ترجمة سورة طه

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة طه باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (طا، ھا) دەخوێنرێتەوە، خوا زاناترە بە ماناکەی بۆزانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە
قورئانمان نەناردۆتە خوارەوە بۆ سەر تۆ بۆ ئەوەی دوو چاری ناڕەحەتی غەم و پەژارە ببیت
تەنھا ئامۆژگاری و بیر خستنەوەیە بۆ ئەو کەسەی (لەخوا) دەترسێت
(ئەم قورئانە) بەبەش بەش نێردراوەتە خوارەوە لەلایەن زاتێکەوە کەزەوی و ئاسمانە بەرزو بڵندەکانی دروستکردووە
کە (خوای) میھرەبانە کە بەرز بووە سەر عەرش و قەراری گرت (بەو شێوەی شیاوی بێت ئێمە چۆنیەتیەکەی نازانین)
تەنھا موڵکی خوایە ئەوەی لەئاسمانەکان وئەوەی لەزەویدایە وەئەوەی لەنێوانیاندایە وئەوەی لەژێر خاکدایە
ئەگەر تۆ بە ئاشکرا قسە بکەیت ئەوە بەڕاستی ئەو (خوا) نھێنی و لەنھێنی شاراوەتریش دەزانێت
خوایەکە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لەئەو پەروەردگاری عەرشی ھەرە گەورەیە
(ئەی موحەممەد ﷺ) ئایا ھەواڵ و دەنگوباسی موسا پێغەمبەرت پێ گەیشتووە
کاتێ ئاگرێکی بینی (لەگەڕانەوەیدا بۆ میصر لەشەوێکی ساردا) جا (موسا) ووتی بەخێزانەکەی لێرە بمێننەوە بەڕاستی من ئاگرێکم بەدی کردووە (ئەڕۆم بۆ لای) بەڵکو لەو ئاگرە چڵۆسکێکتان بۆ بێنم (خۆتانی پێ گەرم بکەنەوە) یان لای ئەو ئاگرە ڕێگا نیشان دەرێکم دەست کەوێت
جا کەگەشتە لای (ئاگرەکە) بانگی لێ کرا: ئەی موسا
بەڕاستی من پەروەردگاری تۆم دەی پێڵاوەکانت داکەنە (لەبەر ڕێزی شوێنەکە) چونکە بێگومان تۆ لەشیوی پیرۆزو بەفەڕی (طووا) دایت
من تۆم ھەڵبژاردووە (بۆ پێغەمبەرایەتی) کەواتە گوێ بگرە بۆ ئەوەی نیگا دەکرێ (بۆت)
بەڕاستی ھەر من خوام ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لە من کەواتە من بپەرستە بە چاکی نوێژ بەجێ بھێنە تامنت بێتەوە یاد
بێگومان ڕۆژی دوایی دێت نزیک بوو (کاتی ھاتنی لەخۆیشم) بشارمەوە، (چا جـای لەفریشتە وپێغەمبەران، کەواتە زانینی کاتی ھاتنی ڕۆژی دوایی تەنھا پەروەردگار دەیزانێت) بۆ ئەوەی پاداشت بدرێتەوە ھەموو کەسێک بە گوێرەی ئەو کردەوەی کە دەیکات
جا بـاڕێگری نەکات لێی ئەو کەسەی باوەڕی نیە بەو (قیامەتە) و شوێن ھەوا و ئارەزووی خۆی کەوتووە ئەوسا تیا دەچێت
(خوا فەرمووی) ئەی موسا ئەوە چیە بەدەستی ڕاستەوە
(موسا) فەرمووی ئەوە گۆچانەکەمە خۆم دەدەم بەسەریدا (کاتی رۆیشتن) گەڵای درەختی پێ دەوەرێنم بۆ مەڕەکانم وە چەند کارو پێویستی تری پێ دەکەم
(خوا) فەرمووی ئەی موسا گۆچانەکەت فڕێ بدە
جا ئەویش فڕێیدا دەست بەجێ گۆچانەکە بووە بە مارێک بەخێرایی دەڕۆیشت (موسا ترسا)
(خوای گەورە) فەرمووی بیگرە و مەترسە دڵنیابە دەی گێڕینەوە بۆ شێوەکەی یەکەمجاری (دەیکەینەوە بەگۆچان)
دەستت بخەرە بن باڵت (پاشان دەری بھێنە) کە دەردێت سپیە (وەک کافور دەدرەوشێتەوە) بێ ئەوەی بەڵەکی و نەخۆشی بێت (ئەمەش) موعجیزەیەکی ترە (جگە لە گۆچانەکەت)
بۆ ئەوەی ھەندێک لەموعجیزە و بەڵگە گەورەکانی خۆمانت پیشان بدەین
بڕۆ بۆ لای فیرعەون چونکە بەڕاستی لەسنوور دەرچووە ویاخی بووە
(موسا) ووتی پەروەردگارم سنگم (دڵ و دەرونم) فراوان بکە
وە ئیش و کارم بۆ ئاسان بکە
و گرێی زمانیشم بەرەڵا بکه
بۆ ئەوەی لە قسەکانم تێبگەن
وە لەخزم و کەسی خۆم کەسێک بکەرە پشتیوانم
كه هارونی برامه
پشتمی پێ قایم و بەھێز بکە
بێکەرە ھاوبەشم لەکارەکەمدا (گەیاندنی پەیامی خوا)
بۆ ئەوەی زۆرستایشت بکەین
وە یاد و زیکری زۆرت بکەین
بەڕاستی تۆ بینای بە (ھەموو شتێکی) ئێمە
(خوای گەورە) فەرمووی بەڕاستی ئەوەی داوات کرد پێت درا ئەی موسا
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە جارێکی تر منەتمان ناوەتە سەرت
کاتێک ئێمە ئاگاداری دایکتمان کرد ئەوەی پێویست بوو ئاگادار بکرێت
کە ئەو (موسای شیرەخۆرە) بخەرە ناو سندوقێکەوە ئەمجا فڕێیدەرە دەریاوە جا بادەریاش بیباتە کەناری ئاوەکە (لە ئاکامدا) دوژمنی من و دوژمنی ئەو (کەفیرعەونە) بیگرێتەوە لەلایەن خۆمەوە جۆرە خۆشەویستییەکم پێدایت بۆ ئەوەی پەروەردە بکرێیت لە پێش چاوی خۆم (بە چاودێری و پارێزگاری خۆم)
(لەبیرت بێت) کاتێک کە خوشکەکەت دەڕۆیشت و دەیووت (بە فیرعەون و دەستەکەی کە موسا دەگریا و شیری ھیچ ئافرەتێکی نەدەخوارد) کەسێکتان نیشان بدەم کە بەخێوی بکات وبیگرێتە ئەستۆ بەو ھۆیەوە تۆمان گێڕایەوە بۆ لای دایکت تا چاو ودڵی گەش بێتەوەو خەفەت نەخوات وە کەسێکت کوشت (لە تاقمی فیرعەون) بەڵام ئێمە ڕزگارمان کردیت لەو غەم وپەژارەیە وە دووچاری چەندەھا تاقی کردنەوەمان کردیت ئەمجا چەند ساڵێک مایتەوە لەناو خەڵکی مەدیەندا پاشان ئەی موسا لە کاتی دیاریکراودا (بۆ پێغەمبەرایەتی) ھاتوویتە ئێرە
وە تۆم ھەڵبژارد بۆ خۆم (تاکو پێغەمبەر بیت و پەیامی من ڕاگەیەنیت)
بڕۆ خۆت و براکەت بە بەڵگە و موعجیزەکانمەوە سستی نەکەن لە زیکر و یادی مندا
(پێی ووت) بڕۆ بۆ لای فیرعەون(چونکە) بەڕاستی یاخیی بووە
جا قسەی لەگەڵ بکەن بە نەرم و نیانی بەڵکو بیربکاتەوە یا بترسێت (لە سزای خوا)
ھەردووکیان ووتیان ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی ئێمە دەترسین دەس درێژی بکاتە سەرمان پێش ئەوەی ئێمە ھیچ بڵێین یان زیاتر یاخی و سەرکەش ببێت
(خوا) فەرمووی مەترسن بەڕاستی من لەگەڵتانام دەبیستم و دەبینم
کەوابوو بچنە لای و (پێی) بڵێن بێگومان ئێمە ھەردووک نێرراوی پەروەردگاری تۆین (بۆ سەر تۆ) جا واز لە بەنی ئیسرائیل بھێنە (با بێن) لەگەڵ ئێمەدا وە ئازار و سزایان مەدە بەڕاستی ئێمە لە لایەن پەروەردگارتەوە بەڵگەو موعجیزەمان بۆ ھێناویت سڵاویش لەسەر کەسێک بێت کە شوێن ڕێگای ڕاستی دەکەوێت
بەڕاستی ئێمە نیگامان بۆ کراوە کە بێگومان سزا بۆ کەسێکە (پێغەمبەران) بەدرۆ دەزانێ و ڕوو وەردەگێرێت (وباوەڕ ناھێنێت)
(فیرعەون) ووتی باشە موسا پەروەردگاری ھەردووکتان کێیە؟
(موسا) فەرمووی پەروەردگاری ئێمە ئەو زاتەیە کەھەموو شتێکی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک وجوان دروستکردووە پاشان ڕێنمونیشی کردووە (بۆ کاری خۆی)
(فیرعەون) ووتی ئـەی خەڵکانی سەردەمە پێشووەکان حاڵیان چیەو چۆنە (لە پاشی مردنیان)
(موسا) فەرمووی زانیاری ئەوە لای پەروەردگارمە لە پەراوێکدایە پەروەردگارم ھیچی لێ وون نابێت و ھیچی لەبیر ناچێت
(پەروەردگارم) زاتێکە کە زەوی بۆ کردونەتە شوێنی حەسانەوە (وەکو بێشکە) وە لەناوییدا چەندەھا ڕێگای بۆ فەراھەم ھێناون وە لەئاسمانەوە باران دەبارێنێت (بۆتان) جا بەو بارانەی ڕواندومانە زۆر جوتی جۆراو جۆر لەڕووەک (کە جیاوازن لە تام و بۆن و ڕەنگ و شێوەدا)
(ئەی مرۆڤەکان) بخۆن و ئاژەڵ وماڵاتەکانیشتان بلەوەڕێنن بەڕاستی لەوەدا (کە باسکرا) بەڵگە و نیشانەی زۆر ھەیە بۆ ئەوانەی خاوەن ژیرین
لەم زەویە دروستمان کردون دووبارە دەتانگێڕینەوە ناو زەوی (بەمردوویی) جارێکی تر لەو زەویە دەرتان دەھێنینەوە (بەزیندوویی بۆ لێپرسینەوە)
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە ھەموو بەڵگەو نیشانەکانی خۆمان نیشان فیرعەوندا کەچی باوەڕی نەھێناو سەرپێچی کرد
(فیرعەون) ووتی ھاتوویت بۆ ناومان بۆ ئەوی دەرمان کەیت لەخاکەکەمان بەجادوگەریەکەت ئەی موسا
سوێند بێت جادویەکت بۆ (بەکار) بھێنین وەک ئەو (جادوەی خۆت) جا شوێن و کاتێک لە نێوان ئێمە و خۆتدا دابنێ نە ئێمە و نەتۆ خۆمانی لێ نەبوێرین (با) جێگایەکی تەخت بێت
(موسا) فەرمووی کاتی دیاریکراوتان ڕۆژی خۆڕازاندنەوە (ڕۆژی چەژن) بێت بەمەرجێک لە کاتی چێشتەنگاودا خەڵکی کۆبکرێنەوە
ئەمجا فیرعەون ڕۆیشت لەو جێگایە وھەمووجادوگەرەکانی کۆکردەوە پاشان ھات (بۆ شوێنی دیاریکراو)
موسا بە جادوگەرانی ووت ھاوار بۆ ئێوە درۆ بەدەم خواوە نەکەن ئەگینا بەسزایەک لەناوتان دەبات بەڕاستی ھەر کەسێک درۆ ھەڵبەستێ بەدەم خواوە ڕەنجەڕۆ دەبێت
ئەمجا (جادوگەرەکان) سەبارەت بەکارەکەیان لە نێوانیان دا جیاوازی پەیدا بوو و بەنھێنی چرپەیان دەکرد
ووتیان بەڕاستی ئەمانە دوو جادوگەرن دەیانەوێت دەرتان پەڕێنن لە خاک و ووڵاتەکەتان بە جادوەکەیان وە ڕێباز و نەریتە ھەرە باشەکەتان لەناو بەرن
جا کەواتە ھەموو جادو و پیلانێکتان کۆبکەنەوە پاشان بە یەک ڕیز بێنە (گۆڕەپانەوە) بەڕاستی ھەرکەسێک ئەمڕۆ سەربکەوێت ڕزگاری دەبێت و سەرفرازە
ساحیرەکان) ووتیان ئەی موسا یاتۆ (چادوەکەت) فڕێ بدە یا ئێمە لەسەرەتاوە فڕێی دەدەین
(موسا) فەرمووی نەخێر ئێوە (لەپێشەوە) فڕێی بدەن (ئەوانیش فڕێیاندا) جا لەناکاودا گوریس و دار دەستەکانیان وەھا ھاتە پێش چاوی (موسا) بەھۆی جادوەکەیانەوە کەبەڕاستی دەجوڵێن و دەڕۆن
جا موسا لەدڵی خۆیدا کەمێک ترسا
ووتمان پێی مەترسەو بێـباک بە بێگومان ھەر تۆ سەرکەوتوو دەبیت
ئەوەی لەدەستی ڕاستتدایە (کەگۆچانەکەتە) فرێی بدە ھەرچی (جادو) ئەوان کردوویانە قوتی دەدات (ھەڵی دەلوشێت) بێگومان ئەوەی ئەوانە کردوویانە تەنھا فڕوفێڵی جادوگەرە جادوگەریش سەرکەوتوو نابێت لەھەر کوێوە ھاتبێت و (ھەرچی بکات)
ئەوسا جادوگەرەکان خران بەڕوودا بەسوژدە بردنەوە (بۆ خوا) ووتیان بڕوامان ھێنا بەپەروەردگاری ھارون و موسا
فیرعەون) ووتی پێیان ئایا ئێوە بڕواتان پێ ھێنا پێش ئەوەی مۆڵەتتان بدەم،
بێگومان ئەو (موسا) گەورەتانە کەفێری جادوی کردوون جا سوێند بێت دەیبڕم (دەیقرتێنم) دەست و قاچتان بەپێچەوانەوە (ڕاست و چەپ) وەبێگومان بەقەدی دارخورمادا ھەڵتان دەواسم (دەتانکەم بە دارا) (ئەوسا) بەڕاستی دەزانن کاممان (من یان خواکەی موسا) سزامان سەخترو بەردەوامترە
(ساحیرەکان) ووتیان ئێمە ھەرگیز تۆ ھەڵنابژێرین بەسەر ئەو نیشانە و موعجیزانەدا کەبۆمان ھاتووە (وە تۆ ھەڵنابژێرین بەسەر) ئەو خوایەی کە لەنەبوون ئێمەی دروستکردووە جا ھەر چیت لەدەست دێت بیکە بێگومان تۆ تەنھا لەم ژیانی دونیایەدا دەستت دەڕوا و بڕیار دەدەیت
بەراستی ئێمە باوەڕمان ھێنا بەپەروەردگارمان بۆ ئەوەی لەتاوانەکانمان خۆش ببێت ھەروەھا لەو جادوەش کە بەزۆر پێت دەکردین وەخوای گەورە (پاداشتی) چاکترەو بەردەوامترە
بەڕاستی ھەر کەسێک بگەڕێتەوە لای پەروەردگاری بەتاوانباری ئەوە بێگومان دۆزەخ جێگایەتی نەدەمرێت تێیدا و نەدەژی (بەئاسوودەیی)
وە ئەو کەسەی بەباوەڕداری بگەڕێتەوە لای (خوای گەورە) بەڕاستی کردەوەی چاکیشی کرد بێت ئائەوانە پلەو پایەی بەرزو بڵندیان ھەیە
کە بەھەشتانێکە جێگای مانەوەی ھەمیشەییە ڕوبارەکان دەڕۆن بە ژێریاندا بێ بڕانەوە دەمێننەوە تێیدا ئەوە پاداشتی کەسێکە خۆی پاک و خاوێن ڕابگرێت (لە کوفر و تاوان)
بەڕاستی نیگامان نارد بۆ موسا کە بەندەکانم بە شەو ببە (و لە میصر دەرچن) ڕێگەیەکی ووشکیان لە دەریای (سوور)دا بۆ بکەرەوە مەترسە (فیرعەون) پێت بگات وە مەترسە (لەخنکان لەدەریادا)
ئەمجا فیرعەون بە سەربازەکانیەوە شوێنیان کەوتن جا لە ناکاو دەریا ئەوانی (لەناو شەپۆلی خۆیدا) داپۆشی چ داپۆشینێک
فیرعەون گەلەکەی خۆی گومڕا کرد و ڕێنمونی نەکردن
ئەی نەوەی ئیسرائیل بەڕاستی ڕزگارمان کردن لەدوژمنەکەتان وە بەڵێنمان پێدان (بەھاتنی موسا بۆ) لای ڕاستی کێوی طور و بۆمان ناردن گەزۆ و شێلاقە (باڵندەیەکە گۆشتی لە ھەموو باڵندەیەک خۆشترە)
بخۆن لەو ڕۆزیە پاکانەی پێمانداون و زیادە ڕۆی تێدا مەکەن ئەگینا خەشم و قینی من دەتانگرێتەوە جا ھەر کەسێک خەشم وقینی من دایگرێت ئەوە بێگومان تیاچووەو ھەڵدێراوە
وە بەڕاستی من زۆر لێبوردوم لەو کەسەی تەوبەی کردبێت و باوەڕی ھێنابێت و کردەوەی چاکی کردبێت پاشان بەردەوام بوو بێت لەسەر ئەو رێبازە
(خوا فەرمووی) ئەی موسا بۆ چی پێش گەلەکەت کەوتی (بۆ گەیشتن بە کێوی طور)
(موسا) فەرمووی گەلەکەم ئەوانەن بە دوامەوەن بۆیە بەپەلە ھاتم بۆ لات ئەی پەروەردگارم بۆ ئەوەی لێم ڕازی بیت
(خوای گەورە) فەرمووی جا بەڕاستی ئێمە گەلەکەتمان تاقیکردەوە لەپاش (ھاتنی) تۆ وە سامیری گومڕای کردن
ئەمجا (پاش وەرگرتنی تەورات) موسا گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی بە تووڕەیی و خەشم وقینەوە ووتی ئەی گەلەکەم ئایا پەروەردگارتان بەڵێنی پێ نەدان بە بەڵێنی چاک بۆچی من زۆرم پێ چوو یان ھەر ویستتان وڕەیی وخەشم لەلایەن پەروەردگارتانەوە یەخەتان بگرێت بۆیە بەڵێنی منتان شکاند
ووتیان ئێمە بەڵێنەکەی تۆمان نەشکاند بەویست و دەسەڵاتی خۆمان بەڵکو ئێمە چەند کۆڵ و بارێک درابوو بەکۆڵماندا لەخشڵی قیبتیەکان جا فڕێماندایە (ناو ئاگرەوە) ھەروەھا سامیریش فڕێیدا
ئیتر (سامیری لەو خشڵە تواوانە) پەیکەری گوێرەکەیەکی بۆ دروستکردن
بۆڕەیەکی ھەبوو (وەک بۆڕەی گوێرەکە) ئەمجا ووتیان ئەمە خوای ئێوە و خوای موساشە ئەوە (موسا) لەبیری چووە (دەگەڕێت بەشوێن خوادا)
ئایا ئەوان نازانن (نابینن) (ئەو گوێرەکەیە) وەڵامی ھیچ ووتەیەکیان ناداتەوە وە خاوەنی ھیچ زیان و قازانجێک نیە بۆیان
سوێند بەخوا بەڕاستی ھارون پێی ووتن لەوەو پێش ئەی گەلەکەم بێگومان ئێوە بەم (گوێرەکەیە) تاقیکرانەوە (گومڕا بوون) بەڕاستی پەروەردگاری ئێوە خوای میھرەبانە کەواتە شوێنی من بکەون گوێرایەڵی فەرمانی من بن
ووتیان ھەرگیز واز ناھێنین و بەدەوریدا دێین و دەیپەرستین ھەتا موسا دەگەڕێتەوە بۆ لامان
(موسا) ووتی ئەی ھارون چ شتێک بەرگری کردیت کاتێک بینیت ئەمانە گومڕا بوون
(لەوەی) کەشوێن من بکەویت ئایا سەرپێچی فەرمانی منت کرد؟
(ھارون) فەرمووی ئەی کوڕی دایکم موی ڕیش و سەرم مەگرە و ڕایمەکێشە بەڕاستی ترسام کە (ھاتیتەوە پێم) بڵێیت تۆ جیاوازیت خستە نێوان بەنی ئیسرائیلیەکانەوە و چاوەڕوانی فەرمانی منت نەکرد
(موسا) ووتی ئەی سامیری تۆ ئەم کارە ترسناکە چی بوو کردت؟
(سامیری) ووتی من شتێکم زانی ئەوان نەیانزانی (یامن شتێکم بینی ئەوان نەیان بینی) ئەمجا من مشتێکم لەشوێن پێی(ووڵاخەکەی) جوبرەیل ھەڵگرت وە پرژاندم (بەخشڵە تواوەکەدا) بەو جۆرە نەفسم ئەو کارەی بۆ جوان وشیرین کردم
(موسا) ووتی دەبڕۆ ئەوسا بێگومان تاماوی لەم ژیانەدا (ھەر کەس لێت نزیک بویەوە) دەبێ بڵێیت: نزیکم مەکەوەرەوە، ودەستم لێ مەدە وەبێگومان بەڵێنێکیشت ھەیە (لەڕۆژی دواییدا) ھەرگیز ڕزگار نابیت لێی وەسەیری پەرستراوەکەشت کە کەبەردەوام دەتپەرست دڵنیابە چاک دەیسوتێنین پاشان بێگومان (خۆڵەمێشەکەش) پرژو بڵاو دەکەینەوە بەدەریادا بەپرژو بڵاوێکی وەھا (کە شوێنەواریشی نەمێنێت)
پەرستراوی (ڕاستەقینەی) ئێوە تەنھا خوایە کە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە ئەو نەبێت زانیاری ئەو ھەموو شتێکی گرتۆتەوە
(ئەی موحەممەد ﷺ) ئا بەو جۆرە دەیگێڕینەوە بۆت ھەندێک لەبەسەرھات و ھەواڵی ئەو (گەلانەی) ڕابوردون بێگومان پێمان داویت لەلایەن خۆمانەوە قورئان
ھەر کەسێک پشتی تێ بکات ئەوە بەڕاستی ھەڵیدەگرێت لەڕۆژی دواییدا بارێکی قورس (لەتاوان)
بێ بڕانەوە تێیدا دەمێننەوە چ بارێکی خراپ و بێـفەڕیان بەکۆڵەوەیە لەرۆژی دواییدا
ئەو ڕۆژەی کە فوو دەکرێت بەشەیپوردا (بۆ جاری دووەم) ئەوسا تاوانباران کۆدەکەینەوە لەو ڕۆژەدا لەش و چاویان شین ھەڵگەڕاوە
بەچرپەوە لەنێوان خۆیاندا دەڵێن ئێوە تەنھا دە (شەوو ڕۆژ لەدونیادا) ماونەتەوە
ئێمە چاک دەزانین بەوەی ئەوان دەیڵێن کاتێک (ئەوەیان) کە ژیرتریانە و نزیک تریانە لەڕاستیەوە دەڵێ ئێوە تەنھا یەک ڕۆژ ماونەتەوە
(ئەی موحەممەد ﷺ) پرسیارت لێ دەکەن سەبارەت بەشاخەکان تۆش بڵێ پەروەردگار لەبێخیان دەھێنیت و وردو خاشیان دەکات ئەمجا ھەوا پرژو بڵاویان دەکاتەوە
ئەمجا ڕێک و ساف بێ ئاوو گژوگیاو دەیھێڵێتەوە
نابینی تێیدا ھیچ جۆرە لاری و بەرزی و نزمیەک
لەو ڕۆژەدا ھەموو دەکەونە شوێن جاڕدەری (کۆکردنەوە) لارە جڵەوی ناکەن لەفەرمانی لەترسی خوای میھرەبان ھەموو دەنگەکان نزم دەبن چپەچپ نەبێت شتێک نابیستی
ئا لەو ڕۆژەدا تکا کردن سوودی نیە مەگەر کەسێک خوای میھرەبان ڕێگای بدات و لەووتەکەشی ڕازی بێت
(خوا) دەزانێت و ئاگادارە بەھەموو ئەو شتانەی لەپێشیانەوەیە (لەقیامەتدا چاوەڕێیانە) وە بەھەموو ئەو شتانە لەپاشیانەوەیە (لە دونیادا کردوویانە) بەڵام ئەوان دەربارەی خوا ھەموو شتێک نازانن
ھەموو دەم و چاوەکان (لەڕۆژی قیامەتدا) ملکەچ و فەرمانبەردارن بۆ (خوای) ھەمیشە زیندوو و ڕاگری بوونەوەرە بێگومان زەرەرمەند بووە ئەوەی کەباری ستەمی ھەڵگرتبێ
ئەوەش کردەوە چاکەکانی کردبێت باوەڕداریش بوو بێت ئەوە نەلە ستەم دەترسێت (لێی بکرێت) نەلە کەم کردنەوەی پاداشتی (دەترسێت)
ئابەو جۆرە قورئانێکی عەرەبیمان دابەزاندووە بە چەند جۆر و شێواز ھەڕەشەمان لەودا باسکردووە بۆ ئەوەی لە خوا بترسن و خۆیان بپارێزن (لە تاوان) یان ببێت بەھۆی بیدارکردنەوەیان لەغەفڵەت وبێ ئاگایی (بەھۆی قورئانەوە)
ئەمجا بەرزو بڵندە ئەو خوایە کەدەسەڵات دارێکی(پادشایەکی) حەق و ڕاستە پەلە مەکە لە(خوێندنی) قورئاندا لەپێش ئەوەی وەحی کردنەکەی بۆت تەواو بێت وەبڵێ ئەی پەروەردگارم زانست و زانیاریم زیاد بکە
سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە پێشتر پەیمان و بەڵێنمان لەئادەم وەرگرت (لەدرەختی قەدەغەکراو نەخوات) بەڵام کاری پێ نەکرد (لەبیری چوو) وە ئێمە لەودا لێبڕانمان نەدی (کە بیەوێت بێ فەرمانی خودا بکات)
(باسی) ئەو کاتە بکە بەفریشتەکانمان ووت: سوژدە بەرن بۆ ئادەم ئەوانیش ھەموو سوژدەیان برد جگە لەشەیتان کەسەرپێچی کرد(و سوژدەی نەبرد)
ئەمجا ووتمان ئەی ئادەم بەڕاستی ئەم (ئیبلیسە) دوژمنی تۆو ھاوسەرەکەتە کەواتە (ئاگاداربن) لە بەھەشت دەرتان نەکات چونکە دوو چاری ناخۆشی و زەحمەت دەبیت
بێگومان تۆ لەو (بەھەشتە) دا برسیت نابێت وڕووت و قوت نابیت
وبێگومان لەوێدا تینووت نابێت وە ھەتاوی (خۆر) لێت نادات (ئازارت پێ ناگەیەنێ)
ئەمجا شەیتان نیازی خراپی خستە دڵیەوە ووتی: ئەی ئادەم ئایا نیشانت بدەم دەرەختی نەمری (ھەر کەس لێی بخوات ھەرگیز نامرێت) و موڵک و دەسەڵاتێ ھەر دوایی نەیەت
ئەمجا ھەردووکیان لەو (بەروبوومی درەختە) یان خوارد بەو ھۆیەوە (جل وبەرگیان داماڵدراو) دەرکەوت عەیب و عەورەتیان وە دەستیان کرد
بە داپۆشینی لەشیان بەگەڵای (درەختەکانی) بەھەشت وەئادەم سەرپێچی فەرمانی پەروەردگاری کرد ئیتر لەڕێگای ڕاست لایدا
پاشان پەروەردگاری ھەڵیبژارد (بۆ پێغەمبەرێتی) وتەوبەی لێ قبووڵ کردو ڕێنمونی کرد
(خوا) فەرمووی ھەردووکتان برۆِنە خوارەوە لەوێ (لەبەھەشت)
بەیەکەوە (نەوەکانتان) دەبنە دوژمنی یەکتری جا ئەگەر (بەپێغەمبەراندا) پەیامتان بۆ ھات لەلایەن منەوە ئەوسا ئەوەی شوێنی ڕێنمونی من بکەوێت ئەوە (لەدونیادا) گومڕا نابێت و (لەڕۆژی دوایشدا) تووشی ناخۆشی و زەحمەت نابێت
وە ھەرکەسێک ڕوو وەرگێرێت لەڕێبازو یادی من ئەوە بێگومان ئەو کەسە گوزەرانێکی سەخت و تەنگی دەبێت (لەگۆڕدا) و لەڕۆژی دواییشدا حەشری دەکەین بەکوێری
دەڵێ ئەی پەروەردگارم بۆچی بە کوێری حەشرت کردم خۆ من (لە دونیادا) چاو ساغ و بینا بووم
(خوا) دەفەرموێت ھەر بەو شێوەی ئایەتەکانی ئێمەت بۆ ھات و لەبیری خۆت بردەوە (و کوێر بوویت لەئاستیدا) بەھەمان شێوە تۆش ئەمڕۆ گوێت پێ نادرێت و لەبیر دەکرێیت
وەھەر بەو جۆرە تۆڵە دەستێنین لەوەی زیادەڕۆی کردبێت و باوەڕی نەھێنا بێت بەئایەتەکانی پەروردگاری وە سزای ڕۆژی دوایی بەتینترو بەردەوامترە (لەسزای دونیا)
دەی ئایا (خوا) بۆی ڕوون نەکردوونەتەوە چەندمان لە ناو برد لەگەل و نەوەی چەرخەکانی پێش ئەمان کە(ئەم بێ باوەڕانە) دەگەڕێن و ھات و چۆ دەکەن بەجێ و شوێنەکانیاندا بەڕاستی لەوەدا (کەباسکرا) چەند بەڵگە و نیشانەی ھەیە بۆ ئەو کەسانەی کەژیرن
ئەگەر لەبەر بەڵێن و بڕیارێک نەبوایە لەپەروەردگارتەوە پێشتر دراوە (بۆ لەناوبردنیان) بێگومان (لەناو بردنی بێ باوەڕان) پێویست دەبوو ئەگەر ماوەی دیاری کراویش نەبوایە (کەقیامەتە)
کەواتە (ئەی موحەممەد ﷺ) ئارام بگرە لەسەر ئەوەی ئەوانە دەیڵێن بەحەمد و سوپاس وستایشی پەروەردگارت تەسبیحاتی خودا بکە لەپێش ھەڵاتنی خۆر و لەپێش ئاوا بوونیـدا و لەھەندێ کات و ساتەکانی شەودا خوا بپەرستە ونوێژ بکە وە لە سەرەتاو کۆتایی ڕۆژدا بۆ ئەوەی (پاداشتێ بدرێیتەوە) کەپێی ڕازی بیت
تۆ چاوەکانت مەبڕە ئەو نازو نیعمەتانەی داومانە بەتاقم و دەستەیەک لەوان (لەبێ باوەڕان) (چونکە ئەوە) زینەت و جوانی ئەم ژیانی دونیایە بۆ ئەوەیە تاقییان بکەینەوە تیایدا دڵنیابە ڕزق و ڕۆزی پەروەردگارت (لەدوا رۆژدا) چاکترو بەردەوامترە
(ئەی موحەممەد ﷺ) فەرمان بدە بەئەندامانی خێزانەکەت بەنوێژ کردن، وە خۆیشت خۆڕاگرو بەردەوام بە لەسەر بەجێ ھێنانی ئێمە داوای ڕۆزیت لێ ناکەین بەڵکو ئێمە ڕزق و رۆزی تۆ دەدەین وسەرەنجامی چاک بۆ پارێزکاران و خواناسانە
(بێ باوەڕان) ووتیان (ئەگەر ڕاستە پێغەمبەرە) دەی بۆ بۆمان ناھێنێت بەڵگەو موعجیزەیەک لەلایەن پەروەردگاریەوە ئایا ئەوان بەڵگەی ئاشکرایان بۆ نەھاتووە کە لەپەڕاوە پێشووەکاندا ھەبوو (وەک تەورات و ئینجیل)
ئەگەر ئێمە ئەوانمان لەناو ببردایە بەسزایەک پێش (ناردنی پێغەمبەر ﷺ) بێگومان (لەدوا ڕۆژدا) دەیانووت ئەی پەروەردگارمان بۆچی (لەدونیادا) پێغەمبەرێکت بۆ نەناردین تاشوێنی بەرنامە و ئایەتەکانی تۆ بکەوتینایە پێش ئەوەی سەرشۆڕ و ڕیسوا ببین
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ھەموو چاوەڕوانین (چ لایەکمان سەردەکەوین)
دە ئێوەش چاوەڕوان بن ئەوسا لە ئایندەدا دەزانن چ کەسێک خاوەنی ڕێگای ڕاستە وە چ کەسێک ھیدایەتی خوای وەرگرتووە
Icon