ترجمة سورة الزمر

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الزمر باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ئەم قورئانە ھێنراوەتەخوارەوە لە لایەن خوای باڵادەست و کار بەجێوە
بێگومان ئێمە بەھەق و ڕاستی قورئانمان بۆ تۆ ھێناوەتە خوارەوە کەواتە خوا بپەرستە و بە تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچ بە
بێداربە ئاینی (گەردنکەچی) پاك و خاوێن ھەر بۆ خوایە وە کەسانێك جگە لە (خوا) چەند پەرستراوێکیان بۆ خۆیان داناوە (دەڵێن) تەنھا لەبەر ئەوە دەیان پەرستین نزیکمان بکەنەوە لە خوا بێگومان خوا بڕیار دەدات لە نێوانیاندا لەو شتانەدا کەئەوان تیایدا جیاواز بوون بەڕاستی خوا ڕێنمونی کەسێك ناکات کە درۆزنی زۆر بێ باوەڕە
ئەگەر خوا بیوویستایە منداڵێك بۆ خۆی بڕیار بدات ئەوە لەناو دروستکراوەکانیدا کامەی بوویستایە ھەڵی دەبژارد، پاك و بێگەردە ھەر ئەوە خوای تەنھا و زاڵ و بە دەسەڵات
(خوا) ئاسمانەکان و زەوی بەھەق دروستکردووە شەو دەھێنێت بەسەر ڕۆژدا و ڕۆژ دەھێنێت بەسەر شەودا و خۆر و مانگی ڕام ھێناوە ھەریەکەیان (لەخولگەی خۆیدا) تا ئەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە دەگەڕێت ودەسوڕێتەوە بێداربە ھەر ئەو (خوا) زاڵ و لێبوردەیە
(خوا) ئێوەی لە تاکە کەسێك (ئادەم) دروستکردووە پاشان لەو (کەسە) ھاوسەرەکەی (حەوای) بەدیھێناوە وە بۆ ئێوە ھەشت جووتی (نێر و مێ) لە ئاژەڵ بە دیھێناوە ئێوە دروست دەکات لەناو سکی دایکتاندا بە بەدی ھێنانی یەك لە دوای یەك لـەناو سێ تاریکی (ناو سك، مناڵدان، پەردەی کۆرپەلە) دا ئا ئەوە پەروەردگاری ئێوەیەکە دەسەڵات و پاشایی ھەر موڵکی ئەوە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست جگە لە زاتی ئەو نیە، کەواتە ئێوە چۆن لە ئاینی ڕاست لادەدرێن
ئەگەر ئێوە بێ باوەڕبن ئەوە بێگومان خوا بێ نیازە لەئێوە و ڕازی نیە بە بێ باوەڕی بۆ بەندەکانی وە ئەگەر سوپاسی خوا بکەن (وگەردن کەچ بن) بەوە لێتان ڕازی دەبێت ھیچ گوناھبارێك گوناھی کەسێکی تر ھەڵناگرێت پاشان گەڕانەوەتان ھەر بۆ لای پەروەردگارتانە ئەوسا ھەواڵتان دەداتێ بەوەی کە دەتان کرد بەڕاستی خوا ئاگادارە بە نھێنی دڵان
وە کاتێك ئادەمی زیانێکی لێ بکەوێت دەگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری وھاواری لێ دەکات پاشان ئەگەر لەلایەن خۆیەوە نازو نیعمەتێکی دایە ئەوەی لەبیر دەچێت کە لەپێشترا ھاواری لە پەروەردگاری دەکرد وھاوتایانێك بۆ خوا دادەنێت بۆ ئەوەی (خەڵك) لە ڕێگای ئەو گومڕاکات (ئەی موحەممەد ﷺ بە ھەڕەشەوە) بڵێ: بە بێ باوەڕێکەت کەمێك لەزەت وەرگرە لە ژیان چونکە بەڕاستی تۆ لەھاوەڵانی ئاگری دۆزەخی
(ھاوبەشدانەران چاکترن) یان کەسێك ملکەچ وخواپەرست بێت؟ لە کاتەکانی شەودا بە سوژدە بردن و ڕاوەستان (بە شەو نوێژوە خەریك بێت) کە لە (سزای) دواڕۆژ دەترسێت و بە ھیوای بەزەیی پەروەردگاریەتی (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ئایا ئەوانەی دەزانن یەکسانن لەگەڵ ئەوانەی کە نازانن بەڕاستی تەنھا خاوەنانی ژیری ئامۆژگاری وەردەگرن
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بەو بەندانەم کە باوەڕیان ھێناوە لە (سزای) پەروەردگارتان خۆ بپارێزن کەسانێك لەم دونیایەدا چاکەیان کردووە، پاداشتی چاکیان بۆ ھەیە وە زەوی خوا فراوانە بەڕاستی تەنھا ئارامگران بەبێ حیساب وژماردن پاداشتیان دەدرێتەوە
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بەڕاستی من فەرمانم پێـدراوە کە خوا بپەرستم بە دڵسۆزی بۆی ملکەچ بم
وە فەرمانم پێـدراوە کە یەکەم کەسی موسڵمانان (ی ئوممەتم) بم
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بەڕاستی من دەترسم ئەگەر سەرپێچی پەروەردگارم بکەم لە سزای ڕۆژێکی گەورە (سزای قیامەت)
بڵێ من ھەر خوا دەپەرستم بە پاکی و تەنھا ھەر بۆ ئەو ملکەچم
(بە بێ باوەڕان بڵێ) ئێوەش جگە لە خوا چیتان وویست بی پەرستن بڵێ بێگومان زەرەرۆمەندان کەسانێکن کەخۆیان و کەسوکاریان لەدەستداوە لە ڕۆژی قیامەتدا بێدار بن، ھەر ئەوە زەرەرۆمەندی ئاشکراو دیار
بۆ ئەوان ھەیە لەلای سەریانەوە چەند تەبەقێك (وەك ھەوری ڕەش) لەئاگر و لەژێریشیانەوە چەند تەبەقێك ھەیە ئەو (سزایە) خوا بەندەکانی خۆی پێ دەترسێنێت ئەی بەندەکانم خۆتان بپارێزن (لە سزای من)
وە کەسانێك کە لەپەرستنی بت (و ھەموو پەرستراوێکی تر) خۆیان پاراستووە وە گەڕاونەتەوە بۆ لای خوا مژدەی گەورە تەنھا بۆ ئەوانەیە، کەواتە مژدە بدە بەبەندەکانم
ئەوانەی گوێ دەگرن بۆ قسە وگوفتار ئەمجا شوێن چاکترینی ئەو (قسانە) دەکەون ئەوانە کەسانێکن خودا ڕێنمونی کردوون ھەر ئەوانەن خاوەنانی ژیری و ھۆش
جا ئایا کەسێك بەڵێنی سزای بەسەردا چەسپابێت (بۆی بڕیاردرا بێت) دەی ئایا تۆ (دەتوانی) کەسێك ڕزگار بکەیت کە لەناو ئاگری دۆزەخدایە؟
بەڵام کەسانێك کە لە پەروەردگاریان ترساون و خۆیان (لە سزای) پاراستووە (لە بەھەشتدا) بۆ ئەوانە کۆشك و تەلاری چەند نھۆم ھەیە ڕووباری ئاو بە ژێریاندا دەڕوات (ئەمە) بەڵێنی خوایە و خواش بەڵێنی خۆی دەباتە سەر
ئایا نەتبینی کە خوا لە ئاسمانەوە بارانێك دەبارێنێت (بۆ سەر زەوی) ئەمجا ئەو بارانە دەبات بە ناو زەویدا کانیاوەکانی لێ دەردەھێنێت لە پاشان کشتوکاڵ و گژوگیا و گوڵی پێ دەڕوێنێت کە ڕەنگەکانیان جیاوازە پاشان دەیبینیت کە ووشك دەبێ و زەرد ھەڵدەگەڕێت دواتر دەیکات بە پووشی ورد و خاش بەڕاستی لەمەدا (کە باسکرا) ئامۆژگاری و پەند ھەیە بۆ ئەوانەی خاوەن ژیرین
دەی ئایا کەسێك خوا سینەی گوشاد کردووە بۆ ئیسلام و ئەو لەسەر رێبازی رووناکی پەروەردگاریەتی (وەك کەسێکە دڵی ڕەق بووبێت لەئاست ئیسلام) جا سزا و لە ناوچوون بۆ ئەوانەی دڵیان ڕەقە لەئاست (قورئان و) یادی خوادا ئائەوانە لە گومڕاییەکی ئاشکرادان
خوا جوانترین فەرمایشتی ناردۆتە خوارەوە قورئانێکە (کەئایەتەکانی) لەیەکچووی دووپات کراوەن، ئەو کەسانەی لەپەروەردگاریان دەترسن پێستیان تەزووی پێدا دێت (بە بیستنی قورئان) پاشان پێستیان و دڵیان نەرم دەبێت بە یادی (قورئانی) خوا ئەو (قورئانە) ڕێنمونی خوایە بەو (قورئانە) ڕێنمونی ھەر کەسێك دەکات کە بیەوێت ھەر کەسیش خوا گومڕای بکات ئەوە ڕێنمونیکەرێك بۆ ئەو نیە
دەی ئایا کەسێك بەدەم وچاوی خۆی بپارێزێت لەسزای سەختی ڕۆژی دوایی(وەك کەسێك وایە کە لە بەھەشت دابێت) بەستەمکاران دەگوترێت بچەژن سزای ئەو (کردەوانەی) لە دونیا دەتان کرد
ئەوانەی پێش ئەمان (پێش قوڕەیشیەکان) بوون باوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەرەکانیان بەو ھۆیەوە سزا (ی خوا) یان بۆ ھات لە لایەکەوە کە ھەستیان پێ نەکرد
ئەمجا خوا پێی چەشتن ڕیسوایی لە ژیانی دونیادا وە بێگومان سزای ڕۆژی دوایی گەورەتر ئەگەر ئەوانە بزانن
سوێند بەخوا بەڕاستی لەم قورئانەدا ھێناومانەتەوە بۆ خەڵکی ھەموو جۆرە نموونەیەك تا پەندو ئامۆژگاری وەرگرن
(ئەو قورئانە) قورئانێکی عەرەبیە ھیچ خواری و لاریەکی تێدا نیە بۆ ئەوەی (لەسزا) خۆ بپارێزن وببنە لە خواترس
خوا نموونەی ھێناوەتەوە بە پیاوێکی (بەندە) ھی چەند کەسێکە ئاژاوەیانە لەسەر ئەو (بەندە) وە پیاوێکیش کە تەنھابەندەی پیاوێکە ئایا ئەم دوو کەسە وەک یەکنھەموو سوپاس تەنھا بۆ خوایە بەڵام زۆربەیان نازانن
(ئەی موحەممەد ﷺ) بەڕاستی تۆ دەمری و ئەوانیش دەمرن
لەپاشان بێگومان ئێوە لە ڕۆژی دواییدا لای پەروەردگارتان داوا چی دەبن دژی یەکتری
ئەمجا کێ ستەمکارترە لەوکەسەی کەدرۆ بەناوی خواوە دەکات وە باوەڕی بەڕاستی قورئان نیە کەبۆی ھاتووە ئایا لە دۆزەخدا جێگەیەك نیە بۆ بێ بڕوایان
وە ئەو کەسەی قورئانی ھێناوە (واتە پێغەمبەر ﷺ) باوەڕیشی پێیەتی ھەر ئەوانن لەخواترسان و پارێزکاران
بۆیان ھەیە (لەبەھەشتدا) ئەوەی بیانەوێت لای پەروەردگاریان ئەوەیە پاداشتی چاکەکاران
تاخوا لێیان بسڕێتەوە خراپترین (کردەوەیەك) کەکردوویانە وە پاداشتیان بداتەوە بە (پاداشتی) چاکترین ئەو کردەوانەی کردوویانە
ئایا خوا بۆ بەندەی خۆی (پێغەمبەر ﷺ) بەس نیە (کە پشتیوانی بێت)؟ (ئەی موحەممەد ﷺ) ئەو بێ باوەڕانە دەتترسێنن بەوانەی جگە لەخوان (واتە دەترسێنن بەخواکانیان کە زیانت پێ دەگەیەنن) وە ھەر کەس کەخوا گومڕای بکات ئیتر ھیچ کەس ناتوانێت ببێت بە ڕێنمونیکاری و ھیدایەتی بدات
وە ھەر کەس کەخوا ڕێنمونی بکات ئەوە ھیچ گومڕاکارێکی بۆ نیە ئایا خوا زاڵ و باڵادەست و تۆڵەسێن نیە؟
سوێند بەخوا ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت کێ ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە بێگومان دەڵێن: خوا بڵێ: دەی پێم بڵێن ئەوانەی دەیان پەرستن جگە لەخوا ئەگەر خوا وویستی زیانێکم پێ بگەیەنێت ئایا ئەو (پەرستراوانە) دەتوانن ئازارو زیانی ئەوم لێ لادەن؟ یان ئەگەر وویستی نیعمەت وڕەحمەتێکی (خۆیم) پێ بدات ئایا ئەوانە دەتوانن نیعمەت و ڕەحمەتی ئەوم لێ بگرنەوە بڵێ: من ھەر خوام بەسە خۆسپێران تەنھا پشت بەو دەبەستن
بڵێ ئەی گەلەکەم ئێوە لەسەر ڕێبازو شێوازی خۆتان کاربکەن منیش (لەسەر ڕێبازی خۆم) کاردەکەم ئەمجا بەم زووانە دەزانن
کێ (لەم دونیادا) سـزایەکی بۆ دێت کەڕیسوای دەکات وە سزایەکی بێ بڕانەوەی بەسەردا دێت
بەڕاستی ئەم قورئانەمان بۆ سەر تۆ ناردۆتە خوارەوە بۆ ھەموو خەڵکی بەھەق و ڕاستی جا ھەرکەسێك ھیدایەت وەرگرێت ئەوە قازانجی ھەر بۆ خۆیەتی ھەر کەسیش لاڕێ وگومڕا بێت ئەوە بەڕاستی زیانی گومڕا بوونەکەی ھەر بۆخۆیەتی وە ئەی پێغەمبەر ﷺ تۆ کارسپێرراو و چاودێر نیت بەسەریانەوە (تابڕوا بھێنن)
خوا گیانەکان دەکێشێت لەکاتی مردنیاندا وە ئەوەی نەمردبێت لەکاتی خەوتنیدا، ئەمجا ئەو (گیانانە) ڕادەگرێت بڕیاری مردنی داوە وە ئەوانی تر بەرەڵا دەکات (کە دەبێ زیندوو بمێنن) تاماوەیەکی دیاریکراو، بەڕاستی لەمەدا چەند بەڵگە ھەیە بۆ ئەو کەسانەی بیردەکەنەوە
ئاخۆ جگە لەخوا تکا کارانێکیان بۆ خۆیان داناوە بڵێ گەرچی ئەوانە نەھیچ شتێکیان بەدەستە وە نەتێیش دەگەن
بڵێ: تکا ھەمووی ھەر بۆ خوایە موڵکی ئاسمانەکان و زەوی ھەر بۆ ئەوە پاشان ھەر بۆلای ئەو دەگەڕێنرێنەوە
وەکاتێك یادی خوا بکرێت بەتاك و تەنھا تێکدەچێت وە بێزار دەبێ دڵی کەسانێك کەباوەڕیان نیە بەڕۆژی دوایی کەچی کاتێك ناوی پەرستراوانی بێجگە لەخوا ببرێت یەکسەر شادو ڕووخۆش دەبن
بڵێ: ئەی خوایە بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەوی زانای نھێنی و ئاشکراکان ھەر تۆ دادوەری دەکەیت لەنێوان بەندەکانتدا لەوەی ئەوان تیایدا جیاوازبوون
بەڕاستی ئەگەر ھی ئەو کەسانە بوایە ستەمیان کرد ھەموو ئەوەی لەسەر زەویدایە ئەوەندەی تریشی لەگەڵدا بێت لەبریتی خۆیان دەیاندا بۆ ڕزگاربوونیان لەسزای خراپی ڕۆژی قیامەت وە لەلایەن خواوە بۆیان دەرکەوت شتی وا کەئەوان بیریان لێ نەکردوەتەوەو گومانیان بۆی نەچووە
وە بۆشیان دەرکەوت چی خراپەیان کردووە وە دەوری گرتن ئەو سزای ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد
ئەمجا کاتێك ئادەمی زیانێکی لێکەوت وتووشی ناڕەحەتی بوو ھاوارمان بۆ دەھێنێت لەپاشان ھەر کاتێک نیعمەتێکمان پێـدا دەڵێ: بەڕاستی ئەم نیعمەتەم پێدراوە بەھۆی لێزانی وزانستی خۆمەوە (وانیە) بەڵکو ئەوە تاقیکردنەوەیە بەڵام زۆربەیان نازانن
بێگومان ئەم قسەیە کەسانی پێش ئەمانیش کردیان بەڵام ھیچ سوودی پێ نەگەیاندن ئەوەی ئەوان کردیان
ئەمجا دوو چاریان بوو (تۆڵەی) ئەو خراپانەی کردبوویان ئەو کەسانەیان ستەمیان کرد (بێباوەڕانی مەککە) لەمەو پاش دووچاری (تۆڵەی) کردەوە خراپەکانیان دەبن وە ئەمانە (لەدەستی خوا) دەرباز نابن
ئایا نەیانزانیوە کەبێگومان خوا ڕۆزی فراوان دەکات ودەیشیگرێتەوە لەھەر کەسێك کە بیەوێت بێگومان لەوەدا بەڵگە ونیشانەی زۆر ھەن بۆ ئەو کەسانەی باوەڕ دەھێنن
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ئەی بەندەکانم ئەی ئەوانەی کەخۆتان زۆر گوناھبار کردووە نائومێد مەبن لەمیھرەبانی و بەزەیی خوا چونکە بێگومان خوا لەھەموو گوناھەکان خۆش دەبێت بەڕاستی ھەر ئەوە لێ بوردە و بەبەزەیی
(بەو مەرجەی کە) بگەڕێنەوە بۆلای پەروەردگارتان وە گەردنکەچی ئەو بن بەر لەوەی سزاتان بۆ بێت پاشان یارمەتی نادرێن (لەلایەن ھیچ کەسێکەوە)
وە شوێن چاکترین شتێك بکەون کە نێردراوەتە خوارەوە بۆتان لە پەروەردگارتانەوە بەر لەوەی لەناکاودا سزاتان بۆ بێت کە ئێوە ھەر ھەستی پێ نەکەن
نەکا ئەوسا کەسێك بڵێت ئەی مەخابن لەسەر ئەوەی کەمتەرخەمیم کرد لەکارکردن بەوەی خوا فەرمانی پێکردبوو وەبەڕاستی من لەو گاڵتە چیانە بووم (کە گاڵتەیان بە ئاینەکەی دەکرد)
یان بڵێت: ئەگەر خوا ڕێنمونی بکردمایە ئەوە بێگومان لەپارێزکاران ولەخواترسان دەبووم
یان کاتێك سزاکەی دەبینێت بڵێت خۆزگە جارێکی تر بگەڕامایەتەوە (بۆ دونیا) ئەوسا لەچاکەکاران دەبووم
(ڕاست ناکەیت) خۆ بێگومان بەڵگەو ئایەتەکانی منت بۆھات بەڵام باوەڕت پێ نەھێناو خۆت بەگەورەزانی وە تۆ لەبێ باوەڕان بوویت
لەڕۆژی دواییدا دەبینیت ئەوانەی درۆیان بۆ خوا ھەڵدەبەست ڕوویان ڕەشە ئایا لەدۆزەخدا شوێنێك نیە بۆ خۆ بەگەورە زانان؟
وە ئەوانەی خۆیان پاراست (لەکوفرو تاوان) خوا ڕزگاریان دەکات چونکە ڕێگەی ڕزگاریان گرتبوەبەر نەتووشی ناخۆشی دەبن وە نەخەم دەخۆن
خوا بەدیھێنەری ھەموو شتێکە وە ھەر ئەویش پارێزەری ھەموو شتێکە
کلیلەکانی ئاسمانەکان و زەوی بەدەست خوایە وە ئەوانەی بەبەڵگەو نیشانەکانی خوا بێ باوەڕن ھەر ئەوانن زەرەرۆمەند
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: دەی ئایا ئێوە داوام لێ دەکەن من بێجگە لەخوا شتێکی تر بپەرستم ئەی نەفام و نەزانان
سوێند بەخوا نیگا کراوە بۆ تۆ وەبۆ پێغەمبەرانی پێش تۆش ئەگەر ھاوبەش بۆ خوا دابنێیت بەڕاستی کردەوەت ھەڵدەوەشێتەوە وە بێگومان لەزەرەرمەندان دەبیت
(وا مەکە) بەڵکو تەنھا خوا بپەرستە و لە سوپاسگوزارانبە
(کافران) خوایان نەناسیوە (بە گەورەیان نەزانی) بەو جۆرەی شیاوێتی لە ڕۆژی دواییدا ھەموو زەوی لە چنگی ئەودایە (بەدەست خوایە) وە ئاسمانەکانیش بەدەستی ڕاستی ئەو پێچراونەتەوە (لەم ئایەتەدا جێگیرکردن سیفەتی دەستی ڕاست بۆ خودا ھاتووە ئێمە باوەڕمان پێیەتی، بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك وشێوەکەی نازانین، تەنھا خودا دەیزانێت) خوا پاك و بڵند ترە لەوەی کە دەیکەنە ھاوبەشی
کاتێك فووکرا بەکەڕەنادا (بەشەیپوردا) یەکسەر ھەموو ئەوانەی لەئاسمانەکان و زەویدان دەمرن مەگەر کەسانێك خوا بیەوێت (نەمرن) پاشان جارێکی تر فوو دەکرێ بەکەڕەنادا جا لە پڕ ھەموو ڕاست دەبنەوە چاوەڕِوان دەکەن
وەزەوی لەو ڕۆژەدا بەنوری پەروەردگاری ڕووناك دەبێتەوە وەنامەی کردەوە لەبەردەمیان دادەنرێت و پێغەمبەران و شاھیدی (سەر گەلەکان) دەھێنرێن وە لەنێوانیاندا بەھەق دادوەری دەکرێت وە ئەوان ستەمیان لێ ناکرێت
وە (لەو ڕۆژەدا) ھەموو کەسێك چی کردووە بەتێرو تەواوی پاداشت دەدرێتەوە وە خوا خۆشی ئاگادارە (بە بێ شایەت و نامەی کردەوەکان) بەو کردەوانەی کەدەیکەن
ئەوسا ئەوانەی بێ باوەڕ بوون ڕاپێچ دەکرێن بۆ دۆزەخ کۆمەڵ کۆمەڵ تاکاتێك دێنە (نزیکی) دۆزەخ دەرگاکانی دەکرێنەوە وە دەرگاوانەکانی دۆزەخ (بەلۆمەکردنێکەوە) بەوان دەڵێن ئایا پێغەمبەرانتان لەخۆتان بۆ نەھات کەئایەتەکانی پەروەردگارتان بەسەردا بخوێننەوە وە بتانترسێنن لەگەشتنتان بەم ڕۆژە؟ دەڵێن: بەڵێ (ھاتن ئاگاداریان کردین) بەڵام بڕیاری سزا دراوە بەسەر (ئێمەی) بێ باوەڕاندا
پێیان دەوترێت: لەدەرگاکانی دۆزەخەوە بچنە ژورەوە بەھەمیشەیی لەوێدا بمێننەوە ئای چ خراپە جێگەو مەنزڵگای خۆ بەزل زانان
وە کەسانێك (کە خواناس بوون) و لە پەروەردگاریان دەترسان پۆل پۆل دەبرێن بۆ بەھەشت تاکاتێك دێنە (نزیکی) بەھەشت و دەرگاکانی دەکرێنەوە (بەڕویاندا) وە دەرگاوانەکانی بەوان دەڵێن سەلامتان لێ بێت ئێوە پاك و خاوێن بوون (لە تاوان لە دونیادا) کەواتە بڕۆنە ناو بەھەشت بەھەمیشەیی
(ئەوانیش) دەڵێن: سوپاس بۆ ئەو خوایەی ھەر بەڵێنێکی بەئێمەدا ڕاست بوو وە زەوی (بەھەشتی) بەمیرات پێ داین لەھەر شوێنێکی بەھەشتدا بمانەوێت نیشتەجێ دەبین ئای چەند چاکە پاداشتی چاکەکاران
وە فریشتەکان دەبینیت چوار دەوری عەرشیان داوە تەسبیحات دەکەن بەستایشی پەروەردگاریان وە لەنێوانیاندا بەھەق دادوەری کرا وە (لەکۆتایدا) دەووترێت ھەموو سوپاس ھەر بۆ خوایە کەپەروەردگاری جیھانیانە
Icon