ترجمة سورة الحاقة

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الحاقة باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ھاتنی ڕۆژی دوایی (ھەق وڕاستە)
جا چی بێت ئەو ڕۆژە (ھەق وڕاستە)
تۆ چووزانیت ئەو ڕۆژە چیە
گەلی سەمود وعاد ئەو ڕۆژەیان بەدرۆ زانی (کە دڵەکان دادەخورپێنێ)
ئەمجا (گەلی) سەمود لە ناوبران بە نەعرەتەیەکی زۆر گەورە
وە (گەلی) عادیش لەناوبران بە بایەکی سەختی ساردی بەتینی بەگرمە
(خوا) زاڵی کرد بە سەریاندا حەوت شەو وھەشت ڕۆژ بەبێ ووچان (لەناوی بردن) ئەو گەلەت دەبینی لەو ماوەیەدا بێ گیان کەوتبوون وەك قەدی داری خورمای گەندەڵ (ناوڕزاویان لێهاتبوو)
ئایا کەس دەبینیت لەوان کە مابێتەوە؟
(ھەر بەو ڕەنگە) فیرعەون وگەلانی پێش ئەو لەگەڵ (دانیشتووانی دێھاتە) سەرە وژێربووەکان ھاتن بە گوناھو خراپەوە
وە بێ فەرمانیی پێغەمبەری پەروەردگاریان کرد ئەوسا گرتنی بە گرتنێکی زۆر سەخت
بەڕاستی ئێمە کاتێك کە ئاو(ی تۆفان) سەرکەوت (باپیرەکانی) ئێوەمان ھەڵگرت لە کەشتیدا ئەی بێ بڕوایانی مەککە
تا ئەم کردەوەیە بکەینە بیرھێنەرەوە بۆ ئێوە وە تا لە گوێی بگرێت گوێگرێکی تێگەیشتوو
ئەمجا کاتێك فوو کرا بە کەڕەنادا بە تاقە فوو کردنێك
وە زەوی وشاخەکان ھەڵگیران بە جارێك دران بەیەکدا (وتەخت کران)
ئەو ڕۆژە ڕووداوی گەورە ڕوودەدات
وە ئاسمان لەت دەبێت وە ئەو لەو ڕۆژەدا سست و (بێ کەڵکە)
وە فریشتەکان لە کەناری ئاسماندان وە لەو ڕۆژەدا ھەشت (فریشتەی بەھێز) عەرشی پەروەردگارت بەبان سەریانەوە ھەڵ دەگرن
لەو ڕۆژەدا (لە بەردەمی خوادا) ھەمووتان نیشان دەدرێن ھیچ (کردەوەیەکی) پەنھانیتان بە نھێنی نامێنێتەوە
ئەوسا ئەو کەسەی کە نامەی (کردەوەی) درایە دەستی ڕاستی دەڵێ: ھا نامەکەم بگرن وبیخوێننەوە
بێگومان من خۆم دەمزانی کە تووشی ئەم لێپرسینەوەیە دەبم
ئەو کەسە لە ژیانێکی پەسەندا دەبێت
لە بەھەشتێکی بەرزدا
کە میوەی نزیکە دەستە
(پێیان دەووترێت) بخۆن وبخۆنەوە، نۆشتان بێت بەھۆی ئەو چاکانەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کردووتانە
بەڵام ئەو کەسەی کە نامە درایە دەستی چەپی دەڵێت: خۆزگە ھەر نامەم نەدرایەتێ
وە نەم زانیایە چیە (سەرئەنجامی) لێپرسینەوەم
خۆزگە مردنەکەم یەکجاری بووایە
سامانەکەم ھیچ قازانجێکی پێ نەگەیاندم
لەدەستم چوو دەسەڵاتەکەم
(ئەمجا بە چاودێرانی دۆزەخ دەووترێت) بیگرن زنجیر بکەنە دەست وگەردنی
لە پاشان بیبەن بۆ دۆزەخ (بیسوتێنن لە دۆزەخدا)
ئەمجا بە زنجیرێکی حەفتا گەزیی بیبەستنەوە
(چونکە ) بێگومان ئەو بڕوای بە خوای گەورە نەدەکرد
وە ھانی کەسی نەدەدا بۆ خۆراك دان بە ھەژاران
ئەمڕۆ ئەویش لێرە نە دڵسۆزێکی ھەیە (یارمەتی بدات)
وە نەخواردنێ (بیخوات) جگە لە کێم وزووخاوی جەستەی دۆزەخیەکان نەبێ
کە (کەس) نایخوات گوناھباران نەبێت
جا سوێند بەو شتانەی کە دەیان بینن
وە بەوەش کە نایان بینن
بێگومان ئەم قورئانە فەرموودەی ڕەوانە کراوێکی بەڕێزو گەورەیە (لە خواوە بۆتان دەهێنێـت)
وە ئەم (قورئانە) قسەی شاعیر نیە، زۆر کەم بڕوا دەھێنن (بە قورئان)
وە قسەی فاڵچی وزێوانیش نیە، زۆر کەم بیر دەکەنەوە
(ئەم قورئانە) نێرراوەتە خوارەوە لە پەروەردگاری جیھانیانەوە
ئەگەر (موحەممەد ﷺ) بەدەم ئێمەوە ھەندێك (ووتەی) ھەڵببەستایە
بێگومان ئێمە بەدەستی خۆمان تۆڵەمان لێ دەسەند
لە پاشان ڕەگی دڵیمان دەبڕی
وە کەس لە ئێوە نەیدەتوانی بەرگری لێ بکات
وە بێگومان ئەم قورئانە ئامۆژگاری وپەندە بۆ پارێزکاران ولەخواترسان
وە بێگومان ئێمە دەزانین کە ھەندێکتان قورئان بە درۆ دەزانن
وە بێگومان ئەم قورئانە ھۆی پەشیمانی بێ بڕوایانە
وە بەڕاستی قورئان ڕاست ودرووست ودڵنیا بەخشە
کەواتە: (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆش ھەمیشە یادی پەروەردگاری گەورەی خۆت بکە
Icon