ترجمة سورة فصّلت

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة فصّلت باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


سه‌رنجی سه‌ره‌تای سووره‌تی (البقرة) بده‌.

ئه‌م قورئانه دابه‌زێنراوه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاری خاوه‌ن به‌زه‌یی و میهره‌بانه‌وه‌.

کتێبێکه‌؛ ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی به‌ش کراوه و جیاکراوه‌ته‌وه (ئیمان وکوفر، حه‌ڵاڵ وحه‌رام چاکه وخراپه‌... هتد)، قورئانێکه به عه‌ره‌بیه‌کی ڕه‌وان بۆ که‌سانێک که ده‌یزانن و شاره‌زاییان هه‌یه (له زمانه‌وانی و زانسته‌کان).

هه‌ر ئه‌م قورئانه مژده‌به‌خشه به‌ئیمانداران، ترسێنه‌ری کافرانه‌، که‌چی زۆربه‌ی موشریکان پشتیان تێکرد و به‌رهه‌ڵستیان کردو نایبیستن.

وتیشیان: ئێمه دڵه‌کانمان داپۆشراوه له ئاستی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا که تۆ بانگی ئێمه ده‌که‌یت بۆ لای، گو‌ێشمان که‌ڕو قورسه له ئاستیدا، له نێوان ئێمه و تۆدا په‌رده و به‌ربه‌ست هه‌یه‌، تۆ هه‌وڵ و کۆششی خۆت بده‌، بێگومان ئێمه‌ش هه‌وڵ و کۆششی خۆمان ده‌ده‌ین.

ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)، پێیان بڵێ: دڵنیابن که من هه‌ر به‌شه‌رێکم وه‌ک ئێوه‌، (جیاوازیه‌که ته‌نها ئه‌وه‌یه‌): من وه‌حی ونیگام بۆ ده‌کرێت که بێگومان خوای ئێوه خوایه‌کی تاک و ته‌نهایه‌، که‌وابوو ئێوه‌ش ڕووی تێ بکه‌ن، به‌ڕاستی بیپه‌رستن؛ له ڕێبازه‌که‌ی لامه‌ده‌ن، داوای لێخۆشبوونی لێبکه‌ن و چاک بزانن که وه‌یل و سزای سه‌خت بۆ موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران ئاماده‌یه‌.

ئه‌وانه‌ی که زه‌کات ناده‌ن و ئه‌وانه‌ش که بێ باوه‌ڕن به ڕۆژی قیامه‌ت.

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و کاروکرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه پاداشتی نه‌بڕاوه‌یان بۆ هه‌یه...

ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: باشه ئاخر ئێوه باوه‌ڕتان به‌و زاته نیه که زه‌وی له دوو ڕۆژدا دروست کردووه‌؟ (ئاڵبه‌ته ئه‌و ڕۆژانه مه‌گه‌ر خوا خۆی بزانێت درێژی ماوه‌که‌یان چانده‌)، چه‌ند هاوه‌ڵێکیشی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن؟! ئه‌و به‌دیهێنه‌ر و دروستکاره په‌روه‌ردگاری هه‌ر هه‌موو جیهانیان و بوونه‌وه‌ره‌.

له‌سه‌ر ڕووکاری زه‌وی كێوه‌کانی دامه‌زراندوه (که کار ده‌که‌نه سه‌ر ئاوو هه‌وا، دیمه‌نی جوان ده‌سازێنن، له‌نگه‌ری ده‌گرن، ڕووبه‌ری فراوانتر ده‌که‌ن... هتد) به‌ره‌که‌تی زۆری تێدا دابین کردووه (وه‌ک نه‌وت وجۆره‌ها کانزا، سه‌ره‌ڕای جیهانی ڕوه‌ک و.. هتد)، هه‌موو ڕزق و ڕۆزیه‌کانی تیادا بڕیارداوه هه‌مووی له ماوه‌ی چوار ڕۆژدا به دوو ڕۆژه‌که‌ی پێشووشه‌وه (قه‌باره و ڕه‌نگ و تام و بۆن و وه‌رز و شوێنی هه‌ر میوه و ده‌غڵ و دانێک، هه‌روه‌ها گیانداران و باڵنده‌کانیش) تا نیازو داخوازیه‌کانی ئاده‌میزاد جێبه‌جێ بکات.

ئینجا ویستی ئاسمان ڕێک بخات و دروستی بکات له‌کاتێکدا که دوکه‌ڵ بوو، جا به ئاسمان و زه‌وی فه‌رموو: فه‌رمانبه‌ردار و ملکه‌چ بن، به‌خۆشی خۆتان یان به‌زۆر بتانخه‌مه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆمه‌وه‌؟! هه‌ردوولا خێرا وتیان: ملکه‌چی تۆین و چۆن ده‌فه‌رمویت وا ده‌که‌ین، (بێگومان کارێکی ئاسانه بۆ خوای به‌ده‌سه‌ڵات، زه‌وی و ئاسمان بێنێته قسه‌، چونکه ئاده‌میزاد جۆره‌ها ئامێری هێناوه‌ته قسه‌، ده‌م و زمان و لێویشیان نیه!!).

له ماوه‌ی دوو ڕۆژدا (له‌و ڕۆژانه‌ی که هه‌ر خۆی ماوه‌یان ده‌زانێت) ئاسمانی کرده حه‌وت چین و فه‌رمانی بۆ هه‌ر چینێکیش ده‌رکرد، ئینجا ده‌فه‌رموێت: ئاسمانی دنیاشمان ڕازانده‌وه به ئه‌ستێره‌وکردمانه چراخان و کردمانه هۆی پاڕاستن، (له شه‌ڕی شه‌یتانه‌کان)، ئا ئه‌و شتانه هه‌مووی به ویست و فه‌رمانی زاتێکه که باڵاده‌ست و زانایه‌.

جا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو باسی ده‌سه‌ڵات و توانایی و زانایی خوای گه‌وره‌دا پشتیان هه‌ڵکرد و گوێیان نه‌گرت، پێیان بڵێ: من ئاگادارتان ده‌که‌م له‌وه‌ی که شریخه و بروسکه و کاره‌ساتێکتان به‌سه‌ر بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که به‌سه‌ر عاد و ثمود هات...

کاتێک پێغه‌مبه‌رانیان بۆ ڕه‌وانه کرا له پێشتر و دواتریشدا، به‌م فه‌رمانه پیرۆزه که‌: جگه له خوا که‌سی تر مه‌په‌رستن، که‌چی وتیان: ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارمان بیوستایه ڕێنمویمان بکات ئێوه‌ی نه ده‌نارد؛ به‌ڵکو فریشته‌ی داده‌به‌زان!! که‌وابوو ئێمه بێگومان بڕوا ناکه‌ین به‌و په‌یامه‌ی که به ئێوه‌دا ڕه‌وانه‌کراوه‌.

ئه‌وسا قه‌ومی عاد به‌ناحه‌ق خۆیان به‌زل و گه‌وره‌زانی له زه‌ویدا و وتیان: کێ هه‌یه به ئه‌ندازه‌ی ئێمه هێزو ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت؟ باشه ئایا ئه‌وه نه‌یانزانی به‌ڕاستی ئه‌و خوایه‌ی که دروستی کردوون، ئه‌و له‌وان هێزی زۆر زیاتره (به‌ڵکو هه‌ر به‌راورد ناکرێت) و ئه‌وانه هه‌ر ئینکاری ئایه‌ت و موعجیزه‌کانی ئێمه‌یان ده‌کرد.

ئه‌وسا ئیتر ئێمه بایه‌کی توندو زۆر ساردمان هه‌ڵکرده سه‌ریان له چه‌ند ڕۆژێکی شومدا، تا هه‌ر له ژیانی دنیادا به‌سزای سه‌رشۆڕیان بگه‌یه‌نین و تاڵاو بکه‌ین به‌گه‌روویاندا، بێگومان سزای قیامه‌ت زیاتر سه‌رشۆڕکه‌رو تاڵتره و ئه‌وانه سه‌رفراز و ڕزگار نابن.

هۆزی - ثمود - یشمان ڕێنموویی کرد بۆ ئیمان و چاکه‌؛ که‌چی حه‌زیان به‌کوێری کرد، تا چاوساغی و هیدایه‌ت و ئیمان، هه‌ر بۆیه ئه‌وانیش سزای سه‌رشۆڕکه‌ر و سه‌رگه‌ردانکه‌ر یه‌خه‌ی پێگرتن به‌هۆی ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ده‌یانکرد.

ئه‌وسا ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێنابوو ڕزگارمان کردن، که‌سانێکی به ته‌قواو خواناسیش بوون.

ڕۆژێک دێت دوژمنانی خوا تێکرا کۆ ده‌کرێنه‌وه و کێش ده‌کرێن به‌ره‌و ئاگری دۆزه‌خ، به‌ر‌و دوایان پاڵه‌په‌ستۆیانه‌.

هه‌تا کاتێک ده‌گه‌نه ئاستی ئاگره‌که گوێیان و چاوه‌کانیان و پێسته‌کانیان شایه‌تیان له‌سه‌ر ده‌دات که چ کارو کرده‌وه‌یه‌کی نادروست و خراپیان ئه‌نجام ده‌دا.

ئه‌وسا به‌غه‌مباریه‌وه به‌پێستی خۆیان ده‌ڵێن: بۆچی شایه‌تیتان له‌سه‌رداین خۆ زه‌ره‌رتانه‌؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن، ئه‌و خوایه ئێمه‌ی هێناوه‌ته گوفتار که ده‌توانێت هه‌موو شتێک بهێنێته قسه و گفتوگۆ، هه‌ر ئه‌و زاته‌شه که یه‌که‌مجار به‌دیهێناون و هه‌ر بۆلای ئه‌ویش ده‌برێنه‌وه (بێگومان کارێکی ئاسانه بۆخوا چو‌نکه ئاده‌میزاد جۆره‌ها ئامێری هێناوه‌ته قسه‌، ده‌م و زمان و لێویشیان نیه‌!).

ئێوه کاتی خۆی ئه‌ونده غه‌ڕڕا بوون، گوناهو تاوانه‌کانتان نه‌ده‌‌شارده‌وه‌، چونکه مه‌ترسیتان نه‌بوو که گوێتان و چاوتان و پێستتان شایه‌تیتان له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام گومانتان وابوو که به‌ڕاستی خوا زۆر ئاگادار نیه به‌و کاروکرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

ئا ئه‌وه‌بوو گومانی ناپه‌سه‌ندتان که بووتان به‌رامبه‌ر په‌روه‌ردگارتان؛ ئێستا بوو به‌هۆی داخزان وتیاچوونتان و به‌وهۆیه‌وه چوونه ڕیزی زه‌ره‌رمه‌ندانه‌وه‌.

جا ئه‌گه‌ر به‌ناچاری خۆگری بنوێنن، ئه‌وه ئاگر جێگه‌یانه‌، ئه‌گه‌ر داوای لێبووردن و چاوپۆشی بکه‌ن چاوپۆشیان لێناکرێت و داوایان لێوه‌رناگیرێت.

ئه‌وانه به‌هۆی تاوان و سه‌رکه‌شیانه‌وه که‌سانێکمان کرده هاوه‌ڵیان که کاروکرده‌وه‌ی ڕابردوو داهوتوویان بۆ بڕازێننه‌وه، تا سه‌رئه‌نجام بڕیاری تۆڵه ئه‌مانیشی گرته‌وه وه‌ک کۆمه‌ڵانی پێش ئه‌مان له په‌ری و ئینسانه‌کان، به‌ڕاستی هه‌ر هه‌موویان زه‌ره‌رمه‌ند و دۆڕاون.

بێ باوه‌ڕان ده‌یانوت: گوێ مه‌گرن بۆ ئه‌م قورئانه و بیکه‌ن به‌گاڵه و هه‌را و هوریا (له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌ده‌ست ناحه‌زانه‌وه‌یه ئه‌و ڕۆڵه ده‌بینێت) بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه زاڵ ببن و بیبه‌نه‌وه‌.

(ئه‌و جۆره که‌سانه بۆ کوێ ده‌چن) که‌وابوو سوێند به‌خوا هه‌ر ده‌بێت تاڵاوی سزای سه‌خت بکه‌ین به‌گه‌رووی ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون، له ئاینده‌شدا به خراپتر له‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ده‌یانکرد تۆڵه‌یان لێ ده‌ستێنین.

ئا ئه‌وه‌یه پاداشتی دوژمنانی خوا هه‌ر ئاگره‌که‌ی دۆزه‌خه‌، که ماڵ و نیشته‌جێی هه‌میشه‌ییانه‌، له تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ی که سه‌رسه‌ختانه به‌ره‌نگاری ئایه‌ته‌کانی ئێمه‌یان ده‌کرد.

له قیامه‌تدا ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون وتیان: په‌روه‌ردگارا، ئه‌و دوو ده‌سته‌یه‌مان نیشان بده له په‌ری و ئاده‌میزاد که گومڕایان کردین بیانخه‌ینه ژێر پێمانه‌وه‌، تا هه‌ر له ژێره‌وه بن.

ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی وتیان: په‌روه‌ردگارمان (الله) یه‌، له‌وه‌ودوا به‌رده‌وام پابه‌ندی ئه‌و ڕێبازه ڕاسته بوون، ئه‌وه له سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌سته ده‌سته فریشته داده‌به‌زن بۆلایان، پێیان ده‌ڵێن: هیچ ترس و بیمێکتان نه‌بێت له داهاتوو، هیچ غه‌م و په‌ژاره‌یه‌کتان نه‌بێت بۆ ڕابردوو، مژده‌تان لێ بێت به‌و به‌هه‌شته‌ی که له کاتی خۆی به‌ڵێنتان پێ ده‌درا...

(خوای گه‌وره و فریشته‌کانیش ده‌فه‌رموون): ئێمه یارو یاوه‌رو هاوکارو پشتیوانی ئێوه‌ین له ژیانی دنیا و قیامه‌تیشدا مژده‌تان لێ بێت له به‌هه‌شتدا هه‌رچی ئاره‌زووی ده‌که‌ن وداوای ده‌که‌ن بۆتان ئاماده‌یه‌...

ئه‌و به‌هره‌یه‌ش له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارێکه‌وه پێشکه‌شتان ده‌کرێت که لێبوورده و میهره‌بانه‌.

جا کێ له‌و که‌سه جوانگفتار ترو قسه‌ی به‌جێ تره که بانگه‌وازی کردووه بۆ لای خوا، کاروکرده‌وه‌ی چاکیشی ئه‌نجام داوه‌، وتوشیه‌تی: به‌ڕاستی من له ڕیزی موسڵماناندام.

بێگومان چاکه و خراپه وه‌ک یه‌ک نین، (تۆ ئه‌ی باوه‌ڕدار) به‌جوانترین و چاکترین شێوه به‌ره‌نگاری خراپه و نادروستی بکه‌، ئه‌و کاته ئیتر ده‌بینیت ئه‌وه‌ی که له نێوان تۆ و ئه‌ودا دوژمنایه‌تی و ساردیه‌ک هه‌یه‌؛ ده‌بێته دۆستێکی دڵسۆز و گیانی به‌گیانی.

جا که‌سیش ناتوانێت به‌و ڕه‌فتاره هه‌ستێت جگه له‌وانه‌ی که ئارامیان گرتووه‌، هه‌روه‌ها که‌سیش ناتوانێت هه‌ڵوێستی وا بنوێنێت جگه له که‌سێک نه‌بێت که خاوه‌نی به‌هره‌یه‌کی گه‌وره بێت.

ئه‌ی ئیماندار؛ ئه‌گه‌ر له لایه‌ن شه‌یتانه‌وه خه‌ته‌ره و خه‌یاڵی نادروست له دڵ و ده‌روونتدا دروست بوو، ئه‌وه تۆ داوای یارمه‌تی له خوا بکه و په‌نای پێ بگره‌، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته بیسه‌ر و زانایه‌.

له نیشانه و به‌ڵگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی په‌روه‌ردگار شه‌و و ڕۆژ و خۆر و مانگه‌، هه‌رگیز نه‌که‌ن سوژده بۆ خۆر، یان مانگ ببه‌ن، به‌ڵکو سوژده ته‌نها بۆ ئه‌و خوایه ببه‌ن که دروستی کردوون، ئه‌گه‌ر ئێوه خۆتان به به‌نده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ده‌زانن و هه‌ر ئه‌و ده‌په‌رستن.

جا ئه‌گه‌ر بێ بڕواکان خۆیان به زل و گه‌وره بزانن، (ئه‌وه وازیان لێ بهێنه‌) چونکه ئه‌و فریشتانه‌ی له خزمه‌ت په‌روه‌ردگاری تۆدان شه‌وو ڕۆژ سه‌رگه‌رمی ته‌سبیحات و ستایشن، هه‌رگیز بێزاری ڕوویان تێ ناکات خۆیان به گه‌وره نازانن.

له به‌ڵگه و نیشانه‌کانی خوا ئه‌وه‌یه که ده‌بینیت زه‌وی کش وماته‌، جا که‌تێک باران به‌سه‌ریدا ده‌بارێنین ده‌خرۆشێت و گه‌شه و نه‌ش و نما ده‌کات، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ی که زه‌وی زیندوو کرده‌وه، مردووانیش زیندوو ده‌کاته‌وه‌، بێگومان ئه‌و خوایه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌..

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که سه‌رسه‌خت و بێ بڕوان و دژایه‌تی ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه ده‌که‌ن و لێی لاده‌ده‌ن. خۆیان ناشارنه‌وه له ئێمه‌، باشه‌، ئه‌وه‌ی فڕێ بدرێته ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه چاکتره یان ئه‌و که‌سه‌ی که به‌دڵنیایی و ئارامی و هێمنیه‌وه دێت له ڕۆژی قیامه‌تدا و به‌ره‌و به‌هه‌شت به‌ڕێزه‌وه به‌ڕێ ده‌کرێت؟! ئه‌ی بێ باوه‌ڕان هه‌رچیتان له ده‌ست دێت بیکه‌ن، چونکه له ده‌ستی خوا ده‌رناچن، دڵنیاش بن خوا بینایه به‌و کرده‌وانه‌ی ده‌یکه‌ن.

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان نه‌بووه به‌و قورئانه له‌کاتێکدا بۆیان هات، بێگومان ئه‌و قورئانه‌ش کتێبێکی زۆر به‌نرخ و ناوازه و سه‌رکه‌وتووه‌...

هیچ ناحه‌قی و نادروستی و ناته‌واویه‌ک ڕووی تێ ناکات له هیچ کاتێکدا و له‌هیچ لایه‌که‌وه ڕه‌وانه‌کراو و نێردراوی زاتێکه که خاوه‌نی حیکمه‌ت و داناییه و شایانی سوپاس و ستایشه‌.

ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) شتێک به‌تۆ ناوترێت، که به پێغه‌مبه‌رانی پێش تۆ نه‌وترابێت، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ خاوه‌نی لێ بووردن و لێ خۆشبوونه بۆ باوه‌ڕداران و تۆڵه‌سێنه‌ری به‌ئازار و ئێشه له بێ باوه‌ڕان.

ئه‌گه‌ر ئه‌م قورئانه‌مان به‌زمانی گه‌لانی تر بناردایه‌، ئه‌وه بێ باوه‌ڕان ده‌یانوت: ئایا نه‌ده‌بوو ئایه‌ته‌کانی ڕوون و ئاشکرا بوایه و زمانی خۆمان بوایه‌، چۆن ده‌بێت قورئان به‌زمانی بێگانه بێت؟ له‌کاتێکدا محمد (صلی الله علیه وسلم) به عه‌ره‌بی ده‌دوێت؟! ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: ئه‌م قورئانه بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه هیدایه‌ت و ڕێنموویی و شیفایه و چاره‌سه‌ری هه‌موو ده‌رد و نه‌خۆشیه‌کان ده‌کات، جا ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕ ناهێنن گوێچکه‌یان که‌ڕه و به‌شتی تر ئاخنراوه‌، هه‌روه‌ها کوێرن له ئاستیدا، ئه‌وانه هه‌روه‌ک له دووره‌وه بانگیان لی بکرێت وایه (نه ده‌نگه‌که به چاکی ده‌بیسن، نه ڕه‌نگه‌که به ڕوونی ده‌بینن)

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی ته‌وراتمان به‌خشی به مووسا، که‌چی ناکۆکی تیادا کرا، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارێکی پێشتر له لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه نه‌بوایه‌، (که تۆڵه له کافران بخاته قیامه‌ت) ئه‌وه له ناوی ده‌بردن، بێگومان ئه‌وان هه‌ر له شک و گومانێکی بێ سه‌ر و بندان که خه‌ڵکیش ده‌خاته گومانه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی چاکه بکات پاداشتی چاکه‌که‌ی بۆ خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ش که خراپه و تاوان بکات هه‌ر له‌سه‌ر خۆی ده‌که‌وێت، دڵنیابه که په‌روه‌ردگاری تۆ بچوکترین سته‌م له به‌نده‌کانی ناکات.

زانینی به‌رپابوونی ڕۆژی قیامه‌ت ته‌نها لای خوایه و بۆ لای ئه‌و ده‌برێته‌وه‌، هه‌رچی به‌رو بووم تۆوێک له خونچه و چرۆکه‌یه‌وه چه‌که‌وه ده‌کات خوا ئاگاداره لێی، هیچ مێینه‌یه‌ک سکی نابێت و به‌چکه‌و به‌رهه‌مه‌که‌ی دانانێت ته‌نها به ئاگاداری خوا نه‌بێت، (ئا به‌و شێوه‌یه خوا ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی ده‌خاته به‌رچاو)، که‌چی زۆربه‌ی خه‌ڵکی قه‌دری نازانن، ئه‌و ڕۆژه‌ش که بانگیان ده‌کات و لێیان ده‌پرسێت: کوان هاوه‌ڵ و هاوتاکانم؟! ئه‌وانه‌یش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا، ئێمه هه‌واڵت ده‌ده‌ینێ و جاڕ ده‌ده‌ین که که‌سمان هه‌ڵه‌ی وانایه‌ت به ده‌مماندا و شایه‌تی له‌سه‌ر شتی واناده‌ین.

ئیتر ئه‌وه‌ی که جاران ده‌یانپه‌رست و هانا و هاواریان بۆ ده‌برد و جێگه‌ی ئومێدیان بوو لێیان ون بوو و نرخی نه‌ما، دڵنیاش بوون که ئیتر هیچ چاره و ڕزگار بوونێکیان نیه‌.

ئاده‌میزاد هه‌ر گیز بێزار نابێت له داخوازی چاکه و خۆشی و ئاسووده‌یی بۆ خۆی، خۆ ئه‌گه‌ر ناخۆشیه‌کی تووش بێت، ئه‌وه نائومێد و بێ هیوایه‌.

سوێند به خوا ئه‌گه‌ر ئاده‌میزاد خێرو خۆشی به‌سه‌ردا بڕێژین و پێ بچێژین، له دوای ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌ی که تووشی هاتبوو، به متمانه‌یه‌کی زۆره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌مه به‌ره‌نجی شانی خۆم په‌یدام کردووه و خوا خۆشی ده‌وێم، وا بزانم قیامه‌ت زۆر دووره و ڕه‌نگه هه‌ر نه‌شبێت، خۆ ئه‌گه‌ر بمگێرنه‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگارم، ئه‌وه دڵنیام که خۆش و ناز و نیعمه‌تم لای ئه‌و: بۆ ئاماده‌یه‌، بێگومان ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون ئه‌و کارو کرده‌وه ناشیرینانه‌یان ده‌خه‌ینه ڕوو و هه‌واڵیان پێ ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها سزای سه‌خت و دژوارو ناخۆشیان پێ ده‌چه‌ژین له ناو دۆزه‌خدا.

زۆربه‌ی ئاده‌میزاد کاتێک ناز و نیعمه‌تی به‌سه‌ردا بڕێژین پشت هه‌ڵده‌کات و سه‌رپێچی ده‌کات و ملکه‌چی ڕاستی نابێت و خۆ به‌زل و گه‌وره ده‌زانێت و به‌لای خۆیدا دایده‌تاشێت، کاتێکیش ناخۆشی و نه‌هامه‌تی تووشهات، ئه‌وه دۆعا و نزا و پاڕانه‌وه‌ی زۆر به‌گه‌رم و کوڵ و پان و پۆڕه‌!!

ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: هه‌واڵم بده‌نێ، باشه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌م قورئانه له‌لایه‌ن خواوه بێت، پاشان ئێوه‌ش بڕواتان پێیی نه‌بێت، ده‌زانن چ سه‌رئه‌نجامێکی سامناک چاوه‌ڕێتانه‌؟. جا ئیتر کێ هه‌یه له ئێوه سه‌رسه‌ختترو لاڕێتر له‌وه‌ی که ڕێگه‌ی جیاو دوور له ڕاستی گرتبێته‌به‌ر.

ئێمه له ئاینده‌دا به‌ڵگه و نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێننه‌ریان نیشان ده‌ده‌ین له ئاسۆکانی بوونه‌وه‌رداو له خودی خۆیشیاندا (بێگومان ئاشکرایه که له‌سه‌رده‌می زانستیدا چه‌نده نهێنیه‌کانی بوونه‌وه‌ر ئاشكرا بووه‌.. زاناکان به گشتی و زاناکانی ئه‌ستێره‌ناسی سه‌رگه‌ردانن له ورده‌کاری و دامه‌زراوی و گه‌وره‌یی و فراوانی ئه‌م گه‌ردوونه‌، هه‌روه‌ها له ئاڵۆزی جه‌سته‌یی و عه‌قڵیی و ده‌روونی ئاده‌روونی ئاده‌میزاد)، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی تا چک بۆیان ڕوون بێت و دڵنیابن که ئه‌و زاته حه‌ق و ڕاست و ڕه‌وایه‌، ئایا شایه‌تی په‌روره‌ردگارت به‌س نیه که بێگومان ئاگا و زانایه به هه‌موو شتێک؟!

(له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌ڵگه و نیشانانه‌دا: ئاگاداربن به‌ڕاستی ئه‌وانه هه‌ر گومانیان هه‌یه له به‌یه‌کگه‌یشتن و ئاماده‌بوونی به‌رده‌م په‌روه‌رردگاریان، ئاگاداربه و دڵنیابه که ئه‌وزاته به هه‌موو شتێک زانایه و به هه‌موو شتێک ئاگاداره وده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه و هیچ شتێک له‌و یاخی نابێت.
Icon