ترجمة سورة إبراهيم

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة إبراهيم باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (ئەلیف لام ڕا) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی، بۆزانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە ئەمە پەڕاوێکە ناردومانەتە خوارەوە بۆ تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بۆ ئەوەی خەڵکی ڕزگار بکەیت لەتاریکی یەکانەوە بۆ ڕووناکی (لەتاریکی بێ باوەڕیەوە بۆ ڕووناکی باوەڕ وئیمان) بەئیزنی پەروەردگاریان (رێنمونیان بکەیت) بۆ ڕێگای (خوای) بەدەسەڵات وزاڵ و سوپاس کراو
ئەو خوایەی کە ھەرچی لەئاسمانەکان و زەویدایە ھی ئەوە و ھاوار و تیاچوون بۆ بێ باوەڕان لە سزایەکی سەخت
ئەوانەی کە ژیانی دونیایان لا خۆشترە لە ژیانی ڕۆژی دوایی وقەدەغەی (خەڵکی) دەکەن لەڕێگای خوا دەیانەوێت ئەو (ڕێگای خوا) لارو چەوت نیشان دەن ئەوانە لە گومڕاییەکی دوور (لە ڕاستی) دان
وە ھیچ پێغەمبەرێکمان ڕەوانە نەکردووە بەزمانی گەلەکەی خۆی نەبێت بۆ ئەوەی (ئاینەکەیان) بۆ ڕوون بکاتەوە ئەوسا خوا ھەرکەسی ویستبێت گومڕای کردووە (بەھۆی سەرکەشی خۆیەوە) ھەرکەسێکیشی ویستبێت ڕێنمونی کردووە ھەر ئەویش زاڵ وبەدەسەڵات وکاردروستە
سوێند بەخوا بەڕاستی موسامان نارد بە موعجیزەکانمانەوە (فەرمانمان پێدا) کەگەلەکەت ڕزگار بکە لە تاریکیەکانی (بێ باوەڕیەوە) بۆ ڕووناکی (باوەڕ و ئیمان) ڕۆژە (پیرۆزە) کانی خودایان بەبیر بھێنەرەوە (یا فەزڵەکانی خوایان بیر بخەرەوە) بەڕاستی لەو (بیرخستنەوە) دا پەند و بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار
(بیریان بخەرەوە) کاتێک موسا بە گەلەکەی ووت بیری ئەو فەزڵ و بەھرە وچاکەی خودا بکەنەوە کە بەسەرتانەوەیە (ئەویش ئەوە بوو) کاتێک کە ڕزگاری کردن لە دارو دەستەکەی فیرعەون کەسزای خراپیان پێ دەچەشتن (بەھەمیشەیی) وکوڕانی ئێوەیان سەردەبڕی و ئافرەتانی ئێوەیان بەزیندوویی دەھێشتەوە (بۆ خزمەتکاری) لەوەتاندا تاقی کردنەوەیەکی گەورە بوو لەلایەن پەروەردگارتانەوە
(بیریان بخەرەوە) کاتێک کە پەروەردگارتان ڕایگەیاند سوێندبێت بێگومان ئەگەر ئێوە سوپاسی (چاکەی) من بکەن بۆتان زیاد دەکەم بەڵام بێگومان ئەگەر نا سوپاسی بکەن ئەوە بەڕاستی سزای من زۆربەتینە
موسا فەرمووی ئەگەر ئێوە ناسوپاسی (نیعمەتەکانی خوا) بکەن و ھەموو ئەو کەسانەش لە زەویدان ئەوە بەڕاستی خوا بێ نیازی سوپاسکراوە
ئایا بۆتان نەھاتووە ھەواڵی ئەو گەلانەی کە لەپێش ئێوەدا بوون وەک گەلی نوح و عاد و سەمود ھەروەھا ئەوانەی کە لەپاش ئەوان بوون وھاتن بێجگە لە خوا ھیچ کەس نایانزانێت پێغەمبەرەکانیان بۆھات بە موعجیزە وبەڵگەی ئاشکراوە ئەمجا ئەوان دەست و پەنجەی خۆیان گەست لە ڕق و قیندا و ووتیان بەڕاستی ئێمە بێ باوەڕین بەو (پەیامە) ی کە بە ئێوەدا نێردراوە, وە بەڕاستی ئێمە لە گومانداین لەوەی ئێوە بانگمان دەکەن بۆلای و دوو دڵین
پێغەمبەرەکانیان ووتیان (پێیان) ئایا لە (بوونی) خوادا گومان ھەیە کە بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەویە بانگتان دەکات بۆ ئەوەی لە گوناھەکانتان خۆش بێت و دواتان بخات بۆ کاتێکی دیاریکراو ووتیان ئێوەش ھەر ئادەمیەکی وەک ئێمەن دەتانەوێت ڕێگری ئێمە بکەن و لاماندەن لە (پەرستنی) ئەوەی کە باوو باپیرانمان دەیانپەرست دەی نیشانە و بەڵگەیەکی ڕوونمان بۆ بھێنن (ئەگەر ڕاست دەکەن پێغەمبەرن)
پێغەمبەرەکانیان پێـیان ووتن ئێمە ھەر ئادەمیەکین وەکو ئێوە بەڵام خوا منەت دەنێت بەسەر ھەرکەسێک لە بەندەکانیدا کە بیەوێت (دەیکاتە پێغەمبەر) وە ئێمە ھەرگیز ناتوانین موعجیزە و بەڵگەیەکتان بۆ بھێنین مەگەر بە ئیزنی خوا نەبێت وە بابڕواداران پشت ھەر بە خوا ببەستن
وە ئایا بۆچی پشت بە خوا نەبەستین کە بێگومان ئەو (زاتە) ڕێگای ڕاستی نیشان داوین؟ وە بەڕاستی دان بەخۆماندا دەگرین لەسەر ھەر ئازارێک کە بماندەن دەبا خۆسپێران پشت ھەر بە خوا ببەستن
بێ بڕواکان ووتیان بەپێغەمبەرەکانیان بەڕاستی لە خاک و وڵاتەکەمان دەرتان دەکەین یان بەڕاستی دەبێت بگەڕێنەوە ناو ئاینەکەی ئێمە جا پەروەردگاریان نیگای بۆ (پێغەمبەران) کرد کە بێگومان ستەمکاران لەناو دەبەین
و بێگومان ئێوە نیشتەجێ دەکەین لەو خاکەدا پاش (تیاچوونی) ئەوان ئەوەش بۆ کەسانێکە لەوەستانی بەر مەقامی من دەترسن (لە قیامەتدا) وە (پێشتر) ترسابێت لە ھەڕەشەی (من)
وە (پێغەمەران) داوای سەرکەوتن و زاڵ بونیان کرد (لە خوا) و ھەموو ملھوڕ و یاخیەک بێ ھیوا بوون
لەدوای (تیاچوونی جێگای) ئەو دۆزەخە و لە کێم و زووخاو ئاو دەدرێت (دەکرێت بە گەروویاندا)
کە قوم قوم (زۆر بە قیزەوە) دەیخواتەوە بەڵام ناتوانێ قوتی بدات و مردنی بۆ دێت لە ھەموو لایەکەوە و کەچی ناشمرێت و لە دوای ئەوەش سزای سەخت (دەدرێت)
ئەوانەی بێ بڕوابوون بە پەروەردگاریان نموونەی کردەوەکانیان وەک خۆڵەمێشێک وایە بەتوندی با لێی ھەڵکردبێت لە ڕۆژێکی ڕەشەبای سەختدا ئەوان ھیچیان دەست ناکەوێت لەوەی کەلە دونیادا کردویانە ئا ئەوەیە گومڕابوونی دوور لە ڕاستی
ئایا نەتان زانیوە (نەتانبینیوە) کە بێگومان خوا ئاسمانەکان و زەوی بەھەق و ڕاستی دروستکردوە ئەگەر بیەوێت ئێوە لادەبات و ناتان ھێڵێت وە (لە جێی ئێوە) دروستکراوێکی تر دەھێنێت
ئەوەش بۆ خوا گران و زەحمەت نیە
وھەموویان (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە) بۆ خوا دەردەکەون و ئاشکرا ئەبن ئەمجا (لە ڕۆژی دواییدا) بێ دەسەڵاتەکان دەڵێن بە زۆر دار و خۆ بەزل زانەکان بەڕاستی ئێمە لە دونیادا شوێن کەوتووی ئێوە بووین ئاخۆ ئێوە بەرگری دەکەن لە ئێمە ھەندێک لە سزای خوا (ئەوانیش) دەڵێن ئەگەر خوا ئێمەی ڕێنمونی بکردایە ئێمەش ئێوەمان ڕێنمونی دەکرد یەکسانە بۆمان ھاوار و ناڵە بکەین یان ئارام بگرین ڕزگار بوونمان نیە (لە سزای خوا)
جا شەیتان دەڵێت کاتێک کە کار تەواو دەبێت (و لێپرسینەوەیان کۆتایی دێت) بێگومان خوا بەڵێنی پێدان بە بەڵێنێکی ھەق و ڕاست و منیش بەڵێنم پێدان بەڵام درۆم کرد لەگەڵتاندا وەمن نەم بوو بەسەرتاندا ھیچ زۆر و دەسەڵاتێک تەنھا ئەوە نەبێت کە بانگم کردن (بۆ گومڕایی) ئیتر ئێوەش بەدەنگمەوە ھاتن (و بەگوێتان کردم) کەواتە لۆمەی من مەکەن بەڵکو لۆمەی خۆتان بکەن بەڕاستی من ناتوانم بێم بە ھاواری ئێوەوە و ئێوەش ناتوانن بێن بەھاواری منەوە بەڕاستی من بڕوام نەبوو بەوەی کە پێشتر (لە دونیادا) منتان کرد بوو بە ھاوبەش بۆ خوا بەڕاستی ستەمکاران سزای سەختیان بۆ ھەیە
وە ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە دەخرێنە ناو بەھەشتانێک کە ڕوبارەکان دێن و دەچن بە ژێریاندا بە ھەمیشە تیایدا دەمێننەوە بە ئیزنی پەروەردگاریان بە خێرھاتنیان لەو (بەھەشتە) دا بەووتەی سەلامە
ئایا نەتزانیوە؟ خوا چۆن نموونەی ھێناوەتەوە کە ووتەی چاک و ڕاست (لا إلە إلا اللە) وەک درەختێکی چاک و بەسوود وایە ڕەگی قایم (لە زەوی) دا کۆتابێت و لق و پۆپەکانیشی (بەرز بووبێتەوە) بە ئاسماندا
ئەو (درەختە) میوە و بەربگرێت ھەموو کاتێک بەئیزنی پەروەردگاری وە خوا ئەو نموونانە دەھێنێتەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
وە نموونەی ووتەی خراپ و پیس و (بێ باوەڕی) وەکو درەختێکی خراپ و پیس وایە ھەڵکەنرابێت لەسەر زەوی (و ڕەگی نەبێت) ھەر خۆی نەگرێت
ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە خوا دامەزراویان دەکات بە ووتەی بەڕێ وجێ (کە شایەتومانە) لەژیانی دونیا و لەڕۆژی دوایشدا وە خوا ستەمکارانیش گومڕا دەکات وە خوا ھەرچی بیەوێت دەیکات
ئایا سەیری ئەوانەت نەکردووە ناز ونیعمەت و بەخششەکانی خوایان لە (ئیمان وباوەڕ) گۆڕیەوە بە بێ باوەڕی وسپڵەیی (لەبری ئەوەی شوکری خوا بکەن بێ باوەڕ ویاخی بوون) و گەلەکەیان بەرەو ھەڵدێر برد
ئەویش دۆزەخە کەدەچنە ناوی کە جێگایەکی زۆر خراپە
(بێ باوەڕان) چەند ھاوتایان بۆ خوا بڕیاردا بۆ ئەوەی (خەڵک) گومڕابکەن لەڕێگەی خوا ئەی (موحەممەد ﷺ) بڵێ بەوانە ڕابوێرن (لە دونیادا بۆ کوێ دەچن؟) چونکە بێگومان چارەنوستان ھەر دۆزەخ دەبێت
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بەوبەندانەم کە بڕوایان ھێناوە بەڕێکی نوێژەکان بکەن و لەوەی پێمان داوون ببەخشن بەنھێنی و ئاشکرا لەپێش ئەوەی کە ڕۆژێک بێت نەکڕین و فرۆشتنی تێدایە و نە دۆستایەتی
خوا ئەو زاتەیە کە ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە و لە ئاسمانەوە بارانی باراندوە و ھەموو بەروبوم و (دانەوێڵە) یەکی پێڕواندووە کە ڕزق وڕۆزیە بۆ ئێوە ھەروەھا کەشتی بۆ ڕام ھێناون (و خستویەتیە خزمەتتانەوە) بۆ ئەوەی بڕوات بەناو دەریادا بەفەرمانی خوا و ڕووبارەکانی بۆ ڕام ھێناون و (لە خزمەتاندایە)
وە ھەروەھا ڕامی ھێناوە بۆتان و (لە خزمەتاندایە) ڕۆژ و مانگ بەھەمیشەیی وە شەو و ڕۆژیشی بۆ رام ھێناون
وە لە ھەموو ئەو شتانە کە داواتان کردووە پێی بەخشیوون خۆ ئەگەر (بتانەوێت) ناز و نیعمەتەکانی خوا بژمێرن بۆتان ناژمێردرێن بەڕاستی ئادەمی (بێ بڕوا) زۆر ستەمکار و سپڵەیە (بەرامبەر نیعمەتەکانی خوا)
(بیریان بخەرەوە) کاتێک ئیبراھیم ووتی ئەی پەروەردگارم ئەم شارە (مەککە) بکە بەشارێکی ئارام و ئاسایش وە خۆم و کوڕەکانم بپارێزە و دوورمان خەرەوە لەوەی بتەکان بپەرستین
ئەی پەروەردگارم بێگومان ئەو بتانە زۆر لە خەڵکیان گومڕا کردوە (و لایاندان لەڕێگەی ڕاست) جا ھەرکەسێک (لە ڕۆڵەکانم) شوێن من کەوت ئەوە بێگومان لە منە ھەرکەسیش سەرپێچی کردم ئەوە بێگومان تۆ لێبوردە و میھرەبانی
ئەی پەروەردگارمان من ھەندێک لە ڕۆڵەکانم نیشتەجێ کرد لە شیوێکی بێ کشتوکاڵـدا لای ماڵە پیرۆز و ڕێزگیراوەکەت ئەی پەروەردگارمان ھەتا بە چاکی نوێژ بەجێ بھێنن و ئەنجامی بدەن بەڵکو دڵی خەڵکانێک وا لێ بکەیت سۆزی و مەیلیان ببێت بۆلایان و لەھەموو بەر و میوەیەکیش ڕۆزیان بدە بەڵکو شوکرانە بژێربن
ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی تۆ دەزانی بە ھەرچی دەیشارینەوە و ھەرچی دەری دەبڕین وە ھیچ شتێ لای خوا شاراوە نیە نە لە زەوی و نە لە ئاسماندا
ھەموو سوپاس و ستایشێک بۆ ئەو خوایەی کە ئیسماعیل و ئیسحاقی پێ بەخشیم بەپیری بەڕاستی پەروەردگارم بیسەری دوعا و پاڕانەوەیە
ئەی پەروەردگارم من و رۆڵەکانم وا لێ بکەیت بەچاکی نوێژەکان بەجێ بھێنین ئەی پەروەردگارمان پاڕانەوە و نزاکەم وەرگرە
ئەی پەروەردگارمان لە من و باوکم و دایکم و ھەموو بڕواداران ببورە و خۆش ببە لە ڕۆژێکدا کە لێپرسینەوە دەکرێت و بەرپا ئەبێت
وا مەزانە خوا بێ ئاگایە لەو (زوڵم و ستەمەی) کە ستەمکاران دەیکەن بێگومان ئەو دوایان دەخات بۆ ڕۆژێک کەچاوەکان تێیدا ئەبڵەق دەبن (و ناینوقێن لە ترسا)
بە خێرایی دەڕۆن (بەدەم بانگ کەریانەوە) سەریان بەرزکردۆتەوە (بۆ ئاسمان) پێڵوی چاویان ناتروکێنن و دڵیان خاڵی یە (لە تێگەیشتن)
وە (ئەی موحەممەد ﷺ) خەڵکی ئاگاداربکە و بترسێنە لەو ڕۆژەی کە سزایان بۆ دێت ئەمجا ئەوانەی کەستەمیان کردووە دەڵێن ئەی پەروەردگارمان بۆ ماوەیەکی کەم دوامان بخە تا وەڵامی بانگەوازەکەت بدەینەوە و شوێنی پێغەمبەران بکەوین ئەی ئێوە نەبوون پێشتر سوێندتان خوارد کە ھەرگیز لە ناوناچن
ھەر لەجێ و شوێنی ئەوانە نیشتەجێ بوون کەستەمیان لە خۆیان کرد و بەڕوونی بۆتان دەرکەوت کە چیمان بەسەر ھێنان نموونەی زۆریشمان بۆتان ھێنایەوە
بێگومان ئەو (بێ باوەڕانە) پیلانی گەورەی خۆیانیان گێڕا (دژی پێغەمبەرەکانیان) خوای گەورە ئاگادارە بە پیلانەکانیان وە ھەر چەندە پیلانەکەیان شاخەکانی پێ بترازێت (و لەبن بێت)
جا وا گومان مەبە بە خوا ئەو بەڵێنەی داویەتی بە پێغەمبەرانی بەدی ناھێنێت و نایھێـنـێـتە جێ بەڕاستی خوا بەدەسەڵات و خاوەن تۆڵەیە
لە ڕۆژێکدا کە ئەم زەویە دەگۆڕێت بە زەوی یەکی تر و ئاسمانەکانیش (دەگۆڕێن بە ئاسمانی تر) ئەوسا ھەموو (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە) دەردەکەون بۆ خودای تەنھای زاڵ و بە دەسەڵات بەسەر ھەموو شتێکدا
و لەو ڕۆژەدا تاوان باران دەبینی لە کۆت و زنجیردا پێکەوە بەستراون
پۆشاکیان قەترانی ڕەشە و دەم وچاویشیان ئاگر دایپۆشیوە
بۆ ئەوەی خوا تۆڵە و پاداشتی ھەموو کەسێک بدات بە گوێرەی ئەوەی کە کردویەتی بەڕاستی خوا (موحاسەبەکردن) و لێپرسینەوەی خێرایە
ئەم (قورئانە) ڕاگەیاندن و جاڕێکە بۆ ھەموو خەڵک وە ھەتا پێی بێدار بکرێنەوە, وە بۆ ئەوەی بزانن بێگومان ئەو (خوا) پەرستراوێکی تاک و تەنھایە وە تا خاوەن ژیرییەکان بیربکەنەوە وپەند وەربگرن
Icon