ترجمة سورة النجم

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة النجم باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

سوێند بە ئەستێرە کاتێك ئاوا دەبێت
ھاوڕێکەتان (موحەممەد ﷺ) گومڕا نەبووە وە لە ڕاستی لای نەداوە
وە لە ھەوا وھەوسەوە قسە ناکات (کە قورئان دەخوێنێت)
ھەرچی دەیڵێت (قورئانەو) نیگا دەکرێت بۆی
(جوبرەیلی) زۆر بەتوانا فێری کردووە
خاوەنی بیرو ھۆشی بەھێزە، جا لەسەر شێوەی ڕاستەقینەی خۆی ڕاوەستاوە
کە بە ئاسۆی ھەرە بەرزی ئاسمانەوە بوو
پاشان نزیك بوویەوە (لە موحەممەد ﷺ) و ئەمجا ھاتە خوارەوە
تا بە ئەندازەی دوو کەوان یان کەمتری(ماوە بوو لەگەڵ موحەممەددا ﷺ)
ئەمجا (خوا) نیگای کرد بۆ بەندەی خۆی، ئای چ نیگایەك بوو
ئەوەی (موحەممەد ﷺ) بەچاوی سەر بینی دڵی (بڕوای پێ کرد و) بە درۆی نەزانی
جا ئایا (بێ باوەڕان) ئێوە دەمەقاڵێی لەگەڵ دەکەن دەربارەی ئەوەی کە بە چاوی خۆی دەی بینێت
سوێند بەخوا بێگومان جارێکی تر جوبرەئیلی بینیوە
لای درەختی(سیدرەتولمونتـەھا)
کە لای ئەوەوەیە بەھەشتی نیشتەجێ بوون
ئەو کاتەی (پێغەمَبەرﷺ) ئەو شتە گرنگ وسەر سوڕھێنەرەی بینی کە سیدرەی داپۆشی چۆن داپۆشینێك
چاوی ئەو (موحەممەد ﷺ) بەملاولادا نەیـدەڕوانی (لە مەبەست تێ نەدەپەڕی)
سوێند بەخوا بێگومان بینی گەورەترین بەڵگە ونیشانەی پەروەردگاری
دەی پێم بڵێن ئایا لات و عوززا (کە دووبتن)
وە بتی سێهەم کە مەناتە (ئایا ھیچیان پێ دەکرێت)
ئایا ڕاستە ئێوە کوڕان بۆ خۆتان وکچان بۆ خودا بەڕەوا وچاك دەزانن؟
ئەگەر وابێت دابەشکردنێکی نادروست دەبێ
ئەم بتانە ھەر ناوانێکی ڕوتن کە ئێوە و باو وباپیرانتان لێتان ناون (بەبێ ناوەڕۆك) خوا ھیچ بەڵگەیەکی لەسەر پەرستراوی ئەوان نەناردووەتە خوارەوە، تەنھا شوێنی گومان وئەو شتە دەکەون کە نەفسی خۆیان حەزی لێیەتی، لە کاتێکدا کە بەڕاستی لەلایەن پەروەردگاریانەوە ھیدایەتیان بۆ ھاتووە
ئایا مرۆڤ ئارەزووی ھەرچی کرد بۆی دێتە دی (نەخێر)
چونکە ھەر خوایە خاوەنی دونیا ودواڕۆژە
وە چەندەھا فریشتە کە لە ئاسمانەکاندا ھەن تکا وشەفاعەتیان ھیچ سوودی نیە، مەگەر دوای ئەوەی کە خوا مۆڵەت بدات بۆ ھەرکەسێك کە خۆی بیەوێت وڕازی بێت پێی
بەڕاستی ئەوانەی کە باوەڕ بـە ڕۆژی دوایی ناھێنن، فریشتەکان بە کچی (خوا) ناو دەبەن
لە کاتێکدا ھیچ زانیاریەکیان دەربارەی نیە، تەنھا دوای گومان دەکەون وە بەڕاستی گومان ھیچ سوودێکی نیە لەزانینی ھەق وڕاستیدا
دەی کەواتە تۆش وازبھێنە لەو کەسە پشت دەکاتە قورئان ویادی ئێمە، وە بێجگە ژیانی دونیا ھیچی تری ناوێت
ئەمە ئەوپەڕی زانیاری وتێگەیشتنیانە لەزانیاریدا، بەڕاستی پەروەردگارت چاك دەزانێت بەوەی لە ڕێبازەکەی گومڕا بووە وە چاك دەزانێت بەوەی کە ڕێنووین بووە
وە خوا خاوەنێتی ھەرچی لەئاسمانـەکان وزەویدایە، تا سزای ئەوانە بدات کە خراپەیان کردووە بە پێی کردەوەکانیان وە پاداشتی ئەوانە بداتەوە کەچاکەیان کردووە بەچاکەتر (لەوەی کردویانە)
ئەوانەی کە لەگوناھی گەورە وکردەوەی دزێو خۆیان دەپارێزن جگە تاوانی بچوك نەبێت، بەڕاستی پەروەردگارت لێبوردنی فراوانە، ئەو لەھەموو کەس بەحاڵی ئێوە زاناترە لەکاتێکدا کە لەزەوی دروستی کردون وە کاتێك کە ئێوە کۆرپەلەن ولەسکی دایکتاندان، کەواتە خۆتان بەچاك وپاك دامەنێن، خوا زاناترە بەو کەسەی زیاتر لە خواترسە
جا ئایا بینیت ئەو کەسەی کە پشتی ھەڵکرد (لەباوەڕ)
(لەوەی بڕیاری دابوو) کەمێکی بەخشی وئەوەی تری گرتەوە
ئایا (ئەو کەسە) زانیاری پەنھانی لایەو بەچاو دەیبینێت
یان ئایا ئاگادار نەکرابوو بەوەی کە لەپەڕاوەکانی موسادا بوو
(وە بەوەی کە لەپەڕاوی ئیبراھیمدا بوو) ئەو ئیبراھیمەی کە پەیمانی خۆی بەچاکی بەجێ ھێنا
(لەو پەڕاوانەدا ھاتووە) کە ھیچ تاوانبارێك گوناھی تاوانبارێکی تر ھەڵناگرێت
وەبێگومان ئادەمی جگە لەکۆششی خۆی خاوەنی ھیچی تر نیە (لە دواڕۆژدا)
و بێگومان ھەوڵ کۆششەکەی لە داھاتوو (لەقیامەت)دا دەبینرێتەوە
پاشان پاداشت دەدرێتەوە بەتێر وتەواوی
وە بەڕاستی ھەموو کارێک سەرەنجامەکەی ھەر بۆ لای پەروەردگارت دەگەڕێتەوە
وە بێگومان ھەر ئەویش بەندەکان دەخاتە گریان وپێکەنین
وە بێگومان ھەر ئەوە دەیانمرێنێت وزیندووشیان دەکاتەوە
وەبەڕاستی ھەر ئەوە کە جوتێ نێر ومێی دروستكردووە
لە نوتفەیەك (دڵۆپە ئاوێك)کاتێك دەڕژێنرێتە منداڵـدانەوە
وە بەڕاستی ھەر لەسەر خوایە دروست کردنەوەی لەڕۆژی دواییدا
وە بێگومان ھەر ئەویشە کەخەڵکی دەوڵەمەند وھەژار دەکات
وە بەڕاستی ھەر ئەوە پەروەردگاری ئەستێرەی شیعرا ( شیعرا : ئەستێرەیەك بوو خەڵکانێك لەسەردەمی نەفامیدا دەیانپەرست)
وەبێگومان ھەر ئەو خوایە گەلی عادی یەکەمی لەناو برد
گەلی سەموودیشی لەناوبرد وکەسی نەھێشتن
وەگەلی نووحیشی (لەناو برد) لەپێش (عاد وسەمود)دا کەبەڕاستی ئەوان ستەم کارتر وسەر کەش تربوون
وەگوندە سەروژێرکراوەکانی (بەزەویدا) بردە خوارەوە (کەگوندەکانی گەلی لوط بوون)
ئەمجا ئەو گوندانەی داپۆشی (بەجۆرەھا سزای سەخت) چۆن داپۆشینێك
لەکام ناز ونیعمەتەکانی پەروەردگارت دوو دڵیت
ئەم (پێغەمبەرە) ترسێنەرێکە لە (پێغەمبەرە) ترسێنەرەکانی پێشوو
ڕۆژی دوایی زۆر نزیك بووەتەوە
جگە لەخوای گەورە کەس نیە ئاشکرای بکات (وبزانێت کەی دێت)
جـا ئایا لەم قورئانە سەرتان سوڕ دەمێنێت؟!
وە پێدەکەنن وناگرین!
وە ئێوە سەر گەرم و بێ ئاگان
دەی سوژدە بەرن بۆ خوا وپەرستشی بکەن
Icon