ترجمة سورة الدّخان

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الدّخان باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە
سوێند بەم قورئانە ڕوونکەرەوەیە
بەڕاستی ئێمە ئەم قورئانەمان لە شەوێکی پیرۆزدا ناردوەتە خوارەوە، بێگومان ئێمە ترسێنەرین
لەو (شەوە پیرۆزە)دا ھەموو کار وبارێکی شیاو لە یەك جیادەکرێتەوە
فەرمانێکە لەلایەن ئێمەوە بەڕاستی ئێمە پێغەمبەران دەنێرین
کەڕەحمەتێکە لەلایەن پەروەردگارتەوە بێگومان ھەر خوا بیسەر وزانایە
پەروەردگاری ئاسمانەکان وزەوی وە ھەرچی لە نێوانیاندایە، ئەگەر ئێوە ئیمانداری ڕاستەقینەن
ھیچ پەرستراوێکی بەھەق وڕاست نیە جگە لە خوا، (خوا) دەژێنێت ودەمرێنێت پەروەردگاری ئێوە وپەروەردگاری باو وباپیرە پێشوەکانتانە
بەڵام ئەوان لە دوو دڵی وگوماندا گەمە وگاڵتە دەکەن
جا چاوەڕوانبە ڕۆژێك کە ئاسمان دوکەڵێکی ئاشکرای لێ پەیدا دەبێت
ھەموو ئادەمی دادەگرێت و (دەڵێن) ئەمە بەڵایەکی سەختە
ئەی پەروەردگارمان ئەم سزایەمان لەسەر لابەرە بەڕاستی ئێمە باوەڕدارین
چۆن تەمێ خواردەبن وئامۆژگاری وەردەگرن کە بەڕاستی پێغەمبەرێکی ڕوون وئاشکرایان بۆ ھاتووە
لە پاشان گوێیان پێنەداو وە ووتیان: فێرکراوێکی شێـتە
بێگومان بۆ ماوەیەکی کەم ئەم بەڵایە لا دەبەین، بێگومان ئێوە دەگەڕێنەوە (بۆ بێ باوەڕی)
ڕۆژێک دێت پەلامارێکی بەھێز و ھەرە گەورەیان بۆ دەبەین، بەڕاستی ئێمە تۆڵە دەسێنین (لە کافران لە جەنگی بەدردا)
سوێند بەخوا بەڕاستی لە پێش ئەمان گەلی فیرعەونمان تاقیکردەوە وپێغەمبەرێکی بەڕێزیان بۆ ھات
(پێی ووتن) کە بەندەکانی خوا (بەنو ئیسرائیل) بە من بسپێرن چونکە بەڕاستی من پێغەمبەرێکی ئەمین وباوەڕ پێکراوم بۆ ناو ئێوە
وە خۆتان بەبەرز وگەورە مەزانن لەبەرامبەر خوادا بێگومان من بەڵگە ونیشانەیەکی ئاشکرام بۆ ھێناون
وە بێگومان من پەنادەگرم بەپەروەردگاری خۆم و پەروەردگاری ئێوە لەوەی کە ئێوە بەردبارانم بکەن
وە ئەگەر باوەڕم پێناھێنن ئەوە وازم لێ بھێنن (و خراپەم دەربارە مەکەن)
جا ھاواری لە پەروەردگاری کرد (ووتی) بەڕاستی ئەمانە گەلێکی تاوانبارن
ئەوسا (پێی ووترا) بەندەکانم بەشەو بەرە چونکە بەڕاستی (فیرعەون وکۆمەڵەکەی) دواتان دەکەوون
وە دەریاکە (دەریای سوور) بەئارامی و ئاوەڵا بەجێبھێڵە بێگومان ئەوانە سەربازانێکی خنکێنراو دەبن (تێیدا)
چەندەھایان بەجێھێشت لە باخات وکانیاو
و کشتوکاڵ و جێ ومەئوای چاك و خۆش
وە ناز ونیعمەتی زۆر کەئەوان تیایدا دەژیان وڕایان دەبوارد
ھەربەم جۆرە ئەو (خۆشیە)مان دا بەگەلێکی تر
جا نەئاسمان ونەزەوی نەگریان بۆیان ومۆڵەتیشیان پێنەدرا
سوێند بەخوا بەڕاستی نەوەی ئیسرائیلمان ڕزگار کرد لە سزای ڕیسواکەر
لە فیرعەون، بێگومان فیرعەون خۆبەزل زانێکی لەسنوور دەرچوو بوو
سوێند بەخوا بەڕاستی نەوەی ئیسرائیلمان ھەڵبژارد بەسەر خەڵکی (سەردەمی خۆیان)دا بەپێی زانیاری (خۆمان)
وە موعجیزە وبەڵگەی زۆرمان پێدان کە بۆ تاقیکردنەوەی ڕوون وئاشکرا بەس بێت
بەڕاستی ئا ئەوانە دەڵێن
ھەر بۆیە یەکەمجار دەمرین ئیتر زیندوو ناکرێینەوە
دەی باوو باپیرانمان (زیندوو بکەنەوەو) بیان ھێننەوە (بۆ دونیا) ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن
ئایا ئەوانە چاکترن یان گەلی توببەع (ی پادشایی یەمەن) و ئەوانەی لە پێشیانەوە بوون ھەموویانمان لەناو برد چونکە بێگومان گشتیان تاوانباربوون
وە دروستمان نەکردووە ئاسمانەکان وزەوی ئەوەی لە نێوانیاندایە بەبێ ھودە وگاڵتە
ھەر دووکیانمان بەدی نەھێناوە بەھەق وڕاستی نەبێت بەڵام زۆربەیان نازانن
بێگومان ڕۆژی جیاکردنەوەی(ھەق و بەتاڵ) کاتی دیاریکراوی ھەموویانە
ڕۆژێکە ھیچ دۆستێک ناتوانێت کەمترین سوود بگەیەنێت بە دۆستی خۆی وە یارمەتیش نادرێن
مەگەر کەسێك خوا ڕەحمی پێ بکات بەڕاستی تەنھا خوا زاڵ وباڵادەست ومیھرەبانە
بێگومان درەختی ژەقنەموت
خۆراکی کەسانی تاوانبارە (کافرە)
وەکو خڵتەی ڕۆن زەیتوون لەناو سکەکاندا دەکوڵێت
ھەر وەکو کوڵانی ئاوی زۆر گەرم
(ئەو کافرە) بیگرن وبەتوندی رایکێشن تا (دەیبەنە) ناوەڕاستی دۆزەخ
پاشان بیڕژن بەسەر سەریدا ھەندێك لە ئاگر و ئاوی زۆر گەرم
(پێی دەوترێت) بیچێژە (بەگاڵتە پێکردنێکەوە پێی دەوترێت)چونکە بەڕاستی تۆ بە دەسەڵات وبەڕێز بوویت ( لەدونیادا)
بێگومان ئەمە ئەو سزایەیە کەئێوە گومانتان لێی ھەبوو
بەڕاستی پارێزکاران ولەخواترسان لە شوێنێکی بێوەیی وئارامدان
لەناو باخات ونزیك کانیاودان
لە ئاوریشمی ناسك وئەستور دەپۆشن ڕوبەڕووی یەکتری دادەنیشن
ھەروەھا کیژانی چاوگەورە وجوان دەکەینە ھاوسەریان
لەو بەھەشتەدا ھەموو جۆرە میوەیەك داوا دەکەن بەئاسوودەیی وبێوەیی
لە بەھەشتدا ھەرگیز مردن ناچەژن جگە لەمردنی یەکەمجار (کەلە دونیادا بوو) وە (خوا) لەسزای دۆزەخ پاراستوونی
ئەمە بەخششە لەلایەن پەروەردگارتەوە ئا ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
جا بەڕاستی ئەم قورئانەمان لەسەر زمانی تۆ ئاسان کردووە بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
ئیتر تۆ چاوەڕوان بە، بێگومان ئەوانیش چاواڕوانن
Icon