ترجمة سورة الشعراء

الترجمة الكردية
ترجمة معاني سورة الشعراء باللغة الكردية من كتاب الترجمة الكردية .
من تأليف: حمد صالح باموكي .

بە(طا، سین، میم) دەخوێنرێتەوە خوازاناترە بە ماناکەی بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرتای سورەتی (البقرة) بکە
ئەم (سورەتە) لەئایەتەکانی قورئانی ڕوونکەرەوەیە
خەریکە خۆت لەناو دەبەی (دەکوژی) بەخەفەت لەبەر ئەوەی ئەوان (خەڵکی مەککە) باوەڕ ناھێنن
ئەگەر بمانەوێت دەھێنینە خوارەوە بۆیان نیشانەو بەڵگەیەک لەئاسمانەوە کەبەردەوام گەردنیانی بۆ دانەوێنن (ناچاریان بکات باوەڕ بھێنن)
ھەر بێت بۆیان پەیامێکی تازە دابەزێنراو (کەقورئانە) لەخوای میھرەبانەوە ئەوان بەردەوام پشت تێکەرو ڕوو وەڕگێڕن لێی
جا بێگومان ئەوانە بەدرۆیان زانی و باوەڕیان پێ نەکرد (ئەوەی ناردبومان) جا بەزوویی بۆیان دێت ھەواڵەکانی ئەوەی ئەوان گاڵتەو لاقرتیان پێ دەکرد
ئایا سەیری زەوی ناکەن چەندمان ڕواندووە تیایدا لەھەموو جۆرێکی چاکی بەکەڵک
بەڕاستی لەڕواندنی ئەو ھەموو ڕوواوەدا بەڵگەی گەورە ھەیە بەڵام زۆر بەیان بڕوادارنین و باوەڕ ناھێنن
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
(باس بکە) ئەو کاتەی پەروەردگارت بانگی موسای کرد کە (بەپێغەمبەری) بڕۆ بۆ لای ئەو گەلە ستەمکارە
کە گەلەکەی فیرعەونە ئایا ئەوان ناترسن (بێ فەرمانی خوادەکەن)
(موسا) ووتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی من دەترسم بڕوام پێ نەکەن
وەسینگم (دڵم) تەنگ ببێ وە(دەترسم) بەچاکی قسەم بۆ نەکرێت و زمانم بەر نەبێت (لەو گرێیەی ھەیەتی) کەواتە (خوایە جوبرەیل) بنێرە بۆ لای ھاروون (و بیکە بەپێغەمبەر بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات)
وەئەوان (گەلی فیرعەون) تۆڵەی تاوانێکیان لەسەرمە بۆیە دەترسم کەبمکوژن (لەجیاتی ئەو کوژراوە)
(خوا) فەرمووی نەخێر (ئەوەی باست کرد ھیچی روونادات) کەواتە ھەردووکتان بەموعجیزەکانمانەوە بڕۆن (بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی) ئێمە لەگەڵتان گوێ دەگرین
ئەوسا برۆنە لای فیرعەون و ھەردووکتان بڵێن بەڕاستی ئێمە پێغەمبەری پەروەردگاری جیھانیانین
(نێراوین) کەتۆ بەنو ئیسرائیل (لەژێر دەستەیی خۆت) بەڕەڵا کەیت لەگەڵ ئێمەدا (بڕۆین بۆ شام)
(فیرعەون) ووتی ئایا ئێمە پێمان نەگەیاندی لەناو (ماڵی) خۆماندا بەمنداڵی وە تۆ چەند ساڵێک لەتەمەنت لەناو ئێمەدا نەمایتەوە
وە ئەو کردەوە (خراپە)شت کرد کەکردت (کەکوشتنی قیبتیەک بوو) وە تۆ لەوانەی سپڵە و ناشوکرن
(موسا) ووتی ئەوکارەم کرد (ئەو پیاوەم کوشت) کاتێک کەمن لەڕیزی نەزاناندا بووم
ئەمجا رام کرد و ھەڵھاتم لەئێوە کاتێک ترسام لێتان (تۆڵەم لێ بسێنن) ئەوسا پەروەردگارم حیکمەتی (پێغەمبەریەتی) پێ بەخشیم منی خستە ریزی پێغەمبەرانەوە (کردمی بەپێغەمبەر)
وە ئەو (بەخێو کردنە) کە تۆ دەیکەیت بەمنەت بەسەرمەوە بەھۆی ئەوەوە بووە کەتۆ نەوەی ئیسرائیلت کردبووە کۆیلە و ژێردەستەی خۆت (لەترسا دایکی موسا موسای بەخێو نەکرد)
(ئەمجا) فیرعەون ووتی پەروەردگاری جیھانیان کێیە
(موسا) ووتی پەروەردگاری ئاسمانەکان وزەوی و ھەرچی لەنێوانیاندایە ئەگەر ئێوە دڵنیان
(فیرعەون) ووتی بەوانەی بەدەوری دابوون (لەشوێنکەوتوانی) ئایا گوێتان لێیە (چی دەڵێت)
(موسا) ووتی پەرەوەردگاری ئێوەو پەروەردگاری باوک وباپیرە پێشووەکانتانە
(فیرعەون) ووتی بەڕاستی ئەو پێغەمبەرە کەنێرراوە بۆ ئێوە شێـتە
(موسا) ووتی پەروەردگاری رۆژھەڵات و ڕۆژ ئاوایە و ئەوەی لەنێوانیادایە ئەگەر ئێوە بیربکەنەوە وژیربن
(فیرعەون) ووتی سوێند بێت ئەگەر پەرستراوێکی تر جگە لەمن دابنێیت بێگومان دەتخەمە ریزی بەندکراوەکانەوە و زیندانیت دەکەم
(موسا) ووتی ئایا ھەر زیندانیم دەکەیت ئەگەر شتێکی (موعجیزەیەکی) ڕوون و ئاشکرات بۆ بھێنم (کەڕاستە پێغەمبەرم)
(فیرعەون) ووتی دەی ئەو شتە بھێنە (بینوێنە) ئەگەر تۆ لەڕاستگۆیانی
ئەمجا موسا گۆچانەکەی فڕێدا دەست بەجێ بوو بەئەژدیھایەکی دیارو ئاشکرا
وە دەستی دەرھێنا (لەبن باڵیدا) یەکسەر دەستی سپی وپرشنگدار بوو بۆ بینەران
(فیرعەون) ووتی بەو پیاوە گەورانەی لەدەورەی بوون بێگومان ئەمە جادوگەرێکی زۆر زانایە
دەیەوێت دەرتان بکات لەووڵات و خاکی خۆتان بەجادوەکەی جا فەرمانی چی دەدەن (لەدژی بیکەم)
ووتیان جارێ موسا و براکەی واز لێ بھێنە (دوایانخە) سەربازەکانت کۆ بکەرەوە وبیانێرە بۆ ھەموو شارەکان
تاھەموو جادوگەرێکی زۆر زانات بۆ بھێنن
ئەمجا ئەو جادوگەرانە کۆکرانەوە لەکات و ڕۆژی دیاریکراودا
و بەخەڵکیش وترا ئێوەش کۆدەبنەوە؟
تا شوێن جادوگەران بکەوین ئەگەر ئەوان زاڵ و سەرکەوتوو بوون
ئەمجا کاتێک جادوگەرەکان ھاتن ووتیان بەفیرعەون ئایا بەڕاستی پاداشتمان ھەیە ئەگەر ئێمە زاڵ و سەرکەوتوو بین
(فیرعەون) ووتی بەڵێ وەبێگومان ئێوە ئەو کاتە لەنزیکانی خۆم دەبن
موسا بەساحیرەکانی ووت بیھاوێژن ئەوەی ئێوە ھاوێژەریانن (لەجادو)
ئەوانیش گوریس و حەبل و دار دەستەکانیان فڕێدا وە ووتیان سوێند بەگەورەیی فیرعەون بەڕاستی ھەر ئێمە زاڵ و سەرکەتووین
ئەمجا موسا داردەستەکەی فرێدا (و بوو بەمارێکی گەورە) جا کوت و پڕ ئەو (مارە گەورە) ھەرچی جادویان کردبوو ھەڵی لوشی
ئەمجا جادوگەرەکان خران (کەوتن) بەڕوودا بەسوژدە بردنەوە (بۆ خوا)
ووتیان ئەوا باوەڕمان ھێنا بەپەروەردگاری جیھانیان
کەپەروەردگاری موسا و ھارونە
(فیرعەون) ووتی ئایا باوەڕتان پێ ھێنا پێش ئەوەی مۆڵەتتان بدەم بەڕاستی ئەو (موسا) جادوگەرە گەورەکەتانە کە فێری جادوی کردون جا بێگومان لەمەودوا دەزانن (چیتان لێ دەکەم) بەڕاستی دەست و قاچتان ڕاست و چەپ دەبڕم وە بێگومان ھەمووتان ھەڵ دەواسم (بەدارا)
(جادوگەرەکان) ووتیان ھیچ زیانی نیە (بۆ ئێمە ئەوەی تۆ ئەتەوێ بیکەی) (چونکە) بەڕاستی ئێمە گەڕانەوەمان بۆ لای پەروەردگارمانە
بەڕاستی ئێمە بەتەماین و ئومێد دەکەین کەپەروەردگارمان لە گوناھو تاوانەکانمان ببورێت چونکە ئێمە یەکەمی باوەڕداران بووین (لەگەلەکەماندا)
وەحیمان نارد بۆ موسا کە بەشەو بەندە (باوەڕدارە)کانم ببە (و میصر بەجێ بھێڵن) بێگومان (فیرعەون و کۆمەڵەکەی) دواتان دەکەون
ئەوسا فیرعەون پیاوانی کۆ کەرەوەی نارد بەشارەکاندا (بۆکۆکردنەوەی لەشکرو ھێز)
(فیرعەون ووتی) بەڕاستی ئەوانە (موسا و شوێنکەوتوانی) کۆمەڵێکی کەمی بێ نرخن
وە بەڕاستی ئەوانە ڕقی ئێمە ھەڵدەسێنن (بەووتارو کرداریان)
وە بێگومان ئێمە کۆمەڵێکین بێدار و ئاگادارین (بەپیلانەکانیان)
ئەمجا ئەوان (فیرعەون و کۆمەڵەکەی)مان دەرکرد لە باخات و کانیاوەکان
وە (دەرمان کردن) لەو ھەموو گەنج و خەزێنە و کۆشکە زۆر جوان و چاکانە
ئا بەو جۆرە (لەناومان بردن) نەوەکانی یەعقوب (جولەکە)مان لەجێگایان دانا
ئەمجا (فیرعەون و لەشکرەکەی) کاتێک خۆر ھەڵھاتن شوێنیان کەوتن
ئەمجا کاتێک دوو کۆمەڵەکە چاویان بەیەکتر کەوت ھاوەڵەکانی موسا ووتیان بێگومان ئێمە گیراوین، (پێمان دەگەن)
(موسا) ووتی نەخێر پێتان ناگەن بێگومان من پەروردگارم لەگەڵە دڵنیابن ڕێگای (ڕزگار بوونم) نیشان دەدات
ئەمجا سرووشمان کرد بۆ موسا کە بە گۆچانەکەت بدە لەدەریاکە (ئەویش لێیداو) جا دەریاکە لەت بوو کە ھەر لەتێکی وەک شاخێکی زۆر گەورە وابوو
وە ئەوانی تر (فیرعەون و لەشکرەکەی)مان نزیک کردەوە لەوێ (لەدەریاکە)
جا موساو ھەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون رزگارمان کردن
پاشان ئەوانی ترمان نوقم کرد (لەدەریادا)
بەڕاستی لەڕواندنی ئەو ھەموو ڕوواوەدا بەڵگەی گەورە ھەیە بەڵام زۆر بەیان بڕوادارنین و باوەڕ ناھێنن
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
(ئەی موحەممەد ﷺ) بخوێنەرەوە بەسەریاندا ھەواڵی ئیبراھیم
کاتێک ووتی بەباوکی و گەلەکەی چی دەپەرستن
ووتیان بتانێک دەپەرستین ئەمجا بەردەوام بەندایەتیان دەکەین
(ئیبراھیم) ووتی ئایا ئەوانە گوێیان لێتانە کاتێک ھاوار ونزایان لێ دەکەن
یان ئایا ئەوان سوود یازیانتان پێ دەگەیەنن
ووتیان (نەخێر ھیچیان پێ ناکرێت) بەڵکو ئێمە باوو باپیرانمان دیوە ئابەو شێوەی (ئێمە)یان کردووە
ووتی ئایا ئێوە دەزانن چی دەپەرستن
ئێوە و باوو باپیرە پێشووەکانتان
جا بەڕاستی ھەموو ئەوانە دوژمنی منن جگە لەپەروەردگاری جیھانیان
کە ئەو منی دروستکردووە پاشان ھەر ئەویش ڕێنموونیم دەکات
وە ھەر ئەو زاتە خۆراکم پێدەدات و تێراوم دەکات
وە کاتێک نەخۆش بکەوم ھەر ئەو شیفام دەدات (چاکم دەکاتەوە)
وە زاتێکە کەمن دەمرێنێ و پاشان زیندووم دەکاتەوە
وە (پەروەردگارم) زاتێکە بەتەمام و ئومێد دەکەم لە ڕۆژی پاداشتدا (لە قیامەتدا) ببورێت لەھەڵەکانم و بیانسڕێتەوە
ئەی پەروەردگارم دانایم پێ ببەخشە بمبەرە ڕیزی پیاوچاکانەوە
وە باس کردنم بەچاکە لەناوگەلە داھاتووەکاندا پێ ببەخشە
وە بم گێڕی لەوەرگرانی بەھەشتی پڕ نازو نیعمەت
وە لەباوکم خۆش ببە بەڕاستی ئەو لەگومڕایانە
وە شەرمەزارو ڕیسوام مەکە لەڕۆژێکدا کە (خەڵکی) زیندوو دەکرێنەوە
ڕۆژێک کەماڵ و سامان و منداڵ و نەوە سوود ناگەیەنن
بێجگە لەکەسێک بێتە خزمەتی خوا بەدڵێکی ساغ و پاک و خاوێنەوە
وە (لەڕۆژی دواییدا) بەھەشت نزیک دەخرێتەوە بۆ پارێزکاران و لەخوا ترسان
دۆزەخیش دەردەخرێت (و ئاشکرا دەکرێت) بۆ گومڕایان
وە پێیان دەوترێت کوان ئەوانەی کەئێوە دەتان پەرستن
لەجیاتی خوا ئایا یارمەتیتان دەدەن، یان یارمەتی خۆیان دەدەن
ئەمجا ھەموو ئەوانە (پەرستراوان) و گومڕایان سەر بەرو خوار فڕێ دەدرێنە دۆزەخەوە
ھەروەھا ھەموو سەربازانی شەیتان
(بت پەرستان) لەکاتێکدا لەدۆزەخ دا شەڕە قسەو ئاژاوەیانە (لەگەڵ پەرستراوەکانیان دا) دەڵێن
سوێند بەخوا ئێمە لەگومڕاییەکی ئاشکرادا بووین
کاتێک ئێوەمان دەبردە ریزی پەروەردگاری جیھانیانەوە
کەس ئێمەی گومڕا نەکرد تاوانباران نەبێت
وەھیچ تکاکارێ بۆ ئێمە نیە
وە ھیچ ھاورێیەکی دڵسۆزمان نیە
خۆزگە جارێکی تر بگەڕاینایەتەوە (بۆ دونیا) ئەوسا لەباوەڕداران دەبووین
بەڕاستی لەڕواندنی ئەو ھەموو ڕوواوەدا بەڵگەی گەورە ھەیە بەڵام زۆر بەیان بڕوادارنین و باوەڕ ناھێنن
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
گەلی نوح پێغەمبەرانیان بەدرۆزن دانا (بڕوایان پێ نەکردن)
کاتێک کەنوحی برایان پێی ووتن ئایا ناترسن لەخوا (خۆتان ناپارێزن)
بێگومان من پێغەمبەرێکی ئەمینم بۆ ئێوە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە من داوای ھیچ کرێیەکتان لێ ناکەم لەسەر ئەو (ڕێنمونی کردنەتان) (چونکە) پاداشتی من تەنھا لەسەر پەروەردگاری جیھانیانە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێ رایەڵی من بکەن
ووتیان ئایا (چۆن) باوەڕ بەتۆ بھێنین لەکاتێکـدا ئـەوانـەی شـوێنت کـەوتون پەسترین کەسن (ھەژارو داماو ونەفامن)
(نوح علیە السلام) ووتی من چوزانم ئەوانە چی کردەوەیەک دەکەن
پرسینەوەیان تەنھا لەسەر پەروەردگارمە ئەگەر ئێوە ھەست بکەن (بزانن)
وه من دەرکەری باوەڕداران نیم
من تەنیا ترسێنەرێکی ڕوونکەرەوەم
ووتیان ئەی نوح ئەگەر کۆتایی نەھێنیت (لەم کاری بانگەوازەت) بێگومان لەبەرد باران کراوان دەبیت
(نوح) ووتی: ئەی پەروەردگارم بێگومان گەلەکەم بڕوایان پێ نەکردم
کەواتە لەنێوان من و ئەواندا حوکم بدە، بەحوکم دانێکی یەکجاری
و من و ئەو باوڕدارانەی لەگەڵمدان ڕزگار بکە
ئێمەش نوح و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوو ڕزگارمان کردن (لەخنکان) لەو کەشتیەی کەپڕ کراو بوو (لەمرۆڤ و ھەموو جۆرە گیاندارێک)
لەپاشان لەدوا (ڕزگار کردنی ئیمانداران) ئەوانەی کەمانەوە نوقممان کردن (لە ئاوی تۆفانەکەدا)
بەڕاستی لەڕواندنی ئەو ھەموو ڕوواوەدا بەڵگەی گەورە ھەیە بەڵام زۆر بەیان بڕوادارنین و باوەڕ ناھێنن
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
گەلی عاد پێغەمبەرانی (خوا)یان بە درۆزن دانا (باوەڕیان پێ نەکردن)
کاتێک ھود (علیە السلام)ی برایان پێی ووتن ئایا خۆتان ناپارێزن (لەسزای خوا)
بێگومان من پێغەمبەرێکی ئەمینم بۆ ئێوە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە من داوای ھیچ کرێیەکتان لێ ناکەم لەسەر ئەو (ڕێنمونی کردنەتان) (چونکە) پاداشتی من تەنھا لەسەر پەروەردگاری جیھانیانە
ئایا ئێوە لەھەموو شوێنێکی بەرزی (سەرە رێگا) بورجێک دروست دەکەن بەبێ ھودە
وە چەند کۆشک و قەڵای بەھێز (کارگە) دروست دەکەن بەو ئومێدەی ھەر بمێننەوە ونەمرن
وە ھەر کاتێک دەست بوەشێنن ستەمکارانە دەست دەوەشێنن
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە لە (سزای) ئەو خوایە بترسن وخۆتان بپارێزن کەخۆتان دەزانن چی پێ بەخشیون
ئاژەڵ و ماڵات و منداڵ
وه باخ و کانیاوی زۆری پێداون
بەڕاستی من دەترسم دووچارتان ببێت سزای ڕۆژێکی زۆر گەورەی (دژوارو پڕ لەسزا)
ووتیان (بەھود علیە السلام) لای ئێمە یەکسانە ئامۆژگاری بکەیت یا ئامۆژگاری نەکەیت
ئەمەی(تۆ ھێناوتە) تەنھا درۆو دەلەسەی پێشینانە
وە ئێمە سزا نادرێین
ئیتر باوەڕیان پێ نەھێنا بۆیە ئێمەش لەناومان بردن بێگومان لەوەدا (باسکرا) نیشانەی گەورە ھەیە بەڵام زۆربەیان باوەڕدار نەبوون
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
گەلی سەمود پێغەمبەرانیان بەدرۆزن زانی
کاتێ صاڵح ( علیە السلام )ی برایان پێی ووتن ئایا (لەسزای خوا) خۆتان ناپارێزن
بێگومان من پێغەمبەرێکی ئەمینم بۆ ئێوە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە من داوای ھیچ کرێیەکتان لێ ناکەم لەسەر ئەو (ڕێنمونی کردنەتان) (چونکە) پاداشتی من تەنھا لەسەر پەروەردگاری جیھانیانە
(وا دەزانن) وازتان لێ دەھێنرێ لەدونیادا بەھێمنی (دەژین)
لەناو باخات و کانیاوی زۆردا
وە لەناو کشتوکاڵی زۆرو باخاتی دار خورمای میوە گەییودا
وە لەچیاکان دا خانوو دادەتاشن زۆر بەلێزانانە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە گوێڕایەڵی زیادە ڕەوان مەکەن
ئەوانەی خراپەکاری دەکەن لەزەویدا وە کردەوەی چاک ناکەن
ووتیان (بە صاڵح علیە السلام) تۆ تەنھا یەکێکی لە جادو لێکراوان
تۆ تەنھا مرۆڤێکی وەک ئێمە دەی ئایەت و موعجیزەیەکمان بۆ بھێنە ئەگەر لەڕاستگۆیانی
(صاڵح علیە السلام) ووتی ئەم وشترە مێینە (موعجیزە) یە ئاو خواردنەوە ڕۆژێک بۆ ئەوە و ڕۆژێکیش بۆ ئێوەیە
دەستی بۆ مەبەن بەخراپە ئەگینا سزای تۆڵەی ڕۆژێکی گەورە تووشتان دێت
کەچی ئەوان سەریان بڕی ئەوسا پەشیمان بوونەوە (لەترسی تۆڵەی خوا)
ئەمجا سزای (خراپەکەیان) ئەوانی گرت بەڕاستی لەمەدا (باسکرا) نیشانەیەکی گەورە ھەیە بەڵام زۆر بەیان باوەڕدار نەبوون
بێگومان پەروەردگارت تەنھا ئەو خاوەن دەسەڵات و بە بەزەییە
گەلی لوط پێغەمبەرانیان بەدرۆزن دانا
کاتێ لوطی برایان (علیە السلام) ووتی پێیان ئایا ئێوە لەخوا ناترسن خۆ ناپارێزن
بێگومان من پێغەمبەرێکی ئەمینم بۆ ئێوە
کەواتە لەخوا بترسن و گوێڕایەڵی من بکەن
وە من داوای ھیچ کرێیەکتان لێ ناکەم لەسەر ئەو (ڕێنمونی کردنەتان) (چونکە) پاداشتی من تەنھا لەسەر پەروەردگاری جیھانیانە
ئایا لەناو (ھەموو خەڵکی) جیھانیاندا ئێوە نێربازی دەکەن
وە وازدێنن لەو ھاوسەرانەتان کەپەروەردگارتان بۆی دروست کردون نەخێر بەڵکو ئێوە کۆمەڵێکن دەرچوو لەسنوری ئارەزوو
ووتیان: بەڕاستی ئەی لوط ئەگەر واز نەھێنیت (لەم کارەت) بێگومان لەدەرکراوان دەبیت (لەم خاکە)
(لوط) ووتی بێگومان من زۆر قەڵس و بێزارم لەو کردەوەتان (لە نێربازی)
ئەی پەروەردگارم خۆم و ماڵ و خێزانم ڕزگار بکە لە (تۆڵەی) ئەو کردەوەی ئەوان دەیکەن
ئەمجا ئێمەش لوط و ھەموو خێزانەکەیمان رزگار کرد
بێجگە لەپیرەژنێک (ژنەکەی لوط) کە لەجێماوان و(تیاچوان) بوو
پاشان ئەوانی ترمان لەناو برد
وە بارانێکمان (لەبەرد) بەسەریاندا باراند ئەمجا ئای چ خراپ بوو بارانی ترسێنراوەکان
بەڕاستی لەمەدا (باسکرا) پەندێکی گەورە ھەیە بەڵام زۆربەیان باوەڕدار نەبوون
بێگومان پەروەردگارت زاڵ و میھرەبانە
خاوەنی باخاتە چڕو پڕەکانیش پێغەمبەرانیان بەدرۆزن دانا
کاتێ شوعەیب (علیە السلام) پێی ووتن: ئایا خۆتان ناپارێزن و لەخوا ناترسن
بەڕاستی من پێغەمبەرێکی ئەمینم بۆ ئێوە
کەوابوو لەخوا بترسن و گوێرایەڵی من بکەن
وە من ھیچ کرێ و پاداشتێ لەئێوە داوا ناکەم لەسەر پێغەمبەرایەتیەکەم پاداشتی من تەنھا لای پەروەردگای جیھانیانە
ڕێك وڕاست پێوانە بکەن وە لەزیان دەران مەبن (لەپێوانەدا ناتەواو بیپێون)
وە بەتەرازوویەکی ڕاست و رێك کێشانە بکەن
و کەم و کوڕی مەکەن لەشتەکانی خەڵکیدا (ھیچ مافێکیان ژێر پێ مەخەن) وە ڕۆمەچن لەزەویدا بەخراپەکاریتان
وە بترسن لەو زاتەی کە ئێوە و خەڵکانی پێشوویشی دروستکردووە
ووتیان تۆ تەنھا لەجادو لێکراوانی
وە تۆ تەنھا مرۆڤێکی وەك ئێمەی و بەڕاستی ئێمە واگومانت پێ دەبەین لەدرۆزنان بیت
دەی چەند پارچەیەك لەئاسمان بخەرە خوارەوە بەسەرماندا ئەگەر تۆ لە ڕاستگۆیانی
(شوعەیب) ووتی پەروەردگارم چاك دەزانێت بەھەر کردەوەیەك کەدەیکەن
ئەمجا شوعەیبیان بەدرۆزن زانی بەو ھۆیەوە سزای ڕۆژی سێبەری (ھەور) گرتنی بەڕاستی ئەو سزایە سزای رۆژێکی زۆر گەورە بوو
بەڕاستی لەمەدا (باسکرا) پەندێکی گەورە ھەیە بەڵام زۆربەیان باوەڕدار نەبوون
بێگومان پەروەردگارت زاڵ و میھرەبانە
و بەڕاستی ئەم (قورئانە) دابەزێنراوی پەروەردگاری جیھانیانە
جوبرەیلی ئەمین ھێنایە خوارەوە
بۆ سەردڵی تۆ بۆ ئەوەی لەترسێنەران بیت
بەزمانێکی عەرەبی ڕوون و پاراو
وە بەڕاستی (باسی قورئان) لەکتێبی پێغەمبەرە پێشووەکاندا ھەیە
ئایا ئەمە بەڵگەیەکی ڕوون نەبوو بۆیان (بۆ بێ باوەڕانی قوڕەیش) کەزانایانی بەنی ئیسرائیل ئەو (دەنگ و باسی قورئانە) دەزانن
ئەگەر ئێمە ئەو (قورئانە)مان بناردایەتە خوارەوە بۆ سەر کەسێکی عەجەمی
ئەمجا بیخوێندایەتەوە بەسەریاندا (بەسەر بێ باوەڕانی مەککەدا) باوەڕیان پێ نەدەھێنا
ئا بەو جۆرە ئەو (قورئان)مان خستۆتە ناو دڵی تاوانبارانەوە
کەچی ھەر باوەڕی پێ ناھێنن ھەتا سزای سەخت بەچاوی خۆیان دەبینن (جا باوەڕ دەھێنن)
ئەویش لە ناکاودا دێت بۆیان کەئەوان ھەستی پێ ناکەن
ئەوسا ئەڵێن ئا خۆ مۆڵەتمان پێ دەدرێت
دەی ئایا ئەوان پەلەی سزای ئێمەیانە
تۆ پێم بڵێ ئەگەر چەند ساڵێك بەخۆشی بیانژێنین
لە پاشان ئەو سزایەی کە لێی ترسێنرا بوون بێت بۆیان
سوودیان پێ ناگەیەنێت ئەو ھەموو خۆشی و ڕابواردنەی بەوان درابوو
ھیچ شارو گوندێکمان لەناو نەبردووە دڵنیابە ترسێنەرانێکی ھەبووە
بۆ ئەوەی بیربکەنەوە، وە ئێمە ستەمکار نەبووین (لەسزادانیاندا)
شەیتانەکان ئەو (قورئانە)یان نەھێناوەتە خوارەوە
نەشیاوی ئەوەن و نەدەشتوانن
بەڕاستی شەیتانەکان لەگوێگرتنی(ھەواڵی ئاسمان) ڕێگری کراون
کەواتە ھیچ پەرستراوێکی تر نەپەرستی لەگەڵ خوادا ئەگینا لەسزا دراوان دەبیت
خزم و کەسە زۆر نزیکەکانت بترسێنە
و باڵی بەزەیی و نەرم و نیانیت ڕاخە بۆ ئەو باوەڕدارانەی کەشوێنت کەوتوون
ئەمجا ئەگەر سەرپێچیان کردیت ئەوسا پێیان بڵێ: بەڕاستی من بەریم لەوەی ئێوە دەیکەن
وە پشت بەو خوایە ببەستە کەزاڵ و بە بەزەییە
ئەو (خوایە) کە دەتبینێت کاتێ بەتەنیا نوێژ دەکەی
وە (دەبینێ) نوێژ کردنت لەناو نوێژگەراندا (کەپێش نوێژیان بۆ دەکەیت)
بەڕاستی تەنھا ئەوە بیسەر و ئاگادار
ھەواڵتان بدەمێ کە شەیتانەکان دادەبەزنە سەرکێ؟
دادەبەزنە سەر ھەموو (کەسێکی) زۆر درۆزنی زۆر تاوانبار
باش گوێ دەگرن (بۆ شەیتانەکان) وە زۆربەیان درۆزنن (لەو ھەواڵانەدا دەیدەن بەخەڵکی)
(پێغەمبەر ﷺ شاعیر نیە) (چونکە) شاعیرەکان تەنھا گومڕاکان شوێنیان دەکەون
ئایا نابینیت کەئەوانە بەھەموو دۆڵ و شیوێکدا بەسەر لێشێواوی دەڕۆن (شیعر دەڵێن)
وە بەڕاستی ئەوانە شتێك دەڵێن کەخۆیان نایکەن
جگە لەوانەیان بڕوایان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە وە یادو زیکری خوایان زۆر کردووە وە تۆڵەیان سەندووە لەپاش ئەوە ستەمیان لێکراوە وە ئەوانەی ستەمیان کردووە لەمەودوا دەزانن کەچۆن گەڕانەوەیەك دەگەڕێنەوە(بۆ لای خوا دوای مردن)
Icon