ترجمة سورة المطفّفين

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة المطفّفين باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

ھاوار وتیاچوون بۆ تەرازوو بازان
ئەوانەی کە کاتێك پێوانە بکەن (بۆ خۆیان) لەسەر (ماڵی) خەڵکی بەتەواوی وەریدەگرن
بەڵام کاتێك بۆیان پێوانە یان کێشانە بکەن کەمیان دەدەنێ
ئایا ئەوانە نازانن کە بێگومان زیندوو دەکرێنەوە؟!
لە ڕۆژێکی گەورەدا
ڕۆژێك کە خەڵك لەبەردەم پەروەردگاری جیھانیاندا دەوەستن
با پەشیمان بنەوە، چونکە بەڕاستی نامەی تاوانباران لە ناو دەفتەرێکی پەستی ڕەشدایە
تۆ چوزانیت ئەو دەفتەرە چیە
دەفتەرێکی نوسراوە
ھاوار لەو ڕۆژەدا بۆ بێ بڕوایان
ئەوانەی کە بڕوا ناکەن بەڕۆژی پاداشت دانەوە
کەس ئەو ڕۆژە بە درۆ نازانێت مەگەر ھەموو ستەم کارێکی گوناھبار
ھەر کاتێك کە ئایەتەکانی ئێمەی بۆ بخوێنرێتەوە دەڵێ(ئەمانە) ئەفسانەی پێشینانن
نەخێر وانیە بەڵکو ژەنگی ئەو(خراپانەی) کە دەیانکرد پەردەی ھێناوە بەسەر دڵیاندا
نەخێر بەڕاستی ئەوان لەو ڕۆژەدا، بێ بەشن لە بینینی پەروەردگاریان
لە پاشان بێگومان ئەوان دەچنە دۆزەخەوە
ئەمجا پێیان دەووترێت ئەمە ئەوەیە کە بڕواتان پێ نەدەکرد
بەڕاستی نامەی (کرداری) چاکەکاران لەناو دەفتەرێکی بەرزدایە
تۆ چوزانییت ئەو دەفتەرە بەرزە چیە؟
دەفتەرێکی نوسراوە
نزیکانی خودا دەیبینن
بێگومان چاکەکاران لە ناز ونیعمەتدان
لەسەر تەخت وبارەگاوە سەیر دەکەن
دەبینیت لە ڕوخساریاندا جوانی وگەشاوەیی خۆشگوزەرانی
شەرابی پاکی سەر بەمۆریان پێ دەدرێ بیخۆنەوە
کە دوا قومی بۆنی میسکە، بۆ ئەوە با پێشبڕکێ بکەن پێشبڕکێ کاران
تێکەڵ کراو لە ئاوی تەسنیمە
کانییەكە کە نزیك کراوەکان لێی دەخۆنەوە
بێگومان ئەوانەی کە بەدکار بوون پێ دەکەنین بەوانەی کە بڕوایان ھێنا بوو
وە کاتێك کە بەلایاندا بڕۆشتنایە چاویان لێ دادەگرتن
وەکاتێکیش بگەڕانایەتەوە بۆ لای ماڵ ومنداڵیان، بە پێکەنین وگاڵتەکردن (بە بڕوادارانەوە) دەگەڕانەوە
وە کاتێکیش بیانبینینایە ئەیانووت: ئەمانە گومڕان
لە کاتێکدا کە(ئەوان) بە چاودێر نە نێرراون بۆ سەر بڕواداران (تا ئەم قسەیە بکەن)
ئەمڕۆ(کە ڕۆژی دواییە) ئەوانەی کە بڕوادار بوون بە بێ بڕواکان پێ دەکەنن
لەسەر قەنەفە وكورسیەوە سەیر دەکەن
(تا بزانن) تۆڵەی ئەو بێ بڕوایانە دراوەتەوە، لەسەر ئەو کردەوانەی کە دەیان کرد( لە دونیادا)؟
Icon