جا ھەمووتان پیلانم لێ بگێڕن لەپاشان مۆڵەتیشم مەدەن (و لێم مەوەستن)
بەڕاستی من پشتم بەخوا بەستووە کەپەروەردگاری من و پەروەردگاری ئێوەیشە ھیچ گیان لەبەرێک نیە لەژێر ڕکێفی خوای گەورەدا نەبێت (بگری پێشە سەریەتی) بەڕاستی پەروەردگارم لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستە
ئەوسا ئەگەر ئێوە ڕوو وەرگێڕن ئەوە بێگومان من پێم ڕاگەیاندون ئەوەی بەمندا نێردراوە بۆتان وە پەروەردگارم کۆمەڵێکی تر لەشوێنی ئێوە دادەنێت ئێوەش ھیچ زیانێک بەخوا ناگەیەنن بەڕاستی پەروەردگارم بەسەر ھەموو شتێکدا چاودێرو پارێزەرە
وە کاتێک فەرمانی ئێمە ھات (بۆ لەناوبردنیان) ھودمان ڕزگار کرد ئەوانەش باوەڕیان ھێنابوو لەگەڵیدا بەمیھرەبانی خۆمان وە ئەوانمان لەسزایەکی توند و بەھێز ڕزگار کرد
ئەوەش گەلی عاد بوو باوەڕیان نەھێنا بە بەڵگە و موعجیزەکانی پەروەردگاریان و سەرپێچی نێرراوەکانی خوایان کرد و شوێن فەرمانی ھەموو زۆردارێکی سەرکەش کەوتن
بەشوێنیاندا نێررا نەفرەت لەم دونیایەدا و لەڕۆژی دواییشدا بێدار بن بەڕاستی گەلی عاد بڕوایان بەپەروەردگاریان نەھێنا بێداربن دووری و لەناوچوون بۆ عادی گەلی ھود
بۆ گەلی سەمودیش ناردمان صاڵح پێغەمبەر (علیە السلام) ی برایان ووتی ئەی گەلەکەم خوا بپەرستن ھیچ پەرستراوێکتان نیە بێجگە لە ئەو ئەو دروستی کردوون لەزەویدا و کردونی بەئاوەدانکەرەوە تێیدا کەواتە داوای لێبوردنی لێ بکەن پاشان بگەڕێنەوە بۆلای بەڕاستی پەروەردگارم زۆر نزیک و نزا ودوعا وەرگرە
ووتیان ئەی صاڵح بەڕاستی تۆ لەناوماندا جێی ئومێد بووی پێش ئەمە ئایا ڕێگریمان دەکەیت لەپەرستنی ئەوەی کەباو و باپیرانمان پەرستوویانە و بەڕاستی ئێمە لە گومانداین لەوەی تۆ بانگمان دەکەیت بۆلای و دوو دڵین
صاڵح ووتی ئەی گەلەکەم پێم بڵێن ئەگەر من بەڵگەیەکی ئاشکرام ھەبێ لەلایەن پەروەردگارمەوە, وە لەلایەن خۆیەوە پێغەمبەرێتی پێ بەخشیبم جا کێ یارمەتیم دەدات لەبەرامبەر خوادا ئەگەر سەرپێچی ئەو بکەم کەواتە ئێوە ھیچ بۆمن زیاد ناکەن زەرەرو زیان نەبێت
ئەی گەلەکەم ئەمە ووشترەکەی خوایە کە موعجیزەیەکی ڕوونە بۆ ئێوە (لەسەر ڕاستی پێغەمبەرێتیەکەم) جا ئێوەش وازی لێ بھێنن با لە زەوی خوا بخوات (بلەوەڕێت) بەخراپە دەستی بۆ مەبەن ئەگینا سزایەکی نزیک تووشتان دەبێت
کەچی ئەوان ووشترەکەیان سەربڕی جا (صاڵح) ووتی ڕابوێرن لەماڵی خۆتاندا سێ ڕۆژ ئەوە بەڵێنێکە درۆ نیە
جا کاتێک فەرمانمان ھات (بۆ لەناو بردنیان) صاڵحمان ڕزگار کرد ئەوانەش بڕوایان ھێنابوو لەگەڵیدا بە بەزەییەک لەلایەن خۆمانەوە لە سەرشۆڕی و ڕیسوایی ئەو ڕۆژە (پەناماندان) بەڕاستی پەروەردگارت ھەر خۆی بەتواناو بەدەسەڵاتە
ئەوانەش کەستەمیان کرد شریخەیەک گرتنی ئیتر لەناو ماڵەکانیاندا کەوتن بەڕووداو جووڵەیان لێ بڕا (مردن)
وەک ئەوەی لەوێدا نەبووبن بێدار بن بەڕاستی گەلی سەمود بێ بڕوابوون بەپەروەردگاریان بێداربن دووری و لەناوچوون بۆ گەلی سەمود
سوێند بەخوا بێگومان نێرراوەکانمان ھاتن بۆلای ئیبراھیم بە مژدەوە ووتیان سەلامی خوات لێ بێت (ئەویش) ووتی سەلامی خوا لەئێوەش بێت ئەمجا ئەوەندەی نەبرد (ئیبراھیم) خێرا گوێرەکەیەکی برژاوی ھێنا بۆیان
جا کاتێک بینی دەستیان درێژ ناکەن بۆی (و لێی ناخۆن) نائاسایی ھاتنە بەرچاوی و لەدەروونی خۆیدا مەترسی لێکردن (کەنیازی خراپیان ھەبێت) ووتیان مەترسە بەڕاستی ئێمە نێرراوین بۆ سەر گەلی لوط
لەوکاتەدا خێزانەکەی وەستابوو و پێکەنی ئێمەش مژدەمان پێ دا بەئیسحاق وە لەپاش ئیسحاق (مژدەمان پێدا) بەیەعقوب (کە کوڕی ئیسحاقە)
(خێزانی ئیبراھیم) ووتی وەیڕۆ (وای) چۆن منداڵم دەبێت کەمن پیرە ژنێکم ئەوەش مێردەکەمە کە پیربووە بەڕاستی ئەمە شتێکی سەیرە
(فریشتەکان) ووتیان تۆ سەرت سوڕدەمێنێت؟ لەکار و فەرمانی خوا رەحمەت و بەرەکەتی زۆری خواتان لەسەربێت ئەی ئال و بەیتی ئیبراھیم بەڕاستی خوا سوپاسکراوی چاکە فراوانە
ئەمجا کاتێک ترس و بیمی ئیبراھیم لاچوو نەما وە مژدەکەشی بۆ ھات لەبارەی گەلەکەی لوط گفتوگۆی لەگەڵ دەکردین
(چونکە) بەڕاستی ئیبراھیم لەسەرخۆو دڵنەرم و ڕوو لەخوابوو
ئەی ئیبراھیم وازبھێنە لەم کارە بەڕاستی بێگومان دەرچووە (بۆ ئەوکارە) فەرمانی پەروەردگارت وە بەڕاستی بۆ ئەوانە دێت سزایەکی نەگەڕاوە
کاتێک کە ھاتن فریشتەکانمان بۆلای لوط ھاتنیانی پێ ناخۆش بوو وە دڵگران بوو پێیان وە ووتی ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی سەختە
وە گەلەکەی ھاتن بۆلای پەلەیان دەکرد (لەھاتن) بۆ لای لەکاتێکدا ئەوان لەوەو پێش ھەمیشە کردەوە بەدەکانیان ئەنجام دەدا (کە نێربازی بوو) ووتی ئەی گەلەکەم ئەوانە کچەکانی منن (مەبەستی کچەکانی ھۆزەکەی بوو) ئەوانە پاک وحەڵاڵن بۆتان دەی لەخوا بترسن و سەرشۆڕم مەکەن لەوەی دەتانەوێت بەرامبەر میوانەکانم بیکەن ئاخۆ پیاوێکی ژیرو تێگەیشتووتان تێدا نیە
ووتیان سوێندبێت بێگومان تۆ دەزانیت ئێمە ھیچ ھەق (و ئارەزوو) ێکمان لەکچەکانتدا نیە وە بەڕاستی تۆ دەزانی ئێمە چیمان دەوێت
ووتی ئای خۆزگە لەبەرانبەر ئێوەدا ھێزێکم ببوایە یان پەنایەکی قایم ببوایە پەنام پێ ببردایە (ڕێگریم دەکردن)
(فریشتەکان) ووتیان ئەی لوط بەڕاستی ئێمە نێرراوی پەروەردگاری تۆین ھەرگیز ناگەنەلای تۆ جا تۆ وماڵ ومنداڵت و ئەوەی باوەڕی پێ ھێناویت لەبەشێکی شەودا بڕۆن (وئەم شارە بەجێ بھێڵن) وە ھیچ کەس لەئێوە لانەکاتەوە بەدوای خۆیدا جگە لەژنەکەت بەڕاستی ئەو تووشی دەبێت ئەوەی کەتووشی ئەوان (گەلەکەت) دەبێت (چونکە بێ باوەڕ بوو) بێگومان وەختی لەناو بردنیان بەرەبەیانە ئایا بەرەبەیان نزیک نیە
جا کە فەرمانی ئێمە ھات (بۆ لەناوبردنیان) ئەو (شوێنە) مان سەرو ژێر کرد و باراندمان بەسەریاندا ووردەزیخـی گڵین بەدوای یەکداو بێ بچڕِان (دەباری)
ھەموو ئەو (ووردە زیخانە) دیاری کرابوون لای پەروەردگارتەوە, وە ئەو (سزایە) دوور نیە لەستەمکارانەوە
وە (ناردمان) بۆ (خەڵکی) مەدیەنیش شوعەیبی برایان ووتی ئەی گەلەکەم خوا بپەرستن ھیچ پەرستراوێکتان نیە بێجگە ئەو وە کەم و کوڕی مەکەن لەپێوانە و کێشانەدا بەڕاستی من دەتان بینم بەماڵ و سامانی زۆرەوە, وە بەڕاستی من دەترسم لێتان سزایەک گەمارۆتان بدات و لێی رزگار نەبن
جا ئەی گەلەکەم پێوانەو کێشانە ڕاست و دروست ئەنجام بدەن وە کەم و کوڕی مەکەن لەشت ومەکی خەڵکیدا و خراپەکاری مەکەن (یاخراپە بڵاومەکەنەوە) لەزەویدا
ئەوەی خوا دەیھێڵتەوە (لەقازانجی حەڵاڵ) چاکترە بۆتان ئەگەر ئێوە بڕوادارن و من پارێزەر نیم بەسەرتانەوە
ووتیان ئەی شوعەیب ئایا نوێژەکەت فەرمانت پێ دەدات کەئێمە وازبھێنین لەوەی باوو باپیرانمان پەرستوویانە یان وازبھێنین لەوەی بەویستی خۆمان لەماڵ و سامانماندا دەیکەن بەڕاستی تۆ پەلەنەکەری لێزان و ھۆشمەندیت
ووتی ئەی گەلەکەم ھەواڵم بدەنێ ئەگەر من بەڵگەیەکی ڕوونم لەلایەن پەروەردگـارمـەوە پێ بێت وە ڕۆزیەکی زۆرو باشی پێدابم لەلایەن خۆیەوە (چ مەبەستێکم ھەیە درۆ بکەم) وە من ھەرگیز نامەوێت پێچەوانەی ئێوە بکەم لەو (کارەی) ڕێگری ئێوەی لێ دەکەم (خۆم بیکەم) من ھیچ مەبەستێکم نیە بێجگە لەچاککردن وچاکسازی نەبێت ئەوەندەی بتوانم ولەتوانامدا بێت سەرکەوتنیشیم تەنھا بە (پشتیوانی) خوایە پشتم ھەر بەو بەستووە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێمەوە
ئەی گەلەکەم دژایەتیتان لەگەڵم نەبێتە ھۆی ئەوەی تووشتان ببێت وێنەی ئەو (سزایەی) تووشی گەلی نوح یان گەلی ھود یان گەلی صاڵح بوو خۆ گەلەکەی لوط دوور نیە لێتانەوە (چییان بەسەر ھات)
وە داوای لێخۆش بونیش لەپەروەردگارتان بکەن پاشان بگەڕێنەوە بۆلای بەڕاستی پەروەردگارم میھرەبان و دڵسۆزە
ووتیان ئەی شوعەیب ئێمە تێناگەین لەزۆرێک لەوەی تۆ دەیڵێیت بەڕاستی ئێمە تۆ بە لاواز دەبینین لەناوماندا خۆ ئەگەر (لەبەر) خزمەکانت نەبوایە دڵنیابە بەرد بارانمان دەکردیت (چونکە) تۆ خۆت ھیچ دەسەڵاتێکت نیە لەبەرامبەر ئێمەدا
ووتی ئەی گەلەکەم ئایا خزمەکانم بەدەسەڵات ترن لەبەرامبەر ئێوەدا لە خوا لەکاتێکدا فەرمانی ئەو (خوا) تان پشت گوێ خستووە بەڕاستی پەروەردگارم ئاگادارە بەھەرچی ئێوە دەیکەن
ئەی گەلەکەم کردەوە بکەن لەسەر بار و حاڵەتی خۆتان بەڕاستی منیش کارو کردەوە دەکەم لەمەودوا دەزانن کێ سزای بۆ دێت ڕیسوا و سەر شۆڕی دەکات وەکێش درۆزنە جا چاوەڕوانی بکەن بەڕاستی منیش لەگەڵتان چاوەڕوانم
کاتێک فەرمانی ئێمە ھات (بۆ لەناوبردنیان) شوعەیبمان ڕزگار کرد و ئەوانەش بڕوایان ھێنا بوو لەگەڵیدا بە بەزەیی لەلایەن خۆمانەوە, وە ئەوانەی ستەمیان کرد بوو ناڵە و شریخە کە (نەعرەتەکە) گرتنی ئیتر ھەموویان لەماڵ و جێگاکانیاندا دەمەو ڕووکەوتن و جووڵەیان نەما (مردن)
(وایان لێھات) وەک ھەر تێیدا نەبووبن بێداربن دووری و تیاچوون بۆ خەڵکی مەدیەن وەک چۆن گەلی سەمود تیاچوون و دوور بوون لەڕەحمی خوا
سوێند بەخوا بێگومان ناردمان موسا بە موعجیزەکانمانەوە, وە بەڕابەرو بەڵگەی ڕوونەوە
بۆ لای فیرعەون و دەست وپێوەندەکەی بەڵام ئەوان شوێن فەرمانی فیرعەون کەوتن لەکاتێکدا فەرمانی فیرعەون ڕاست و ڕەوا نەبوو
پێش گەلەکەی دەکەوێت لەڕۆژی دواییدا ئەمجا ھەموویان دەباتە ناو ئاگری دۆزەخ ئای چەند خراپە ئەو شوێنەی ئەوانی بۆ دەبرێت
وە لەم (دونیا) دا نەفرەتیان بەشوێندا نێرراوە ھەروەھا لەڕۆژی دواییشدا ئای چەند خراپە ئەو بەخشراوەی پێیان بەخشرا
ئەوەی (باسکرا بۆت چەند ھەواڵێکە) لە ھەواڵی شارەکانی ڕابوردوو دەیگێڕینەوە بۆت (لەم سورەتەدا) ھەندێکیان ماون وھەندێکی تریان نەماون (وێران بوون)
وە ئێمە ستەممان لێ نەکردن بەڵکو خۆیان ستەمیان کرد لەخۆیان جا ھیچ سوودێکی پێ نەگەیاندن ئەو پەرستراوانەیان کەدەیان پەرستن و ھاواریان لێکردن لەجیاتی خوا بە ھیچ شتێک (سودیان پێ نەگەیاندن) کاتێ فەرمانی پەروەردگارت ھات (بۆ لەناو بردنیان) ئەوانە (ئەو بتانە) ھیچیان زیاد نەکرد بۆ ئەوانەی (دەیان پەرستن) بێجگە زیان و لەناوچوون نەبێت
ئا بەو شێوەیە سزادانی پەروەردگارت کاتێک خەڵکی شارەکان سزا دەدات لە کاتێکدا ستەمکاربوون بەڕاستی تۆڵە سەندنی ئەو ئازار دەر و بەتینە
بەڕاستی لەوەی (باسکرا) پەندو ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسێک بترسێت لەسزای دوا ڕۆژ ئەو ڕۆژە ڕۆژێکە کەئادەمی بۆ کۆدەکرێتەوە و ئەوە ڕۆژێکی دیارو بەرچاوە (ھەموان ئامادەن تێیدا)
وە ئێمە دوای ناخەین مەگەر بۆ کاتێکی دیارو بەرچاو نەبێت
ئەو ڕۆژە کەدێت ھیچ کەس قسە ناکات بەمۆڵەتی خوا نەبێت ئەوسا لەناویاندا ھەیە بێ بەخت (وچارە ڕەش) و ھەیە بەختەوەر (وئاسوودە)
جا ئەوانەی بێ بەخت وچارە ڕەش بوون ئەوە لەناو ئاگردان لەناو ئەو (ئاگرە) دا ھەر ئاخ وئۆف و ھەنیسکیانە
تیایدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی تا ئاسمانەکان و زەوی بمێنێت (مەبەست پێی ئاسمان وزەویە لە قیامەتدا کە ئەوانیش ھەر دەمێنن) مەگەر ئەو کەسەی پەروەردگارت بیەوێت (ڕزگاری بکات) بەڕاستی پەروەردگارت ئەوەی کەبیەوێت دەیکات
بەڵام ئەوانەی کەبەختەوەر و ئاسوودەکراون ئەوە لەبەھەشتدان بەھەمیشەیی دەمێننەوە تیایدا تا ئاسمان و زەوی بمێنێت مەگەر ئەو کەسەی پەروەردگارت بیەوێت ئەوە بەخشینێکە بێ بڕانەوە
کەواتە ھیچ جۆرە گومان و دودڵیەکت نەبێت لە (ناڕاستی) ئەوەی ئەوانە دەیپەرستن تەنھا ئەوە دەپەرستن کەباوو باپیرانیان دەیان پەرستن لەوەو پێش بەڕاستی ئێمە پێیان دەدەین بەتەواوی بەشی خۆیان (لەسزا) بەبێ لێ کەمکردنەوە (پڕاوپڕ)
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە بەخشیمان بەموسا پەڕاوی (تەورات) ئەمجا جیاوازی تێداکرا ئەگەر لەبەر بڕیارێک نەبوایە کەپێشتر دراوە لەلایەنی پەروەردگارتەوە دادوەری دەکرا لەنێوانیاندا و بەڕاستی ئەوانە لەگومان و دوو دڵیدان لەو (قورئانە)
بێگومان ھەموو (ئەوانەی جیاوازن) پەروەردگارت (پاداشتی) کردەوەکانیان بەتەواوی پێ دەدات بەڕاستی ئەو ئاگادارە بەھەر کردەوەیەک کەدەیکەن
کەواتە ڕاستبە بەو شێوەی فەرمانت پێدراوە, وە ئەوانەش تۆبەیان کردوە لەگەل تۆدا و (گەڕاونەتەوە) زیادە ڕەوی مەکەن بەڕاستی ئەو (خوایە) بینایە بەھەر کردەوەیەک کەدەیکەن
پاڵ مەدەن بەوانەوە کەستەمیان کردوە چونکە دووچاری ئاگری دۆزەخ دەبن و بێجگە لەخوا ھیچ پشتیوانێکتان نابێت پاشانیش یارمەتی نادرێن
وە نوێژ ئەنجام بدە لەم سەرو ئەوسەری ڕۆژدا (لەبەیانیان و ئێواراندا) و لە بەشێک لەشەودا چونکە بەڕاستی (کردەوە) چاکەکان (کردەوە) خراپەکان لادەبەن ودەیانسڕنەوە ئەوە پەند و ئامۆژگاریە بۆ پەند وەرگران
وە خۆڕاگر بە چونکە بەڕاستی خوا پاداشتی چاکە کاران وون ناکات
دەی باببوایە لەناو ئەو ئوممەتانەی کەلە پێش ئێوە دابوون کەسانی خاوەن ئاین و ژیری کە ڕێگریان بکردایە لەخراپەکاری لەزەویدا مەگەر کەمێک لەوانەی ڕزگارمان کردن لەو گەلانەدا وە ئەوانەی کەستەمیان کرد شوێنی ژیان خۆشی و ڕابواردن کەوتن و بەردەوام بوون لە خراپەکاری
ھەرگیز پەروەردگارت بەستەم خەڵکی شارو گوندەکان لەناو نابات (واتە خوای گەورە ستەمکار نیە) لە کاتێکدا دانیشتوانی (ئەو شارانە) موصڵح و چاکەکاربووبن
گەر پەروەردگارت بیویستایە گشت خەڵکی دەکرد بە (پەیڕەوی) یەک ئاین بەڵام ئەوان بەردەوام جیاوازدەبن
مەگەر کەسێک پەروەردگارت میھرەبانی لەگەڵ کردبێت وە ھەر لەبەر ئەوەش دروستی کردوون بڕیاری پەروەردگارت دەرچوو (کۆتایی ھات) کە سوێند بەخوا دۆزەخ پڕ دەکەم لە جنۆکە و لە ئادەمی ھەموو پێکەوە
ھەمووت بۆ دەگێڕینەوە لە ھەواڵی پێغەمبەران (علیھم السلام) بۆ ئەوە کە دڵی تۆی پێ دامەزراو بکەین وە لەم (سورەتە) دا حەق و ڕاستیت بۆ ھاتووە, وە ئامۆژگاری و پەندیشی تیایە بۆ بڕواداران
وە بڵێ بەوانەی کەبڕوا ناھێنن ئێوە کار وکردەوە بکەن لەسەر ئەو شێوەی خۆتان (کە ئەوەتان لەسەری) بێگومان ئێمەش کردەوە دەکەین (بەگوێرەی ئەوەی کە خودا فەرمانی پێ کردووین)
ئەوسا چاوەڕوانی بکەن (بۆ بەسەرھاتی خراپ) بەڕاستی ئێمەش چاوەڕوانین
وە تەنھا بۆ خوایە (زانینی) نھێنی ئاسمانەکان وزەوی وتەنھا ھەر ئەویش پێی ئاگادارە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێنرێتەوە ھەموو کار و بارێک کەواتە ئەو بپەرستە و ھەرپشت بەو ببەستە وە بێگومان پەروەردگارت بێ ئاگا نیە لەھەر کردەوەیەک ئێوە دەیکەن
Icon