ترجمة سورة الحجر

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الحجر باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (ئەلیف، لام، ڕا) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی، بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە ئەمانە ئایەت و نیشانەکانی قورئانی ڕوون کەرەوە و ئاشکران
ئەوانەی کەبێ باوەڕ بوون (لە ئایندەیەکی نزیکدا) زۆر جار ئاوات دەخوازن کاشکای موسوڵمان بوونایە
لێیان گەڕێ بابخۆن و ڕابوێرن وئومێد وھیوا بێ ئاگایان بکات جا بێگومان لەمەو دوا دەزانن (چۆن سزایان دەدەین)
(خەڵکی) ھیچ شارێکمان لەناو نەبردووە مەگەر کاتی دیاریکراو بۆ لەناو چوونیان ھەبووە
وەھیچ ئوممەتێک پێش ناکەوێت لەکاتی لەناوبردنی خۆی ھەروەھا دواش ناکەوێت
(بێ باوەڕان) ووتیان ئەی ئەو کەسەی کە قورئان نێرراوەتە خوار بۆ سەرت بەڕاستی تۆ شێـتیت
دەی بۆ فریشتەمان بۆ ناھێنی (شایەتی بدات تۆ پێغەمبەری) ئەگەر تۆ لە ڕاست گۆیانیت
ئێمە فریشتە نانێرینە خوارەوە مەگەر بەڕاست و ڕەوا نەبێت وە ئەو کاتەش ئەوانە مۆڵەت نادرێن
بێگومان ھەر ئێمە قورئانمان ناردۆتە خوارەوە و بەڕاستی ھەر ئێمەش دەیپارێزین
سوێندبێت بێگومان ئێمە پێش تۆ پێغەمبەرانمان ناردووە لەناو ھۆز و کۆمەڵە پێشووەکاندا
ھیچ پێغەمبەرێکیان بۆ نەھاتووە ئیللا گاڵتە و لاقرتیـیان پێ کردووە
ئا بەو جۆرە ئێمە ئەو (قورئانە) دەخەینە ناو دڵی تاوانبارانەوە
کەچی ئەوان باوەڕی پێ ناھێنن کە بێگومان باو و ڕێبازی پێشووەکانیش ھەر وابووە
ئەگەر بۆمان بکردنایەتەوە دەرگایەک لە ئاسمانەوە و ئەوان پیایدا بڕۆشتنایەتە سەرەوە
ئەوسا دەیانووت بێگومان ئێمە چاوبەستـمان لێکراوە بەڵکو ئێمە کۆمەڵێکین جادومان لێکراوە
سوێند بە خوا بێگومان ئێمە دروستمان کردووە چەند بورجێک لە ئاسماندا و ئەو (ئاسمانە) مان ڕازاندۆتەوە بۆ سەرەنجدەران و تەماشاکەران
و ئەو (ئاسمانە) مان پاراستووە لە ھەموو شەیتانێکی دەرکراو لە بەزەیی خوا
مەگەر ئەوانەی کە بە دزیەوە گوێ دەگرن یەکسەر گڕو ئاگرێکی دیار دوای دەکەوێت (وڕاوی دەنێت)
زەویشمان ڕاخستووە و چەند کێو و شاخی دامەزراومان تێدا داناوە و ڕواندوومانە تیایدا لە ھەموو ڕووەک و درەختێک بەڕێک و پێکی
وە لەو (زەویە) دا ھۆکارەکانی ژیانمان بۆ ئێوە ڕەخساندوە ھەروەھا بۆ ئەوانەش کە ئێوە ڕزق و ڕۆزیان نادەن
وە ھیچ شتێک نیە مەگەر خەزێنەکانی لای ئێمەیە و نای نێرین و نایدەین بەئەندازەی دیاریکراو نەبێت
وە بـا ( ھەوا) مان ناردووە کە پیتێنەری دارو درەخت بێت ئەمجا لە ئاسمانەوە بارانمان باراندووە, وە ئێوەمان پێ تێراو کردووە لە کاتێکدا ئێوە نەتان دەتوانی ئەو (ئاوە) خەزن بکەن
بێگومان ھەر ئێمە دەژێنین و دەشمرێنین ھەر ئێمەش میراتگری ھەمووانین
سوێند بە خوا ئێمە ئاگادارین بەوانەی لەپێش ئێوەوە بوون و سوێند بە خوا بێگومان ئەوانەش دەناسین کە پاش ئێوە دێن
بێگومان ھەر پەروەردگارت ھەموویان کۆ دەکاتەوە بەڕاستی ھەر خۆی کاردروست و زانایە
سوێندبێت بێگومان ئێمە ئادەمیمان دروستکرد لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق
جنۆکەشمان پێشتر دروستکرد لە ئاگرێکی بەتین
(بیریان بخەرەوە) کاتێک پەروەردگارت بە فریشتەکانی فەرموو بەڕاستی من بەشەرێک دروست دەکەم لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق
ھەر کاتێک ڕێک وپێکم کرد و فوم بە بەریدا کرد لە رۆحێک کە خۆم دروستم کردووە (مەبەست لەدانە پاڵی رۆح بۆلای خوا ڕێز و تەشریفە) دەبێ یەکسەر سوژدەی بۆ بەرن
جا فریشتەکان ھەموو تێکڕا سوژدەیان برد (بۆی)
ئیبلیس (شەیتان) نەبێت کە سەرپێچی کرد لەوەی کە لەگەڵ سوژدەبەراندا بێت (بۆ ئادەم)
(خوا) فەرمووی ئەی ئیبلیس بۆ چی تۆ لەگەڵ سوژدە بەراندا نەبوویت؟!
(ئیبلیس) ووتی: من ھیچ کاتێ سوژدە نابەم بۆ بەشەرێک کە دروستت کردووە لە قوڕێکی ڕەشی ترشاوی ڕەق
(خوا پێی) فەرموو دەلەوێ (بەھەشت) بڕۆ دەرەوە چونکە بەڕاستی تۆ لە بەزەیی من دەرکراوی
وە بەڕاستی نەفرینت لەسەرە تاڕۆژی دوایی
ووتی ئەی پەروەردگارم دەی مۆڵەتم بدە ھەتا ئەو ڕۆژەی (مردووان) زیندوو دەکرێنەوە
(خوا) فەرمووی ئەوە بەڕاستی تۆ لە مۆڵەت دراوانی
تا ڕۆژێ کە کاتی دیاریکراوە
ووتی ئەی پەروەردگارم لەبەر ئەوەی گومڕات کردم بێگومان خۆشی (دونیا) یان لە زەویدا بۆ دەڕازێنمەوە وە بەڕاستی ھەموویان گومڕا دەکەم
بەندە دڵسۆزەکانت نەبێت
(خوا) فەرمووی ئەمە ڕێگای ھەق و ڕاستە بەرەو من
بەڕاستی بەندەکانی من تۆ ھیچ دەسەڵاتت نیە بە سەریاندا جگە لەو گومڕایانەی کەشوێنت کەوتوون
وە بێگومان دۆزەخ جێگای ھەموویانە
(دۆزەخ) حەوت دەرگای ھەیە ھەر دەرگایەکیشیان لەوانە دابەش کراوە بۆ چەند بەشێک
بەڕاستی خۆپارێزو لە خواترسان لەناو باخات و کانیاودان
(پێیان دەووترێت) بچنە ناویانەوە بەھێمنی و ئاسوودەیی
ھەر ڕق و کینەیەک لە دڵیاندا بووبێت دەرمان ھێناوە برای یەکترن بەرامبەر یەکترن لەسەر کورسی دانیشتوون
لەوێدا ماندوو بوونیان تووش نایەت و ھەرگیز لەو (بەھەشتە) دەرناکرێن
ھەواڵ بدە بە بەندەکانم کە بەڕاستی ھەر من لێبوردە و میھرەبانم
وبێگومان ھەر سزای منە سزای سەخت
وە ھەواڵیان پێ بدە دەربارەی میوانەکانی ئیبراھیم
کاتێک چوونە ژورەوە بۆلای ووتیان سەلامت لێ بێت (ئیبراھیم) ووتی بەڕاستی ئێمە لێتان دەترسین
ووتیان (پێی) مەترسە بەڕاستی ئێمە مژدەت دەدەینێ بە (لە دایک بوونی) کوڕێکی زانا
ووتی ئایا مزگێنیم پێ دەدەن لە کاتێکدا کەپیر بووم ئیتر چی مژدەیەکم دەدەنێ
ووتیان ئەو مژدەی داومانە پێت ڕاستە و (دێتە دی) جا لە نائومێدان مەبە
ووتی جا کێ لە میھرەبانی پەروەردگاری نائومێد دەبێت کەسانی گومڕا نەبێت
(ئیبراھیم) فەرمووی ئەی ڕەوانەکراوانی (خوا) چ کارێکی گرنگتان ھەیە
وتیان بەڕاستی ئێمە نێردراوین بۆ سەر گەلێکی تاوانبار (لەناویان بەرین)
جگە لە ماڵ و منداڵی لوط کە بێگومان ھەموویان ڕزگار دەکەین
ژنەکەی نەبێت کە بێگومان بڕیارمانداوە ئەو لە ڕیزی تیاچوەکان بێت
جا کاتێک نێردراوەکان ھاتن بۆ لای خاو خێزانی لوط
(لوط) ووتی بەڕاستی ئێوە دەستەیەکی نەناسراون
ووتیان بەڵکو ئێمە بۆمان ھێناوی ئەو (سزای) کە ئەوان تێیدا دوودڵ بوون
وە ئێمە ڕاستیمان بۆ تۆ ھێناوە بێگومان ئێمە ڕاستگۆین
جا کەواتە لە بەشێکی شەودا شەوڕەوی بە (شوێنکەوتووان و) خاوخێزانت بکە (لە شار دەرچۆ) و خۆت دوایان بکەوە ھیچ کامتان لانەکەنەوە و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی کەفەرمانتان پێدراوە
ئەم کارەمان بەنیگا بە لوط ڕاگەیاند کە بێگومان لە بەرەبەیاندا ئەوانە دوا بڕاو دەبن (ھەموویان لەناو دەچن)
جا خـەڵـکی (نێربازی) شارەکە ھاتن (بەرە و ماڵی لوط) و مژدەیان بە یەکتری دەدا
(لوط) ووتی دڵنیابن ئەمانە میوانی منن دەی ئابڕوم مەبەن
و لە خوا بترسن و شەرمەزار و ڕیسوام مەکەن
ووتیان ئێمە پێمان نەووتیت نابێت بەرگری لە کەس بکەیت (نابێت میوانداری کەس بکەیت وکەس توخنت بکەوێت)
(لوط) فەرمووی ئائەوانە کچانی منن (مارەیان کەن) ئەگەر ئێوە (ئەوکارە) ئەنجام دەدەن
سوێند بە تەمەن و ژیانی تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بەڕاستی ئەوانە لەسەر خۆشی خۆیاندا سەرگەردانن
جا لە کاتی خۆر ھەڵھاتندا شریخەیەکی بەھێز گرتنی
ئەمجا ئەو (شارە) مان سەرو ژێر کرد و گڵی بەردینمان بەسەردا باراندن
بەڕاستی لەمەدا بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ئەوانەی بیردەکەنەوە
وە بێگومان ئەو (شارە وێران کراوە) لەسەر ڕێگای سەرەکی (کاروانەکان) دایە
بەڕاستی لەوەدا بەڵگەی گرنگ ھەیە بۆ بڕواداران
بەڕاستی خاوەن باخاتە زۆر پڕەکانیش (قەومی شوعەیب) لە ستەم کاران بوون
جا تۆڵەمان لێ سەندن جا بەڕاستی ئەم دووانە لەسەر ڕێگایەکی ئاشکرادان
سوێند بە خوا بێگومان خەڵکی حیجریش (گەلەکەی صاڵح) بڕوایان بە پێغەمبەرەکانیان نەکرد
بەڵگەو نیشانەکانی خۆمانمان پێدان بەڵام ئەوان ڕوویان لێ وەرگێڕا
ئەوانە لە شاخەکاندا دەیانتاشی خانووی زۆر (قایمی) بێ ترس و بیم
ئەمجا دەنگ و پیاھەڵشاخانێکی بەھێز گرتنی لە بەرەبەیاندا
جا ھەرچیان کردبوو (خانوو لە چیاکاندا) ھیچ سوودی پێ نەگەیاندن
وە ئێمە ئاسمانەکان و زەویمان دروست نەکردوە ئەوەش لە نێوانیاندایە بەھەق و ڕاستی نەبێت وە بێگومان ڕۆژی دوایی دێت تۆش بە جوانی چاوپۆشی بکە لێیان
بەڕاستی ھەر پەروەردگارت بەدیھێنەر و زانایە
سوێند بە خوا بەڕاستی حەوت ئایەتی دووبارە کراوەمان پێ بەخشیت (مەبەست لە سورەتی الفاتحة یە کە چەند جارێک لە نویژدا دووبارە دەبێتەوە) ھەروەھا قورئانی گەورەش
(ئەی موحەممەد ﷺ) چاوت مەبڕە ئەو نازو نیعمەتی (دونیا) کە داومانە بە کۆمەڵێک لەو بێ باوەڕانە و خەمیان بۆ مەخۆ وە باڵی بەزەیی ڕاخە بۆ بڕواداران
وە بڵێ بەڕاستی من ترسێنەرێکی ڕوون و ئاشکرام (دەتان ترسێنم لە سزایەک)
وێنەی ئەو (سزایە) ی ناردمان بۆ دابەشکەران (مەبەست پێ جولەکە وگاورەکانە کە باوەڕیان دەکرد بەھەندێکی قورئان وبێ باوەڕیش بوون بەھەندێکی تری)
ئەوانەی کە قورئانیان کردە چەند بەشەوە (باوەڕداربوون بە ھەندێکی و کافریش بوون بەوەی تری)
جا سوێند بە پەروەردگارت پرسیار لە ھەموویان دەکەین
لەوەی کە دەیانکرد (لە دونیادا)
جا ھەر فەرمانێکت پێ دەدرێت بە ئاشکرا ڕایگەیەنە و گوێ بە ھاوبەشدانەران مەدە
بەڕاستی ئێمە تۆ دەپارێزین لە شەڕ و پیلانی ئەو کەسانەی گاڵتە و لاقرتی دەکەن بە ئاینەکەت
ئەوانەی لەگەڵ خوادا پەرستراوێکی تر دادەنێن جا دواتر دەزانن (چۆن سزایان دەدەین)
سوێند بە خوا بێگومان ئێمە دەزانین کە بەڕاستی تۆ دڵت تەنگ دەبێت بەوەی ئەوانە دەیڵێن
کەواتە تەسبیحاتی پەروەردگارت بکە و لە سوژدەبەران بە
وە پەروەردگارت بپەرستە ھەتا مردن یەخەت پێ دەگرێت
Icon