ترجمة سورة الإنشقاق

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة الإنشقاق باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


کاتێك دێت ئاسمان له‌ت و په‌ت ده‌بێت.

گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی په‌روه‌ردگاری ده‌بێت، حه‌ق وایه و پێویسته له‌سه‌ری ئاوا فه‌رمانبه‌ردار بێت.

هه‌روه‌ها کاتێك دێت زه‌ویش پان و به‌رین ده‌بێته‌وه (تا جێگه‌ی هه‌مووانی له‌سه‌ر ببێته‌وه‌، که ئه‌مه ئاماژه‌یه‌، بۆ ته‌خت بوونی).

هه‌رچی له‌ناویدا هه‌یه فڕێی ده‌داته سه‌ر ڕووکاری و خۆی خاڵی ده‌کات.

گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی په‌روه‌ردگاری ده‌بێت، حه‌ق وایه و پێویسته له‌سه‌ری ئاوا فه‌رمانبه‌ردار بێت.

ئه‌ی ئینسان به‌ڕاستی تۆ خۆت زۆر ماندوو ده‌که‌یت، زۆر ڕه‌نج و زه‌حمه‌ت ده‌کێشیت، سه‌رئه‌نجامیش ده‌بێ بگه‌ڕێیته‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگارت (تا پاداشتی ڕه‌نج و هه‌وڵه‌که‌ت وه‌ربگریت).

جا ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی کرده‌وه‌کانی درایه ده‌ستی ڕاستی...

ئه‌وه له‌مه‌ودا لێپرسینه‌وه‌یه‌کی زۆر ئاسانی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

به‌دڵی خۆش و ڕووی خۆشه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو که‌سوکاری چاکو خواناسی، بۆ ناو ئیمانداران (سه‌ره‌ڕای حۆری و غلمان و ولدان).

(به‌ڵام) ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی کرده‌وه‌کانی له پشتیه‌وه درایه ده‌ستی.

ئه‌وه له‌مه‌ولا هاوارو دادی لێبه‌رزدبێته‌وه و ده‌ڵێت: خوایه مه‌رگ، خوایه بمکوژه‌، خوا له‌ناوم به‌ره‌.

ده‌خرێته ناو دۆزه‌خ.

چونکه به‌ڕاستی ئه‌و جۆره که‌سه کاتی خۆی له‌ناو ماڵ و خێزانیدا به‌که‌یف و ئاهه‌نگی ناشه‌رعی، به به‌رپاکردنی سفره‌و خوانی حه‌رام دڵی خۆش بوو (مه‌به‌ستی ڕابواردنی حه‌رام بوو).

بڕوای وابوو که هه‌رگیز زیندوو بوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه و لێپرسینه‌وه نیه‌.

نه‌خێر به‌گومانی ئه‌و نه‌بوو، په‌روه‌ردگاری چاك ئاگاداری کارو کرده‌وه‌کانی بوو و ده‌یبینی چی ده‌کات.

سوێندم (به‌و کاته‌ی دوای خۆرئاوا بوون) ئاسۆ سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت.

به شه‌وو ئه‌وه‌ی که کۆی ده‌کاته‌وه (شه‌وگار ئاده‌میزاد له‌ماڵی خۆیدا و، گیانداران له شوێنی خۆیان و باڵنده‌کان له هێلانه‌کانیاندا کۆده‌کاته‌وه‌).

به‌مانگی چوارده‌ش کاتێك تێرو ته‌واوو گه‌وره و دره‌خشان ده‌بێت.

ئێوه تێده‌په‌ڕن و گۆڕانکاری و حاڵاتی زۆرتان به‌سه‌ردێت (بۆ نموونه‌: له مناڵی، بۆ لاوی، بۆ پیری، بۆ مه‌رگ، بۆ به‌رزه‌خ، بۆ قیامه‌ت، له‌وه‌ودواش بۆ به‌هه‌شت یان دۆزه‌خ)، یاخود له ساغی، بۆ نه‌خۆشی یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌.. له هه‌ژاریی، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی یان پێچه‌وانه‌وه‌، له قیامه‌تیشدا له به‌هه‌شتدا ئیمانداران به‌رده‌وام به‌ره‌و ته‌واوترو چاکتر ده‌برێن).

که‌واته‌، ئه‌و خوانه‌ناسانه چیانه و بۆچی ئیمان ناهێنن؟

کاتێک قورئانیش به‌سه‌ریاندا ده‌خوێنرێته‌وه‌، سوژده نابه‌ن و ملکه‌چ نابن؟

دیاره که بێ باوه‌ڕان به‌رده‌وام ڕاستیه‌کان به‌درۆ ده‌زانن، به‌ڵکو باوه‌ڕی پێناکه‌ن.

خوایش چاک ئاگاو زانایه به‌وه‌ی که له دڵ و ده‌روونیاندا شاردوویانه‌ته‌وه (له بوغزو کینه و پیلان، دژی ئیسلام و موسڵمانان).

(که‌واته‌)، مژده‌ی ئازارو سزایه‌کی به‌ئێشیان پێ بده‌!!

جگه له‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و کارو کرده‌وه‌ی چاکیان ئه‌نجامداوه‌، پاداشتی نه‌بڕاوه و بێ منه‌ت چاوه‌ڕێیانه‌.
Icon