ترجمة سورة النبأ

Burhan Muhammad - Kurdish translation
ترجمة معاني سورة النبأ باللغة الكردية من كتاب Burhan Muhammad - Kurdish translation .


(ئه‌ی خه‌ڵکه‌) ده‌رباره‌ی چی له یه‌کتر ده‌پرسن؟

ده‌رباره‌ی هه‌واڵه گه‌وره و گرنگه‌که‌!! (که ڕۆژی قیامه‌ته‌).

له حاڵێکدا له ئه‌وانه ڕاو بۆچوونیان جیاوازه ده‌رباره‌ی.

نه‌خێر، وا بۆیان نالوێت، له داهاتوویه‌کی نزیکدا خۆیان ده‌بیننه‌وه و هه‌موو ڕاستیه‌کانیان بۆ ده‌رده‌که‌وێت.

به‌ڵێ! له‌وه‌و دوا، له داهاتوویه‌کی نزیکدا خۆیان ده‌بیننه‌وه و ڕاستیه‌کانیان بۆ ده‌رده‌که‌وێت.

(پێش باسی قیامه‌ت په‌روه‌ردگار گه‌شتێکیان به ناو دروستکراوه‌کان و دیارده‌کاندا پێده‌کات ده‌پرسێت: ئایا زه‌ویمان وه‌ک لانکه بۆ فه‌راهه‌نگ نه‌هێناون؟

(ئایا) کێوه‌کانمان وه‌ک مێخ بۆ دانه‌کوتاون؟ (تا زه‌وی بپارێزێت له فشاری بورکان و ماده تواوه‌کانی ناو ناخی، هه‌روه‌رها هه‌تا له‌نگه‌ری ڕابگرێت و چه‌نده‌ها سودی ترتان پێ بگه‌یه‌نێت).

(ئایا) نێوه‌مان به جووت دروست نه‌کردووه‌؟

خه‌وتنمان بۆ نه‌کردوون به‌هۆی سره‌وتن؟

(ئایا) شه‌وگارمان بۆ نه‌کردوون به‌داپۆشه‌ر وه‌ک پۆشاک، تاتیایدا بشاردرێنه‌وه‌؟

(ئایا) ڕۆژیشمان بۆ نه‌کردوونه‌ته کاتی به ده‌ستهێنانی ڕزق و ڕۆزی؟

(ئایا) حه‌وت چین ئاسمانی به هێز و پته‌ومان به ڕا سه‌رتانه‌وه دروست نه‌کردووه‌؟

چرایه‌کی پرشنگدارمان بۆ فه‌راهه‌م نه‌هێناون؟ (که مه‌به‌ست خۆره‌)

‎ (ئایا) له هه‌وره گوشراوه‌کان بارانێکی زۆرمان نه‌باراندووه‌؟

تا به هۆی ئه‌و بارانه‌وه جۆره‌ها دانه‌وێڵه و ڕووه‌ک بڕوێنین.

هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها باخی چڕو پڕو له‌یه‌ک ئاڵاو به‌دی نه‌هێناوه‌.

(ئینجا دێته سه‌ر باسی هه‌واڵه گرنگ و سامناکه‌که‌): به‌‎ڕاستی ڕۆژی جیاکرنه‌وه‌، کاتێكیدیاری کراوه (بۆ جیاکردنه‌وه‌ی چاکان له خراپان، ئیمانداران له کافران، سته‌مکاران له سته‌ملێکراوان).

ئه‌و ڕۆژه‌ی که فوو ده‌کرێت به (صور) دا، جا پۆل پۆل و ده‌سته ده‌سته به‌ره‌و مه‌یدانی لێپرسینه‌وه بێ په‌روا دێن.

ئاسمان ده‌کرێته‌وه و ده‌بێته ده‌روازه و ده‌رگا (بۆ دابه‌زینی فریشته‌کان).

کێوه‌کانیش هه‌ڵده‌که‌نرێن و ده‌ڕۆن به ئاسماندا وه‌ک تراویلکه و سه‌رابێکی گه‌وره‌.

بێگومان دۆزه‌خیش ده‌مێکه چاوه‌ڕێی ئه‌و ڕۆژه‌یه و خۆی بۆ مه‌ڵاسداوه‌.

ده‌بێته مه‌نزڵگای خوانه‌ناس و یاخیه‌کان.

هه‌زاره‌ها ساڵی دوورو درێژ و نه‌بڕاوه‌ی تێدا ده‌به‌نه‌سه‌ر...

له‌ناویدا ناچێژن فێنکاییه‌ک، یا خواردنه‌وه‌یه‌کی به‌تام...

جگه له ئاوی له کوڵ و کێم و زووخاو.

که ئه‌وه‌ش پاداشتێكی له‌بارو پڕاو پڕه (بۆ خوانه‌ناسان).

چونکه ئه‌وانه کاتی خۆی به‌ته‌مای ئه‌م ڕۆژه و لێپرسینه‌وه‌یه نه‌بوون، حه‌زیان له باسی نه‌ده‌کرد.

به‌ڵکو زۆر به‌توندی دژایه‌تی ئایه‌ته‌کانی ئێمه‌یان ده‌رکرد و به درۆیان ده‌زانی..

ئێمه‌ش هه‌موو شتێکمان له‌سه‌ریان سه‌رژمێری کردووه و به‌وردیی تۆمارمان کردووه‌.

(پاشان پێیان ده‌وترێت) ده بچێژن (ئه‌ی خوانه‌ناسان) له سزاو ئازار و ئه‌شکه‌نجه به‌ولاوه‌، جا هه‌رگیز هیچی ترتان بۆ زیاد ناکه‌ین.

به‌ڕاستی بۆ خواناس و پارێزکاران سه‌رفرازی و خۆشێ و شادی و کامه‌رانی فراوان ئاماده‌یه‌.

چه‌نده‌ها باخچه‌ی جوان و جۆری ترێ.

(له‌و جێگه و ڕێگه خۆشانه‌دا هاوسه‌ر و هاوده‌می) ئافره‌تانی سینه جوان و (دیمه جوان) هاوته‌مه‌ن ئاماده‌یه‌.

له‌گه‌ڵ کاسه‌ی پڕ له شه‌رابی تایبه‌تیدا.

له‌و به‌هه‌شته‌دا هیچ جۆره قسه‌یه‌کی پڕو پووچ و درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌ک نابیستن.

ئه‌مه‌ش هه‌مووی پاداشتێکه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه (ئه‌ی ئیماندار)، به‌خششێکه به حسابێکی ورد ده‌به‌خشرێت (به به‌خته‌وه‌ران).

‎ (له‌لایه‌ن) په‌روه‌ردگاری میهره‌بانی ئاسمانه‌کان و زه‌وی و هه‌رچی له نێوانیاندا هه‌یه‌، (ئه‌و ڕۆژه‌) که‌س ناتوانێت له‌به‌رده‌م زاتی په‌روه‌ردگاردا بدوێت.

ڕۆژێک دێت جوبڕه‌ئیل و فه‌ریشته‌کان به ڕیز ده‌وه‌ستن و ورته‌یان لێنایه‌ت و هیچ قسه ناکه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان که خوای میهره‌بان مۆڵه‌تی بدات و قسه‌ی جوان و به‌جێ پێشکه‌ش بکات.

ئه‌و ڕۆژه ڕۆژێکی حه‌ق و ڕاسته و به‌ڕێوه‌یه‌.. جا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با به‌ره‌و لای په‌روه‌ردگاری ڕێگه بگرێته به‌ر.

به‌ڕاستی ئێمه ئێوه‌مان ئاگادار کردووه له‌وه‌ی که سزایه‌کی نزیک به‌ڕێوه‌یه‌، ئه‌و ڕۆژه ڕۆژێکه که ئاده‌میزاد سه‌یری ده‌ستپێشخه‌ری خۆی ده‌کات، خوانه‌ناسیش ده‌ڵێت.. خۆزگه هه‌ر خاک بوومایه (ئاوا زیندوو نه‌کرامایه‌ته‌وه و گیرم نه‌خواردایه‌).
Icon