ترجمة سورة الجاثية

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الجاثية باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە
ھێنانە خوارەوەی ئەم قورئانە لەلایەن خوای باڵادەست وکاردروستەوەیە
بێگومان لە ئاسمانەکان وزەویدا چەندەھا بەڵگە ھەیە بۆ باوەڕداران
وە لە دروستکردنی خۆتاندا وە لەو گیان لەبەرانەی بڵاودەبنەوە چەند بەڵگە ھەیە بۆ کەسانێك باوەڕی بتەویان ھەبێت
وە لە جیاوازی شەو وڕۆژدا وە لەو بارانەی کەخوا لەئاسمانەوە دەیبارێنێت (کە ھۆی ڕزق وڕۆزیە) کە بەھۆیەوە زەوی زیندوودەکاتەوە (ودەبووژێنێتەوە) وە لەگۆڕانی بایەکاندا چەند بەڵگە ھەیە بۆ کەسانێك کەتێـدەگەن
ئائەمانە بەڵگەکانی خوان دەیخوێنینەوە بۆت بەڕاستی ودروستی، جا بە چی قسە وگوفتارێك دوای خوا وبەڵگەکانی باوەڕ دەھێنن
سزاو لەناوچوون بۆ ھەموو درۆزنێکی گوناھبار
کە بەڵگەکانی خوا دەبیستێت وبۆی دەخوێنرێتەوە لەپاشان (لەسەر کافری) بەردەوامە چونکە خۆبەزل زانە ئەڵێی ھەر نەیبیستووە، دەی مژدەی پێبدە بەسزایەکی سەخت
وە ھەرکاتێك شتێك لەبەڵگەکانمان ئاگاداربێت بەگاڵتەی دەگرێت، ئەوانە سزای ڕیسواکەریان بۆ ھەیە
لە پێشیانەوە ئاگری دۆزەخە، ھیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت ئەوەی لە(دونیا)دا کردوویانە وە ئەو پشتیوانانەی جگە لەخوا ھەڵیان بژاردون (سوودی نیە) وە سزایەکی زۆر گەورەیان بۆ ھەیە
ئەم قورئانە ھۆی ڕێنمونیە وە ئەوانەی بێ باوەڕن بە ئایەت وبەڵگەکانی پەروەردگاریان، بۆ ئەوانە ھەیە سزایەکی پڕ ئازاری سەخت
خوا ئەو زاتەیە دەریای بۆ ڕام ھێناون تا بەفەرمانی خوا کەشتی تیایدا بگەڕێت وە تا لەھەندێك بەخششی خوا بەھرەمەند ببن وە بۆ ئەوەی سوپاسی خوا بکەن
وە ئەوەی لە ئاسمانەکان وزەویدا ھەیە بۆ ئێوەی ژێربار کردووە (وخستویەتیە خزمەتتانەوە) ھەمووی لەلایەن خواوەیە، بێگومان لـەو شـتانـەدا چـەنـد بـەڵگـە ھـەیـە بـۆ کەسـانێك بیر بکەنەوە
بڵێ بەو کەسانەی بڕوایان ھێناوە چاو پۆشی بکەن لەو کەسانەی ھیوایان بە پاداشت وسزای خوا نیە، بۆ ئەوەی پاداشتی خەڵکانێك بداتەوە بەگوێرەی ئەوەی کردوویانە
ھەرکەسێك چاکەی کرد ئەوە (قازانجەکەی) بۆ خۆیەتی وە ھەرکەسێکیش خراپەی کرد ئەوە (زیانەکەی) ھەر بۆ خۆیەتی لەپاشان بۆلای پەروەردگارتان دەگەرێنرێنەوە
سوێند بەخوا بێگومان بە نەوەی ئیسرائیلمان بەخشی پەیام وحوکمڕانی وپێغەمبەرایەتی وە ڕۆزیمان پێـدان لە شتە حەڵاڵ وپاکەکان وە ڕێزماندان بەسەر جیھانیاندا
وە بەڵگە ڕوونەكانمان پێدان لە بارەی شەریعەتەوە، جا جیاواز نەبوون لە نێو خۆیاندا دوای ئەوە نەبێت زانستیان بۆهات، لەبەر دوژمنایەتی وحەسادەتی نێوان خۆیان، بێگومان پەروەردگارت لە ڕۆژی هەستانەوەدا لە نیاونیاندا دادوەری دەكات لەو شتانەی جیاوازیان تێدا دەكرد
لە پاشان تۆمان خستەسەر شەریعەتێك لە بارەی ئاینەوە تۆش شوێنی بكەوە وە شوێن هەواو ئارەزووی ئەوانە مەكەوە كە نازانن
بێگومان ئەوانە لەلایەن خواوە ھیچ سوودێکت پێ ناگەیەنن وە بەڕاستی ستەمکاران ھەندێکیان دۆست وپیشتیوانی ھەندێکیانن وەخوا دۆست وپشتیوانی پارێزکاران ولەخواترسانە
ئەم قورئانە بیناییە وھۆی چاوڕشنیە بۆ مەردومان وە ڕێنمونی ومیھرەبانیە بۆ گەلێك کەباوەڕی پتەویان ھەیە
ئایا ئەوانەی کە خراپەکانیان کردووە وا گومان دەبەن ئێمە ئەوانە وەکو کەسانێك دادەنێین کەبڕوایان ھێناوە وچاکەکانیان کردووە وەکو یەك بێت ژیانیان ومردنیان، ئای چەند خراپ دادوەری دەکەن
وەخوا ئاسمانەکان وزەوی بەھەق وڕاستی دروستکردووە بۆ ئەوەی ھەموو کەسێك پاداشت بدرێتەوە بەگوێرەی ئەو کار وکردەوانەی کە کردوویەتی وە ئەوان ھیچ ستەمیان لێناکرێت
ئاخۆ بینیوتە ئەو کەسەی ھەواو ئارەزووی خۆی کردۆتە پەرستراوی خۆی، خواش بەزانایی گومڕای کرد وە مۆری ناوە بەسەر گوێ ودڵیدا وە پەردەی داوە بەسەرچاویدا دەی جگە لە خوا کێ ڕێنمونی دەکات دەی بۆچی بیر ناکەنەوە
وە ووتیان ھیچ نیە جگە لە ژیانی دونیامان وە دەمرین ودەژین وە جگە لە ڕۆژگار ھیچ شتێك ئێمە لەناو نابات وە ئەوانە بەو قسانە ھیچ زانیاریان نیە تەنھا گومان دەبەن
وە کاتێك بخوێنرێتەوە بەسەریاندا بەڵگە ڕوونەکانمان ھیچ بەڵگەیەکیان نیە جگە ئەوە کە دەڵێن باووباپیرانمان زیندووبکەنەوە ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن
بڵێ: خوا زیندووتان دەکاتەوە لەپاشان دەتان مرێنێت پاشان کۆتان دەکاتەوە لە ڕۆژی دواییدا، ھیچ گومانی تێدا نیە، بەڵام زۆربەی مەردوومان نازانن
وە بۆ خوایە موڵکدارێتی ئاسمانەکان وزەوی، ئەو ڕۆژەی قیامەت ھەڵدەسێ، لەو ڕۆژەدا بەتاڵ خوازەکان خەسارۆمەندن
ھەموو گەلێك دەبینی کۆمەڵ کۆمەڵ کەوتوون بەسەر ئەژنۆدا، ھەموو گەلێك بانگ دەکرێت بۆلای پەڕاوەکەی، ئەمڕۆ سزاو پاداشت دەدرێنەوە بە گوێرەی ئەو کردەوانەی کە دەتانکرد
ئەمە پەڕاوەکەمانە بەڕاستی لەسەرتان دەدوێت بەڕاستی ئێمە وەك خۆی نوسیومانەتەوە (وێنەمان گرتووە) ئەوەی کە ئێوە دەتانکرد
جا ئەوانەی بڕوایان ھێناوە وکردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە ئەوە پەروەردگاریان دەیانخاتە ناو میھرەبانی خۆیەوە، ئا ئەوەیە سەرکەوتنی ئاشکرا
وە ئەوانەی بێ بڕوابوون (پێیان دەڵێن) ئاخۆ بەڵگەکانی ئێمەتان بەسەردا نەدەخوێنرایەوە کەچی خۆتان بە گەورە دەزانی وە ئێوە گەلێکی تاوانبار بوون
وە ھەر کاتێك بووترایە بێگومان بەڵێنی خوا ڕاستە وە ڕۆژی دوای ھیچ گومانی تێدا نیە، دەتانووت نازانین ڕۆژی دوایی چیە، ئێمە تەنیا گومان دەبەین وە ئێمە دڵنیانین
وە دەردەكەوێت بۆیان ئەو خراپانەی كە كردویانە وە دەوریان دەدا تۆڵەی ئەوەی گاڵتەیان پێدەكرد
پێیان دەووترێت ئەمڕۆ لەبیرتان دەکەین ھەر چۆنێك ئێوە ئەم ڕۆژەتان لەبیر چوو بوو وە جێگای مانەوەی ئێوە دۆزەخە وھیچ یارمەتیدەرێکتان نیە
ئەمە لەبەر ئەوەیە بێگومان ئێوە بەڵگەکانی خواتان بەگاڵتە دانا بوو وە ژیانی دونیا فریوی دان، جا ئەمڕۆ لەو دۆزەخەدا دەرناھێنرێن وەڕێگە نادرێن داوای لێبوردنیش بکەن
جا ھەموو سوپاس وستایش بۆ خوای پەروەردگاری ئاسمانەکان وزەوی وپەروەردگاری جیھانیانە
وە دەسەڵات وگەورەی تەنھا بۆ ئەوە لەھەموو ئاسمانەکان وزەویدا وە ھەر ئەو زاڵ وباڵادەست ودانا وکار سازە
Icon