ترجمة سورة الحشر

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الحشر باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەویدایە تەسبیحاتی خوا دەکات وە تەنھا ئەو زاڵ وباڵادەست وکاردروستە
خوا زاتێکە بێ باوەڕانی خاوەن کتێبی دەرکرد لە ماڵ وشوێنی خۆیان بۆ یەکەم کۆبوونەوە بە تەمانەبوون (ئەی موسوڵمانینە) کە (لە قەڵاکانیان) دەربچن خۆشیان وایان دەزانی کە قەڵاکانیان دەیانپارێزن لە (سزای) خوا بۆیە (سزای) خوایان بۆ ھات لە شوێنێکەوە کە گومانیان بۆی نەدەچوو وە خوا ترسێکی خستە ناو دڵیانەوە کە خانوەکانی خۆیانیان وێران دەکرد بە دەستی خۆیان وبەدەستی ئیمانداران ئەمجا پەند وەرگرن ئەی خاوەن بیرو ھۆشان
ئەگەر خوا دەربەدەری لەسەر بڕیار نەدانایە (لەسەر ئەو جولەکانە) بێگومان لە دونیادا سزای دەدان، لە ڕۆژی دواییشدا بۆ ئەوان ھەیە سزای ئاگری دۆزەخ
ئەم سزایە بە ھۆی ئەوەوە بوو دژایەتی خوا وپێغەمبەریان کرد وە ھەر کەسێك دژایەتی خوا بکات ئەوە بەڕاستی خوا تۆڵە سێنی بەتینە
ئەوەی بڕیتان لە دارخورما یا لێی گەڕان بە وەستاوی لەسەر بنەکانیان بمێننەوە ئەوە بە فەرمانی خوا بووە وە بۆ سەر شۆرکردنی لەسنوور دەرچووان بوو (مەبەست پێ جولەکەکانە)
ئەو (دەستکەوتانە) کەخوا سەندیەوە (بێ جەنگ کردن) بۆ پێغەمبەرەکەی لە ماڵی (بەنی نەضیر) ئێوە بۆ بەدەست ھێنانی (ئەو ماڵ وسامانەی جولەکە) ھیچ ئەسپ وحوشترێکیان تاونەداوە و(نەجەنگاون) بەڵکو خوا پێغەمبەرانی زاڵ دەکات بەسەر ھەرکەسدا کەبیەوێت وە خوا بەسەر ھەموو شتێکدا بە دەسەڵاتە
ئەوەی خوا دەست پێغەمبەری خست (بەبێ جەنگ) لە (سەروەت وسامانی) گوندنشینەکانی جولەکە ئەوە بۆ خواو بۆ پێغەمبەرە ﷺ (واتە لە بەرژەوەندی گشتی موسڵماناندا خەرج دەکرێت) وە بۆ خزمانی (پێغەمبەر ﷺ) وھەتیوان وە بۆ ھەژاران وڕێبوارانی کەم دەستە تا (ئەو ماڵ وسامانە) تەنھا لەناو دەوڵەمەندەکانتاندا دەست بە دەستی پێ نەکرێت وبەس وە ئەوەی پێغەمبەر ﷺ پێی دان وەریبگرن وە ئەوەی لێتانی قەدەغەکرد وازی لێ بھێنن وە لە خوا بترسن بێگومان خوای گەورە سزای سەختە
(ئەو دەسکەوتەی لە بەنی نەضیر گیرا) بۆ نەدارانی کۆچکەرانە ئەوانەی کە دەرکران لەماڵ وسامانیان، فەزڵ وبەھرەی خوا وڕزامەندی ئەویان دەوێت وە یارمەتی (ئاینی) خوا وپێغەمبەری خوا دەدەن ھەر ئەوانن ڕاستگۆیان
ئەوانە (یاریدەدەرەکان) کە لەماڵ وشوێنی خۆیان بوون (لەشاری مەدینە) وباوەڕیان ھێنا پێش (کۆچکردنی برا موھاجرەکانیان) ئەوەی کۆچ بکات بۆ لایان خۆشیان دەوێ وە شك نابەن لە دڵ ودەروونی خۆیاندا ھیچ جۆرە حەسوودی وبەخیلیەك لەبەر ئەوەی بەشی کۆچکەران درا و(بەشی ئەوان نەدرا لەو ماڵ وسامانەی کە گیرا لەجولەکەکان) وە فەزڵی ئەوان ئەدەن بەسەر فەزڵی خۆیاندا ئەگەر چی خۆشیان زۆر پێویستیان پێی بێت وە ئەو کەسەی خۆی لە ڕژدی وبەخیلی دەروونی بپارێزێت (بەڕاستی) ھەر ئەوانن سەرفەراز وسەرکەوتوو
ئەو (باوەڕدارانەش) لەپاش ئەمانەوە ھاتوون ئەڵێن: ئەی پەروەردگارمان لێمان خۆشبە وە لەو برایانەشمان (خۆش ببە) کە پێشمان کەوتوون لەئیمان ھێناندا وە ھیچ ڕق وکینەیەك مەخەرە دڵمانەوە دەربارەی باوەڕادران ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی ھەرتۆی دڵسۆز ومیھرەبان
ئایا سەرنجێکت نەداوە لەوانەی کە دووڕوو بوون ئەڵێن بەو برادەرانەیان کە بێ باوەڕ بوون لە (جوولەکە) خاوەن کتێبەکان ئەگەر دەربکرێن (لەماڵ وخاك وئاوتان) ئێمەش لەگەڵتاندا دەردەچین وە ھەرگیز گوێڕایەڵی کەس ناکەین لەدژی ئێوە وە ئەگەر جەنگتان لەگەڵ دا بکرێت بێگومان ئێمە یارمەتی ئێوە ئەدەین بێگومان خوا شایەتی ئەدات کە ئەوان درۆزنن
ئەگەر دەر بکرێن ئەوان لەگەڵیاندا دەرناچن وە ئەگەر جەنگیان لە دژ کرا یارمەتیان نادەن وە ئەگەر یارمەتیان بدەن بێگومان (ئەشکێن و) پشت ھەڵئەکەن پاشان سەرناخرێن
بەڕاستی (ئەی باوەڕداران) ئێوە ترستان زیاترە لەدڵی ئەواندا تاخوا، ئەوەش لەبەرئەوەیە کە بێگومان ئەوانە کەسانێکن تێناگەن
(جوولەکە) جەنگتان لەگەڵ ناکەن ھەموو پێکەوە، مەگەر لەچەند گوندێکی قایمی قەڵاییندا نەبێت یان لەپشتی دیوارەوە، دژایەتی نێوانیان زۆر سەختە، تۆ وادەزانی کە ئەوان کۆ وپێکەوەن لەکاتێکدا دڵیان جیا ولەیەك دوورە، ئەوە بەھۆی ئەوەوەیە کە ئەوان گەلێکی نەفامن
نموونەی (ئەم جوولەکانە) وەك نموونەی ئەوانەن کە لە پێش ئەماندا بوون بە ماوەیەکی کەم (مەبەست پێی موشریکەکانی قوڕەیش وجولەکەکانی بەنو قەینوقاعە) سەرئەنجامی کاری خۆیان چەشت وە بۆ ئەوان ھەیە سزای سەخت
(نموونەی ئەم ناپاکانە) وەك شەیتان وایە کە بەمرۆڤی ووت: بێ بڕوابە جا کە بێ بڕوا بوو (شەیتان) ووتی: بەڕاستی من بەریم لە تۆ بێگومان من لە خوای پەروەردگاری جیھانیان دەترسم
جا سەرئەنجامی ھەردووکیان ئەوەیە کە بێگومان ھەردوولا لە دۆزەخدا ئەبن بەھەمیشەیی وە ئەمەیە سزای ستەمکاران
ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە لەخوا بترسن وە ھەموو کەسێك با سەرنج بدات (بزانێ) چی پێش خۆی ناردوە بۆ پاشەڕۆژی (لە کاروکردەوەی چاکە) وە لەخوا بترسن بەڕاستی خوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن
وەك ئەوانە مەبن کە خوایان لەبیرخۆیان بردەوە جا خواش ئەوانی لەبیر خۆیان بردوەتەوە ھەر ئەوانن دەرچوان لە فەرمانی خوا
دۆزەخیان و بەھەشتیان وەك یەك ویەکسان نین بەھەشتیان ڕزگار وسەرکەتوون
ئەگەر ئەم قورئانەمان دابەزاندایە بۆ سەر کێوێك (وە تێبگەشتایە لەوەی کە تێیدا ھاتووە) دەتبینی بەملکەچی ولەت لەت بووی لەترسی خوا ئەم جۆرە نموونانە دەیان ھێنینەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
خوا ھەر ئەو زاتەیە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە ئەو، زانای ھەموو نھێنی وئاشکراکانە ھەر ئەوە بەخشندەی میھرەبان
ئەوە ئەو خوایەیە کە بێجگە لەو پەرستراوێکی ڕاست نیە پاشا وپاك وبێگەرد وئاشتیدەر و، دڵنیاکەرە وچاودێر و پارێزگار وزاڵ وباڵادەسەت وخاوەن شکۆ وشایستەی ھەموو گەورەییەكە، پاکی وبێگەردی بۆ خوایە لەو ھاوبەشانەی کە بۆی دائەنرێ
ھەر ئەوە خوا وبەدیھێنەر وداھێنەرو ووێنە کێشە، ھەر بۆ ئەوە ھەموو ناوێکی ھەرە جوان وپاك، ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەوی دایە ستایشی ئەو دەکەن وە ھەر ئەوە زاڵ وباڵادەست وکار بەجێ
Icon