ترجمة سورة الطور

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الطور باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

سوێند بە کێوی طور (بەو کێوەی موسا لەسەری قسەی لەگەڵ خوای گەورە کرد)
وە بەکتێبی نووسراو (مەبەست پێی قورئانە)
لەچەند پەڕەیەکی بڵاوکراوە (قورئان نووسراوەتەوە لەچەند پەڕەیەکدا)
وە سوێند بەو خانەی ئاوەدانە (بیت المعمور: جێگایەکە لە ئاسمان، فریشتەکان ھەمیشە بەدەوریدا دێن ودەچن، بەوانەوە ئاوەدانە)
وە سوێند بەبانی بڵندکراو (ئاسمانی دونیا)
وە سوێند بەدەریای پڕ کراو (لە ئاو یان ئاگری داگیرساو)
بێگومان سزای پەروەردگارت(بۆ بێ بڕوایان) دەبێت
ھیچ بەرگری کەری نیە
ڕۆژێکك کەئاسمان زۆر توند دەکەوێتە جوڵە وھاتوچۆ
وە چیاکان (لەجێی خۆیان) دەجووڵێن وتوند دەڕۆن
کەواتە لەو ڕۆژەدا ھاوار بۆ بێ باوەڕان
ئەوانەی کە لەکاری ناڕەوادا ڕۆدەچن وھەمیشە گاڵتە وگەپ دەکەن
ڕۆژێ پاڵیان پێوە دەنرێت بەرەو ئاگری دۆزەخ چۆن پاڵ پێوەنانێك
(پێیان دەووترێت) ئەمە ئەو ئاگرەیە کەئێوە بە درۆتان دەزانی
ئایا ئەم ئاگرە جادوە یان ئێوە نابینن
بچنە ناویەوە ئەمجا ئارام بگرن یا نەیگرن یەکسانە بۆتان، بێگومان ھەر تۆڵەی ئەو کردەوانەی دەتانکرد لێتان دەسەنرێتەوە
بە ڕاستی پارێزکاران ولەخواترسان لە ناو باخات ونیعمەتەکانی بەھەشتدان
چێژ ئەبەن لەو شتانەی پەروەردگاریان پێی بەخشیوون وە پەروەردگاریان پاراستوونی لەسزای دۆزەخ
(پێیان دەووترێت) بخۆن وبخۆنەوە نۆشی گیانتان بێت بەھۆی ئەوچاکانەی لەدونیادا دەتانکرد
پاڵیان داوەتەوە لەسەر کورسی وقەنەفەی ڕیزکراو وە حۆریانی چاو گەش وچاو گەورەمان کردە ھاوسەریان
وە ئەوانەی بڕوایان ھێناوە وە نەوەکانیشیان دوایان کەوتوون بەئیمانەوە، نەوەکانیان دەگەیەنین پێیان (لەپلەی بەھەشتدا) وە ھیچ لە کردەوەی(باوکە)کانیان کەم ناکەینەوە، ھەرکەسە بارمتەی کردەوەکانی خۆیەتی
وە بەردەوام ھەموو جۆرە میوە وگۆشتێکیان پێ دەدەن لەوەی ئارەزووی دەکەن
لەو (بەھەشتە)دا پەرداخی شەراب لە یەکتری وەردەگرن نە قسەی پڕو پووچی تێدایە ونەگوناە کردن
دەگەڕێن بەسەریاندا کوڕانی نەوجەوانی ئێسك سووکی خۆیان وخزمەتیان دەکەن، وەك مرواری ناو سەدەفن (لە جوانی وپاکیدا)
بەھەشتیەکان ڕوو دەکەنە یەکتری وپرسیار لە یەکتری دەکەن
ئەڵێن: بەڕاستی ئێمە پێشتر لەناو کەس وکارماندا دەترساین (لەسزای دۆزەخ)
ئەوەتە خوا منەتی نا بەسەرماندا وە لەسزای دۆزەخ پاراستینی
بەڕاستی ئێمە لەمەو پێش خوامان دەپەرست وھاوارمان لێدەكرد، بەڕاستی ئەو چاکەکارێکی میھرەبانە
جا (ئەی موحەممەد ﷺ) یادیان خەرەوە چونکە تۆ بەھۆی نیعمەتەکانی پەروەردگارتەوە نەفاڵچیت ونەشێتیت
نا بەڵکو دەڵێن (موحەممەد ﷺ) شاعیرە چاوەڕوانی مردنی دەکەین
(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: چاوەڕوان بن بێگومان منیش لەگەڵتاندا لەچاوەڕوانانم
ئاخۆ فام وژیرییان فەرمانیان پێ ئەدا بەم قسانە (نەخێر) بەڵکو ئەمانە گەلێکی سەرکەش ویاخین
یا دەڵێن قورئان (موحەممەد ﷺ) خۆی ھەڵیبەستووە؟ (نەخێر وانیە) بەڵکو بڕوا ناھێنن
دەی با ئەوان(بێ باوەڕەکان) نموونەیەکی وەك قورئان بھێنن ئەگەر ڕاست ئەکەن، (کە ھەڵبەستراوی مرۆڤە)
ئایا ئەوان (بێ خالقێك) لە خۆیانەوە دروست بوون یان خۆیان (خالق) ودروستکەری خۆیانن؟
ئەی ئایا ئەوان ئاسمانەکان وزەویان دروست کردووە (نەخێر وا نیە) بەڵکو دڵنیانین وگومانمان ھەیە
ئەی ئایا گەنجینەکانی پەروەردگاری تۆ لای ئەوانە؟ یان ئایا ھەر ئەوان دەسەڵاتدار وزاڵن
یان پەیژەیەکیان ھەیە (پێـیدا سەربکەون بۆ ئاسمان و) گوێ بگرن تێیدا (لە ھەواڵی ئاسمان)؟ جا (ئەگەر ڕاست ئەکەن) با گوێ گرەکەیان بەڵگەیەکی ڕوون بهێنێت
یان ئایا کچان بۆ خوایە وکوڕان بۆ ئێوەیە؟
یان ئایا تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) داوای کرێ وپاداشتیانیان لێ دەکەیت؟ ئەوانیش لەبەر بژاردنی باریان گرانە؟
یا ئایا زانیاری غەیبیان لایە؟ کە (لەبەری) بنووسنەوە
ئەی ئایا ئەیانەوێت فێڵ بکەن؟ دەی ھەربێ باوەڕان فێڵ لێ کراوون
ئەی ئایا پەرستراوێکیان ھەیە بێجگە لە خوا؟ خوا پاکە لە ھەموو ھاوبەشێك کە بۆی بڕیار دەدەن
وە ئەگەر پارچەیەك لە ئاسمان ببینن بکەوێتە خوارەوە ئەڵێن: (ئەمە) ھەورێکی بەسەریەکدا کەوتووە (بارانمان بۆ دەبارێنێ)
دەی لێیان گەڕێ تا تووشی ڕۆژی خۆیان دەبن کە تیایدا لە ناو دەچن
ڕۆژێك کە فێڵەکانیان ھیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت وە ھیچ سەرکەوتوو وسەرفراز نابن
بە ڕاستی ئەوانەی ستەمیان کردووە (لە خۆیان و بێ بڕوا بوون) بۆیان ھەیە سزایەك پێش سزای ڕۆژی دوایی، بەڵام زۆربەیان نایزانن
چاوەڕوانی بڕیاری پەروەردگارت بە چونکە بێگومان تۆ لەپێش چاو وچاودێری ئێمەدایت (لەم ئایەتەدا جێگیرکردن وباسکردنی سیفەتی چاو بۆ خوا ھاتووە ئێمە بڕوامان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك، وەشێوەکەی نازانین تەنھا خوا دەیزانێت) ھەرکاتێ (لەخەو) ھەستایت تەسبیحات بکە بە ستایشی پەروەردگارت
وە بیپەرستە وستایشی بکە لە بەشێك لەشەودا وە کاتێك ئەستێرەکان وون دەبن (وپشت ھەڵدەکەن)
Icon